سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » كۆماری‌ كوردستانی‌ سور

خورجە

كۆماری‌ كوردستانی‌ سور

1

دێته‌ گوێم ده‌نگێ‌ به‌ ئاهو شیوه‌ن و گریانه‌وه‌
ناڵه‌ی‌ دڵمه‌ له‌ حه‌سره‌ت خاكی‌ كوردستانه‌وه‌

ئه‌حه‌مه‌د موختار به‌گی‌ جاف به‌و جۆره‌ شینی‌ خاكی‌ كوردستان ده‌كات، ئه‌و خاكه‌ی‌ له‌ت و په‌ت كراوه‌و هه‌ر كه‌س خۆی‌ به‌ خاوه‌نی‌ ده‌زانێت، تا ئێستا له‌ باكورو رۆژئاوا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ تورك و سوریا هه‌ر نایانه‌وێت بڵێن شتێك هه‌یه‌ ناوی‌ كوردستانه‌، ئه‌وان به‌ هیچ جۆرێك ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ وه‌ك كورد ناناسن، چ نه‌زانیه‌كه‌ ده‌وڵه‌ت نه‌تناسێت و تۆ له‌ بری‌ ئه‌و بڵێی‌ ده‌وڵه‌ت كێشه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ كوردا نیه‌، ده‌وڵه‌ت نه‌ك كێشه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ كوردا هه‌یه‌، ئه‌و له‌ گۆرانی‌ و جل و به‌رگی‌ كوردیش ده‌ترسێت و قه‌ده‌غه‌ی‌ ده‌كات، تۆش چۆنت پێخۆشه‌ داكۆكی‌ له‌و سته‌مكاریه‌ بكه‌ .

2
كۆماری‌ كوردستانی‌ سور ئه‌و پارچه‌ دزراوه‌یه‌ كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ نێوان ئه‌رمینیاو ئازه‌ر بایجانه‌وه‌، ناوچه‌ی‌ شاخاوی‌ ناگارنۆ كاراباخ و لاچین و ئه‌و ده‌ورو به‌ره‌، كه‌ زۆر به‌ لایدا ناچین، له‌ كاتێكا ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ساڵی‌ 1923 تا كۆتای‌ 1929 به‌ ناوی‌ كۆماری‌ كوردستانی‌ سور نێو بانگی‌ هه‌بووه‌ و له‌ سای‌ مافی‌ چاره‌نووسی‌ گه‌لانی‌ لینین دا خۆخاوه‌نی‌ كردووه‌، له‌ دوای‌ 1929 به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر تراژیدی‌ تارو مار كراوه‌، خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ داغان و باغان كراون، ساڵی‌ 1992 وه‌كیل مسته‌فایێف جارێكی‌ تر ئه‌و كۆماره‌ی‌ به‌ ناوی‌ كۆماری‌ لاچینی‌ كوردی‌ زندوو كرده‌وه‌، لێ‌ دیسان په‌لامار دراو وه‌كیلی كوردانیش به‌ره‌و ئیتالیا سه‌ری‌ خۆی‌ هه‌ڵگرت، تا رۆژی‌ 19ی‌ 4ی‌ ئه‌مساڵ هه‌ر له‌وێ‌ سه‌ری‌ نایه‌وه‌، كوردانی‌ لاچین و ئه‌و ناوچه‌ دڵگیره‌ش هێشتان به‌ ته‌مای‌ تینن.

3
مه‌لای‌ گه‌وره‌ به‌ ده‌م ئازارو ناڵینه‌وه‌ ده‌ڵێت:
هه‌تا ده‌مرم له‌ بۆ كوردان ده‌ناڵم
عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به‌ ماڵم

ئه‌وه‌ مه‌لای‌ گه‌وره‌ی‌ كۆیه‌یه‌، بیر له‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌ردی‌ كوردان ده‌كاته‌وه‌، لێ‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ ئێمه‌ هێشتا به‌ربووینه‌ته‌ سه‌رو به‌چكی‌ یه‌كترو له‌ بری‌ دووژمن خۆمان خۆمان ده‌كوتین، كوردایه‌تیمان لێ‌ باره‌ و نازانین له‌كوێی‌ فڕێ‌ ده‌ین، ئاخر تا ئێستا چوار كتێب، نامیلكه‌، ڤه‌كۆڵینی‌ باش به‌ زمانی‌ سۆرانی‌ له‌ سه‌ر كوردستانی‌ سور نیه‌، كه‌م كه‌س له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌زانێت، كه‌س نازانێ‌ حاڵی‌ كوردانی‌ ئه‌وێنده‌ر، ئه‌وه‌ « براكانی‌ شیمال» هه‌ر باس مه‌كه‌ .

رۆم و جوو چاكه‌ ئیتیفاقی‌ هه‌یه‌
كورده‌ بێغیره‌تی‌ و نیفاقی‌ هه‌یه‌
ئه‌وه‌ش حاجی‌ قادر

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*