سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ململانێ لەسەر دەسەڵاتی لیبیا دەكەن

سێ حكومەت

ململانێ لەسەر دەسەڵاتی لیبیا دەكەن

دوای شەش ساڵ لە رووخانی معەمەر قەزافی سەرۆكی لیبیا، تائێستا ئەو وڵاتە لە ژێر رەحمەتی 1500 میلیشیا‌و سێ حكومەتدایە، كە ململانێیانە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی‌و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN)‌و یەكێتیی ئەوروپاش شكستیان هێنا لە سنووردانانێك بۆ ئەو پشێویی‌و چەرمەسەرییەی لیبیای گرتۆتەوە، دوایینیشیان بازرگانی كردنی ئاشكرایە بەكۆچبەرە ئەفریقییەكانەوە‌و دروستكردنی بازاڕێكە بۆ كۆیلەكان لەلایەن میلیشیا بەهێزەكانەوە، كە بازرگانیی بەمرۆڤەوە دەكەن‌و ئیدارەی گرتووخانەكان دەدەن‌و بە قاچاغ كۆچبەرەكان بەرەو كیشوەری ئەوروپا دەبەن.
كار گەیشتە ئەوەی حكومەتی رزگاریی نیشتمانیی كە بارەگاكەی لە تەرابلوسی پایتەختە‌و نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانیی دەكات، رێكەوتنێك لەگەڵ ئەو میلشیایانە بكات، تا دەست لەو جۆرە تاوانەنە هەڵبگرن، لە بەرامبەریشدا پۆستی ئەمنیی لە حكومەتدا بە ئەندامانیان بدرێت.
بەمەبەستی دانانی سنوورێك بۆ پشێوییەكانی لیبیا‌و كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو یان یەك دەسەڵاتی مەركەزی، سێ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان سەركردایەتیی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكەن، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە سەركەوتنی بەرچاویان بەدەست نەهێناوە‌و لەگەڵ شكستی دوا خولی دانوستانەكان كە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بەم دواییانە لە تونس بەڕێوەچوو، رەوشی سیاسی ئەو وڵاتە ئاڵۆز تر بووە.
حكومەتی ویفاقی نیشتمانیی
ئەم حكومەتە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نراوە‌و پشتیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكانی هەیە، ئەم حكومەتە بارەگاكەی لە شاری تەرابلوسی پایتەختە‌و فائیز سەراج كە سەر بە هاوپەیمانیی نەتەوەیی نیشتمانییە، سەرۆكایەتیی دەكرێت‌و لە بەرەنگاربوونەوەی گروپە تەندڕەوەكان‌و مافیاكان‌و بازرگانانی مرۆڤ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پشتی پێدەبەستێت.
حكومەتی ویفاقی نیشتمانیی لە مانگی شوباتی 2016 بەپێی رێكەوتنی ئاشتیی سەخیرات پێكهێنراوە، كە لە 17ی كانونی یەكەمی 2015 دا لەلایەن پەرلەمانتارانی لیبیا‌و بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری سەخیراتی مەغریب ئیمزا كراوە. ئەندامانی ئەم حكومەتە لەلایەن ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی لیبیاوە هەڵبژێردراون، كە لە رێكەوتنی سەخیراتەوە سەرچاوەی گرتووە‌و نۆ ئەندام لەخۆدەگرێت، كە نوێنەرایەتیی ناوچە جیاوازەكانی لیبیا دەكەن.
حكومەتی ویفاقی نیشتمانیی لە 23 ی شوباتی 2016 دا متمانەی پێبەخشرا، دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە تەبرەق لە خۆرهەڵاتی لیبیا، 100 پەرلەمانتار پێكهێنانی حكومەت‌و كارنامەكەیان پەسەند كرد، كە لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە پێشنیار كرابوو.
حكومەتی رزگاریی
ئەم حكومەتە لەلایەن كۆنگرەی نیشتمانیی گشتیی لیبیاوە لە مانگی ئابی 2014 دا دامەزرێنرا، كە بارەگاكەی لە تەرابلوسە‌و خەلیفە گویل سەرۆكایەتیی دەكات، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دانی پێدا نەناوە.
ئەم حكومەتە لە ساڵی 2015 دا ناوچەیەكی فراوانی لە خۆرئاوا‌و باشووری لیبیا كۆنترۆڵ كرد‌و ئەنجومەنی شورای شۆڕشگێڕانی بەنغازی پاڵپشتی دەكات، كە هاوپەیمانییەكی گروپە ئیسلامییەكانە‌و لەگەڵ هێزەكانی سوپای نیشتمانیی لیبیا بەسەركردایەتیی خەلیفە حەفتەر، لە ململانێدان.
ئەم حكومەتە لە 5ی نیسانی 2016 دا دەستبەرداربوونی خۆی لە دەسەڵات راگەیاند، لەگەڵ رێخۆشكردن بۆ حكومەتی ویفاقی نیشتمانیی بەسەرۆكایەتیی فائیز سەراج بۆ دەسەڵات گرتنە دەست، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرەی نیشتمانیی گشتیی‌و حكومەتی رزگاریی لە 14 ی تشرینی یەكەمی 2016 دا، دەستیان گرت بەسەر بارەگاكانی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەتدا لە پایتەخت.
لای خۆیەوە گویل لە بەیاننامەیەكدا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی لە تەرابلوس، داوایكرد كاری حكومەتی ویفاقی نیشتمانیی رابگیرێت‌و داوای پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانیی كرد لەگەڵ حكومەتەكەی عەبدوڵڵا سنی لە تەبرەق، لە چوارچێوەی دیالۆگی لیبیا بەبێ نێوەندگیریی دەرەكی.
حكومەتی كاتی
حكومەتی كاتی كە پێشی دەڵێن حكومەتی تەبرەق، لە پەرلەمانی هەڵوەشاوە لە مانگی ئەیلولی 2014 سەرچاوەی گرت، كە عەبدوڵلا سنی سەرۆكایەتیی دەكات‌و بارەگاكەی لە شاری بەیزای خۆرهەڵاتی لیبیایە.
عەبدوڵلا سنی لەگەڵ خەلیفە حەفتەر‌و پەرلەمانی تەبرەق بوو، كە رایسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوتای حكومەتی رزگاریی، بەپشتیوانیی لیوا حەفتەر كە سەركردایەتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەكات‌و لەلایەن میسرەوە پاڵپشتی دەكرێت.
هەروەها حكومەتەكەی سنی پشتیوانیی خۆی بۆ حكومەتی ویفاق راگەیاند، كە بەپێی رێكەوتنی سەخیرات پێكهێنرا‌و لە دوای دەنگدانی 100 پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەران لە تەبرەق، دەنگی پێدرا‌و حكومەتی رزگاریی لە مانگی تشرینی یەكەمی 2016، رازیی بوو بەپێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*