سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » وه‌رزی‌ چاندن، دیسان جوتیاران و حكومه‌تی هه‌رێم

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

وه‌رزی‌ چاندن، دیسان جوتیاران و حكومه‌تی هه‌رێم

(23)

وا هێدی هێدی وه‌رزی چاندن له‌ گونده‌كان ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و جوتیاران و گوندنشینان كه‌وتوونه‌ته‌ هاڵه‌ده‌وان ! تاكو پێش سه‌رپه‌ڵه‌ و كاتی‌ په‌ڵه‌دان بتوانن تۆم و دانه‌وێڵه‌كانیان له‌ «گه‌نم و جۆ» بكه‌نه‌ ژێر گڵه‌وه‌ و (وه‌رده‌كان)یان دابچێنن و زه‌وییه‌كانیان بكێڵن. ئه‌م ئاماده‌كاریانه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ دوای‌ مانگی یانزه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكاندا ده‌ست پێده‌كات و جوتیاران سه‌رقاڵ ده‌بن به‌ كاروباری‌ كستوكاڵه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاماده‌كارییانه‌دا جوتیاران بیری لێده‌كه‌نه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانن ئه‌نجامێكیان له‌و چاوه‌ڕوانییه‌ ده‌ست بكه‌وێت، مه‌سه‌له‌ی هاوكارییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ساڵی نوێی كێڵاندن و له‌سه‌ره‌ په‌ڵه‌دا، چی شتێكی تازه‌ بۆ جوتیاران بكات و هاوكاری جوتیاران بكات له‌ بواری‌ پێدانی‌ دانه‌وێڵه‌ و تۆوی‌ نوێی گه‌نم و جۆ و په‌ینی كیمیایی و ڕێكخستنی نرخی سه‌عاته‌كانی‌ كێڵاندن به‌ تراكتۆر ….هتد.
پرسی هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ جوتیاران و خه‌مخۆری‌ حكومه‌ت بۆ به‌رهه‌می خۆماڵی‌ له‌لایه‌ك و چاوه‌ڕوانییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ جوتیاران و خاوه‌ن زه‌وییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم لایه‌كیتره‌وه‌، هه‌ر چه‌ند هه‌موو جارێك دووباره‌یه‌ و هاوڵاتیان هه‌موو ساڵێك به‌و هیوایه‌ن كه‌ حكومه‌ت هاوكارییان بكات، به‌ڵام هه‌میشه‌یش ئه‌م خه‌ونه‌ی‌ جوتیاران نه‌گه‌یشتۆته‌ جێی خۆیی و جوتیاران به‌پێوه‌ری پێویستییه‌كانیان هۆیه‌كانیان بۆ دابین نه‌كراوه‌ و هه‌وڵ و هاوكاری‌ حكومه‌ت له‌ ئاست تموح و چاوه‌ڕوانییه‌كانی جوتیاراندا نه‌بووه‌.
به‌هۆی ئه‌و حاڵه‌ته‌ دووباره‌یه‌ی‌ هه‌میشه‌ له‌نێوان جوتیاران و حكومه‌تدا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان حكومه‌ت و جوتیاراندا نه‌كراوه‌ته‌ بنه‌ما و له‌سه‌ری‌ ڕێكنه‌كه‌وتوون كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئیش بكه‌ن، ئه‌وا بۆیه‌ هه‌موو وه‌رزێكی چاندن و هه‌موو وه‌رزێكی دروێنه‌یش ده‌بینین له‌لایه‌ن گوندنشینان و جوتیارانه‌وه‌ شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی‌ ناڕه‌زایی و بێتاقه‌تی سه‌رهه‌ڵده‌دات و له‌نێوان به‌ره‌ی‌ حكومه‌ت و به‌ره‌ی‌ جوتیاراندا ئه‌و وه‌ڵام و وه‌ڵام كارییه‌ ده‌بێت كه‌ حكومه‌ت باس له‌ بوونی پرۆژه‌ی‌ ستراتیژی و گه‌وره‌ی‌ كشتوكاڵی بۆ كوردستان ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ریشدا جوتیاران ئه‌و گله‌ییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌ت هیچ پرۆژه‌یه‌كی كشتوكاڵی نه‌بووه‌ و نییه‌. له‌ ئێستاشدا كه‌ دیسان ساڵی كشتوكاڵی ! به‌ره‌و سه‌رپه‌ڵه‌ ده‌چێت هه‌مان گله‌یی جوتیاران سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر چی حكومه‌ت ده‌ڵێت پرۆژه‌یان هه‌یه‌ بۆ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ و خزمه‌تكردنی‌ جوتیاران، به‌ڵام جوتیاران ڕایده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌سه‌ره‌په‌ڵه‌دا خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ حكومه‌تیان پێنه‌گات و سود له‌و خزمه‌تانه‌ وه‌رنه‌گرن دوای‌ تێپه‌ڕینی قۆناغه‌كه‌ و ته‌واوبوونی وه‌رزی چاندن ئه‌وان هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان ناوێت و ئه‌گه‌ریش حكومه‌ت پرۆژه‌یه‌كی هه‌بێت ئه‌وا سودی بۆ ئه‌وان نابێت، چونكه‌ ئه‌وان به‌ تێچووی خۆیان ته‌واوی‌ پێویستییه‌كانیان دابینكردووه‌ و بۆ هه‌ردوولا قۆناغه‌كه‌ تێپه‌ڕیوه‌ و ڕه‌نگه‌ خزمه‌تكردنی جوتیاران دوای‌ چاندن و په‌ڵه‌دان سودێكی ئه‌وتۆی بۆ جوتیاران نه‌بێت.
دوای‌ زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ هه‌بوونی‌ حكومه‌تی‌ ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان، كه‌رتی‌ كشتوكاڵ و به‌رهه‌می ناوخۆیی (گه‌نم و جۆ) له‌و ئاسته‌دا نییه‌ كه‌ له‌ناوخۆدا هێنده‌ ته‌ڵه‌ب و داوای‌ له‌سه‌ر بێت كه‌ جوتیاران نه‌ینێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ و كێشه‌ی‌ ساغ بوونه‌وه‌ و فرۆشتنیان نه‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هێشتا له‌ هۆیه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ و به‌ بازاڕكردن و له‌ خه‌می زه‌ره‌رو زیانه‌كانی‌ جوتیاراندا وه‌ك پێویست نییه‌. بۆیه‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی ئێستای‌ باشووری‌ كوردستان به‌گشتی و گونده‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌و ئاسته‌ی خه‌ون و هێوای‌ گه‌لی كوردی باشوری‌ كوردستاندا نییه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی (گه‌نم و جۆ) ناتوانرێت باس له‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌وڵه‌تسازی و سیستمێكی به‌هێزی كشتوكاڵی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی سیاسیدا بكرێت كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ڕۆژ دوای‌ ڕۆژ به‌هێزتری‌ بكه‌ین و ترسمان له‌ داخرانی‌ سنوره‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان نه‌بێت له‌ئه‌گه‌ری‌ بوونی شه‌ڕو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كاندا كه‌ ڕوومان تێده‌كه‌ن.

print

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*