سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ئەمڕۆ نوێنەران دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران تاوتوێ دەكات

״وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە״

ئەمڕۆ نوێنەران دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران تاوتوێ دەكات

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانەوە كۆببێتەوە. بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا بكات.
خالید شوانی وەزیری هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وتی: ئەمڕۆ وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان و ئیمزاكردنی رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراق، وتیشی: رێكەوتنی هەرێم و بەغدا لەگەڵ حكومەتە و پەیوەندیی بە كەسەكانەوە نییە.
ئەمڕۆ نوێنەران كۆدەبێتەوە
لەلایەكی دیكەوە، حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای بڵاوكردنەوەی نامەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە، وتیشی: ئەگەرچی تاكاتی كۆبوونەوەكە دیارنییە بارودۆخەكە چۆن دەبێت و بە چ میكانیزمێك دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرۆك وەزیران قبووڵ دەكرێت؟، بەڵام بەپێی یاسا پێویستە ئەندامانی پەرلەمان بە زۆرینەی رەها دەنگ لەسەر نامەكەی سەرۆك وەزیران بدەن تاكو پەسەندبكرێت.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایگەیاند: گفتوگۆكان لەبارەی پشكی هەرێم و رێكەوتن لەبارەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەوە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*