سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » لە دە دە وە بۆ بیست بیست

یەکبێژ

لە دە دە وە بۆ بیست بیست

کورتکراوەی ناو بۆ ئاسان بەکارهێنانیەتی، ساڵی ئایندە تەنها جارێک و هەزارو دە ساڵ پێش ئێستا لەو چەشنە رووی داوە ئەویش لە ساڵی دە دەی(1010) ی میلادیدا بوەو هەزار و دەساڵی دیکەش دەبێتە سی سی( 3030) ی میلادی.
ساڵی ئایندە دەبێتە بیست بیست ( 2020 )ژمارەیەکی جوانە بۆ مرۆڤایەتی هەمووی، ئەگەر ناوەکەشی هێندە جوان بێت و دەسپێکی هێنانەکایەی ئاشتی و خزمەتی زیاتری مرۆڤایەتی بێت لەپێناوی هەرچی زیاتر و تەندروست تر تەمەن کردن و دۆزینەوەی نهێنییەکانی سەر هەموو هەسارەکانی دیکە، کەڕەنگە لەسەر زۆریان شتێکی دیکەی هاوچەشنی ئێمە یان لە ئێمە نەچوو هەبێت. رەنگە هەسارەیەک بوونی هەبێت مرۆڤەکانی یان بوونەوەرەکانی تەمەنیان سەدان ساڵ بێت یان لە ئێمە کەمتر، رەنگە هەموویان بالایان دووپێ نەبێ و رەنگە پێچەوانەکەشی راست بێت هێند درێژ بن مرۆڤە درێژەکانی ئێمە لەبن باڵیانبێ.
هەزار ساڵ بەر لە ئێستا نەڕادیویەک هەبوو هەواڵەکان بە راست و ناراست بلاو بکاتەوە ، نە تیڤییەک هەموو رۆژێ کۆبوونەوەی یاریکەرانی سیاسیی بە جیهانەوە لە لووتکەکاندا پێشان بدات، شتێک بەناوی فرۆکە نەبوو لە ئاسمانەوە بۆمباران بکات و ئاگر لە جەستەو ماڵی مڕۆڤەکان بەر بدات، گازێک نەبوو هەزاران کەس لەنێو هەوادا هەڵی مژن و بۆ هەتاهەتایی خەویان لێ بکەوێت، شەڕەکانی ئەوان بەبازوو بوو شمشێری دەستی کەسی بکوژی کەتەو زل و نەترس ملی زۆرترینی دەپەڕاند، ئەویش بەهۆی فەرمانی خواکانیانەوە.
کێ دەیتوانی بەئاسانی بەجیهاندا بگەڕێت و بزانێت نهێنیەکانی ئەم زەوییە لە کوێدان، کێ لەزمانی تیرەکەی خۆی زمانێکی دیکەی دەزانی، بۆکەس بیری لەوە دەکردەوە بتوانێت لاقی لەزەوی ببێتەوەو بەرەو هەسارەکانی دیکە بڕوات؟ ، خۆ تەنها شەست ساڵێکە کە سەرمانگ بیندراوە، ئێستا بیست بیستە(2020) مرۆڤەکان لە دونیایەکی دیکەدان، خەریکە خاڵێک نەمێنێت لەم زەوییە دەستی مرۆڤی پێ نەگەیشتبێ، لێرەوە خەڵک دەبەن بۆ هەسارەیەکی دیکە و نیشەتەجێی دەکەن.
ئێستا مرۆڤ هێندە لەپێشە گەر باپیران زیندوو بنەوە ئەم هەسارەیە ناناسنەوە، بەڵام جێی داخە لەگەڵ هەموو ئەم پێشکەوتنانەدا تا دێت نرخی مرۆڤ دادەبەزێت، بەدەست هێنانی سەرمایە و خۆشگوزەرانی نرخی مرۆڤی هێناوەوتە خوار ، ئاساییە گیانی سەدان و هەزاران بکەیتە قوربانی بۆ مانەوەی خۆت، ئاساییە پاشقولێک لەهاوخوێنەکەت، هاوبیرەکەت، هاوماڵەکەت بگریت و ملی بشکێنی تا هەنگاوێک خۆتی پێ بەریە پێش.
هەزار ساڵ بەر لە ئێستا خێزان گرنگ بوو پشتاوپشت هەبوو ئێستا نرخی نیە، هەندێک نایانەوێت کەس بزانێت سەر بە چ بنەماڵەیەکە، هەژارەو دەوڵەمەند بووە، نەدارەو دزی کردوە، سیاسییەو لەبری ڕزگارکردنی ووڵات، کۆمپانیای دروست کردوە،
دەبێ داهاتوو چی ڕوبدات ؟ دەبێ ساڵی سی سی(3030) مرۆڤەکان چەند هەسارە داگیر بکەن یان چ هەسارەیەک زەوی دەکاتە هی خۆی؟ لەماوەی تەنها سەد بۆ دووسەد ساڵی ڕابردوودا هەرچی بوارە گرنگەرکانی تەکنولوژیایە چوەتە سەر ، داهێنانەکان لە کارەبا ، رادیو، تیڤی ، پەیوەندی کردن ، چەکی زەمین و ئاسمان، ئینترنێت، ئامێرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، پزیشکی، ئەتۆمی ، هەسارەکان، هەموویان و زۆری تر پەیدا بوون و زۆربەشیان لە شەست ساڵی رابردوەوە گەورەترین پێشکەوتن و گۆڕانیان بەخۆیانەوە دیوە.
هەزارو دەساڵی دیکە واتا دە سەدەی دیکەو پانزە نەوەی تر، دەبێت ئەوکاتیش کورد چاوەڕوانی ئەوەبێت روسیا یان ئەمریکا هاوکاری بکات؟ دەبێت ئەوکاتیش سێ شەممە بچێتە بەغداو بڵێت ڕیکەوتنمان ئەنجام داوەو یەک شەممە واژۆی دەکەین بەڵام لە هەینیدا حکومەت ئیستیقالە بکات و رێکەوتنەکە لەبار بببات؟
تۆبڵێی ئەوکاتیش تورکیا لای ئەممان لۆمەی ئەوی ترمان بکات و قەناعەتمان پێبکات کە ئەو ئێمەی دەوێت و ئاشتی خوازەو دژی شەڕەنگێزان دەجەنگێت؟ دەکرێت بزانین چەند ووڵات بەپێوە دەمێنێ و کێ کێ ناخوات؟ خۆئەگەر تەکنولۆژیا بە پارە پێش بکەوێت و پارەش بەنەوتی ژێر ئێمە دەست بکەوێت و ئێمەش وەک مارمێلکە زمانی بۆ دەربێنین ئەوە زلهێز هەر زلتر دەبێت و تادێت ماسیە گەورەکان بچوکەکان لووش دەدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*