سەرەکی » ئابووری » فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی عیراق دەرچوو

فەرمانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی عیراق دەرچوو

سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند: بەتۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی، بڕیاری دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی عیراق دەردەچێت.
روونیشیكردەوە: دادگایەكی تایبەتی ناوەندی هەیە، كە تایبەت بەتاوانی گەندەڵییە كە بەهەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی جێبەجێكار پێكهێنراوە، دادگاكە فەرمانی بە دەستەكانی لێكۆڵینەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوە كردوە، بڕیاری دەستگیركردن‌و دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵی هەر كەسێك دەربكات كە گومانی گەندەڵیی بەسەردا ساغ ببێتەوە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق تەئكیدیشی كردەوە، كە دەیان فەرمانی دەستگیركردن و دەستبەسەراگرتن‌و بڕیاری بەندكردن بۆ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی عیراق دەركراوە بەپلەی وەزیر و پارێزگار و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، كاركردنیش بەردەوامە‌و لەچەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری تر دەردەچێت.
هاوکات دەستەی نەزاهەی عیراق رایدەگەیەنێت: چەندین بڕیاریان بۆ گەراندنەوەی بڕی 15 ملیار دۆلار لەداهات و سامانی دارایی بەهەدەردراوی عیراق لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات دەركردووەو ئاماژەی بەوەشداوە: كە لەماوەكانی رابردوودا توانیویانە بڕی 23 ملیار دینار بۆ عیراق بگەڕێننەوە.
لەو بارەیەشەوە محەمەد عەلی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەڕاندنەوەی داهاتە بەهەدەردراوەكان لە دەستەی نەزاهەی عیراق رایگەیاند: فەرمانگەكەیان بەشێوەیەكی سەرەكی كار لەسەر مەلەفەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەو سامانی گشتی دەكات.
وتیشی: «لە ماوەكانی رابردوودا دەستەكەیان توانیویەتی دەست بەسەر بڕی زیاتر لە سێ ملیۆن و 239 هەزار دۆلار و بڕی سێ هەزار و 500 فرانكی فەرەنسیدا بگرێت، ئەمە بەدەر لە دوو ملیۆن و پاوەندی بەرتیانی و نزیكەی 12 ملیۆن یۆرۆ.
ئاشكراشیكرد: كە بەردەوام دەستەكەیان بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی گەندەڵی و ئەو لایەن و كەسانە دەكات كە لەپشت ئەنجامدانیانەوەن و رووبەرووی دادگایان دەكاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*