سەرەکی » وەرزش » ئەمڕۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر دەبەخشرێت

سەرجەم بۆچوونەكان باسی میسی دەكەن

ئەمڕۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر دەبەخشرێت

خەڵاتی باڵۆن دۆر یەكێكە لە خەڵاتە گرنگ و بەناو بانگ و دێرینەكانی تۆپی پێی جیهان، ساڵانە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی بە باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانی دەبەخشێت.
ئەمڕۆ لە مەراسیمێكی شایستەدا لە پاریس، رێكخەرانی خەڵاتەكە ئەم خەڵاتەو چەند خەڵاتێكی تری تایبەتی گۆڤارەكە بە باشترین یاریزانی كوڕ و كچ و باشترین گۆڵچی و یاریزانی لاوی تازە دەركەوتوو دەبەخشن.
زۆربەی هەرە زۆری كەناڵەكانی راگەیاندنی ئەوروپاو رۆژنامە نووسانی ئەو كیشوەرە لەسەر ئەو كۆكن كە خەڵاتی ئەمساڵی باڵۆن دۆر لەنێو هەر 30 پاڵێوراوە سەرەكییەكەدا، بۆ میسی یەكلا بۆتەوە، میسی ئەرجەنتینی و هێرشبەری یانەی بارسیلۆنا و كرستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆس و ڤان دایك-ی هۆڵەندی و بەرگریكاری یانەی لیڤەرپوڵ یەكەم تاسێیەم پاڵێوراوی سەرەكی دەبن.
بەپێی بەرنامەی دانراو بۆ بۆ مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكە، سەرەتا ناوی پاڵێوراوەكان بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە ئاشكرا كران كە 30 یاریزانی كوڕ و 20 یاریزانی كچە، جگە لە لەباشترین یاریزانی كوڕو كچ، ئەمساڵ خەڵاتی لیڤ یاشین بۆ باشرین گۆڵچی-ش زیاد كراوە، بەمەش سەرجەم خەڵاتەكانی باڵۆن دۆر بەمشێوەیە دەبن:
* خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی(كوڕ) 30 پاڵێوراو هەن.
* خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی(كچ) 20 پاڵێوراو هەن.
*خەڵاتی كوپا بۆ باشترین یاریزانی تازە دەركەوتوو 10 پاڵێوراو هەن.
*خەڵاتی باشترین گۆڵچی كە بۆ ئەمیش 10 پاڵێوراو هەن.
مێژوویەكی كورتی(باڵۆن دۆر) ( Ballon d>Or)
باڵۆن دۆر مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە ساڵی 1956 – ەوە بەیاریزانان دەدرێت، باڵۆن دۆر بە چەند قۆناغ و چەند ناوێكی جیا جیادا تێپەڕیوە.
ئەم خەڵاتە لەساڵی 1956 – ەوە دابەشدەكرێت، سەرەتا ناوی(خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا) بووە، یەكەم یاریزانیش كە بۆتە براوەی ئەم خەڵاتە ستانلی ماتیۆسی ئینگلیزی بووە كە ئەو ساڵە بۆ یانەی بلاكبۆڵی ئینگلیزی یاریی كردووە.
ئەم خەڵاتە بەو ناوەو بەو سیستمەی خۆی بەردەوام بووە تا ساڵی 1995، لەم ساڵەوە سیستمی جۆری بەخشینەكەی گۆڕانكاری تیادا كراو تەرخان كرا بۆ باشترین یاریزانی یانەكانی ئەوروپا، واتە مەرج نییە یاریزانەكە ئەوروپی بێت، دەشێت یاریزانی دەرەوەی ئەوروپا بێت، بەڵام مەرجە یاریی بۆ یانەیەكی ئەوروپا بكات، یەكەم یاریزانیش كە ئەم خەڵاتەی بەو سیستمە نوێیە بردەوە جۆرج ویا-ی لیبیری و یاریزانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بوو، بەم سیستم و بەرنامە نوێیە ئەم خەڵاتە ساڵانە دابەشدەكرا تا ساڵی 2009، لە ساڵی 2010 وە ئەم خەڵاتە لەگەڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان-فیفا تێكەڵاو بوون و بەباڵۆن دۆر ناوزەد كراو ساڵانە بەباشترین یاریزانی جیهانی دەدرا.
دواتر جارێكی تر و ساڵی 2016 ئەم دوو خەڵاتە تێكەڵ كراوە (باڵۆن دۆر ) (باشترین یاریزانی تۆپی پێی جهانی) لەیەكتر جیا بوونەوەو باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ باشترین یاریزانی جیهانی سەربەخۆی خۆی وەرگرتەوە.
خەڵاتی تێكەڵی (FIFA World Player of the Year) و ( Ballon d>Or)
ئەم دوو خەڵاتە بۆ ماوەی شەش ساڵ (2010) تا (2015) تێكەڵاو كران و شەش جار دراوە بەباشترین یاریزانی جیهانی، میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ نەیانهێشت لەو شەش ساڵەدا هیچ یاریزانێك دەستی بەر خەڵاتەكە بكەوێت و تەنیا ئەم دوو یاریزانە داگیریان كرد و میسی یەكەم و كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو رووەوە دووەمە، میسی (2010 و 2011 و 2012 و 2015) ئەم خەڵاتەی بردۆتەوەو كریستیانۆ رۆناڵدۆش دووجار (2013 و 2014) بردویەتییەوە.
پاش جیا بوونەوە
كاتێكیش لە ساڵی 2016 –ەوە ئەم دوو خەڵاتە جیا دەبنەوە، ئەوەی فیفا دەبێت بە زەبێست (THE BEST) و باڵۆن دۆریش وەك خۆی دەمێنێتەوە.
زەبێست ئەم چوار ساڵەی دوایی كە دابەشكراوە ئەم یاریزانانە بوونەتە خاوەنی:
*2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2018 لۆكا مۆدریج.
*2019 لیۆنێل میسی.
هەرچی باڵۆن دۆری چوار ساڵی رابردووە دراوە بەم یاریزانانە:
*2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2018 لۆكا مۆدریج.
*2019 لیۆنێل میسی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی باڵۆن دۆر، دەتوانین ناوی ئەو وەرزشكارە ناودارەانەی جیهان بهێنین كە زۆرترنی باڵۆن دۆریان بردۆتەوە.
میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ
ناوی ئەم دوو یاریزانە ئەمساڵیش لە لیستی كورتكراوەی پاڵێوراوەكاندا هاتووەتەوە، هەر ئەم دوو یاریزانەش خاوەنی زۆرترین باڵۆن دۆرن كە 5 دانەیەو هیچ یاریزانێكی تر شان لەشانی ئەم دوو یاریزانە نادات و رەنگە ئەمساڵیش هەر یەكێك لەم دوو ناوە ببێتە خاوەنی خەڵاتەكەو ببێتە خاوەنی ریكۆردی زۆرترین باڵۆن دۆریش و میسی زۆرترین چانسی هەیە.
پلەی دووەم
لە پلەی دووەمدا سێ یاریزان دێن كە هەریەكەو خاوەنی سێ باڵۆن دۆرن و ئەوانیش:
-1میشێل پلاتینی-3 خەڵات.
-2یۆهان كرۆیف-3 خەڵات.
-3ماركۆ ڤان باستن-3 خەڵات.
پلەی سێیەمیش بۆ ئەم ناوانەی خوارەوەیە كە هەریەكەو 2 باڵۆن دۆریان بردۆتەوە (پێكنپاوەر، رۆناڵدۆ، دیستیڤانۆ، كیڤن كیگان، رۆمنیگیە).
وڵاتان
سەبارەت بەو وڵاتانەش كە زۆرترین یاریزانەكانی ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە ئەم وڵاتانەن:
-1ئەڵمانیا و پورتوگال و هۆڵەندا هەریەكەو (7 باڵۆن دۆر).
-2فەرەنسا (6 باڵۆن دۆر).
-3ئیتالیا و ئینگلتەراو ئەرجەنتین و بەرازیل، هەریەكەو(5 باڵۆن دۆر).
یانەكان
سەبارەت بەیانەكانی جیهانیش ئەم یانانە یەكەم و دووەم سێیەم یانەن كە یاریزانەكانی زۆرترین باڵۆن دۆریان بردۆتەوە:
-1بارسیلۆنا و ریاڵ مەدرید هەریەكەو (11باڵۆن دۆر).
-2یۆڤانتۆس و ئەی سی میلان هەریەكەو(8باڵۆن دۆر).
-3بایرن مونشن (5باڵۆن دۆر).
-4مان یونایتد (4باڵۆن دۆر).
-5ئینتەر میلان و هامبۆرگ و دینامۆكییەڤ هەریەكەو (2باڵۆن دۆر).
-6 ئەم یانانەش هەریەكەو یاریزانێكیان یەک باڵۆن دۆریان بردۆتەوە(بەنفیكا،لیڤەرپوڵ، بروسیا مونشن گلادباخ، ئەیاكس، دۆكلا پراگ، بلاكبۆڵ، دینامۆ مۆسكۆ، فرینكفارۆس، مارسیلیا، بروسیا دۆرتمۆند).

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*