سەرەکی » دۆسێ » فەرەنسا لەبارەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە هۆشداریی دەداتە ئێران

هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان دەكات

فەرەنسا لەبارەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە هۆشداریی دەداتە ئێران

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دەداتە ئێران و رایدەگەیەنێت، بەپێی رەشنوسی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015، رێگە بە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتیەكان دەدرێت بەسەر ئێران، گەر وڵاتەكە رێككەوتنەكە پێشێل بكات.
جان ئیڤ لۆ دریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی هەوڵەكانی ئێرانەوە بۆ كەمكردنەوەی پابەندبونی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە لە 28ی تشرینی دووەمی 2019 رایگەیاندبوو «هەموو دوو مانگ جارێك ئێران پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 كەمتر دەكاتەوە، بۆیە داوا دەكەن ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و بگەڕێنەوە بۆ رەشنوسی رێككەوتننامەكە».
بە گوتەی لۆدریان، لەرەشنوسی رێككەوتننامەكەی 2015دا رێگە دراوە بە سەپاندنەوەی سزا ئابورییە نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێران، ئەگەر پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتننامەكەوە كەمكردەوە».
ساڵی رابردوو ویلایەتە یەكگرتوەكان بەشێوەیەكی تاكلایەنە لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی تەمموزی 2015 پاشەكشەی كرد و دووبارە سزا بابورییەكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لەبەرامبەردا ئێران بەچەند هەنگاوێك پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتننامەكەوە كەمكردەوە.
لە 13ی تشرینی دووەمی 2019، سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێرانی رایگەیاندبوو، تاران 60 ئامێری پیتاندنی ناوەكی نوێی خستووەتەگەڕ، ئەمەش لەچوارچێوەی هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی ئێران بەڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
رێژە ئەو یۆرانیۆمەی لەلایەن ئێران دەیپیتێنێت زۆر نزیك بوەتەوە لەو رێژەیەی كە دەكرێت لێوەی چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، ئەمەش نیگەرانی لای شارەزایانی بواری ئەتۆم دروستكردووە.

هەنگاوی چوارەم
پێشتر سەرۆكی ئێران، زیادكردنی گازی بۆ ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی (فۆردۆ)، وەك هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015، راگەیاندبوو.
حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێران لە 5ی تشرینی دووەمی 2019 لەوتارێكیدا كە لەڕێی تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەكەوە بڵاوكرایەوە رایگەیاند»دەمانەوێت بە رەسمی هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونمان بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 هەڵبنێین».
دوابەدوای ئەوەش لە 6ی تشرینی دووەمی 2019، دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئیرانی هەنگاوی چوارەمی بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە، جێبەجێ‌ كرد.
حەسەن رۆحانی رایگەیاندبوو»دامەزراوەی وزەی ئەتۆی ئیرانی هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە جێبەجێدەكات، ئەمەش بە زیادكردنی گاز بۆ ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی (فۆردۆ)، دەكرا ئەم هەنگاوە هەڵنەنرێت، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری پابەندبونیان بە رێككەوتننامەكەوە رابگەیاندایە.

هۆشداریی پێشینە
لە 31ی تشرینی یەكەمی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رێكارەكانی هەنگاوی چوارەم دەگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێكەوتننامە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015.
لەماوەی دوو مانگی رابردووشدا، دوو دەزگای نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دامەزرا كە تێیاندا یۆرانیۆم بەڕێژەی 10% بەراورد بە پێشوو دەپیتێرێت.
عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران لە 4ی تشرینی دووەمی 2019، لەمیانی سەردانێكیدا بۆ دامەزراوەی (نەتەنز) لە پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاندبوو»لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، دوو دەزگای نوێی پیتاندنی یۆرانیۆمیان دامەزراندووە كە تێیاندا یۆرانیۆم بەڕێژەی 10% بەراورد بە پێشوو زیاتر، دەپیتێرێت».
چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نە خاوبونەتەوە و نە راگیراون، لە ئێستاشدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پێنج كیلۆگرام بەرزكراوەتەوە.
سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندبوو»چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نە خاوبونەتەوە و نە راگیراون، لە ئێستاشدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمان بۆ پێنج كیلۆگرام بەرزبووەتەوە».
لە مانگی ئایاری 2018، ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران پاشەكشەی كرد و بە چەند قۆناغێك سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەكەدا سەپاندەوە.
بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، رێگە ئێران درابوو، تائاستێكی دیاریكراو یۆرانیۆم بپیتێنێت كە بڕەكەی 300 كیلۆگرام و ئاوی قورسیش لە 130 تۆن زیاتر نەبێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریكا پاشەكشەی كرد لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، تاران پابەندبونی بە رێككەوتنامەكەوە كەمكردەوە و دەستیكردەوە بە پیتاندی یۆرانیۆم.

بە هەڕەشە ناودەبرێت
وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندبوو، بڕیارەكەی ئێران بۆ گرتنەبەری هەنگاوێكی نوێ بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، «هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی بەریتانیا».
ئاژانسی وزەی ئەتۆی ئیرانی، دەستپێكردنی هەنگاوی چوارەمی بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی وڵاتەكە بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە رایگەیاندبوو.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری دۆمێنیك راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بڵاویكردبووەوە»بڕیارەكەی ئێران بۆ گرتنەبەری هەنگاوێكی نوێ بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی بەریتانیا».
بە گوتەی دۆمێنیك راب»هەڵسوكەوتەكانی ئەم دواییانەی ئێران ، بەئاشكرا دژایەتیكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی بەریتانیا».
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەپێویستی زانیبوو»ئێران پابەند بێت بە بەڵێنەكانەكانی و بەزوترین كات پابەندببێتەوە بە تەواوی بەندەكانی ڕێككەوتنەكەوە».
دۆمێنیك راب دەڵێت»دەمانەوێت ڕێگەیەك بدۆزینەوە بۆ دانوستانێكی نێودەوڵەتی بنیاتنەر، بەڵام پێویستە لەسەر ئێران پابەند بێت بە بەڵێنەكانی و بەزووترین كات پابەندببێتەوە بە تەواوی بەندەكانی رێككەوتنەكەوە».
لە 31ی تشرینی یەكەمی 2019، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رێكارەكانی هەنگاوی چوارەم بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوون بەڕێكەوتننامە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015، تاوتوێ‌ دەكات.
لە مانگی ئایاری 2018، ئەمریكا پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران راگەیاندو و بە چەند قۆناغێك سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

هەڵوێستی پێشووی فەرەنسا
هەر لەبارەی كاردانەوەكانی بڕیارەكەی ئێران بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015، پاریس رایگەیاندبوو، ئەو هەنگاوەی ئێران پێچەوانەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە.
ئەنگیس ڤۆن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەرۆژنامەوانانی راگەیاندبوو» هەنگاوە نوێیەكەی ئێران بۆ زیادكردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و كردنەوەی دوو ناوەندی بەرهەمهێنانی یۆانیۆمی پیتێنراو، پێچەوانەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015ی نێوان وڵاتە زلهێزەكان و ئێرانە كە دەبوو چالاكییە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكە سنورداردەكات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت»لەگەڵ لایەنەكانی تری نێو رێككەوتنەكە، چاوەڕێی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەكەن، تابزانن هەنگاوەكانی ئایندەیان چییە و لێوەی هەڵوێستەكانیان دیاری بكەن».
بە گوتەی ئەنگیس ڤۆن»فەرەنسا پابەندبووە بەرێككەوتنە ئەتۆمییەكە و داواش لە ئێران دەكات بەتەواوەتی پابەندنی رێككەوتنەكە بێت، چونكە رێكەوتنەكە تاكە رێگەچارەیە».
پێشتر حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران، قۆناغێكی نوێی كەمكردنەوەی پابەندبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە راگەیاند و ئاماژەی بە توانای ئێران كردبوو بۆ بەرهەمهێنانی 5 كیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*