سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی سی و پێنج

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

بەیانییەکەی درەنگتر لە هاوڕێیان وەئاگاهاتین و ئەوانیش دڵیان نەهاتبوو زوو خەبەرمان بکەنەوە چوون تازە هاتبووین، بەڵام هەر ئەوەندەی هەستاین و نان و چامان خوارد و چاك و چۆنیەکی گەرم وگوڕترمان کرد و ناوەناوە هاوڕێیەکی تر دەهات و هەر لەدوورەوە: ئەهۆۆۆۆۆۆۆۆ هاوڕێ هاواریش هاااااااات، دیسان باوەش و ماچو موچ، جگەرەیەکی دوای نان خواردنیشمان داگیرساند ئینجا مام جەوهەر بە پێکەنینەوە یەکەم فرمانی پێشمەرگانەی دەرکرد و خشتەی ئێشکگری و خواردن دروستکردن دانراو، رووی لەمن کرد و ووتی: هاوڕێ هاوار بەوپێیەی تۆ شارەزای داربڕینی، فەرموو لەگەڵ خۆتدا مەفرەزەیەك ببە و بڕۆنە ئەو شاخەی (دەستی رادێرا و تەماشامان دەکرد)، ئەوەش تەور (بیور).
هەر بەڕێوە و لەکاتی دەستنیشانکردنی داری ووشك، پرسیار و وەڵامی زۆر دروست بوو؛ کێ لەوێ ماوە؟ ئەی راستە ئەڵێن فڵان کەس گیراوە؟ ئێوە هەمووتان سەلامەت دەرچوون؟ خۆ کەستان نەگیرا؟، بەمجۆرە تا پێش نانی نیوەڕۆ بارە دارێکی زۆر چاکمان بڕی و هێنامانەوەو مام جەوهەر دڵی خۆش بوو کە هەڵەی نەکرد لەوەی هاواری دەستنیشانکرد بۆ هێنانی داری وشك و هەر بەراستیش شەوان کە بەدیار سوتاندنی ئەو دارانەوە دەست و پەنجەکانمان گەرم دەکردەوە وەکو ئەوە وابوو خەمی دونیا بڕەوێنینەوە بەو بڕوایە گەیشتین ئیتر لەناو شۆڕشێکداین و دور نیە لەگەڵ وەرزەکان رابێین و لەناو زستانێکی قورسدا کاری بەندە هەر دارهێنان بێت؟!.
قاسمەڕەش ناوەکەی رەش بوو، دەنا وەکیدی ئاوەدانیەکی زۆر خۆش بوو، ئیواران بازاڕ جمەی دەهات، سەرکانی و دەم ڕوبارو پەڕینەوە بەسەر پردەکەی نێوان ئاوەدانی خێمەنشینەکان «هەژاران» و ئەوانەی لەناو دوکانەکان «خواپێداوان»دا نیشتەجێ بوون، هێندە قەرەباڵخ و دڵگیربوو دەتگووت: سەدان ساڵە هێڵی بازرگانی و ستراتیژی نێوان چەند وڵاتێکە و ئێمە بۆ سەیران و بازاڕکردن سەردانیمان کردووە.

کاتێك دەبین بەفیلم
ئێمە خۆمان هەوڵی زۆرماندا فیلم دروست بکەین، بەڵام شکستی زۆرمان هێناو هەر بەحەسرەتی ئەو خەونە بووین فیلم، بەڵام ئەمجارە دوو دوجار بووین بە فیلم، جارێك دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئێمە سیاسیەکانی خۆمان بوون کە ئێمەی سینەماکار و جەماوەر و خۆشیان بەشداریان تێدا کرد، جاری دووەمیش هەر بەراستی لەلایەن گروپێکی سینەمایی ئێرانی بوو کراین بە فیلم، فیلمی راستەقینە، فیلمی دۆکیۆمێنتاریی.
هەرگیز کەسێکی «حەسود» نەبووم و بیرم بەلای ئەوەدا نەڕیشتووە کە بڵێم؛ خۆزگە ئەم گروپە ئێمە بووینایە، دڵم خورپەی دەکرد و ناچار دەمگووت: تۆ وەرە ئەو هەموو هەوڵەماندا و لەناو خاك و هەوای گەرمی خۆمان بەم هەموو کارئاسانیەش فیلمێکمان بۆ دروست نەکرا، ئەوانە هاتن و دەست بەجێ فیلمی خۆیان دروست کرد و ئێمەو جەماوەر و سیاسیەکانیشیان کرد بە فیلم. نازانم بۆچی بەم هەموو کەسە دیارانەی بواری راگەیاندنیش وێنەیەکم نیە، تۆ واز لەوە بێنە نەمانتوانی فیلمێك دروست بکەین.
ئەم هەموو روداوە گرنگەی ژیانی ئێمە، بەو هەموو راش و دیمەنە راستەقینەیەی لەبەردەستماندا بوو کە هەندێکی هەر خۆمان بووین، کەچی فرێمێك نەك مەترێکی فیدیۆمان نیە، لە قاسمەڕەش هەرچی بێژەر و وێنەگر و مۆنتێر و ئامادەکاری بەرنامە و پەیامنێر و مێ هەیە و هەبووە لەوێ بوون، کەچی نەمانبوو وێنەیەك تا وەکو پێشمەرگە ئازاکانی شاخ و سەردەمی شۆڕش بڵاویان بکەینەوە و شانازی بکەین بەو رۆژانە، یان وەکو هەندێکی شۆڕش پەنجەی پەشیمانی بگەزین و خوا خوامان بێت حەوت بەرد بە دووی ئەو مێژووەدا فڕێ بدەین و جارێکی تر نەگەڕێتەوە؟!.

قاسمەڕەش پایتەختی نیشتمانی دووەم
قاسمەڕەش نیشتمانێك بوو، هەرچی دەنگی ئازادیخوازبوو لەوێ گیرسابۆوە، ئەوانەی عەیامێك دژی سەدام و دار ودەستەکەی لەسەنگەردابوون، لەو پایتەختە گەشتیاریی و بازرگانیەدا هەواریان هەڵدابوو.
ئێمە لەناو حزبی زەحەمەتکێشانی کوردستان لەو پایتەختەدا دەستمان کردەوە بە خەبات، بەڵام خەباتی چی خۆ بەندە لە تەلەفزیۆن کارم دەکرد و لەو پایتەختەدا سەرباری ئەوەی تەلەفزیۆن نیە بۆ تەماشا کردن، نەك بەرنامە ئامادەکردن و پێشکەشکردن، وێڕا نەگەیشتین دوو لاپەڕەی رۆژنامەیەکیش چاپ و بڵاوبکەینەوە.
چل رۆژی ئەو هەڵگێڕانەوە سیاسیە تێنەپەڕی، پایتەختە بچکۆلانە مەزنەکەی سیاسەت و ئەدەب و روناکبیری کە جمەی دەهات لە سیاسیی و هونەرمەند و روناکبیر و مامۆستای زانکۆ و پارێزەر و دادوەر و ئەندازیار و پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و جەماوەرێکی زۆر، لە شەو و رۆژێکدا بڕیار هات و هەمووی گەڕاینەوە دیوەکەی تری کوردستان کە بە باشوری وڵات ناوی دەبەین، ئیدی نۆرەی ئێمە هاتەوە گروپەکەی تر راوبنێین و بچینەوە سەر رێوجێگەی خۆمان(ئێمەومانان پیاوی چەکداری نەبووین)، باسی ئەوە ناکەم کە ئەوەی بیرم لێ نەدەکردەوە رۆیشتن بوو بەرەو هەندەران.
هەرچۆنێك بێت، جموجۆڵی شەو و رۆژانەی وراتی قاسمەڕەش، پایتەختی سیاسەت و روناکبیری بووە بیرەوەریی جوان و شیرین، بۆ بەندە و دڵنیام بۆ زۆرینەی ئەوانەی ئەو ماوەیان لەوێ تێپەڕاند زۆر کورت و پوخت بوو، کورت و کورمانجی خەریكبوو لەوێ دامەزرێین و هەنگاوی هونەری و رۆژنامەوانیی دەست پێبکەین، وردە وردە هێزی پێشمەرگە لەو قۆڵەوە دوای خۆرێکخستنەوە تێدەپەڕین و ساز و ئامادەبوون بۆ گەردەلولی تۆڵە؟!.

یەکەم شەوی پاسەوانیم
وەکو هەموو هاوڕێیانی تری حزب، بەندەش لەنیو لیستی پاسەوانی شەو دانرام، کەریمۆکیش بەهەمان شێوە، بەڵام ئێمە بەو پێیەی برادەری زۆر خۆشەویست و نزیکی یەکتربووین، بڕیارماندا ماوەی ئێشکگریەکەمان بەیەکەوە و بەدیار و ئاگر و یادەوەریی سینەما و شانۆ تێپەڕێنین و لەناو گفتوگۆ و گەنگەشەی شەوانەماندا چیرۆک و سیناریۆی سەیر سەیر بەخەیاڵماندا دەهات و دەمانگووت؛ ئەوانە بابەتی گرنگی فیلم و شانۆی دوای قاسمەڕەش-ن.
گروپی ئێمە بچووك بوو، بەڵام بەهۆی ناسینی هەندێك هاوڕێی خەڵکی شاری سلێمانی، کە زیاتر لە رێگای نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتی سینەما و شیعر و ئەوانەی تر کە لەبواری شانۆ و شێوەکاری و میوزیکدا کاریان دەکردوو چالاکیەکانمان لە رێگای رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەخوێندەوە، زوو لەو سەنگەرەدا بەیەك شادبووین و کۆڕی شەوان و رۆژانی بێکاریمان گەرم و زۆر خێراتر بەڕێدەکرد، بەڵام دیاربوو ماوەی مانەوەمان زۆر کورت خایەن بوو.
شەوێك لە شەوانی پاسەوانی من و کەریمۆك دوای گفتۆگۆی زۆر و پێکەنین و جگەرە کێشانێکی زۆرتر، کەریمۆك لە مێزی گەنگەشەی پانێڵە دووقۆڵیەکەمان یاخی بوو، ووتی؛ هەتیم چەکەکیش بدەنە من؟!. یەکێك نەیناسیباین لەوانەبوو بڵێن؛ ئەوانە شەڕکەری ئەوەندە ئازان بچنە هەر قۆڵێکی شەڕەوە دووژمن بێ تەقە خۆیان و شوێنەکانیشیان رادەست دەکەن؟!. ئاخر پێمناڵێی کەریمۆك چەکت بۆچیە؟، من بۆ خۆم لەوەیان بێزارم، بۆچی تۆ وادەزانی لەخۆشی خۆمە ئەو چەکەم لەسەر ئەژنۆم داناوە و هەردوو دەستەکانم بۆ راحەت و قامەتی دانیشتنەکە لەسەری دادەنێم قسانت بۆ دەکەم؟ بۆچی لە تۆ وایە دوژمن کاری نەماوە بێت لە دیوی ئێرانێ دەست بەسەر قاسمەڕەش-یش دادەگرێت، بەڵام لە ترسی ئێمەیە نایەت؟، لەو قسانەدابووم کەریمۆك پێداگیری کردوو ووتی؛ کاکە منیش دەزانم چەك بەکار بهێنم و تەقەشم پێ کردووەو ئێ پاسەوانی چۆن دەبێت بەبێ چەك، ووتم: ئەی ئەوە نیە بە هەردووکمان چەکێکمان پێە؟ کەریمۆك نیدەویست بیسەلمنێ ئەو پێیخۆش بوو مادامەکینێ لەناو زەحمەتکێشان گیرساوەتەوە و بیروڕایان چەپە و ئێ هەقە متمانەی ئەوەشی پێبکەن کە چەکێکی پێبدەن، لەو قسانەی زۆر ووت و هەر نەیدەسەلماند، منیش یەکسەر بێ سێو دوو لێکردن، مەخزەنی چەکەکەم لێکردەوە کە سی فیشەکی تەواوی تێدابوو یەکسەر دامە دەستی کەریمۆك و ووتم؛ دەی با ئەوەیان لای تۆ بێت و ئەوەش لای خۆم، ئێستا دڵت دامرکا؟!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*