سەرەکی » راپۆرت » عیراق له‌سه‌ر دووڕیانه‌

عیراق له‌سه‌ر دووڕیانه‌

ئاژانسه‌كان

دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ دوو مانگ به‌سه‌ر خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ عیراقدا، حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ په‌رله‌مان رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ 45 رۆژ مۆڵه‌ت بده‌ن به‌ حكومه‌ت، تا ئه‌و چاكسازییانه‌ی‌ به‌ڵێنی‌ دابوو بیانكات، جێبه‌جێی‌ بكات، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كوتوپڕ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق ده‌ستی‌ له‌ كار كێشایه‌وه‌‌و به‌ په‌رله‌مانیشی‌ راگه‌یاند، ده‌ستی‌ له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ عیراق نه‌كه‌وێته‌ گێژاوی‌ توندوتیژی‌‌و ئاژاوه‌وه‌.
له‌ باره‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ عیراقه‌وه‌ سایتی‌ (الوقت)ی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌واڵ دیدارێكی‌ له‌گه‌ڵ د. سه‌عوڵڵا زارعی‌ پسپۆڕی‌ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ساز كرد. د. زارعی‌ له‌ باره‌ی‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی وتی‌: ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ئایه‌توڵڵا سیستانییه‌وه‌ هه‌بوو، كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوو پێویسته‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ پێك بهێنرێت، عادل عه‌بدولمه‌هدیش ئه‌و داواكارییه‌ی‌ جێبه‌جێ كرد‌و ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ پیشكه‌شی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كرد، ئه‌مه‌ش واته‌ حكومه‌تی‌ پێشوو كاری‌ ته‌واو بوو.
له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ سایته‌كه‌دا له‌ باره‌ی‌ كاریگه‌ریی ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیر له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئه‌مڕۆی‌ سیاسی‌ له‌ عیراق زارعی‌ وتی‌: ئێستا عیراق له‌ دۆخێكی‌ ناهه‌مواردایه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌تێك بێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازی‌ ئابووری‌، له‌ هه‌مان كاتدا ره‌نگه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و هه‌ندێك هێزی‌ خۆرئاوا‌و ئیقلیمیش ده‌ستی‌ تێوه‌ربده‌ن‌و دووبه‌ره‌كی‌ له‌ ناو عیراقدا هێنده‌ی‌ تر زیاد بكه‌ن. له‌ روویه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ حزب‌و لایه‌نه‌ شیعه‌كان، كه‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌یكه‌لی‌ سیاسی‌ عیراق پێكده‌هێنن، تا هه‌لی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیریان ده‌ست بكه‌وێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناكۆكی‌ بكه‌وێته‌ نێوان ئه‌و حزب‌و لایه‌نانه‌، ئه‌وا پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك وه‌زیر دواده‌كه‌وێت‌و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر بونیادی‌ سیاسی‌ عیراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ عیراق ئه‌مڕۆ له‌ بارودۆخێكی‌ هه‌ستیار‌و دووڕیانێكی‌ مه‌ترسیداردایه‌، یه‌ك له‌و دووڕیانه‌ كێشه‌ی‌ پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌‌و رێگرتنیه‌تی‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌، به‌ تایبه‌تیش ده‌ستێوه‌ردانی‌ ئه‌مریكا‌و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌، ئاسته‌نگ‌و دووڕیانی‌ دووه‌میش پاراستنی‌ هه‌یكه‌له‌ سیاسییه‌كه‌یه‌تی‌‌و رێگرتنی‌ له‌ هه‌ره‌سهێنان.
له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا په‌رله‌مانی‌ عیراق ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ده‌ربڕی‌‌و ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌ ئارادا نه‌ما كه‌ ره‌ت بكرێته‌وه‌، ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر‌و رووداوه‌كانی‌ دوای‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ بكرێت. به‌ڵام د. زارعی‌ له‌ باره‌ی‌ رۆڵی‌ لایه‌نی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌و ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێ: به‌ر له‌وه‌ ده‌بێ له‌ رۆڵی‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌‌و ئیقلیمی‌ ورد بینه‌وه‌ له‌ پشێوی‌‌و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌دا كه‌ زۆر له‌ شاره‌كانی‌ عیراقی‌ گرته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ بڕیاری‌ خۆی‌ بوو، ئه‌ویش دوای‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌، گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی‌ ده‌رنه‌كردایه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ درێژه‌ی‌ به‌ كاری‌ خۆی‌ ده‌دا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیر، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ نه‌بوایه‌ بێگومان عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ پێشنیازی‌ تازه‌ی‌ ده‌بوو بۆ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا، جگه‌ له‌وه‌ش عیراق له‌ دۆخێكدایه‌ كه‌س خۆزگه‌ی‌ پێ ناخوازێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا‌و سعودیه‌‌و ئیمارات هه‌وڵی‌ وروژاندنی‌ شه‌قامی‌ عیراقییان دا، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ ناردنی‌ كه‌سانێكه‌وه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ بشێوێنن‌و هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر شوێنه‌ ئایینییه‌كان، ئه‌وه‌بوو بینیمان هه‌ندێك له‌ خۆپیشانده‌ران هێرشیان كرده‌ سه‌ر زانكۆیه‌كی‌ ئایینی‌‌و مه‌رقه‌دی‌ كه‌سێتییه‌ ئایینییه‌كان، ئه‌و هێزه‌ ده‌ره‌كیانه‌ دۆخێكی‌ وایان له‌ عیراقدا خوڵقاند كه‌ ئایه‌توڵڵا سیستانی‌ به‌ پێویستی‌ زانی‌ حكومه‌ت بگۆڕدرێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وای‌ كرد عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ ئایینییه‌وه‌ ده‌ستی‌ له‌ كار كێشایه‌وه‌. ئێستاش ده‌بێ هیوا بخوازین كه‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق‌و سه‌ركرده‌ شیعه‌كان زوو راوێژ بكه‌ن‌و بگه‌نه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستنیشان كردنی‌ كه‌سێكی‌ شیاو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراقدا دروست بووه‌.
له‌ باره‌ی‌ كاریگه‌ری‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمهدی به‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ زارعی‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ گونجاوی‌ نه‌بێت بۆ جێبه‌جێ كردنی‌ داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران‌و به‌ زووترین كات ده‌ست نه‌كات به‌ جێبه‌جێ كردنی‌ چاكسازییه‌كان، كه‌ له‌م دواییانه‌دا باس كران، ئه‌وا ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ ئه‌م ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌یه‌ دۆخی‌ عیراق هێنده‌ی‌ دی‌ خراپتر بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان زوو بكه‌وێته‌خۆ ده‌توانێ هه‌نگاو بنێت به‌ ئاراسته‌ی‌ جێبه‌جێ كردنی‌ زۆرێك له‌ چاكسازییه‌ ئابووری‌‌و سیاسییه‌كان، به‌و جۆره‌ش له‌ توانادا ده‌بێت ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانه‌كان هێور بێته‌وه‌، به‌ڵام لێره‌دا شتێك هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ ره‌چاو بكرێت‌و به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرێكی‌ نوێ ده‌ستنیشان بكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ داواكاریی خۆپیشانده‌ران ده‌بێت‌و داواكارییه‌كانی‌ ئه‌وان جێبه‌جێ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ هه‌ڵی‌ ده‌بژێرن ده‌بێ سه‌رۆك وه‌زیرێكی‌ به‌هێز بێت‌و دوودڵ‌و راڕا نه‌بێت له‌ جێبه‌جێ كردنی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تدا.
عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ له‌ دوا دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ له‌ كاركێشایه‌وه‌، هیوای‌ خواست په‌رله‌مان به‌ زووترین كات سه‌رۆك وه‌زیر‌ هه‌ڵبژێرێت، چونكه‌ دۆخی‌ عیراق به‌ كه‌ڵكی‌ ئه‌وه‌‌ نایه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێخه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت. جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ساڵێك به‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا گه‌یشتینه‌ خاڵی‌ كۆتایی، به‌ڵام سه‌رجه‌م دۆسێكانی‌ هه‌موو وڵاتانی‌ ئیقلیمیدا یه‌كلایی كردۆته‌وه‌.
ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق دوای‌ نزیكه‌ی‌ دوو مانگ له‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵك دێت، ناڕه‌زایی له‌ بارودۆخی‌ خراپی‌ ئابووری‌‌و سیاسی‌‌و ئه‌منی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئه‌نجامی‌ خۆپیشانده‌كانیش به‌ پێی‌ ئاماری ئاژانسه‌كانی‌ راگه‌یاندن ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان له‌ 420 كه‌س تێپه‌ڕی‌ كردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ر‌و خه‌ڵكی‌ بێ چه‌كن.
چاودێران پێیان وایه‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیر‌و هه‌وڵه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ‌و له‌م حزب‌و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ عیراقدا هه‌ن، به‌ دڵی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ عیراق نابێت، چونكه‌ خۆپیشانده‌ران ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی‌ ئێستاشیان قبوڵ نییه‌‌و داوای‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌‌و هه‌ڵبژاردنێكی‌ گشتی‌ پێشوه‌ختیان كردووه‌.
رای‌ گشتی‌ خۆپیشانده‌ران هه‌ر به‌ گوێره‌ی‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌ زیاتر به‌ ئاراسته‌ی‌ گۆڕینی‌ سه‌رله‌به‌ری‌ سیستمی‌ سیاسییه‌ له‌ عیراقدا‌و به‌وه‌ رازی‌ نابن حكومه‌تێكی‌ نوێ له‌ هه‌مان ئه‌و ده‌موچاوه‌ كۆنانه‌ دروست بكرێت كه‌ له‌ 2003وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م حزبه‌ ته‌قلیدیانه‌وه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.
دوابه‌دوای‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ خۆپیشانده‌ران له‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر ئاهه‌نگیان گێڕا، دڵیان خۆش بوو گۆرانییان ده‌وت‌و ناوبه‌ناویش سروود‌و دروشمیان دژی‌ حكومه‌ت ده‌وت، ماتۆڕه‌كان، ئه‌وانه‌ی‌ پێی‌ ده‌ڵێن (توك توك)‌و له‌ رۆژانی‌ پێشوودا رۆڵی‌ به‌رچاویان هه‌بوو له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران‌و گه‌یاندنی‌ برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌م جاره‌ش ده‌ركه‌وتنه‌وه‌، به‌ڵام دڵخۆشتر له‌ جاران، تروسكه‌ی‌ هیوایه‌ك له‌ چاویاندا به‌دی‌ ده‌كرا، هیوا به‌ گۆڕانكاریی‌و داهاتوویه‌كی‌ باشتر. هه‌رچه‌نده‌ خۆپیشانده‌ران له‌ هه‌مان كاتدا دڵخۆشبوون به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ تیپی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ تۆپی‌ پێی‌ عیراق‌و بردنه‌وه‌ی‌ یارییه‌ك له‌ ئیمارات، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی‌ تروسكه‌ی‌ هیوا له‌وێوه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیر بوو، چونكه‌ وا لێی‌ ده‌ڕوانن كه‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مه‌ به‌ره‌و گۆڕانكاریی.
عه‌لی‌ ته‌مه‌نی‌ 16 ساڵه‌‌و شۆفێری‌ (توك توك)ه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، عه‌بدولمه‌هدی‌ به‌ ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌لماندی‌ كه‌ كه‌سێكی‌ باشه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ كۆتایی خۆپیشاندانه‌كان نییه‌، خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی راناوه‌ستێ تا ئه‌و كاته‌ی‌ حكومه‌ت به‌ ته‌واوی‌ ده‌ڕووخێ.
ریال خوێندكارێكی‌ ته‌مه‌ن 23 ساڵه‌ ده‌ستی‌ هه‌ردوو خوشكه‌كه‌ی‌ گرتووه‌، دڵیان خۆشه‌‌و پێده‌كه‌نن، ریال له‌ باره‌ی‌ هۆكاری‌ پێكه‌نینه‌كه‌یانه‌وه‌ وتی‌: دڵمان خۆشه‌ وا ده‌زانین له‌ ئاهه‌نگداین، دوێنێ ده‌گریاین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌ ناسریه‌ 40 خۆپیشانده‌ری‌ كوشت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دڵمان خۆشه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ ده‌ستی‌ له‌ كاركێشایه‌وه‌.
ئه‌ندازیارێكی‌ نه‌وت به‌ ناوی‌ حسێن عه‌بدولڕه‌حمان به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێ: ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ به‌س نییه‌، ده‌بێ حكومه‌تیش ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌‌و په‌رله‌مانێكی‌ نوێ‌و ده‌ستوورێكی‌ نوێ بێته‌ ئاراوه‌، ئێمه‌ بێده‌نگ نابین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ وڵاتێكی‌ 39 ملیۆن كه‌سیدا ده‌بوو وڵاتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، به‌ڵام ده‌بنین له‌و 39 ملیۆن دانیشتوانه‌ ته‌نیا یه‌ك ملیۆنی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌‌و هه‌موو شتێكی‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ تری‌ هیچی‌ نییه‌.

print

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*