سەرەکی » ئاراستە » دێلێژە

دێلێژە

د.ئاراس محمد صالح

دێلێژە یەكێكە لەگوندە دێرین جوان و ڕەنگینەکانی‌ قەزای‌ قەرەداغ، کۆتا گوندە لەڕۆژئاوای‌ ناوچەی‌ قەرەداغەوەو لای‌ خوارەوەی‌ ڕوباری‌ باسەڕەیە، لەڕۆژهەڵاتەوە زنجیرە چیاکانی‌ قەڵای‌ بەخشی‌ لەناحیەی‌ بازیانی‌ جیادەکاتەوە، لەڕۆژئاواوە زنجیرە چیاکانی‌ سەگرمەو تەختەسی‌ سنوری‌ نێوان قەزای‌ قەرەداغ و ناحیەی‌ سەنگاوە، ئەم گوندە پاڵی‌ داوەو بەزنجیرە چیایی سەرگرمەوەو کۆتایی ئەم چیایە لەپشتی‌ گوندەکەوە پێی دەوترێت تەختەسی، زنجیرە شاخی‌ تەختەسی‌ سنوری‌ نێوان قەزای‌ قەرەداغ و ناحیەی‌ سەنگاوە، لەبەرئەوەی ئەم گوندە کەوتوەتە قەدپاڵ و لێژایی چیایی تەختەسیەوە بە»دێلێژە» ناونراوە، هەڵکەوتەی‌ شوێنی‌ گوندەکە زۆر گوجاوەو دەڕوانێت بەسەر بەشی‌ زۆری‌ ناوچەی‌ قەرەداغ و هەردوو ڕوباری‌ تلێ و باسەڕەو دەربەندی‌ باسەڕەدا، هەروەها بەرامبەری‌ زنجیرە چیایی قەڵای‌ بەخشیەو دیمەن و وێنەیەکی‌ زۆر جوانی‌ هەیە، هەرکەسێک تەنها جارێک بچێتە ئەم گوندە دڵگیرە سەرنجی‌ ڕادەکێشێت.
مێژووی دروستبوونی زۆر كۆنەو هەزار ساڵ زیاترە، بەبوونی بەڵگەی گۆڕستانی‌ گەورەو دۆزینەوەی‌ شوێنەواری‌ کۆن، هەروەها دەماودەم هاتووە ئەم گوندە هەر لەكۆنەوە ئاوەدان بووە، چەندین بنەماڵەی خوێندەواری مەلازادە لەو گوندەدا هەڵکەوتوون، وەك بنەماڵەی مەلا محەمەدی پیرحەسەنی باپیری بنەماڵەی موفتی چاوەماری سلێمانی، هەروەها بنەماڵەی حاجی مەلا شەریفی دێلێژە باوكی حاجی مەلا ڕەسوڵی صەفوەت و باپیری بنەماڵەی صەفوەت لەسلێمانی و بنەماڵەی شێخانی دێلێژە كە دەچنەوەسەر شێخانی بەرزنجە.
دێلێژە لەكۆنەوە حوجرەو خوێندنی مزگەوتی تێدابووە، بنەماڵەی مەلا محەمەدی پیرحەسەنی چاوەمارو مەلا شەریفی باپیری بنەماڵەی صەفوەت لەو گوندەدا مەلایەتیان كردووەو حوجرەو خوێندنگەیان بووە، یەکیک لەو شاعیرانەی‌ لەم گوندەدا هەڵکەوتووە (عاصی) یان (مەعصوم)ی‌ شاعیرە، ئەم شاعیرە بەهرەمەندە شیعری‌ کلاسیکی‌ وتووە، شیعری‌ خواناسی و ئەوینداری‌ هەیە، بەڵام مەخابن هەتا ئێستا دیوانەکەی‌ کۆنەکراوەتەوەو لێکۆڵینەوەی‌ پێویستی‌ لەبارەوە نەکراوە.
لەسەدەی‌ هەژدەدا بەهۆی‌ نائارامی‌ و هیرش و پەلامارەکانی‌ سوپای‌ سەفەوی‌ بۆسەر ناوچەکانی‌ ژێر قەڵەمڕەوی‌ میرایەتی‌ بابان، هەریەک لەشێخ ئیسماعیلی‌ ولیانی‌ و شێخ حەسەنی‌ گڵەزەردەی‌ برای‌ کۆچ دەکەن بۆ ناوچەی‌ قەرەداغ، لەدوای‌ چوونی‌ شێخانی‌ بەرزنجە بۆ ناوچەی‌ قەرەداغ و دەوروبەری‌، لەبەشێک لەگوندەکانی‌ قەرەداغدا نیشتەجێ بوون و ئیرشادو ڕینومایی دینی‌ خەڵکیان کردووە، لەبەرئەوەی‌ شێخی‌ ئیرشادو تەریقەت بوون وکاریگەری‌ زۆریان هەبووە لەسەر ناوچەکە، یەکێک لەو گوندانەی‌ ناوچەی‌ قەرەداغ کە بووەتە شێخەدێ و ناوەندێکی‌ دینی‌ و تەریقەتی‌ شێخایەتی‌ گرنگ گوندی‌ دێلێژە بووە، یەکەم کەسی شێخانی‌ بەرزنجە کە لەگوندی‌ دێلێژەدا نیشتەجێبووە شێخ ڕەزای كوڕی شێخ ئیسماعیلی ولیانی بووە، بەپێی‌ هەندێ خەمڵاندن شێخ ڕەزا لەدەوروبەری‌ ساڵی‌ (1730ز) چووەتە دێلێژەو تەكیەی داناوەو ئەم گوندەی‌ كردووە بەناوەندێکی‌ ئاینی‌ گرنگ وتەریقەتی‌ قادری‌، لەدوای‌ ئەو مێژوەوە ئیتر ئەو گوندە بووەتە مەڵبەندێكی گرنگی تەریقەتی قادری و شێخانی بەرزنجە، بەهۆی‌ شێخ ڕەزای دێلێژەو ئەو پێگە گرنگەوە هەیبووە گوندی‌ دێلێژە بووەتە گوندێكی ئاوەدان و بەناوبانگ لەناوچەكەدا، لەدوای‌ کۆچی‌ دوایی شێخ ڕەزاش ئەم گوندە پیرۆزیەکی‌ گەورەی‌ وەرگرتووەو وەک ناوەندێکی‌ شێخایەتی‌ و شوێنەوارێکی‌ دینی‌ گرنگ هەتا ئێستا سەردانی‌ دەکرێت.
بەدرێژایی مێژوو چەند بنەماڵەیەکی‌ زانستی‌ لەدێلێژەدا خزمەتی‌ زانستیان کردووە، لەو بنەماڵە زانستیانەی‌ لەم گوندەدا دەرکەوتون، بنەماڵەی‌ پیرحەسەنییە، مەلا محەمەدی‌ پیرحەسەنی‌ و مەلا مەحمودی‌ برای‌ دوو مەلای‌ بەتوانای‌ سەردەمی‌ خۆیان بوون، لەدوای‌ ئەوەی‌ لای‌ مەلا محەمەدی‌ ئیبنولحاجی‌ هەزارمێردی‌ لە خوێندنگەی‌ هەزارمێرد ئیجازەی‌ مەلایەتیان وەرگرتووە، گەڕاونەتەوە گوندی‌ دێلێژەو خوێندنگەو مزگەوتی‌ گوندەکەیان بەزانست و ئاینداری‌ ئاوەدانکردوەتەوە، پاشان بنەماڵەی‌ پیرحەسەنی‌ هاتونەتە سلێمانی‌ و لەدوای‌ موفتی‌ عەبدولعەزیزی‌ چاوەمارەوە بە بنەماڵەی‌ چاوەمار ناسراون.
یەکێکی‌ تر لە بنەماڵە زانستیەکانی‌ بنەماڵەی‌ صەفوەتە، بنەماڵەی‌ حاجی‌ مەلا ڕەسوڵی‌ دێلێژە یەکێکن لەبنەماڵە زانستیەکانی‌ سلێمانی‌، حاجی‌ مەلا ڕەسوڵ لەبنەڕەتدا خەڵکی‌ دێلێژەیەو لەسەر داوای‌ حاجی‌ کاک ئەحمەدی‌ شێخ چووەتە سلێمانی‌ و لەمزگەوتی‌ گەورەدا تەدریسی‌ کردووە، پاشان چووەتە مزگەوتی‌ باش چاوش لەسەرچیمەن، ئەو مزگەوتە دوایی بەمزگەوتی‌ حاجی‌ مەلا ڕەسوڵی‌ دێلێژە ناسراوە، بەڵام دواتر بەر جادەکەوتووەو ڕوخێنراوە، شوێنەکەی‌ دەکەوێتە فلکەی‌ نالی‌ لەئەسحابەسپی‌.
شێخانی‌ دێلێژە لەسەردەمی‌ شێخ ڕەزاوە گرنگی‌ زۆریان بەزانستداوەو پشتگیری‌ و هاوکاری‌ پرۆسەی‌ خوێندن بوون لەگوندەکەیاندا، خۆشیان مەلاو شاعیریان تێدا هەڵکەوتووە، کۆتا کەسیان مامۆستا شێخ ئیسماعیل بووە، مەلایەکی‌ خواناس و شاعیر بووە.
لەكۆتایی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی بیستەم خوێندنگەی نوێی تێدا كراوەتەوەو لەشەستەكاندا شەقامی ئۆتۆمبێلی بۆ ڕاكێشراوە، لەكۆتایی حەفتاكانی سەدەی بیستەم ڕێگاوبانی قیری بۆ ڕاكێشراوە، ئەم گوندە وەک شێخە دێیەک و ناوەندێکی‌ تەریقەتی‌ شێخایەتی‌ قادری‌ لەهەموو لایەکەوە سەردان کراوەو هەتا ئێستا سەردان دەکرێت.
لەدەوروبەری‌ گوندی‌ دێلێژە شوێنەواری‌ کۆن دۆزراوەتەوەو چەند گۆڕستانێکی‌ دێرین لەدەوروبەری‌ گوندەکەدا هەن، هەموو ئەمانە بەڵگەی‌ ئەوەیە ئەم گوندە هەر لەکۆنەوە ئاوەدان بوە، لەکاتی‌ ئێستادا گۆڕستانی شێخ ڕەزای دێلێژە گۆڕستانی گوندەكەیە، گۆڕستانێکی‌ گەورەیەو جگە لەگۆڕی‌ شێخانی‌ دێلێژە گۆڕی‌ زۆر شەهیدو کەسایەتی‌ تری‌ تێدایە.
لەکۆندا لەم گوندە ئاشی‌ ئاو هەبووەو ئاشی‌ دێلێژە هەتا ئێستا لەلایەن پیاوە بەتەمەنەکانی‌ ناوچەکەوە باس دەکرێت، لەپێش پەیدابوونی‌ ئاشی‌ کارەبایی لەهەموو کوردستاندا ئاشی‌ ئاو هەبووە، لەبەر ئەوەی‌ ئەم جۆرە ئاشانە پێویستیان بەئاوی‌ زۆرو بەردەوام بووە، کورد گوتەنی‌ پێویستیان بە (ئاش گێڕێک ئاو هەبووە) هەربۆیە ئەم ئاشانە لەو گوندانەدا دانراون ئاوی‌ زۆر بووە، ئەم گوندەیش کەوتووەتە سەر هەردوو ڕوباری‌ باسەڕەو تلێ، لەدەربەندی‌ باسەڕە ئاشی‌ دێلێژەو لەچەمی‌ تلێ ئاشی‌ کەپران هەبووە، خەڵکی‌ ناوچەکانی‌ سەنگاو قەرەداغ و بازیان بۆ باراش هاڕێن ڕوویان لەو ئاشانە کردووە.
گوندی‌ دێلێژە شوێنكی گونجاوە بۆ ئاژەڵداری و مەڕو بزن و ڕەشەوڵاخی تێدا بەخێودەكرێت، ناوچەیەكی شاخاوییەو زەوی كشتوكاڵی كەمە، بەڵام شاخەڵان و لەوڕگای‌ زۆرەو لەبەر گونجاوی‌ بۆ ئاژەڵداری‌ پەندی‌ (خوا بە تۆی‌ داوە بزنی‌ دێلێژە) لەناو پەندە کوردیەکاندا جێگەی‌ خۆی‌ گرتووە، هەرکەسێک بکەوێت بەسەر بارودۆخێکی‌ باشدا وەک ئاماژەیەک ئەو پەندەی‌ بۆ دەوترێت.
گوندی‌ دێلێژە شوێنێکی‌ زۆر گونجاوە بۆ گەشتوگوزار، لەكاتی ئێستا ناوچەیەكی گەشتوگوزاریە بە تایبەت لە وەرزی بەهاراندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەكات.
لەبەر ئەوەی‌ دێلێژە شوێنی‌ شاخ و دارستاناویەو دەکەوێتەسەر ڕوباری‌ باسەڕەو لەڕووی‌ جواگرافیەوە دەکەوێتە نێوان ناوەچەی‌ گەرمیان و چەمچەماڵ و کەرکوک لەلایەک، لەلایەکی‌ ترەوە پارێزگای‌ سلێمانی‌ و بازیانەوە، بۆ هاتوچۆو سەردانکردن ئاسانە، ئەم هەڵکەوتە جوگرافیایەی‌ وایکردووە زۆر گونجاوبێت بۆ گەشت و سەیران، هەرچەندە لەڕێگەی‌ سلێمانی‌ و بازیانەوە ڕیگاکەی‌ تاڕادەیەک گونجاوە، ئەگەر لەرێگەی‌ چەمچەماڵ و دەربەندباسەڕەوە ڕیگاوبانی‌ گونجاوی‌ بۆ بکرێت، شوێنی‌ گەشتیاری‌ زۆر گونجاوەو بەدرێژایی ساڵ دەبێتە ناوەندێکی‌ گەشتیاری‌ گرنگ.
دەبێت ئاماژەش بەوە بکرێت کە خەڵکێکی‌ زۆر بەهۆی‌ مەزاری‌ شێخ ڕەزای‌ دێلێژەو وەک شوێنێکی‌ ئاینی‌ پیرۆز سەردانی‌ ئەم گوندە دەکەن، دەکرێت وەک شوێنێکی‌ گەشتیاری‌ ئاینیش پۆلێن بکرێت.
لەبەر ئەوەی‌ گوندی‌ دێلێژە شوێنی‌ حەوانەی‌ پێشمەرگە بووە لەشۆڕشەکانی‌ کورددا چەندینجار کەوتووەتەبەر شاڵاوی‌ سوپاو بوردمان کراوە، لەساڵی (1988ز) لەشاڵاوەکانی‌ سوپای‌ عێراقدا بۆ خاپورکردنی‌ هەموو کوردستان، ئەم گوندەش بەر ئەو شاڵاوە دڕاندانە کەوتووەو لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە وێران كراوەو مزگەوتە مێژوویەكەی و مەزاری‌ شێخ ڕەزای‌ دێلێژە تەقێنراونەتەوەو دانیشتوانەكەی ڕەوی كردوە.
لەدوای‌ ڕاپەڕینی‌ خەڵکی‌ کوردستان لەساڵی (1991ز) وە، جارێکی‌ تر دانیشتوانەکەی‌ گەڕاونەوتەوەو گوندەکەیان ئاوەدان کردووەتەوە، هەروەها لەلایەن حکومەتەوە پرۆژەی‌ خوێندنگەو بنكەی تەندروستی و پۆلیس و هێڵی كارەبای نیشتمانی و ڕێگاوبانی بۆ ڕاكێشراوە، لەلایەن خەڵکی‌ گوندەکەو خێرخوازانەوە مزگەوتە دێرینەکەو مەزاری‌ شێخ رەزای‌ دێلێژە دروستکراونەتەوەو ڕۆژانە خەڵکی‌ سەردانی‌ ئەو شوێنە پیرۆزانە دەکات.

print

 307 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*