سەرەکی » ئاراستە » گوندی بەلەسۆ_ بناری چیای خۆشک

گوندی بەلەسۆ_ بناری چیای خۆشک

سەردەشت محەمەد

گوندی بەلەسۆ دەکەوێتە دامێنی چیای خۆشک لەناحیەی بەمۆی سەربە پارێزگای هەڵەبجە. یەکێکە لە گوندە هەرەجوان و دڵگیرەکان، لەباریی کەشوهەواکەی و سازگاری ئاو و هەبونی زنجیرە چیا و هەبونی دارو دیمەنی جۆراوجۆر، ناوچەکەی هێندەی دیکە ڕازاوەتر و دڵگیرتر کردووە. بەلەسۆ و گوندەکانی دیکەی دەوروبەری ئەگەر دڵسۆزی بنوێنرێت دەتوانرێت بکرێت بەناوچەیەکی گەشتیاری گرنگ و سەرچاوەیەک بۆ خۆژیاندنی دانیشتوانی ناوچەکە، هەرئەوەندە نا، بەڵکو بەهۆی هەبونی لەوەڕگا و سەرچاوەی ئاوی پێویست لەناوچەکەدا دەتوانرێت لەڕێگەی دامەزراندنی سندوقی کۆمەک و هاوکاریەوە هانی دانیشتوانی ئەو گوندانە بدرێت جارێکی دیکە سەرقاڵ ببنەوە بەکاری شوانکارەیی و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بەتایبەت بەخێوکردنی ڕەشەوڵاغ لەناوچەکەدا، چونکە هەڵکەوتەی ناوچەکە بۆ بەخێوکردنی ڕەشەوڵاغ زۆر لەبارە، کە ئەوەش پێویستی بە پلانی حکومەت و وەزارەتی گەشت و گوزار یاخود وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە. بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم ڕەنگە بەمەبەست یاخود بێ مەبەست بیری لەوەها پرۆژەیەک نەکردۆتەوە و پێناچێت لەداهاتوشدا پرۆژەیەکی لەوجۆرە لە کوردستاندا ئەنجام بدرێت.
کاتێک ڕێگات دەکەوێتە گوندی (بەلەسۆ) و گوندەکانی بناری(بەمۆ) هەر لەخراپی ڕێگاو بانەکەیەوە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو ناوچەیە پشتگوێ خراوە. ڕێگای بەلەسۆ جگە لەوەی دەیان گوندی کەوتۆتەسەر، لەهەمانکاتیشدا ڕێگای ئەو سەدان بارهەڵگرەیە کە ڕۆژانە لەخاڵی سنوری(پشتەوە) کە خاڵێکی هاوبەشی نێوان(کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانە) دێن و دەچن. بارەکانیان دەگەیەننە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
دەبێت بڵێین بەداخەوە خراپی ڕێگاوبانەکان و هاتوچۆی ڕۆژانەی ئەو سەدان بارهەڵگرەی کە بەو ڕێگا خراپەدا هاتووچۆ دەکەن بەتەنها مایەی نیگەرانی دانیشتوانی ئەو گوندانە نییە، بەڵکو گرفتێکی گەورەتر لەناوچەکەدا هەیە کە ئەویش هەبونی مینێکی زۆرە کە ئەوکاتەی حکومەتی بەعس لەناوچەکەدا باڵادەست بووە بۆ پارێزگاریکردن لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوچەکەی بەجۆرێک پێ مین ڕێژکردووە تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری خاکەکەی بۆ هاتووچۆکردن بەکارنایە و لەهەموو جێگەیەک هەست بەمەترسی مین دەکرێت بەتایبەت بۆ ئەوکەسانەی کە شارەزای ئەو گوندانە نین، پێویست دەکات حکومەتی هەرێم ئاوڕی جدی لەو ناوچانە بداتەوەو خزمەت بەدانیشتوانەکەی بکات تاکو بتوانن ئەوانیش بەشداربن لەبەرهەمهێنانی شمەکی ناوخۆییدا.

print

 253 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*