سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » سەرنجێك لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە

شەن و كەو

سەرنجێك لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە

قسە و باسی گەرم لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازیی لە پەرلەمانی كوردستان دەكرێ كە بۆ رێكخستنەوەی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشینە و حكومەت لەم رێگەوەیە مەبەستییەتی پێداچوونەوەیەكی گشتی بۆ پلەی وەزیفی و مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بكا.

دید و تێڕوانینەكانیش لەو بارەیەوە بۆ چەند ئاراستەیەك دابەشبوون، بەشێك لەوان لایەنگری پڕۆژەكەن و وایدەبینن پڕۆژەكە هەوڵێكی باشە بە ئاراستەی چاكسازی و بنەبڕكردنی بە هەدەردانی داهاتی گشتی، پێچەوانەی ئەوەش زۆرێك هەن و پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە ناتوانێ خۆی لەقەرەی رێكخستنەوەی پلە وەزیفییەكان بدا، بەڵكو بە یاسا شەرعییەت دەداتەوە بە پلە باڵاكان و موچەی قەبە و ئیمتیازی باڵا و منحەی هەڵڕژاو دەخاتەوە گیرفانەكانیان.
لە راستیدا ئەگەر پڕۆژەكە بە وردی بخوێنیتەوە و بە ئینصافەوە هەڵیبسەنگێنی، بۆت دەردەكەوێ كە پڕۆژەكە هەنگاوی زۆرباشی تێدایە بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی گوژمەیەكی گەورە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لێ لە بەرامبەریشدا كیماسی زۆری هەن، لێرەدا ئاماژە بەهەردوولا دەكەین.
بۆ نموونە، زۆر بە روونی خانەنشینی «بە پلەی وەزیر و بریكاری وەزیر و راوێژكار»ی ئەو كەسانە هەڵدەوشێنێتەوە كە ئەو پلە وەزیفییەیان بەفیعلی نەبینیوە، بەڵكو لە پێش راپەڕین بەهۆی جێنەخشی زۆریان لە بزووتنەوەی رزگاریی نیشتمانیدا ئەو ئیمتیازەیان پێدراوە، بۆیە لە دوای دەرچوواندنی یاساكەوە ئەو ئیمتیازانە نامێنن و لەجێی ئەوە مووچەیەكی شایستەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
لایەنێكی ئیجابی ئەم پڕۆژەیە، كۆتاییهێنانە بە دوو مووچەیی و چەند مووچەیی لە دامەزراوەكانی حكومەتدا، لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێكدا بێ، تەنها ئەوەندە نەبێ بۆ كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بژاردەی دیاریكردنی مووچەی دڵخوازی خۆیان لە نێوان ئەو مووچانەدا دەخرێتە بەردەم و دواجاریش شایستە داراییەكانیان دوای پێداچوونەوە هاوتای عیراقی لێدەكرێ.
ئەمانەی باسكران لایەنی پۆزەتیڤی پڕۆژەكەن كە داتابەیسی بایۆمەتریشی كردۆتە پێوەر بۆ بەرزكردنەوەی پلە و قۆناغی مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندبوون لە ئیمتیازەكانی خانەنشینی، بەڵام لە كەموكوڕیش بەدەر نییە، نموونەی زەقی ئەو ئاریشانە كە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی شەقامە و راستەوخۆ لە قازانجی ژمارەیەكی كەمدا دەشكێتەوە، خانەنشینكردنی پلە تایبەتەكانە تا ئاستی %70 ی مووچەكانیان.
باشە تێنەگەیشتین لەوەی پەرلەمانتارێك لەخۆی پرسیوە، لە كاتێكدا بۆ خزمەتی گشتی و بە دەنگی شەقام چۆتە پەرلەمان و بڕیاری نوێنەرایەتیكردنی مافی گشتی هەیە، خانەنشینی بۆ چییە؟ ئاخر چ خێرە بە دەنگی هاووڵاتییەكی سادەی كەمدەرامەت بگەیتە ئەوێ و لەجیاتی داكۆكی لە مافەكانیان و دەرچوواندنی یاسا لە قازانجی گشتیاندا، موشەرەع بی و هەر خۆشت شەرعییەتی یاسایی بدەیە خانەنشینكردنی خۆت!
لە راستیدا ئەركی پەرلەمانتارەكانە كە بۆ ستراتیژی چاكسازیی دوورمەودا خەمی گەورەیان گۆڕینی فۆرمی ژیانی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە بێ، نەك مووچەكانی خۆیان، دەبێ ئەو پڕۆژەیە سەرەتای داڕشتنەكەی بە چاكسازی لە پلە باڵاكانەوە دەست پێبكەن بە جۆرێك هاوشێوەی بەغدا بە تەواوی گۆڕانكارییەوە هەموو فراكسیۆنەكان دەنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بدەن، دەبێ هەمواری خانەنشینی پەرلەمانتاران بە جۆرێك بێ كە لە دوای تەواوكردنی خزمەتی پەرلەمانییەوە، رێگری نەكرێ لە گەڕانەوەی بۆ سەر كاری پێشووی، نەك بەو شێوەیە تێپەڕێنرێ و هەر چوار ساڵ جارێك بە قوەتی قانون پەرلەمان و دامەزراوە باڵاكان بكرێنە وێستگەی دەرچوواندنی خانەنشینی تێر و پۆشتە بەسەر گیرفان و قوت و بودجەی گشتیدا .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*