سەرەکی » دۆسێ » عەبدولمەهدی داوا لە ئەمریكا دەكات وەفدێك بۆ بەغدا رەوانە بكات

بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی وڵاتەكەیە

عەبدولمەهدی داوا لە ئەمریكا دەكات وەفدێك بۆ بەغدا رەوانە بكات

لەئێستادا پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە نێوەندە سیاسییەكانی عیراق و بە تایبەت لەنێو هێزە شیعەكاندا بووەتە پرسێكی گەورە و پێداگری لەسەر پاشەكشەكردنی ئەمریكاییەكان دەكرێت لە عیراق، بەبێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە باجی ئەو هەنگاوە بدرێت و بیر لە بەرەنجامە خراپەكانی بكرێتەوە.
سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری عیراق، لە 11ی كانوونی دووەمی 2020 داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە، وەفدێك ڕەوانەی بەغدا بكات، تا ئامادەكاریی بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا بكەن لە وڵاتدا.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”عیراق هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە ڕەتدەكاتەوە كە دەبنە مایەی پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتەكەی، بە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی عەین ئەسەد و هەولێرەوە، بۆیە هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ و پەیوەندی بە هەموو لایەنەكانەوە دەكەن، تا عیراق نەكەنە گۆڕەپانی جەنگ”.
عەبدولمەهدی”داوای لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە، وەفدێك ڕەوانەی عیراق بكەن بۆ دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، ئەوان سورن لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ دراوسێ‌ و دۆستەكان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و بە تەنگی پاراستنی نێردەی وڵاتان و بەرژەوەندییە بیانییەكان و هەموو ئەوانەوەن كە لەسەر خاكی عیراقن”.
هەر لە بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری عیراقدا هاتووە”سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریكای ئاگاداركردووە لەوەی كە هێزەكانی ئەمریكا دێنە نێو عیراق و فڕۆكەكانی وڵاتەكەش بەبێ‌ مۆڵەتی حكومەتی عیراقی بە ئاسمانی وڵاتدا دێن و دەچن، ئەمەش پێچەوانەی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەردوو وڵاتە، لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بە بەدواداچوون كردووە بۆ بابەتەكە و جەختیشی لەسەر ڕێزگرتنی وڵاتەكەی لە سەروەریی عیراق كردووەتەوە”.
لەم ماوەیەی دواییدا، هێزە شیعەكان لە پەرلەمانی عیراق، توانییان بڕیارێك بۆ دەركردنی هێزە ئەمریكایی و بیانییەكان لە عیراقدا دەربكەن، ئەمەش وای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كرد، هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر بەغدادا بكات، گەر كاربەدەستانی عیراق سوربن لەسەر دەركردنی هێزەكانیان.
لەبەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی لە بەرنامەیدا نییە هێزەكانی لە عیراق بكشێنێتەوە و لەو بارەیەوە دەڵێت ،”هەر وەفدێكی ئەمریكا سەردانی عیراق بكات بۆ جەختكردنەوەیە لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەكان، نەك بۆ باسكردنی پاشەكشەی هێزەكان”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو،باسكردن لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، دوورە لە ڕاستیە و ئەمریكا لە عیراق درێژە بە كارەكانی خۆی دەدات بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆر و هاوكاری هێزەكانی عیراق.
هەر بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا»هەر وەفدێكی ئەمریكایی سەردانی عیراق بكات بۆ جەختكردنەوەیە لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەكان نەك بۆ باسكردنی پاشەكشەی هێزەكانمان ، بۆیە لەگەڵ عیراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانمان گفتوگۆ ناكەین».
وەزرەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر پێویستی تاوتوێكردنی پرسی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنی و دیپلۆماسییەكان كردبووەوە لەلایەن ئەمریكا و عیراق.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەم ماوەیەی دواییدا پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەكە ئەو یاسایان پەسەند كرد، كە جەخت لەسەر كردنەدەرەوەی تەواوی هێزە بیانییەكان و بە تایبەت هێزەكانی ئەمریكا دەكاتەوە لەسەر خاكی عیراق .
لە 10ی كانونی دووەمی 2020، نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق ڕایگەیاندبوو، عەبدولمەهدی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بە رەتكردنەوەی سەرجەم ئەو ئۆپراسیۆنانە كردبوو كە سەروەری عیراق پێشێل دەكەن بە بۆردومانەكەی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاوە لە ئەنبار و هەولێر، جەخت لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانیش كرابووەوە لەلایەن عیراقە و لایەنەكان، تا وڵات نەكرێتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ‌ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، هەموو هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەلی ئەمریكا و عیراق.
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو”لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە تەلەفۆن قسەی كردووە لەبارەی هێرشەكەی ئێران و پاراستنی سەروەریی عیراقەوە».
بە گوتەی پۆمپیۆ”هەموو كارێكی پێویست دەكەین بۆ پراستنی هەردوو گەلی ئەمریكا و عیراق و بەرگری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان”.
لەئێستادا پرسی سەروەریی عیراق مشتومڕێكی گەورەی دروستكردووە، بەوپێیەی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران، عیراقییان كردووە بە گۆڕەپانی ململانێكانی نێوان و هەر لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا، لەڕێی هێرشێكی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكایی، هەریەك لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی عیراقی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران، بۆمەبەستی تۆڵەكردنەوەش ئێران دوو بنكەی سەربازی ئەمریكایی لە ئەنبار و هەولێر بە مووشەك بۆردومان كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*