سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی چل

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

ئیتر رێبواریش ئەوەندەی تر تەنگەتاو بوو، تەکسیەکی لادامان گرت و وتی: بمانبە بەرەو چوارتا، رێککەوتین و گەیشتینە دەباشان، پێشمەرگە وەستابوون و خاڵێکی پشکنینیان دانابوو رێگەیان نەدەدا کەس بە چەکدارەوە بڕوات، یان چەکیان ئەکرد یان ئەیانگەڕاندنەوە، ئەوەبوو ئێمەیان راگرت و لەگەڵ رێبوار دابەزین و کابرای شۆفێریش وەستا تا بزانێت ئێمە چی دەکەین. رێبوار هەر کە دابەزی چووە لای یەکێك لە فەرماندەکان و ووتی؛ بێزەحمەت لایتەکە بدە لەو ناسنامەیە، ناسنامەی خۆی بوو ئی زەحمەتکێشان، فەرماندە کە زانی بەڵێ زەحمەتکێشانە ووتی؛ فەرموو بە قوربان با خزمەتت بکەم، رێبوار کە زانی ئیزنمان نادەن بەرە و چوارتا بڕۆین، بەفەرماندەی ووت؛ هیچ زانیاریتان لەسەر کاک قادر عەزیز هەیە؟ فەرماندە وتی بەڵێ بەڵێ ئەو دەرچوو لەو دیوە. رێبوار وتی؛ زۆرباشە هەر ویستمان بزانین گەیشتووە یان نە‌و. دەستان خۆش بێت و ئیتر بە هەمان تەکسی گەڕاینەوە شار.
بەیانی دۆخەکە بە تەواوی گۆڕا، کاک بەهمەن حسێن کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی زەحمەتکێشان بوو من و شەیداهۆی راسپارد بچینە قەڵادزە و لەوێ ئاگامان لە بارەگا و خانەوادەی ئەوانیش بێت، بۆ ئەوەش بوو کە ئێمە چونکە چەکدارنین و نە دەزانین شەڕیش بکەین کەواتە لە جیاتی ئەوەی ببینە بارگرانی بە باشیان زانیبوو بگەینە ئەوێ. بەڵام زانیاری ئەوەشیان پێنەداین کۆیە لەدەست دەرچوبێتەوە.. لەوانەشە ئەو زانیاریە لە ئارادا نەبووبێت کە ئێمە بەڕێکەوتین لە رێگا بۆمان دەرکەوت کە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە؟!.
لەگەڵ شەیداهۆ بەڕێکەوتین و لە سلێمانی تاوەکو دوکان بە دەگمەن هاتووچۆی ئۆتۆمبێلمان دەبینی، تا دەهات ئێمەیش تەنگەتا و دەبووین بەتایبەتی لەدوای رێگای دوکان هەر ئۆتۆمبێلێك بهاتبایە فول لایتی لێ ئەدا وەک ئاماژەیەک کە بگەریینەوە.
شۆفێری تەکسیەکەمان کە خەڵکی کۆیە بوو، پێش ئەوەی ئەو دۆخە مەترسیدارەکە دروست ببێت، وتی: من یەکێتیم و وامکردوە و واخزمەتم کردوە و هتد.
کە لە دوکان دەرچووین و ئیتر ئۆتۆمبێلێکیش نەما و نەدەهات تا بزانین بۆچی کەس نایەت. ئەوەبوو کابرا وردە وردە خۆی سەخڵەت کردو ووتی؛ هەر ناسنامەیەکی یەکێتی یان هیترتان پێە فرێی بدەن؟!. لە شەڕەکاندا لە کۆیە پارتیم لە ماڵی خۆمدا شاردۆتەوە و لەبەر ئەوە لە ئێستاشەوە من ناگەڕێمەوە.
زۆر نیگەران بووین و ناو ئۆتۆمبێلەکە تەواو بێ دەنگی تێکەوت و بە سەروسیمای هەموومانەوە دیاربوو کە رۆژێکی باش نابیت، لە دوڕیانی بێستانەو کۆیە نزیك بووینەوە تەماشا دەکەم راجیمەو دۆشکا حەشر دەکات، بەکابرام ووت؛ خێرا بگەڕێوە، وتی؛ من ناگەڕێمەوە چاوەڕێ دەکەم، سوپەر دیلۆکسی پێبوو ئۆتۆمبێلەکەی لە پەنا شاخێك گردۆڵکەیەك راگرت و ئینجا کە زانیم ناڕواتەوەو بەلایەوە گرنگ نیە ئێمە لەناو جەرگەی شەڕ دامانبەزێنێت، بە هەڕەشەو گوڕەشە ناچارم کرد تا دوکان بمانبات، لەوێ کەمێك پشوومانداو ئیتر ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کە لە دوڕیانی بێستانە بەرگریان دەکرد، پاشەکشەیان کردوو خاوەن تەکسیەکە ووتی؛ وەرن با بتانبەم، گوێمان پێنەدا و هەر زوو تەکسیەکی ترمان گرت و بەهەزار حاڵ گەیشتینەوە سلێمانی.

ترۆتسکی و سەیران بەند
ئەو شەوەی گەیشتینەوە شاری سلێمانی و لە بارەگای لقی زەحمەتکێشان لە عەقاری « ئێستا بووە بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون» لاماندا و تەدارەکی ئەوەمان دەکرد کە بەیانی چۆن لە بری بەدیهێنانی داخوازی کاک بەهمەن حسێن بۆ قەڵادزێ، بەرەو سەیران بەن بڕۆین.
شەو بە هۆی ماندووبوونی ئەو رۆژەی بە زەحمەت و زێقەتی تێمانپەڕاند، خەوتین و بەیانی نان و چایەکی گەرممان خواردو برادەران کەوتنە خۆ ئامادەکردن و خەریکی کۆکردنەوەی شتومەکێك بوون کە لەکاتی رۆیشتندا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن. منیش بە سەیرکردنی کتێبخانەی لقی زەحمەتکێشان کە کتێبخانەیەکی گەورەبوو، خۆم سەرقاڵ کردو دوای پرس و را وەرگرتن لە کاک رێبوار کەرکوکی کە ئایە ئەو کتێبانە لەگەڵ خۆتاندا دەیانهێنن گەر بارودۆخ بە تەواوی شڵەژایەوە؟ رێبوار ووتی: ئێمە خۆمان بەڵا و بارگرانین کتێب و متێب چی لێبکەین و بۆ کوێیان بەرین. هەر بۆ دڵنیابوون ووتم؛ کەواتە من دەتوانم کتێب بۆ خۆم بەرم؟ بەڵێ بەڵێ حەز دەکەی هەموویان بەرە.
نیوەڕۆ هەواڵەکان تا دەهات ناخۆشتر دەبوون، ئێمەیان بە پەلەپروزێ سازو ئامادەکردوو ووتیان بەرەو سەیران بەند دەڕۆن. نانی نیوەڕۆ ئامادەکرابوو، برنج و فاسۆلیایەکی ئەوەندە جوان و خۆش دیاربوو، ووتم؛ لەسەریشم بدەن ناڕۆم هەتا نانی نیوەڕۆ نەخۆم، ئەوەبوو نانمان بە پەلە خوارد و من چەند کتێبێکمان خستەناو جانتاو بەهەزار حاڵ لەگەڵ کتێبەکانی ترم جێگام کردەوەو رێبواریش چەند کتێبێکی لەگەڵ خۆیدا هێنا لەوانەش رۆمانی «حەمەدۆك»ی یەشار کەمال بوو.
گەیشتینە سەیران بەند و لەبەردەم دەروازەکە دامەزراین «کەسیان نەدەکردە ژوورەوە»، من و رێبوار ئەو کەسەمان بینی کە رۆژی پێشووتر لەناو قاپی یانەی فەرمانبەران لوتمان بەلوتی یەکتری تەقی و کاتێك وتمان پارتی هێرشی هێناوە و سلێمانی دەگرێتەوە و ووتی؛ مەگەر بەسەر لاشەی مندا بێت چۆن سلێمانی بەجێ ئەهێڵم، کەچی هێندە لە نزیك دەروازەکە دانیشتبوو مەزەندەمان دەکرد هەر دوای قسەکانی ئەو شەوە یەکسەر هاتبێتە سەیران بەن؟!.
کاتێك سەروبەری کردنە ژورەوەمان نزیك بوویەوە، رێبوار بەدەم سوتاندنی لاپەڕە بەلاپەڕەی رۆمانەکەی حەمەدۆك «بۆخۆ گەرم کردنەوە» ووتی؛ تۆش ئەو کتێبەی ترۆتسکی بێنە با خۆمانی پێ گەرم بکەینەوە. منیش وتم: نایدەم، لەوێوە لەگەڵ خۆمدا هێناومە ئێستا لێرە بیدەم بە تۆ تاوەکو بیسوتێنی. ووتی: دە زەحمەت نەبێت لەگەڵ ئێمەدا نایەیتە ژوورەوە با لەسەر ئەو کتێبەش نەمانگرن.
درەنگی شەو ئێمەیان کردە ژوورێ و کاتێ لە چەند مەتری سنوری «عیراق» ئاودیوبووین دڵ خۆش و ئارام بوونەوە و هەر لەو چەند مەترە یەکێك لەوانەی بە سەرسورمانەوە سەرنجی راکێشام، بینینی دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف بوو»یادی بەخێر»، ئێمە وەكو نووسەر ناسیبوومان، لەسەر گوێنیەك دانیشتبوو کەس نەیدەزانی ئەو وەزیرو نووسەرەی سەردەمی بەعس چی دەکات لێرە.
ئەو رۆژانەش تێپەڕی و گەڕاینەوە سلێمانی و ئیتر کارەکان بە چڕو پڕی دەستیان پێکرد.

١٠١ ساڵەی سینەما..
لەگەڵ هاوڕێم دڵشاد کەمال رەشید بەرە و سەرچنار بەڕێکەوتین و دوو قۆڵی لە سوچێکی بەرزایی سەرچنار کە دەیڕوانیە سەر روبارەکە گیرساینەوە و بە هەڵدانی پێكی یەکەم، یادی یەکەم ساڵەی دامەزراندنی «گروپی سینەمای کوردستان»مان لە ١٣-١٢-١٩٩٦ لە شاری سلێمانی کردەوەو بە یادی رۆژانی دامەزراندنی گروپ و چالاکیەکانی و ئەو دۆخە ناسەقامگیریەی بەهۆی شەڕی ناوەخۆوە دروست بوو بوو، تێر پێکەنین و جار جارەش هەر بەو خەندەو قاقایەوە فرمێسکمان لە چاوی یەکترییەوە بەدیدەکردو نەماندەویست دانیشتنەکەمان بە ئاقارێکی تردا بڕوات، بۆیە هەر پێکێکمان هەڵدەدا ناوی هاوڕێیەکی گروپمان دەهێناو «بەخۆشی فلان» ئێوارەیەکی جوان و دڵگیریی سەرچنارمان « لە گەرمەی شەڕدا» کردە رۆژی سینەما.
گروپی سینەمای کوردستان، لە سەردمێکی یەکجار ناخۆشی شەڕی ناوەخۆدا دروست بوو، ئاگری شەڕ گەرمتر بوو، ساڵێکی تەمەنی تەواو نەکرد لێکترازاو ئەو رۆژەی سەرچنارمان کردە دەرفەتێك و پێکی یەکەم ساڵەی «یادکردنەوەو هەڵوەشاندنەوە»ش بەیەکەوە هەڵداو نۆشمان کرد.
گروپەکەمان لە حەوت ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر پێکهاتبوو، دووانمان کەوتینە سلێمانی و یەکێکی تر چووە دەرەوەی وڵات و ئەوانی دیکەش دوو بەش بوون، هەبوو لەماڵ دانیشت و خۆی سەرقاڵی شتێکی تر کرد، بەشەکەی تریش لەهەولێر بەردەوام بوون.
بەندە لە چەند ژمارەیەکی نووسین و بابەتەکانمدا دوای ساڵیادەکەش ناوی»گروپی سینەمای کوردستان»م لەپاڵ ناوی خۆم دەمنووسی بەڵام تازە گروپەکە کۆتاییهاتبوو، دڵی خۆمان بەوە دەدایەوە کە ئایە لەتوانادا هەیە بەردەوامی پێبدەین و لەناو ئەو گروپەدا دەست بکەینەوە بە چالاکی سینەمایی، بەوە گەشتیین با وەکو حکومەت و هەندێك لەو رێکخراوانەمان لێ نەیەت کە دوای تێکەڵبوونەوەیان هەر لەگەڵ یەکەم تەقەی شەڕدا، بوونەوە بە دووبەش. بۆیە ئێمە کە کۆمەڵێك گەنج بووین هیچ کاریگەرییەکمان لەسەر سیاسەت نەبوو ئینجا سەر بەهیچ کامێك لەو هێزانەش نەبووین، وامان بەباشزانی بە کۆتاییهێنان و هەڵوەشاندنەوەیەکی بێ دەنگ و بێ بڕیارو کۆبوونەوە ناوی خوای لێ بێنین بۆ مێژوو ئەو حوکمەمان تۆمار کرد و لەگەڵ دەرچواندنی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی «ئاڵای ئازادی»حزبی زەحمەتکێشان لە ٦-١-١٩٩٧، بەندە یادێکی پڕ شکۆی سینەمای جیهانیم بە نووسینی وتارێك کردوەو لەوێش بە هەڵدانی پێکێکی سینەمایی پیرۆزباییم لە سینەماکارو هەوادارانی سینەما کرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*