سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا لە هاوپەیمانێتیی دژ بە داعش بەردەوام دەبێت

ئەڵمانیا لە هاوپەیمانێتیی دژ بە داعش بەردەوام دەبێت

لە كاردانەوەی رووداوەكەی بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگەدا، لە كاتێكدا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بانگەشەی دەركردنی هەموو هێزە بیانییەكانی ناو خاكی عیراق دەكرێت و باس و خواسی سەرهەڵدانەوەی داعش هاتۆتە گۆڕێ. خاتوو «كرەمپ كارینباوەر» وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، كە یەكەكانی سوپای ئەڵمانیا لە عیراق دەمێننەوە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش، چونكە هێشتا ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لەناونەچووە و مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان ماوە.
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە ئاماژەی بەوەكرد، كە تا ئەوكاتەی حكومەتی عیراق بییەوێت و مەترسی داعش لەگۆڕێدا بێت، ئەوان هاوكاریی سوپای ئەو وڵاتە دەكەن بۆ لەناوبردنی داعش و بەجێیان ناهێڵن.

پەیوەندی بە ئەمریكاوە نییە
كارینباوەر هەموو ئەو پڕوپاگەندانەشی رەتكردەوە كە گوایە ئەڵمانیا پاشكۆیەتیی ئەمریكا دەكا و بەرژوەندییەكانی ئەو وڵاتە لە هەموو جیهان دەپارێزێت و بەپێی نەخشەكانی ئەوان رێ دەكات و وتیشی: ئێمە ئەندامی سەرەكیی ناتۆین و بەرپرسیارێتی گەورەمان لەسەر شانە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی، باوەڕمان وایە دەبێت لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی جیهان و ناوخۆ درێغی نەكەین و هاوكاریی وڵاتانی دونیا بكەین لە بەرامبەر مەترسییەكان، ئەمانە بنەمای كاركردنمانە و پەیوەندی بە ئەمریكاوە نییە، روونیشیكردەوە: حكومەتی ئێمە بڕیاریداوە كە تاكو نەمانی داعش خەبات بكا و هاوكاری هەموو ئەو هێزانە بكات كە رووبەڕوویان دەبنەوە.

هایكۆ ماس: عیراق لەگەڵ مانەوەی هێزەكانماندایە
هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد: عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر بە نوێنەری حكومەتی ئەڵمانیای لە بەغدا راگەیاندووە، كە حكومەتی عیراق بایەخ بە بەردەوامبوونی پابەندیی وڵاتان دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها لەو گفتوگۆیانەدا لایەنگری مانەوەی هێزەكانی ئەڵمانیا بووە لە وڵاتەكەی.
وەزیر دەرەوەی ئەڵمانیا پێشتریش رایگەیاندبوو، كە وڵاتەكەی لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان دژ بە تیرۆرستان. ئاماژەی بەوەشدابوو كە لەگەڵ عیراق گفتوگۆ دەكەن و رەوشەكە تاوتوێ دەكەن، ئەوكاتە لەسەر داوای بەغدا و بە رەزامەندییان ئەو سەربازانەیان دەهێڵنەوە كە سوپای عیراق پێوستی پێیانە، بۆ راهێنان و مەشقپێكردن بە هێزەكانیان لەسەر چۆنێتی بەكارهێنانی چەك ‌و خۆپاراستن لە شەڕەكان ‌و تاكتیكەكانی شەڕ لەگەڵ دوژمن.
باسی لەوەشكردبوو، كە كشانەوەی خێرا و بێ بەرنامە، كاریگەریی لەسەر بەهێزبوونەوەی داعش دەبێت لە ناوچەكەدا.

زیاتر لە 400 سەربازیان لە عیراقن
بەپێی بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا، ئەڵمانیا زیاتر لە 400 سەرباز و پسپۆڕ و ئەفسەری پلەداری ناردۆتە عیراق، بۆ مەشقپێكردن و راهێنانی سەربازانی عیراق و پێشمەرگەی كوردستان، ئەوان شارەزایانە ‌و بە پلانێكی درێژخایەنەوە لە كارەكانیان بەردەوامن، لەو ماوەیە بەهۆی شڵەژانی باری ناوخۆی عیراق لە ئەنجامی رووداوەكەی بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگە ‌و موشەكبارانی بارەگا سەربازییەكانی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە، ئەڵمانیا بۆ پاراستنی گیانی ئەو ئەفسەرانە ‌و بە شێوەیەكی كاتی، جێگۆڕكێی پێكردن و ژمارەیەكی لێ بردنەوە بۆ بنكەی سەرەكییان لە ئوردن و كوێت. ئیدی ئەو كاتە مەترسی ئەوە پەیدابوو كە هەموویان بگەڕینرێنەوە بۆ ئەڵمانیا و لە هەندێ ناوەندی میدیاییشدا ئەو هەواڵە بڵاوكرانەوە، بەڵام ئێستا بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دڵنیایی دەدەن و ئاشكرای دەكەن كە هێزەكانیان تاكو كاتی پێویست لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەمێننەوە.

سەرچاوە : میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*