سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كۆنگرەی لیبیا لە بەرلین: نابێت چەك ‌و چەكداری بیانی بنێردرێن بۆ ئەو وڵاتە

كۆنگرەی لیبیا لە بەرلین: نابێت چەك ‌و چەكداری بیانی بنێردرێن بۆ ئەو وڵاتە

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە گەورە بەرپرسانی 11 وڵات، لەنێوانیاندا ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و زۆربەی ئەو لایەنانەی كە پەیوەندییان بە شەڕی لیبیاوە هەیە، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەبێ بەشداریی هەردوو لایەنی سەرەكیی خەلیفە حەفتەر و فایز سەراج، كۆنگرەیەك بەڕێوەچوو.
ئەو كۆنگرەیە لە دوای كۆبوونەوە فراوانەكەی مۆسكۆ هات، كە سەرینەگرت و خەلیفە حەفتەر لە دژی هەڵوێستەكانی توركیا و ناردنی سەرباز بۆ لیبیا، كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و لایەنەكان بەبێ هیچ رێكەوتنێك لە كۆبوونەوەكە چوونە دەرەوە.

نابێت چەك بنێردرێت بۆ لیبیا
ئەنگێلا مێركل لە دوای تەواوبوونی كۆڕبەندەكەی بەرلین، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لایەنەكان رێكەوتوون لەسەر ئەوەی پشتیوانیی لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیا نەكەن و هەوڵبدەن چارەسەرێكی ئاشتییانە و بەبێ پەنابردنەوە بۆ چەك، چارەسەرێك بۆ قەیرانی لیبیا بدۆزرێتەوە. وتیشی: ئیتر نابێت لەمەودوا چەك بنێردرێت بۆ ئەو وڵاتە.
مێركل روونیشیكردەوە: بەشداربووان رێكەوتوون كە لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی یەكجارەكی لەو وڵاتە ‌و لێكنزیككردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان.
هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەكرد: كۆبوونەوەكانیان درێژەی دەبێت ‌و دوای دوو هەفتە كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەكانی كۆڕبەندەكە.

ماكرۆن نیگەرانە
ئیمانوێل ماكرۆن لە كاتی گفتوگۆكانی كۆنگرەكەدا نیگەرانی زۆری خۆی راگەیاند، بەوەی چەكدارانی سوری خۆیان كردۆتە لایەنگری دەسەڵاتی ویفاقی نیشتمانی و شەڕەكەیان گەرمتر كردووە. سەرۆكی فەرەنسا بەبێ ئەوەی ناوی توركیا بهێنێت، داوایكرد ناردنی ئەو چەكدارە سورییانە رابگیرێت، چونكە ئەوانەی وادەزانن بە ناردنی ئەو چەكدارانە دەستكەوتێك بەدەستدەهێنن، نازانن چ مەترسییەك بۆ خۆیان و هەمووان دروست دەكەن.

بەیاننامەی كۆتایی
لە بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەی بەرلیندا، داوا لە لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیا و پشتیوانییە دەرەكییەكانیان كراوە كە كۆتایی بە شەڕكردن بهێنن. لە بڕگەیەكی تریدا هاتووە: وڵاتانی بەشدار لە كۆنفرانسی لیبیا لە بەرلین، پشتگیریی پێكهێنانی یەك حكومەتی یەكگرتوو، ئیئیتیلاف و گشتگیر و چالاك دەكەن كە پەرلەمانی لیبیا رەزامەندیی لەسەر دەرببڕێت. هەروەها داوا لە هەموو لایەنەكان كراوە كە هەوڵەكانیان پەرە پێبدەن بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژییەكان و راگەیاندنی ئاگربەست. هەروەك بەشداربووان لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرەكە.

حەفتەر بیرە نەوتەكانی كۆنترۆڵ كردووە
رۆژێك لە دوای تەواوبوونی ئەو كۆنگرەیە، فایز سەراج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی كە لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە، هاواری گەیاندە وڵاتان لە هەڵمەتەكانی سوپای ژەنراڵ خەلیفە حەفتەر، كە هەموو بیرە نەوتەكانی ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە و فشاری ئابووری خستۆتە سەر دوژمنەكانی و ناهێڵێت ئیدی ئەو وڵاتە نەوت هەناردە بكات ‌و ئێستا نەوتی ئەمباركراو دەفرۆشرێ و پێدەچێت ئەگەر چارەسەرێك نەدۆزرێتەوە، رەوشەكە ئاڵۆزتر بێت.

ئاگربەست
چاودێرانی سیاسی نزیك لە كۆنگرەكە پێشبینی دەكەن كە ئەو هەوڵانە دەبێتە دەروازەیەك بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ژمارەیەك وڵاتی تێوەگلاوە و خۆیان ئاخنیوەتە ناو ئەو شەڕە ناوخۆییەوە ‌و دەیانەوێت وەك سوریای لێبكەن. وا چاوەڕوان دەكرێت كە لە رۆژانی داهاتوودا دیدارێك لە نێوان بەرپرسە سەربازییەكانی هەردوو لایەنی ناكۆك رێكبخرێت، بۆ راگرتنی شەڕ و دەستكردن بە دانوستان كە بەشدارانی كۆنگرەكە هیوایان بۆ خواستووە.

ئەمریكاش ناوبژیوانی دەكات
لەلایەكی ترەوە ریچارد نۆرلاند باڵیۆزی ئەمریكا لە لیبیا، دوو دیداری جیاوازی لەگەڵ خەلیفە حەفتەر سەرۆكی سوپای نیشتمانی لیبیا و فایز سەڕاج سەرۆكی حكومەتی ویفاق كردووە. ئەو كۆبوونەوانە لەسەر زەمینەی ئەوەی بەرلین سازدراون و تێیدا سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی وڵاتەكە و راگرتنی شەڕ گفتوگۆیان كردووە.

سەرچاوە: فرانس 24، دۆیچەڤێلا، یۆرۆنیوز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*