سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ وشكەساڵی بێت؟

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ وشكەساڵی بێت؟

(27)

به‌پێی پرسه‌ جوگرافییه‌كان و لێكه‌وته‌كانی‌ كه‌ش و هه‌وا، له‌پاڵ ئه‌و دیوه‌ زانستییه‌دا دیسان جوتیارانیش وه‌ك ئه‌زمون و دیوێكی دیكه‌ی‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ساڵی كشتوكاڵی، پێیانوایه‌ ئه‌م ساڵ سه‌ره‌تایه‌كی باش نییه‌ و ئه‌وه‌ی‌ لێی ده‌خوێننه‌وه‌ و ئه‌و ئاماژه‌ و سیگناڵانه‌ی‌ ده‌ركه‌وتوون، بڕوای‌ ئه‌وه‌ی‌ لای‌ جوتیاران و شاره‌زایان دروست كردووه‌ كه‌ ئه‌م ساڵیش وشكه‌ ساڵی ده‌بێت.
زانست ناوه‌ ناوه‌ په‌یامی‌ ئه‌وه‌ به‌ گوێی گێتیدا ده‌چرپێنێت كه‌ كوره‌ی‌ زه‌وی هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك ڕووی خۆی به‌گرژی پیشان ده‌دات، یان هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك به‌ ده‌ست نوقاوی له‌ڕووی جوتیاراندا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌وه‌ی‌ جوتیاران لێی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن واده‌رناچێت و خه‌یاڵی جوتیار و ویستی سروشت شتێكی دیكه‌یه‌.
له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی تاك له‌ ئاست وشكه‌ ساڵیدا گه‌ڵێك كه‌م و سنورداره‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ واقیع وایه‌ ده‌بێت له‌ دۆخێكی وه‌هادا كه‌ وشكه‌ ساڵی ڕوو له‌ هه‌ر ناوچه‌ و جوگرافیا و سه‌ر زه‌مینێك ده‌كات، حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی و وه‌زاره‌تی‌ تایبه‌تمه‌ند به‌م بواره‌ خه‌مخۆرانه‌ و لێپرسراوانه‌ بچن به‌ده‌م كێشه‌كه‌وه‌ و به‌ر به‌و دۆخه‌ بگرن ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێیان ده‌كرێت.
لێكه‌وته‌ی‌ ئه‌م وشكه‌ ساڵییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هاوڵاتیان ئه‌وه‌ی‌ ده‌یچێنن وه‌ك تۆو و دانه‌وێڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تێچووه‌ زۆره‌ی‌ ساڵانه‌ بۆ چاندن سه‌رفی ده‌كه‌ن، ده‌ستیان ناكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌ته‌ زه‌ره‌ری‌ جوتیاران قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌ و خه‌میان لێبخوات ئه‌مه‌ش وه‌ك هاندانێك بۆ جوتیاران كه‌ وشكه‌ ساڵی و خراپی به‌روبووم ساردیان نه‌كاته‌وه‌ له‌ كاری‌ كشتوكاڵ و به‌رهه‌مهێنان، هه‌ركاتێك وشكه‌ ساڵی وه‌ك مه‌ترسییه‌كی ! جوتیاران بینرابێت ئه‌وا ئه‌و ساڵه‌یش جوتیاران زۆرترین زه‌ره‌رو زیانیان كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نێك خه‌می به‌رهه‌م و ماندووبوونی جوتیارانی خواردبێت.
له‌ئێستادا كه‌ وه‌رزی چاندن كۆتایی هاتووه‌ و جوتیاران له‌ چاوه‌ڕوانی‌ باراندان بۆیان ببارێت، هیچ ئاسۆیه‌ك نییه‌ بگوترێت یان جوتیاران دڵخۆش بكات كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ وشكه‌ ساڵی و نه‌بوونی باراندا ئه‌و جوتیارانه‌ به‌رهه‌م و ماندووبوونی خۆیانیان ده‌ست بكه‌وێته‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دنیا كه‌ ئه‌گه‌ر جوتیاران له‌ ساڵێكداو به‌هه‌ر بیانوویه‌ك زه‌ره‌رمه‌ندبوون له‌ كاره‌كه‌یان و كشتوكاڵ حكومه‌ت قه‌ره‌بوویان ده‌كاته‌وه‌ و ناهێڵێت ئه‌و ترسه‌ له‌ نه‌بوونی به‌رهه‌م و زه‌ره‌ركرد له‌لای‌ جوتیاران به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ گه‌وره‌ ببێت كه‌ ئیدی جوتیاران بیر له‌وازهێنان له‌و كاره‌یان بكه‌نه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ نه‌چنه‌وه‌ به‌لای‌ كاری‌ كشتوكاڵی و چاندندا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ساڵ له‌ ته‌واوی‌ هه‌رێمی كوردستاندا وشكه‌ ساڵی بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك ناوچه‌ و شوێنی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ناوچه‌ی گرنگی كشتوكاڵ و چاندنه‌ وشكه‌ ساڵییان به‌سه‌ردا بێت ئه‌وا ئه‌ركی حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ به‌ داتا و ئامار و ژماره‌ی‌ پێویست و ده‌قیق له‌و زیانانه‌ بكۆڵێته‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێی ده‌كرێت جوتیاران و هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ پشتگوێ نه‌خات و خه‌می یه‌كه‌می حكومه‌ت ببێته‌ خه‌می كشتوكاڵ و چاندن و به‌رهه‌مهێنان، تاكو ئه‌وه‌ پیشانی جوتیاران بدات كه‌ خه‌می ئه‌وان خه‌می حكومه‌ته‌ و حكومه‌ت ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ به‌ وشكه‌ ساڵ بووندا له‌لای‌ جوتیاران دروست ده‌بێت.
وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌گوترێت ئێستا باران له‌ كات و ساتی خۆی دواكه‌وتووه‌ و بۆ سه‌وز هێشتنه‌وه‌ی‌ ده‌غڵ و دان و به‌رهه‌مهێنان پێویستی به‌بارانه‌، جوتیاران له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا ده‌ترسن له‌وه‌ی‌ ئه‌م دواكه‌وتنه‌ی باران ببێته‌ مایه‌ی وشكه‌ ساڵی و ئه‌وه‌ی جوتیاران و گوندنشینان و هاوڵاتیانیش چاندویانه‌ بفه‌وتێت و نه‌بێته‌ هۆی به‌رهه‌می زۆرو پێویست بۆ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی كشتوكاڵ، بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ ڕووی ده‌می جوتیاران له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ساڵ وشكه‌ ساڵی بوو، ئه‌وا ده‌ستی هاوكاری‌ بۆ جوتیاران درێژ بكات و نه‌هێڵێت ڕه‌نج و ماندووبوونیان به‌ فیڕۆبچێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*