سەرەکی » هەواڵ » ״بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر هێشتا كاری زۆرمان ماوە بەیەكەوە بیکەین״

وەزیری پێشمەرگە پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی ئیتالیا كرد

״بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر هێشتا كاری زۆرمان ماوە بەیەكەوە بیکەین״

لەمیانی پێشوازیی لە لۆرێنزۆ گوێڕینی وەزیری بەرگریی ئیتالیا‌و وەفدێكی هاوڕێی، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر هێشتا كاری زۆرمان ماوە بەئەنجامی بگەیەنین.
لەكۆبوونەوەیەكدا، كە رۆژی 21/1 بەئامادەبوونی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە‌و باڵیۆز‌و كونسوڵی ئیتالیا لەبەغداو لەهەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی ئیتالیاو پێشمەرگەو ژمارەیەك لەئەفسەرانی پلە باڵا، بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا دەربارەی رەوشی ئێستای عیراق‌و ناوچەكەو هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش.
لەسەرەتای دیدارەكەدا، وەزیری بەرگریی ئیتالیا، ئاماژەی بەپەیوەندیی مێژوویی نێوان وڵاتەكەی‌و هەرێمی كوردستان كردو وتی: خۆشحاڵین بەپەیوەندی‌و هەماهەنگیی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان‌و هێزی پێشمەرگەدا‌و ستایشی قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگەش دەكەین لەشەڕی دژی تیرۆردا، وتیشی: بەوردیی چاودێریی دۆخی ئێستای عیراق دەكەین، لەڕەوشی ناسەقامگیری عیراق نیگەرانین‌و نامانەوێت تیرۆریستان هیچ دەرفەتێك بقۆزنەوە.
وەزیری بەرگریی ئیتالیا، راشیگەیاند: بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر هێشتا كاری زۆرمان ماوە بەیەكەوە ئەنجامی بدەین، بۆیە بەشداری‌و پابەندبوونمان لەهاوكاری‌و هەماهەنگی لەگەڵ عیراق‌و هەرێم دووپاتدەكەینەوەو بەردەوام دەبین.
لای خۆیشییەوە، وەزیری پێشمەرگە، رایگەیاند: هاتنتان، دەرخەری ئەو راستییەیە، كە ئێوە وەك دۆست‌و هاوكاری بەردەواممان دەمێننەوە لەڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرو پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی لەناوچەكەدا‌و وتیشی: هاوكاری‌و هەماهەنگیی راوێژكاران‌و ئەفسەرانی ئیتالیا لەهەرێم، جێگەی بایەخ‌و پێزانینمانە، كە هیواخوازین زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*