سەرەکی » هەواڵ » لە 50یەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهاندا: كەمپینی ناشتنی تریلیۆنێك نەمام

لە 50یەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهاندا: كەمپینی ناشتنی تریلیۆنێك نەمام

رۆژی سێشەممە 21/1، خولی 50هەمینی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس لەسویسرا بەبەشداریی سەرۆك‌و سەركردەی وڵاتان‌و گەورە بازرگان‌و چالاكوانانی بواری ژینگە، دەستی بەكارەكانی كرد، كە تیایدا پرسی گۆڕانی كەشوهەواو قەتیسبوونی گەرما‌و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەست بەجیهان تاوتوێكران.
لەوتەی دەستپێكی كۆڕبەندەكەدا، ئورسولا ڤۆن دیر لێپرسراوی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند: مرۆڤایەتی، دەمێكە بەكارەكانی؛ ژینگە بەرەو پیسبوونی بەردەوام دەبات، بەجۆرێك چی ویستووە لێی دەرهێناوە.
لەوتەیەكیشدا، لەكۆڕبەندەكەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند: ئەمریكا سەركردایەتیی ئابووریی جیهان دەكات‌و گەشەی ئابوورییش بەجۆرێك پێشكەوتووە، هەرگیز جیهان پێشتر بەخۆیەوە نەبینیوە.

رێگرییكردن لە مەترسییەكان
هەر لەبارەی كۆڕبەندەكەوە، چاودێران، رایانگەیاندووە و گومان لەوە دەكەن كە كۆڕبەندەكە ببێتە جێگەی ململانێی نێوان وڵاتانی رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا، بەتایبەتی لەنێوان ئەمریكاو یەكێتیی ئەوروپا لەلایەك‌و لەنێوان سەرمایەدارانیشدا، كە دەیانەوێت رێگریی بكەن لەو مەترسییانەی لەسەدەی 21دا روبەڕوی جیهان دەبنەوە.

گەورە سەرمایەدارانی جیهانن بڕیاردەدەن
دوێنێش كە دووەم رۆژی كۆڕبەندەكە بوو، بۆرگە برندە سەرۆكی 50هەمین كۆڕبەندی داڤۆس، رایگەیاند: شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی بۆ بووژاندنەوەی ئابووری دەستپێكردووە، وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش لە بەردەم دەرفەتێكی گەورەدان، لەم كۆڕبەندەدا وڵاتانی كەنداو لەناویشیاندا سعودیە، بەشدارییەكی كارای هەبووە. وتیشی: ئەوانەی لەداڤۆس بڕیاردەدەن‌و نەخشەڕێگەی سیاسەتی ئابووریی جیهان دەكێشن، سەركردە كاریزماكان نین، بەڵكو گەورە سەرمایەدارانی جیهانن، وەك دروشمێكیش بۆ پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی، وڵاتانی بەشدار لەكۆڕبەندەكە، بەشداریی دەكەن لە كەمپینی ناشتنی تریلیۆنێك نەمام.
هەر لەیەكەم رۆژدا، خاتوو گریتا تونبێرگ چالاكوانی سویدی لەبواری ژینگەو كەشوهەوا، لەوتارێكیدا رەخنەی لە خەمساردی‌و تەمەڵی جیهان گرت لەبەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوادا‌و وتیشی: هەموومان لەپێناوی ژینگەو كەشوهەوا تێدەكۆشین، ئەگەر لەگۆشەنیگایەكی فراوانەوە بڕوانینە ئەم پرسە، شتێكی ئەوتۆ نەكراوە، پێویستمان بەكاری زیاتر هەیە، ئەمەی هەیە تەنها سەرەتایە.

كەشوهەوا مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئابووری
لای خۆیشییەوە، كریس ولیامسن گەورە شارەزای بواری ئابووری لەوتەیەكیدا، رایگەیاند: گۆڕانكاریی كەشوهەوا بابەتێكی گەرمی كۆڕبەندی داڤۆس دەبێت، چونكە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئابووریی جیهان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*