سەرەکی » ئابووری » نەوتی كەركوك هەناردەی ئێران دەكرێت

عیراق رێكەوتنەكەی لەگەڵ ئێران ئیمزا كرد

نەوتی كەركوك هەناردەی ئێران دەكرێت

وەزارەتی نەوتی عیراق واژۆكردنی رێكەوتننامەی تایبەت بەهەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركوكی بۆ ئێران راگەیاندو بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقیش ئاشكرایدەكات، لەداهاتویەكی زۆر نزیكدا پڕۆسەی هەناردكردنەكە دەستپێدەكات.
هاوكات، وەزیری وزەی روسی رایگەیاند: بەغدا پێشنیازی بۆ حكومەتی مۆسكۆ كردووە تا بەشداربێت لە بنیاتنانەوەی بۆری نەوتی (كەركوك – جەیهان).

(30 بۆ 60) هەزار بەرمیل
رۆژی نۆی كانونی یەكەمی 2017، جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق ڕایگەیاندوە، «ڕێكەوتننامەی تایبەت بەهەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك بۆ پاڵاوتگەكانی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئێران واژۆكرا كە ڕۆژانە لەكێڵگەكانی كەركوكەوە بڕی (30 بۆ 60) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی پاڵاوتگەكانی ئێران دەكرێت».
ئەوەشی ئاشكراكردوە، تائەوكاتەی پڕۆژەی بۆری نەوتی نێوان (كەركوك – كرماشان) تەواودەبێت، نەوتی كەركوك لەڕێگەی تانكەرەوە هەناردەی ئێران دەكرێت.
سەبارەت بەناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەش وەزیری نەوتی‌ عیراق وتویەتی‌:»ڕێكەوتنەكە لەلایەن بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)وە واژۆكراوە، بریتییە لەوەی عیراق بەتانكەر نەوتی كێڵگەكانی كەركوك دەگەیەنێتە پاڵاوتكەكانی كرماشان و لەوێشەوە لایەنی ئێرانی ئەو نەوتە بەتایبەتمەندێتی بەرزەوەو بەهەمان بڕ ڕادەستی عیراق دەكەن لەڕێگەی بەندەرەكانی باشورەوە».

داوای هاوكاری لە روسیا دەكرێت
هاوكات، ئەلیكساندەر نۆڤاك وەزیری وزەی روسی رایگەیاند: بەغدا پێشنیازی بۆ حكومەتی مۆسكۆ كردووە تا بەشداربێت لە بنیاتنانەوەی بۆری نەوتی (كەركوك – جەیهان).
نۆڤاك بۆ رۆژنامەنوسان ئاشكرایكرد: بنیاتنانەوەی بۆری نەوتی (كەركوك – جەیهان) بۆ بەندەری جیهانی توركی دەستیپێكردووە، بەغدا دەیەوێت كۆمپانیا روسییەكان بەشداربن لەو بنیاتنانەوەیەدا، ئەو داوایەی بەغداش بەهۆی شارەزایی زۆرو هێزی كاری كۆمپانیاكانی ئێمەوەیە.
وەزارەتی نەوتی عیراقیش لەماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو، لەهەوڵدان، چەند هێڵێكی نوێ بنیاتبنرێ، تا شوێنی ئەو هێڵە نەوتییە كۆنانەی (كەركوك – جەیهان) بگرێتەوە كە بەهۆی شەڕی تیرۆرو كۆن بونیانەووە زیانیانێكی زۆریان بەركەوتووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״بەغدا بڕیاری بۆ چارەسەری كێشە كشتوكاڵییەكانی كەركوك دەرنەكردووە״

لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی پارەوە، لیژنەیەك لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی كۆماری ...