سەرەکی » زانست » هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی خۆراك

هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی خۆراك

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*

مێژووی میزۆپۆتامیا، لە سایەی ڕوباری دیجلە و فوراتەوە، مێژوویەکی گەلێك دێرین و دەوڵەمەندی هەیە، نەك هەر ئەوەش، بەڵکو سەرهەڵدانی شارستانیەت، جێگیربوونی مرۆڤایەتی، کەلەپور، دەستڕەنگینی، ئاوەدانکردنەوە، بوونی بە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زانست، ئەدەب، هونەر، تەلارسازی و زۆر بواریتری گەشەسەندن و پەرەسەندن، هەر بۆ ئەو دۆڵە دەگەڕێتەوە کە لە خزمەتی ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ناوچەکە و تەنانەت دەوروپشت و شوێنە دوورەکانیشدا بوو، لەو کاتەوەی کە مەملەکەتی سۆمەریەکان لە دۆڵی میزۆپۆتامیا فەرمانڕەواییان کرد، ئیتر شارستانیەتیش لەوێدا چەکەرەی کرد و بووە چەقی ژیان و گوزەران و زانست، نەک هەر بۆ عیڕاق بەڵکو پریشکی گەیشتە سەراپای جیهان، هەر لەو دۆڵی رافیدێنیشەوە کشتوکاڵ، بیرۆکەی بەنداو، خۆپاراستن لە هەڕەشەی سروشت و سەرقاڵی بە داهێنانە سەرەتاییەکان، ئەوەی نیشتەجێبوون دەیخوازێ و بەردەوامی بە شارستانیەت دەدات، سەریهەڵدا و گەشەی کرد و بووە سەرجاوەی بووژانەوە و پەرەسەندن، هەر ئەوێش بووە مەڵبەندنی کشتوکاڵ و چاندنی گەنم و جۆ، کە لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە خواردنێکی سەرەکی و بنەڕەتیە لە سەر گۆی زەوی.
جگە لە کلتووری چاندنی گەنم و جۆ، کە سەرچاوەی چاندنەکەی میزوپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە گشتی، لەوێشەوە بەرەو ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا گوازرایەوە، کلتووری چاندنی برنجیش کە سەرهەڵدانەکەی لە باشوری ناوەڕاستی ئاسیایەو لەوێوە بەرەو ناوچەکانی تری ئاسیا تەشەنەی کرد و گوازرایەوە، پاشان چاندنی گەنمەشامی کە لە ئەمریکای ناوەڕستەوە سەریهەڵدا و بەرەو باکوری ئەمریکا و خوارووی ئەمریکا پەلیهاویشت.
ئەم سێ کلتووری خۆراکە کشتوکاڵیە، گەنم و جۆ، برنج، گەنمەشامی، بوونە خوراکی سەرەکی مرۆڤ و تەنانەت ئالیکی ئاژەڵیش، ئاڵوگۆڕکردنی ئەم بەرروبوومانە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و پەرەسەندنیان، دەگەڕێتەوە بۆ داهێنانە جۆراوجۆرەکان لە بواری تەکنەلۆژیا و تەکنیکەکانی ئالەتە کشتوکاڵیەکان و زانستی بواری کشاوەرزی بە گشتی، جگە لەوەی ئەو شۆڕشە پیشەسازیەی، لە دروستکردنی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی و بنیاتنانی دەربەند و کەشتی چارۆکەدار، هاتەکایەوە، بووە چەقی سەرهەڵدانی گوازتنەوەی خۆراك و ئاڵوگۆڕکردنی ئەو کلتوورە جۆراوجۆرانەی خۆراك لە تەواوی جیهاندا، کە زۆربوونی دانیشتوان و گەورەبوونی شارەکان و پەلهاویشتنی خواستەکان، ئەوەندەیتر دنەی بە فراوانکردنی پیشەسازی خۆراک و چاندن و عەمبارکردنی دا.

دابینکردنی ئاسایشی خۆراك لەهەر شوێنێکدا، دەوەستێتە سەر چوار ڕەهەندی زۆر گرنگ ئەوانیش :
1. بەردەستبوونی بەروبوومی خواردن، واتە ئەو بەروبوومانەی کە لە چنینەوەی کێڵگە خۆماڵیەکانەوە بەرهەم هاتوون و دەخرێنە بازاڕەوە.
2. دەبێ ئەو بەروبوومانە بەرهەمی خۆراکی سەرەکی بن، واتە دانەوێڵە و جۆرەکانی ،ئەمە لەلایەکەوە، لەلایەکیترەوە ئەوەندە بەردەست بێت کە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بتوانێ بیکڕی و برسێتی نەهێڵێ و بەشی هەموو هاوڵاتیان بکات.
3. سەرچاوەی ئەو خۆراکە، سەرچاوەیەکی تەندروست و بەردەوام بێت، کە ترسی بەکارهێنانی نەبێت و دوور بێت لە نەخۆشی و هۆکارەکانی.
4. دڵنیابوون لە بەردەوامی بەردەستبوونی ئەو سەرچاوەی خۆراکە و ئارامی بارودۆخی بەرهەمهێنانی، بێ ئەوەی ترسی شەڕ و گرژی سیاسی و تێکدانی بارودۆخ هەڕەشەی لێ بکات، ئەگەرچی لە ئیستادا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و کێشە ژینگەییەکان، هەڕەشەکان ئەوەندەیتر لە هەڵکشاندان.
لەساڵی ١٩٥٠ دا، ژمارەی دانیشتوانی جیهان تەنها ٢،٥ ملیار کەس بوو و تەنها سی شاری گەورە هەبوون کە ژمارەی دانیشتوانی لە یەك ملیۆن و نیو زیاتر بێت، لە ئێستادا ٧،٧ ملیار کەس لەسەر گۆی زەوی دەژی، لە ساڵی ٢٠٥٠ دا وا دەخەمڵێنرێ کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان ببێت٩،٦ ملیار کەس، ئەم ژمارەیە لەلایەکەوە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ژینگە، لە لایەکیترەوە پێویستی بە دابینکردنی شوێن و خۆراك و ئاو و هاتووچۆ و گەرمی و کار و وزە و بژێویە، بۆ دابینکردنی ئەم هەموو پێداویستیەش، دەبێ ئارامی و ئاشتی باڵ بکێشێت بەسەر جیهاندا، لەم کاتەشدا ئەوەندەی شەڕ و گرژی گۆی زەوی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەوەندە ئاشتی پشکی تیایدا نیە، ئەگەر لە ڕوانگەی هەرێمی کوردستانەوە بڕوانین، دەبینین بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ناوخۆی هاوڵاتیان، لەسەر خاکێکی بەپیت، ئاوێکی سازگار، زەوی و زارێکی فراوان، دەستی کاری بەردەست، تا ئێستا بەهۆی نەبوونی نەخشە پلان و دووربینی و ڕەچاونەکردنی کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بەرهەمهێنان و چاندنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان، نەتوانراوە پشت بە ڕێژەیەکی باشی بەرهەمی نێوخۆیی وا ببەسترێ کە بەشی هاوڵاتیان بکات، باشووری کورستان هەر بەشێکە لەو میزۆپۆتامیایەی، خاوەن ئەو شارستانیەتە و ئەو مێژووە دێرینەیە ، لە ئیستاشدا بارودۆخەکەی لە ناوەند و باشوری عیراق ئارامترە و دەتوانێ هەلی زۆر بۆ بووژانەوەی داهاتی کشتوکاڵی بقۆزێتەوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی کشتوکاڵی وا کە بتوانێ پێداویستیەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی دانیشتوانەکەی دابین بکات، بۆ ئەمەش پێویستی بە داڕێژانی پلانی زانستی و ڕێکاری تەکنەلۆژی هەیە، پێویستی بە پێشبینی بۆ ڕەچاوکردنی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، پێویستی بە سیاسەتێکی مۆدێرنی پاراستنی ژینگە هەیە، پێویستی بە سەنتەری توێژینەوە و کۆکردنەوەی داتا و کەموکوڕیەکان هەیە.

*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

print

 237 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*