سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كێشەی نێوان توركیا ‌و قوبرس چارەسەر دەبێت؟

كێشەی نێوان توركیا ‌و قوبرس چارەسەر دەبێت؟

كێشەی توركیا و قوبرس زۆر كۆنە، ناوەناوە هەردوو وڵات ئارام دەبنەوە و ناوەناوەش گرژییەكان دەگەنە ئاستێكی بەرز و خەریكە پێكدادانی لێ بكەوێتەوە، لەو ماوەیە ئاڵۆزی زۆر پەیدا بووە لەسەر ئەوەی توركیا دەستی كردووە بە دەرهێنانی غازی سروشتی لەسەر ئەو دوورگەیەی كە چەندین سەدەیە ململانێی لەسەر دەكەن، حكومەتی قوبرس ئەو هەوڵەی توركیا بە نایاسایی و پێشێلكاری دەزانێ و هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ رێگرتن لەو هەنگاوە.

توركیا زۆرترین بەكاربەری غازە
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین غاز بەكاردەهێنێ و پێیوایە لەجیاتی ئەوەی هاوردەی بكات، بچێت لە كەنارەكانی دەریای سپی دەریبهێنێ و بۆخۆی بەكاری بهێنێت. ئێستا كۆی ئەو سووتەمەنییە سروشتییەی بەكاریان دەهێنێت، لە روسیا و ئێران و ئازەربایجان هاوردەی دەكات، تەنها لە ساڵی رابردوودا 44 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی سروشتی بەكارهێناوە كە زۆر زۆرە، بۆیە پێویستییە لە رادەبەدەرەكەی وای لێدەكات كە لە جیاتی هاوردەكردن، بیر لە دەرهێنانی دەكاتەوە لە قوبرس، قوبرسیش بەوە رازی نییە و سكاڵای خۆی گەیاندۆتە یەكێتیی ئەوروپا، چونكە كانە غازییەكانی دەكەونە سەر ئەو پانتاییەی كە كێشەیان لەسەری هەیە، یەكێتییەكەش ئیدانەی ئەو كارەی توركیا دەكات و دەیەوێت سزا بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا بسەپێنێت كە كاری هەڵكۆڵینی زەوی و دەرهێنان و پاڵاوتنی ئەو غازە دەكەن و دەیانەوێت ناویان بخەنە لیستی رەشی ئەو دەزگا و كەسایەتی و كۆمپانیایانەی كاری قاچاغ و نایاسایی دەكەن، چاوتێبڕینی توركیا لەو ناوچانە هەر تەنها ئابووری و مەبەستی دەرهێنانی غاز نییە، بەڵكو مەبەستی سیاسی و جیۆسیاسی لە پشتەوەیە و سەدان ساڵە دەیەوێت ئەو ناوچانە بخاتە سەر خۆی و خاوەندارێتی بكات.

ناچەیەكی گەرم
قوبرس بەوپێیەی تا ئێستاش شوێن پێی داگیركاری بەریتانییەكانی بە سەرەوە ماوە و بنكەیەكی سوپای ئاسمانی ئەو وڵاتەی لێ جێگیر كراوە و ئەمریكییەكانیش لە كاتی پێویست بەكاریدەهێنن، بۆیە بۆتە ناوچەیەكی جیۆسیاسی و پڕ كێشمەكێشمی نێوان وڵاتان و لە میانی تەنگژەی ئابووریی جیهانی لە ساڵانی 2007 و 2008، حكومەتی مۆسكۆش هاوكاری دارایی پێشكەش بەو وڵاتەی ئەندام لەناو یەكێتیی ئەوروپا كردووە و قوبرس خۆی بە سەربەخۆ دەزانێ و توركیا دەیەوێت بیخاتە ژێر ركێفی خۆی ‌و لەبەرئەوەی ئەو دەڤەرە بایەخێكی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەمیشە جێی ململانێیە.
بڕیارە هەریەك لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ‌و سێرگی لاڤرۆڤ هاوپۆستە روسییەكەی، لە بەهاری داهاتوودا سەردانی قوبرس بكەن، بۆ پەرەپێدانی هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو دوورگەیەدا، بە تایبەتیش لە دوای شكستی دانوستانەكانی یەكگرتنەوەی هەردوو بەری قوبرس «بەری یۆنانی و بەری توركی» لە ساڵی 2017 دا، ئێستا ئەو ناوچەیە بۆتە هێڵێكی سەوز و نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێری دەكات.

توركیا بە دوای دۆستێكی تردا دەگەڕێت
لە دوای سەردانەكەی سێ هەفتە لەمەوبەری ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا بۆ ئەنقەرە، بەمەبەستی كردنەوەی هێڵی «تورك ستریم» كە لە رێی توركیاوە غاز لە روسیاوە بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە، دوای ئەوە توركیا مەیلی ئەوەی پەیدا كردووە كە زیاتر لە روسیا نزیك بێتەوە و مۆسكۆش لەوە هیچ زیانێك ناكات، جگە لەوەش ئێستا ئەوەی لە لیبیا روودەدات لە دایكبوونی هاوپەیمانێتییەكی تازەیە لە نێوان روسیا و توركیا و كڕین و سەداسەری سیستەمی موشەكی S400 ی روسی لەلایەن توركیاوە هەرچەندە ئەمریكا و ناتۆی نیگەران كردووە، بەڵام بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر لەو ناڕەزایەتی و نیگەرانییانە گەورەترن.
ماوەی داهاتوو لە ژێر رۆشنایی پەیوەندی و پێشهاتە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو و لێكنزیكبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پێدەچێت بارەكە لە قوبرس ئاڵۆزتر بێ و وڵاتان زیاتر بكەونە ململانێی یەكتر، بە تایبەتیش كە ئەو ناوچەیە یەكێكە لە ناوچە هەر دەوڵەمەندەكان بە غازی سروشتی.

سەرچاوە : ئیندیپێندت

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*