سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئیدلب شوێنی رووداوە گەرمەكان

ئیدلب شوێنی رووداوە گەرمەكان

ماوەیەكە شاری ئیدلب لە سوریا بۆتە گۆڕەپانێكی گەرمی شەڕی نێوان سوپای توركیا و سوریا، رژێمی سوریا دەیەوێت كۆنترۆڵی بكاتەوە و بەسەر‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریادا زاڵ بێ كە راستەوخۆ توركیا پشتیوانیی سەربازی و لۆجستییان دەكات.

زیاتر لە 700 هەزار كەس ئاوارە بوون
شەڕەكانی ئەم رۆژانەی دوایی، دەیان كوژراوی لە هەردوولا لێكەوتۆتەوە و زیاتر لە 700 هەزار كەس ئاوارە و دەربەدەر بوون، بەهۆی ئەم بارە ئاڵۆزەوە خەریكە هاوكێشەكان دەگۆڕێن و هاوسەنگیی ململانێكان لاسەنگ بووە، حكومەتی توركیا 12 بنكەی چاودێری لە‌و ناوچەیەو لە نزیك شارەكانی لازقیەو حەمات و حەلەب‌ هەیە، ئەوەش بەپێی رێكەوتنی لەگەڵ روسیا كە پشتیوانیی حكومەتی دیمەشق و بەشار ئەسەد دەكات، ئێستا داوای بنكەی زیاتر دەكات و دەیەوێت ناوچەكە بەتەواوی بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، حكومەتی ئەسەدیش كە مافی سەروەری و پاراستنی یاسایی و دەستووری وڵاتەكەی خۆی هەیە بە پشتیوانیی روسیا هێرشێكی بەرفراوانی بۆ ناوچەی ئیدلب دەستپێكردووە و سەدان خێزان ئاوارەی توركیا بوون و دەیان چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا كوژراون.

سوپای توركیا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات
كوژرانی 8 سەربازی توركی بە بۆردومانەكانی سوپای سوریا، نیگەرانی حكومەتی توركیای لێكەوتۆتەوە، هەروەها سوپای توركیا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە و هێرشێكی بەربڵاو دەكات.
ئەم بارە ئاڵۆزە پێدەچێت شەڕێكی گەرمی لێبكەوێتەوە، ئەگەر ئەمەش رووبدات وەك چاودێران دەڵین «هاوكێشەی دۆستایەتی روسیاو توركیاو ئێران تێكدەچێ»، تائێستاش هیچ كام لەم وڵاتانە خوازیاری ئەو گۆڕانكارییە نین و نایانەوێت نێوانی خۆیان تێكبدەن.
بەپێی هەردوو رێكەوتنی «ئەستانە و سوتشی» كە هەر سێ وڵات بەشداربوون، شێوازی ئامادەییان بە هاوسەنگی لە ئیدلب دیاریكردووە، چونكە هەموو لایەكیان بۆ خۆیان بە ناوچەیەكی ستراتیژیی گرنگی دەزانن. توركیا لەو ناوچەیە داخوازی تری لە روسیا كردووە، بەڵام بۆی جێبەجێنەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردومانەكانی رژێمی ئەسەدیشی بەسەردا هات، ئیدی دۆخەكە ئاڵۆزتر بووەو نێوانی ئەو دوو وڵاتە بەرەو خراپی دەڕوات، ئەنقەرە دەخوازێت هێڵێكی تری سنووری سوپاكەی لەگەڵ ئەوانی تردا دیاریبكرێتەوە و ناوچەكە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، ئەوەی بەدانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ روسیا بۆی نەلواوە، دەیەوێت بە زەبری هێزو هێرشی سەربازی لە دژی رژێمی ئەسەد، بەدەستی بهێنێت.

لێدوانی وەزارەتی بەرگریی روسیا
لە وەڵامی هەڕەشەكانی توركیاشدا، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندووە: كەتیبەیەكی سوپای سووری بەبێ ئاگاداری ئەوان هەندێ جموجۆڵیان كردووە و تەقەیان لەو سەربازە توركانە كردووە كە ویستویانە لێیان بێنە پێشەوە و كۆنترۆڵیان بكەن. بەپێی رێكەوتنەكانیش ئەو سوپایە مافی خۆیەتی دەست لەهەر هێز و گروپێك بوەشێنێت كە بیەوێت سنوورە دیاریكراوەكان ببەزێنن.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*