سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » د. مهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە: کە دەچمە سەر کار خۆم لە هەموو بیر و ئایدیا و رەگەزێک رادەماڵمپەڕە 3

د. مهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە: کە دەچمە سەر کار خۆم لە هەموو بیر و ئایدیا و رەگەزێک رادەماڵم

دیمانەی، ڕاوێژ کامەران

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لیستی باشترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، زانکۆی هەڵەبجە لە ڕیزبەندی کۆتایدابوو، هەر بۆیە د.مهاباد کامل عبدللە سەرۆکی نوێی زانکۆکە لە کەمپینێکدا لەگەڵ ستافەکەی ڕایگەیاند کە زانکۆی هەڵەبجە پێش دەخەن، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ سۆشیال میدیای کوردستانی نوێ، د.مهاباد کامل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە باس لە دواین هەوڵەکانیان دەکات بۆ پێشخستنی زانکۆکە.

کوردستانی نوێ: سەرەتا گەر باسێکی زانکۆی هەڵەبجەمان بۆ بکەیت و پێمان بڵێیت کە ئەم زانکۆیە چۆن گەیشتووە بەوەی ئێستا هەیە؟

د. مهاباد کامل: زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٠ وە دامەزراوە، ئێمە ئێستا ٥ کۆلێژ و ١٦ بەشمان هەیە کە لەو بەشانە ١٣ بەشیان زانستی مرۆین و ٣ بەشیشیان زانستی پەتین، نزیکەی ١٦٥ مامۆستامان هەیە و ٣٢٠٠ خوێندکاری بەیانیانمان هەیە و بەگشتی ئاستی زانکۆکە و کۆلێژەکە باشن و سستمی ساڵانە و سمستەرات و سستمی بۆڵۆنیاشمان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زانکۆی هەڵەبجە لە شوێنێکدایە کە تاڕادەیەک جێگاکەی چەپەک و دورەدەستە، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی شارەکەیەتی، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کەمتر کاربکرێت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لەو زانکۆیانەی کە لە ئامانج و تموحی ئێمە و هەموو کورددایە، چونکە دواجار هەڵەبجە تەنها هی هەڵەبجەیەکان نییە و شاری هەرێم و کوردستان و سەرجەم مرۆڤایەتییە و هیوادارین چەند ساڵێکی دیکە ئەم زانکۆیە لە ئاستێکی باش و پێشکەوتودا ببینین.

کوردستانی نوێ: لە ماوەی ڕابردوو ڕانکینی زانکۆکان ڕاگەیەندرا کە زانکۆی هەڵەبجە لە گروپی D دا بوو، ئێوە بەو پێیەی چەند مانگێکە وەک سەرۆکی زانکۆ دەستبەکاربوون و لە ماوەی ڕابردووش کەمپینێکتان ڕاگەیاند کە ئاماژەتان بەوە دابوو (زانکۆی هەڵەبجە پێشدەخەن)، پرسیاری ئێمە ئەوەیە کە چی کراوە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی زانکۆکە؟

د. مهاباد کامل: ڕاگەیاندنی ڕانکیینی زانکۆکان ڕاچڵەکینێک بوو بۆ زانکۆی هەڵەبجە کە هەموومانی ئاگادارکردەوە کە ئەم زانکۆیە دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان بەئاگا بێتەوە لەو دۆخەی کە پێشتر تێیدا بووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین زانکۆکە بەرەوپێش بخەین، ڕاگەیاندنی ئەو دەرئەنجامە هەموومانی بێتاقەتکرد و هێرشێکی زۆر کرایە سەر زانکۆکە، لەکاتێکدا ئێمە تازە دەستبەکاربووین وەک سەرۆکی زانکۆ، بەڵام هەڵسەنگاندنی زانکۆکان پێشتر ئەنجام درابوو، هەرچەندە ئێمە ئەمە ناخەینە سەر شانی هیچ سەرۆک زانکۆیەکی دیکە چونکە بارودۆخەکان بەجۆرێک بووە کە ئەم ئەنجامە ڕابگەیەندرێت، کاتێک ئەم ئەنجامە ڕاگەیەندرا ئێمە کۆبونەوەی تایبەتمان کرد لەگەڵ سەرۆک بەش و هۆبەی دڵنیایی جۆری و مامۆستاکان و چەند پلانێکمان داناوە بۆ ئەوەی دەرچەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی زانکۆکە بەرەو پێش بەرین، هەڵبەتە دوو جۆر پلان هەیە کە یەکێکیان پلانی کورتخایەنە کە دەکرێت لە ئێستادا جێبەجێ بکرێت و جۆرێکی دیکە لە پلانەکان پلانی درێژخایەنە کە دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت و دڵنیاشین ئەمەی ئێستا دەمانەوێت بیکەین ڕەنگە لە ساڵێکدا ئەنجامەکەی دەرنەکەوێت، هەر بۆیە ئێمە ناڵێین ئیدی لە ساڵی داهاتوو دەگەینە هەموو شتێک چونکە ئەمە پرۆسەیەکەی پلەبەندی و بەردەوامە، هەر بۆیە ئێمە نامانەوێت پەلەپەل بکەین و بەسەرەتایەکی خراپ دەستپێبکەین، بەڵکوو دەمانەوێت بەسەرەتایەک دەستپێبکەین کە ببێتە بناغە و هێواش هێواش هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی بڕۆینە پێشەوە، خۆشبەختانە لە ئێستادا وزەیەکی زۆر باش لە زانکۆکەدا هەیە و هەوڵدەدەن توێژینەوە ئەنجام بدەن و بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی زانکۆ، بەڵام بەشێکی دیکە لە پرۆسەکە دەکەوێتە سەر شانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەتایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکە، چونکە ئێمە عەسایەکی سحریمان پێنیە کە لە شەو و ڕۆژێکدا شتەکان بگۆڕین، ئێستاش کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە کە ستافمان کەمە چونکە مامۆستای زانکۆ گەورەکان ئامادەنین بێنە زانکۆکەی ئێمە چونکە دورترە لە شار و ئەوەش مافی خۆیانە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت لە وەزارەتەکانی دیکەوە میلاکمان بۆ بگوازێتەوە تا وەک مامۆستا و توێژەر سوود بە زانکۆکە بگەیەنن لەکاتێکدا ئەم کەسانە لە وەزارەتەکانی دیکە لە پسۆڕیەکەی خۆیاندا کار ناکەن و کاری کارگێڕی دەکەن، خاڵێکی دیکەشمان ئەوەیە ئێمە ڕاستە بەشێوەی زائیر و وانەبێژ لە شوێنەکانی دیکەوە مامۆستا دەهێنین، بەڵام ئەمان ئەرکی مامۆستایەتی جێبەجێ دەکەن، بەڵام هیچ ڕێنماییەک نییە کە پابەندیان بکات بەوەی توێژینەوە بکات، مەگەر لەمەودوا وەک ئەنجومەنی زانکۆ ئەو بڕیارە بدەین کە بۆ توێژینەوەش سوودیان لێوەربگرین، هەر بۆیە پلانەکان هەمەلایەن و گشتگیرە و پێویستمان بە هاوکاری زانکۆکانی دیکە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرجەم زانکۆکانی دیکەش هەیە، چونکە بۆنمونە لە ڕانکیندا دەڵێت دەبێت ڕێژەی سەوزایت زۆر بێت، بۆ ئەوە من پێویستە پەیوەندی بکەم بە وەزارەتی کشتوکاڵ، لەڕووی دارایەوە دەبێت وەزارەتی دارای هاوکاربێت و لەڕووی پرۆژەکانمانەوە پێویستمان بە وەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانکردنەوەیە، ئێمەش هەوڵمانداوە لە پەیوەندی بەردەوامدابووین لەگەڵ ئەو وەزارەتانەی پەیوەندیدارن بە کێشەکانی ئێمەوە.

کوردستانی نوێ: بەو پێیەی زانکۆی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجەدایە و ئەو شارەش نازی هەیە بەسەر هەموو کوردەوە، تا چەندە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم کێشەکانتانەوە هاتوون و گرنگترین ئەو کێشە و کەموکورتیانە چین کە دەتانەوێت بۆتان چارسەر بکەن؟

د. مهاباد کامل: ئێمە کێشەی ستافمان هەیە، کێشەی پرۆژەکانمان هەیە کە نزیکەی ١٤ پرۆژەمان وەستاوە و کاری تێدا ناکرێت، بەشە ناوخۆییەکانمان وەک پێویست نییە، جگە لەوەی لەکاتی وەرگرتنی خوێندکار مامەڵەی زانکۆ گەورەکانمان لەگەڵدا دەکرێت لەکاتێکدا لە ڕانکیندا دەبێت بەرامبەر هەر ١٠ خوێندکارێک ١ مامۆستا هەبێت کە ئەمەش لای ئێمە نییە و ستافی ئەکادیممان کەمە، سروشتی شارەکەش تا ڕادەیەک داخراوە و ژینەگەیەکی ئەوتۆی بۆ فەراهەم نەکراوە کە خەڵک بتوانێت لە شارەکەدا بمێنێتەوە، ئێمە کۆنفڕانسێکمان هەبێت نازانین میوانەکانمان بەرینە کام هۆتێلە و چۆن جێگەیان بۆ بکەینەوە، بێگومان هەڵەبجە بارتەقای ئەو نەهامەتەی و کارەساتەی هاتوە بەسەریدا نازی هەیە و ڕەنەگە نەتواندرابێت وەک پێویستە ئاوڕی لێبدرێتەوە بەتایبەت لە ماوەی قەیرانی دارایدا، بەداخەوە خوێندکار کە تەخەروجدەکەن دەستی کاریان نییە و نازانن پاش دەرچوون لەکوێ کاربکەن، ئەمەش وادەکات هەمووی هەر هەوڵبدات بچێتە دەرەوە و زانکۆکە جێبهێڵێت، من لەو کاتەی کە دەستبەکار بووم هەر فریایی ئەوە دەکەمووم داواکاری مامۆستا ببینم بۆ گواستنەوە و منیش هەر بڵێم پەسەند نییە، ئەمانە هەمووی کێشەن بۆ ئێمە چونکە خەڵکەکە نامێنێتەوە، تەنانەت خوێندکارانیش کە دێنە ئەوێ گەر بوارێکیان هەبێت دەگوازنەوە و دەڕۆن بۆ زانکۆکانی شارەکانی خۆیان.

کوردستانی نوێ: زانکۆی هەڵەبجە لەم دۆخەدا تا چەند توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ شاری هەڵەبجە و بازاڕ درووستبکات، دواتریش پەیوەندی ئێوە لەگەڵ زانکۆکانی ناوچەکە و دەرەوەدا چۆنە؟

د. مهاباد کامل: ئێمە ئێستا دەتوانین بڵێن لە قۆناغی خۆکۆکردنەوەداین، جارێ دەمانەوێت خۆمان کۆبکەینەوە بۆی بزانین چۆن کاربکەین لەگەڵ دەرەوە و پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگە درووستبکەین، چونکە ئێمە دەمانەوێت ڕایەڵەیەکی پەیوەندی هەبێت لەگەڵ زانکۆ و کۆمەڵگەکەدا، چونکە زانکۆ تەنها باڵەخانەیەک نییە کە لە شوێنێک داندرابێت و ئیدی هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ دونیای دەرەوەدا نەبێت، ئەم پەیوەندیە بەوە درووستدەکارێت کە ئەو کلتور و ڕۆشنبیریە کۆنەی لە هەڵەبجەدا هەبووە کە مەڵبەدنی عادیلەخان و گۆران و زۆرێک لە قوتابخانە ئاینیەکان بووە و ناوەندێکی ڕۆشنبیری و زانیاری بووە و بە ئێستاشەوە گەر سەرنجبدەن بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم دەڤەرە لە جومگە گرنگەکانی سیاستە و حکومەتدا کاردەکەن، بۆیە ئێمە هەمیشە هەوڵمان بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگە و زانکۆ بەیەکەوە ببەستینەوە و دەمانەوێت لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و بۆنە کۆمەڵایەتیەکانەوە کۆمەڵگە پەلکێش بکەین بۆ ناو زانکۆ و بەردەوام پەیوەندی و کۆنتاکتمان هەبێت، بۆ دەریشەوە بەهەمان شەوە دەمانەوێت لەناو هەرێم و دواتر عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندی درووستبکەین، بەشێک لە سیاستی زانکۆش بە جیهانیکردنی زانکۆکەیە و مەبەستمانە کە بیکەینە سەر نەخشەی زانستی جیهانی.

کوردستانی نوێ: وەک دەزانین ئێوە چوار بەشتان هەیە کە بۆڵۆنیا پرۆسێسە و لە هەوڵی کردنەوەی بەشی پزیشکیدان لە زانکۆکەش، پرۆسەی بۆڵۆنیا تا چەند لە زانکۆکەدا سەرکەوتووە و هەوڵەکانی کردنەوەی بەشی پزیشکی بەکوێ گەیشتووە؟
د. مهاباد کامل: وەک زۆرێک لە زانکۆکانی دیکە ئێستا چەند بەشێکی ئێمەش بە شێوەی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەخوێنن و ئەوەندەی تێبینیمان کردووە هەم خوێندکاران و هەم مامۆستایانی بەشەکە زۆر باش لەگەڵ سیستمەکە هەڵیان کردووە و حەزێکی جیاوازیان هەیە بۆ زانکۆ، وەک دەزانن لەم سستمەدا خوێندکار چەقی خوێندنە و خۆی دەبێتە بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی فێرکردن، سەبارەت بە کردنەوەی بەشی پزیشکی دەمێکە هەوڵ هەیە بۆ کردنەوەی بەتایبەت لەکاتێکدا کە ئەم بەشە زانستیانە کاریگەریەکی زۆریان هەیە لە کۆکردنەوەی ئیمپاکت فاکتەر کە کاریگەرە بۆ ڕانکینی زانکۆ، ئێمە پرۆپۆزەڵی خۆمان ئامادەکردووە و پیشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵای دەکەین و ئەوانیش بەدواداچونی بۆ دەکەن، ئیدی کاتی کردنەوەی بەشەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی ڕێوشوێنەکان چۆن بەڕێوەدەچن بۆ ئەوەی کە کارەکان بە کاڵی وکرچی نەکرێت و لەم کارەشدا بەڕێوبەری تەندروستی هەڵەبجە و جەنابی پارێزگاری هەڵەبجەش هاوکارە لەگەڵماندا و بە هاوکاری هەموو دامودەزگاکانی شارەکا دەمانەوێت ئەم کۆلێژە لە زانکۆی هەڵەبجە بکەینەوە.

کوردستانی نوێ: دواین پرسیار کە زیاتر پەیوەستە بە خۆتانەوە، دەمانەوێت بپرسین ئەزمونی ئێوە وەک یەکەم ژنە سەرۆکی زانکۆ لە تەواوی عێراقدا چۆن بووە و تا چەند قورس بووە بۆتان؟

د. مهاباد کامل: ئەو ئەزمونەی من هەرچەندە ماوەیەکی زۆر کورتە و چەند مانگێکە دەستبەکارم، بەڵام پێش ئەوەی بچمە زانکۆ کەمێک دڵەڕاوکێم هەبوو، کە چومە زانکۆ تێگەیشتم ئەو دڵەڕاوکێیە لە جێگای خۆیدا نەبووە، چونکە بە درێژای مێژووی هەڵەبجە لە عادیلەخان و پێش عادیلەخانیش دەردەکەوێت ئێمە ژنمان لەو دەڤەرەدا هەبووە کە کاریان کردووە، من کە دەچمە سەر کار خۆم لە هەموو بیر و ئایدیا و ڕەگەزێک ڕادەماڵم و وەک مرۆڤێک و وەک کەسێکی ئەکادیمی و زانستی و کارگێڕی و خزمەتگوزار دەچمە ناو زانکۆوە، زۆر جار ڕاستە کە من دایکم و مامەڵەی دایکانە لەگەڵ ستافەکەمدا دەکەم و کەمتر هەڵچون و توڕەبوونم هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە کارگێڕی و بەڕێوەبردن ماف و بەرپرسیارێتی خۆی هەیە و ناکرێت لێی لابدەین، دەشمەوێت کارێک بکەم لەگەڵ ستافەکەمدا کە زانکۆکەمان بەجێهێش دەستی باشمان بۆ ڕابکێشرێت.

کوردستانی نوێ: زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردن لەم دیمانەیە و ئێمە هیچمان نەماوە گەر جەنابتان قسەیەکتان هەبێت؟

د. مهاباد کامل: زۆر سوپاستان دەکەین و هیوادارین زانکۆی هەڵەبجە ببێتە نمونەی زانکۆیەکی زۆر باش بۆ هەڵەبجە و دەوروبەری، خۆشبەختانەش ئێستا خەڵکانێکی زۆر لە دامودەزگا و ڕێخراوەکان و کەسانی ئاسای ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی زانکۆ و ئێمەش پیوسیتمان بەوەیە حکومەتی و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە پراکتیکی لەسەرخەتبن بۆ ئەوەی داواکاریەکانمان جێبەجێ بکەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*