سەرەکی » ئاراستە » عەتا كەناروێیی دوا هەناسەی زینوی سپی

عەتا كەناروێیی دوا هەناسەی زینوی سپی

زینوی سپی، بەرگی سپی بە باڵای شەهیدێك دەبڕێت، كە دەبێتە سێ یەم بەرگی بە گوللە و فیشەك چنراوی ئەو ڕۆژانەی، دیواری مەرگی دوژمنان بە كەلاكی قواتخاسە هەڵدەچنرێت، ئەو ڕۆژكارە زینوی سپی، سێ بەرگی وەك بەفر سپی، بۆ باڵای هەر سێ شەهیدی، بە دەرزی و دەزوی بنچك و، بنە دار و دار مازوار و، لقە داری بە پارچەی تۆپ برینداری، بۆ هەر یەكەیان دەدوری.
زینوی سپی، بوەتە پەرچەمی سپی و پرچی سپی، دایكی خێر لە خۆ نەدیوی سێ شەهیدی زینوی سپی، بوەتە كەژاوەی خوێنی سێ شەهیدی گەردن بەرز و دەنگداوەی دۆڵی كپی، بوەتە مەشخەڵی خوێنی عومەرە سور و عەتا و فایەق ئاڵەكی، گیانی بەرزەفری ئەوان بوەتە بەیداغی شەكاوەی زینوی سپی، بۆ گەردنی زینوی سپی، بونەتە سێ گوڵی سپی.
پیر محەمەد، چیای بەرزی لە زستاندا تەم بە سەر و بەفر گرتوو، لە بەهار دا خەرمانێك گوڵی پشكوتوو، لە پایزدا چرپەی ڕازی هەزاران گەڵای وەریوی دەم كزەبا و لانەی ڕێبوارانی ماندوو، لە هاوینیش دا هەواری ڕەشماڵ و خێڵ و دەواری سەر هەڵگرتو، پیر محەمەد، هەمیشە پشت و پەنایە، هەندێك جار نەرم و نیانە و هەندێك جاریش ڕەشەبایە.
كەناروو، بە سەدان ساڵە لە بناری پیر محەمەد ڕاكشاوە، ڕووە و سەر سیر دەستی لە ژیر چەنەی ناوە، زۆر لە مێژە كوڕی بەفر و خۆرەتاوە، لە نێو بەفر و كەندەڵان دا لە دایك بوە و ڕسكاوە، زۆر لە مێژە بوەتە هاوڕێی ڕوناكی و دڕی بە شەوە زەنگ داوە، بوەتە گەواڵە هەورێك بۆ ئازادی و سەرفرازی، لە سەر سەری پیر محەمەد بوەتە هەورە بروسكە و چەخماخەی شۆڕشی داوە.
زۆر ئێوارە بەر لەوەی كە خۆر بنیشێ و ڕەنگی پە مەیی بپۆشێ، پیر محەمەد جار جارە سور دەچێتەوە، دەڵێن ئەوە پەڵەی خوێنی شەهیدانە لە ئێواران سەر دەردێنێ و دەردەكەوێت، تا درەنگان ناچێتەوە، هەندێك دەڵێن گریانی پیر محەمەدە ڕەنگێكی سور دەنەخشێنێت، چونكە تا ئێستا ش برین و خوێنی، عەتای لە بیر ماوە و، هەر گیز بیری ناچێتەوە.
تا دنیایە زینوی سپی، بێ عەتا و عومەر و فایەق، نە ئێواران خۆری لێ ئاوا دەبێت و نە بەیانیانیش خۆر هەڵدێت، نە كازیوە سەر دەردێنێ و، نە زەردەیەك لە دەم كەل دێت، نە تاریكیش بە سەری دا باڵ دەكێشێت، تا دنیایە ئەوان بەیداغی شەكاوەن، بە تەوێڵی زینوی سپی وێنەی چەكوشێك دەنەخشێنن، لە ناو باوەشی داسێك دا مەشخەڵی چینی چەوساوەن.
كەنارو، ڕێچكە و ڕێبازی شۆڕشی نوێی لە هەناو دا هەڵگرتووە، پەنجەی هەڵوەرینی زام و برینی، لە دەیان سەری كردوە، دەڵێی هەناری گوڵكردووی شەهیدانە لە بەهاردا گوڵی سوری دەركردوە، هەر گوڵە هەناری شەهیدە بە سەر لق و، پۆپ و، تۆپی پشكوتووە، هێندەی گوڵی پشكوتوی ڕیزە هەنارێك، هێندەی باڵای كەڵەگەتی چنار و شوڕە چنارێك، شەهیدی بە گەل بە خشیوە و باڵای ورەی بەرز بووە.
پێچی هەورێك، دوكەڵی زۆپای مقەڕێك، چەڕە دوكەڵی سەنگەرێك، مەشخەڵی بەرزی مەشخەڵێك، هەنگاوی خێرای تەتەرێك، بازوی بە هێزی ڕەنجدەرێك، پەنجەی خێرای تەونە كەرێك، بریسكەی دەمی خەنجەرێك، پێنوسی دەستی خوێندكارێك، پێمەڕەی دەستی جوتیارێك، دەستی ماندوی كرێكارێك، بە هێڵی گەورە دەینوسی، عەتا بووە دوا هەناسەی زینوی سپی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*