سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » نووسه‌ر و به‌رپرسیارێتی گونده‌كان وه‌ك نموونه‌

وتەی ئەمجارە

نووسه‌ر و به‌رپرسیارێتی گونده‌كان وه‌ك نموونه‌

نووسه‌ری‌ دیارو به‌ناوبانگ «ئیسماعیل بێشكچی» كاتێك باسی وه‌زیفه‌ی‌ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر ده‌كات، زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر باسی ده‌كات كه‌ بیسه‌رو خوێنه‌وه‌رو وه‌رگر له‌ وه‌زیفه‌ی نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووس تێگه‌یشتوون كه‌ كاری‌ ئه‌وان نووسینه‌ و هیچیتر، ته‌نانه‌ت «بێشكچی» به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیش ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی نووسه‌ر و پێیوایه‌ نووسه‌ر چاودێرێكی ورده‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ وشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبینێت ده‌یگێڕێته‌وه‌، بێشكچی پێیوایه‌ «ئه‌ركی نووسه‌ره‌ ئه‌گه‌ر چڵه‌ دارێك له‌ قه‌ده‌كه‌ی‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌ری‌ بنووسێت و هه‌م زانیارییه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ هه‌م به‌دوای‌ هۆیه‌كانی‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ چڵی داره‌كه‌شدا بگه‌ڕێت».
ئه‌م وێناكردنه‌ی‌ نووسه‌ر له‌چاوی بێشكچییه‌وه‌، به‌ مه‌فهومی موخاله‌فه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت هیچ شتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ڵه‌می نووسه‌ره‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ ته‌حویل بكرێته‌سه‌ر نووسه‌ری‌ كوردو پانتایی جوگرافی گونده‌كانیش به‌و پانتاییه‌ به‌به‌هاو به‌نرخه‌ی‌ كه‌ ته‌واوی‌ لایه‌نه‌كانی‌ ژیان له‌ بارێكی په‌راوێزخراودان بۆ نوسین و به‌رهه‌می چاپكراو، ئه‌وا نووسه‌رانی باشووری‌ كوردستان نه‌ك به‌رپرس نین له‌و وه‌زیفه‌یه‌و نه‌ك شتێكی خه‌مخۆرانه‌یان نییه‌ بۆ گونده‌كان، ته‌نانه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی‌ زماندا نووسه‌ری‌ ئێمه‌ نووسه‌رێكی لاوازه‌ له‌ تیگه‌شتن له‌هج و مۆرفیم و زاراوه‌ی گوندنشیندا، نووسه‌رانی ئێمه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كیان نه‌بێت زۆرینه‌یان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پانتایی زمان و پانتایی جوگرافی گونده‌كان تاكو له‌وێوه‌ زمانی‌ كوردیان بپژێت و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ببن له‌م ڕووه‌وه‌.
له‌بیرمانه‌. كاتێك نووسه‌ری‌ دیارو هاوڕێم (ته‌ها سلێمان) كتێبی (گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاوایی) بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌می ڕۆژنامه‌ی‌ «كوردستانی‌ نوێ»یه‌و پێشتر به‌زنجیر وتار له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ)دا بڵاوبووبوویه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسی كوردستان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ له‌هه‌ندێك وشه‌و زاراوه‌ی‌ ناو كتێبه‌كه‌ تێناگه‌ن و نه‌یانزانیوه‌ زمانی‌ كوردی ئه‌و وشانه‌یشی تێدایه‌، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نووسه‌رانی‌ ئێمه‌ ناچنه‌ناو بابه‌ته‌كانی‌ گوندو ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ ساده‌یه‌وه‌ كه‌ له‌گونده‌كاندا ده‌گوزه‌رێت و به‌ركه‌وته‌ی‌ شێوه‌ ده‌ربڕین و له‌هج و فۆنه‌تیكی گوندیانه‌ نین، به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ ئه‌و نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ كه‌ ئاشنای‌ هه‌ردوو ژینگه‌ی‌ هه‌م گوند و هه‌م شاریشن، خاوه‌ن توانایه‌كی باشی وشه‌و زاراوه‌ و ده‌ربڕینن و ده‌توانن به‌جوانترین شێوه‌ یاری به‌وشه‌كان بكه‌ن و مه‌سافه‌ی‌ مه‌له‌كردنیان له‌ گۆمی قوڵی زمانی‌ كوردیدا زیاتر بكه‌ن و به‌ویستی خۆیان باڵ بهاوێژن بۆ دوورترین ماناكانی‌ وشه‌ و جۆره‌ جیاوازه‌كانی‌ مانای كوردی.
ئێستا گونده‌كان نه‌ك ته‌نها پرۆژه‌یه‌كی به‌كه‌نارخراوی‌ حكومه‌ته‌و ئاوڕی لێنه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو نوخبه‌ی‌ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانیش به‌لای‌ ئه‌م بابه‌ته‌دا ناچن و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ شه‌رم بێت یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێویست نه‌بێت و وجودێك بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شته‌ گرنگه‌كانی‌ وه‌ك سیاسه‌ت و ئابووری‌ و …هتد، نه‌بووه‌به‌ پرسێكی گرنگ له‌لایان و له‌نێوان سه‌دان و هه‌زاران وتاری‌ سیاسی و ئابووری‌ و …. هتددا كه‌مترین پانتاییه‌كیان ته‌رخان نه‌كردووه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌واوی‌ كایه‌ جیاوازه‌كانی‌ ژیان له‌ گونده‌كاندا، تاكو ئێستا هه‌موو ئه‌و نووسه‌رو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست! و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ له‌ باره‌ی‌ پرسه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ له‌ گونده‌كاندا ده‌نووسن، له‌ په‌نجه‌كانی‌ ده‌ست تێپه‌ڕ ناكات و ئه‌و پانتاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی ژیان كه‌ ناوی‌ گونده‌كانه‌ جێهێڵراوه‌.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كان و سایت و شاشه‌ی‌ تیڤییه‌كان، كه‌مترین جار به‌ركه‌وته‌ی‌ پانتایی گونده‌كان ده‌كه‌ین وه‌ك پانتاییه‌كی باش بۆ دنه‌ی‌ میدیاو میدیاكاران و ئاشنابوونی بینه‌رو بیسه‌رو خوێنه‌ر به‌ واقیعی پڕ ئازاری‌ گوندنشینان. كاتێك نووسه‌رانی كورد له‌م وه‌زیفه‌ ئه‌خلاقییه‌، نه‌ته‌وه‌ییه‌، نیشتمانییه‌، ئینسانییه‌، خۆیان به‌ دوور ده‌گرن، ئه‌وا غه‌درێكی گه‌وره‌ له‌و ناونان و وه‌زیفه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێی ده‌گوترێت نووسه‌ر یان ڕۆژنامه‌نووس یان هه‌ر شتێكیتر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا.
ڕۆژانێك وه‌ك نووسه‌ری‌ ئه‌مریكی (سه‌مانسا پاوه‌ر) ده‌ڵێت «له‌نه‌بوونی میدیای‌ كوردیدا، تاوانی‌ ئه‌نفالی گونده‌كان ونكراو شارایه‌وه‌)، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو میدیا كوردییه‌ به‌جیاوازی‌ جۆره‌كانییه‌وه‌، كه‌چی هێشتا گونده‌كان پرسێكی گرنگ و به‌بایه‌خی میدیاو نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسانی كورد نییه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*