سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » سەدرییەكانپەڕە 3

سەدرییەكان

هیچ كات هێندەی ئەمجارە سەدرییەكان خۆیان لەنێو سیاسەتی دووفاقی و پێوان بە دوو تەرازوودا نەبینیوە، هیچ كات هێندەی ئەمجارە سەدرییەكان دووچاری سەنگەر گواستنەوە نەبوون، كاتێك بە بیانووی گێڕانەوەی ژیانی ئاسایی و كردنەوەی دەرگای خوێندگە و رێگەوبانە گشتییەكان و فەرمانگە و دامودەزگاكان ، كەوتنە وێزەی خۆپیشاندەران و سوتاندنی خێمەكانیان و كوشتن و بڕینیان.
سەدرییەكان لە دوای 2003وە خۆیان لە بەرەی مقاوەمەی «داگیركاریی» و پاشان لەبەرەی گەلدا بینییەوە و بەرگریكاریی سەرسەختی مافی خەڵك و داواكارییە رەواكانی عیراقییەكان بوون، هەر بەهۆی ئەم هەڵوێستەش ئەحرار و دواتر سائیرون، زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەكان و و زۆرترین نوێنەری لە ئەنجومەنی نوێنەراندا پەیدا كرد.
سەدرییەكان لە پێشەنگی ئەو رەوت و بزاوتنە سیاسیانە بوون كە كلتوری خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دروستكردنی تەوژمی ناڕەزاییان لەنێو شەقامی عیراقیدا هێنایەئارا، هەر ئەوانیش بوون كە هەژموونی حزبی دەعوەیان كەمكردەوە و لە دوای 16 ساڵ كۆتاییان بە قۆرخكردنی دەسەڵاتی حزبەكە هێنا لە عیراق.
سەدرییەكان لەپێش هەموو لایەنەكانی ترەوە داوای سەربەخۆیی بڕیاریی عیراقییان كردووە، لەپێش هەمووانیشەوە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دادگایی كردنی نەهەنگە گەورەكانیان بەپێویست زانیووە، لەپێش هەموو ئەوانی ترەوە دەنگی ناڕەزاییان دژ بە خراپی خزمەتگوزاریی و بڵابوونەوەی بێكاریی و بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاریی لە عیراقدا بەرزكردۆتەوە.
رەوتی سەدر بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر، لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە خۆی بە پشت و پەنا و لایەنگری داواكاریی رەوای خەڵك دادەنا، تویتەكان و بەیاننامەكانی ساڵح محەمەد عیراقی و بانگەوازەكانی تر، هەر پشتیوانی بوون لە شۆڕشی چاكسازیی و بەگژداچوونەوەی واقعی ناهەمواری ئێستای عیراقییەكان.
سەدرییەكان تا ئەم دواییە هەڵوێستێكی نەگۆڕ و چەسپاویان هەبوو، هەڵوێستێك كە گوزارشتتی لە هەڵوێستی خەتی سەدری دەكرد، بەبێ‌ چوونە ژێر كاریگەریی هیچ هێز و لایەنێك گوزارشتی لە خواستی شەقام و خواستی عیراقییەكان دەكرد، بەڵام لەگەڵ هەڵكوتانە سەر گۆڕەپانەكانی تەحریر و «پورە العشرین» و گۆڕەپانەكانی تری خۆپیشاندەران، خۆیان لە بەرەیەكی تردا بینییەوە، كاڵایەكی ترییان بە باڵای سیاسەتی رەوتەكەدا كرد.
خوڵاسەی هەڵوێست و سیاسەتەكانی ئەم دواییە، گوزارشتن لە رەتكردنەوەی مل كەچكردن بۆ گەل و چوونە پاڵ گەل و رێكردن لەگەڵ ئەو تەوژمە میللییەی خۆیان سەركردایەتی ناكەن و جڵەوەكەی لەدەست خۆیاندا نییە، ئەمان سەركردایەتییان گەلییان دەوێت و سەركردایەتیكردتیكردنی گەلییان قبوڵ نییە.

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*