سەرەکی » مانشێت » عەللاوی هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكردووەپەڕە 3

یەك مانگی لەبەردەمدایە

عەللاوی هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكردووە

محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكردووە و لەگەڵ فراكسیۆنە جاجیاكان گفتووگۆكانی بەردەوامە، پیسپۆڕێكی یاساییش دەڵێت، تەنیا یەك مانگی لەبەردەمدایە و لە دوای تێپەڕبوونی مانگەكە گەر نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت، جارێكی تر راناسپێردرێت و دەبێت سەرۆك كۆمار كاندیدێكی تر بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت.

هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌
محەمەد تۆفیق عەللاوی هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەستپێكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجەی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاندیدكردنی وەزیرەكان.
لەو بارەیەوە، سەرۆكی كوتلەی “بیارق الخیر” لە 8ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دوو مەرجی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاندید كردنی وەزیرەكان.
محەمەد خالیدی، سەرۆكی كوتلەی “بیارق الخیر” لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاندبوو،ە محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دوو مەرجی هەیە بۆ پیكهێنانی حكومەت و دیاری كردنی كاندیدەكانی وەزارەتەكان.
ربە وتەی خالیدی»عەللاوی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان ڕەتی كردۆتەوە هێزە سیاسییەكان و حزبەكان بەشداری پێ‌ بكات لە كابینە وزارییەكەی، بەڵكو تەنها خۆی هەڵدەستێت بە كاندیدەكان و دەبێت ئەو كاندیدانە دەستپاك و لێهاتووبن».
لای خۆیەوە، ئەمجەد عەقابی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندبووە، ڕۆژانە عەللاوی چوار بۆ پێنج وەفد لە خۆپیشاندەران دەبینێت.
عەقابی پێیوایە كە “سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوگوشاری كوتلە سیاسییەكان ڕەتدەكاتەوە و كابینە وزارییەكەی لە كەسێتییە سەربەخۆكان پێكدەهێنێت، چونكە پێكهاتەی سوننە و كورد داوای شایستەكانیان لە وەزارەتەكان دەكەن، بەڵام عەللاوی خۆی حكومەت پێكدەهێنێت”.

كۆتایی هێنان بە كوشتن و بڕینی خۆپیشاندەران
حەمەد تۆقیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، هەڕەشەی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنەكە كردبوو، گەر كوشتن و بڕینی خۆپیشاندەران بەردەوام بێت و لەو بارەیەوە پەیامێك بڵاوكردەوە.
عەللاوی لە وتارێكدا كە لە شێوەی پەیام لە 6ی شوباتی 2020 بۆ گەلی عیراقی بڵاویكردەوە، رایگەیاندبوو”عیراق بە ڕەوشێكی نالەباردا تێدەپەڕێت و ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووش، هێندەی تر ڕەوشەكە بەرەو ئاڵۆزبوون دەبەن”.
ماوەی چەند ڕۆژێكە “كڵاوشینەكان”ی سەر بە ڕەوتی سەدر، بە بیانووی هاریكاریی هێزە ئەمنییەكان كەوتوونەتە وێزەی خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق و دەیانەوێت، گۆڕەپانەكان بە خۆپیشاندەران چۆڵ بكەن، هەر بەو هۆیەوە پێكداهەڵپژان لەنێوان خۆپیشاندەران و كڵاوشینەكان دروستبووە و چەندان كەس كوژراون و برینداربوون.
محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە پەیامەكەیدا دەڵێت”ئەوانەی لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان دەكوژرێن و برینداردەكرێن و لێیان دەدرێت، ڕۆڵەی ئەم وڵاتەن، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئەمە قبوڵ ناكرێت، ئەركی ئێمە ئەوەیە گوێیان لێبگرین، نەك سەركوتیان بكەین”.
بە وتەی عەللاوی”ئەوەی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران دەكرێت، وامان لێدەكات شەرمەزاربین و نەتوانیین ئەو ئەركەی دەخرێتە ئەستۆمان بەجێی بگەیەنین، بەدڕەوشتییە گەر بێدەنگ بین بەرانبەر بەو هەڵسوكەوتە ناشایستانەی بەرانبەر بە ڕۆڵەكانمان دەكرێن، بۆیە لەگەڵ ئەوەی رێزگرتن لە ڕاوبۆچوونی بەرانبەر بە پرەنسیپی خۆمان دادەنێین، ڕێگەش نادەین وێنە و ناوبانگمان لەنێو خەڵكدا نیشانی ئێكسی بەسەردابدرێت”.
محەمەد تۆفیق عەللاوی، داوا دەكات لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بكرێت كە خۆپیشاندەران سەركوت دەكەن، “ئیتر سەر بە هەر هێز و لایەنێك بن، چونكە خوێنی هاووڵاتیانی عیراق هێڵی سورە”.

كۆبوونەوەیەكی ناچاوەڕوانكراو

محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراودا لەگەڵ عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی پێشووی دژە تیرۆری عیراق كۆبووەوە.
میدیا عیراقییەكان لە 2ی شوباتی 2020 بڵاویانكردووەتەوە، ئەم كۆبوونەوەیە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی عەلاوی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتە كاتییەكەی و چەند سەرچاوەیەكیش ئاماژەیان بەوەداوە، پێدەچێت محەمەد تۆفیق عەلاوی، فەریق عەبدولوەهاب ساعدی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ لە كابینەكەی كاندیدبكات.
لادانی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی لە فەرماندەیی هێزەكانی دژە تیرۆر بووە دەستپێكی ناڕەزاییەتییەكان و دواتر بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان لە تشرینی یەكەم و دواتریش خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و دوورخستنەوەی حزبە فەرمانڕەواكانیان كرد لە دەسەڵات.

یەك مانگی لەبەردەمدایە
پسپۆڕێكی یاسایی عیراقی وەڵامی پرسیاری چی ڕوودەدات گەر لەماوەی 30 ڕۆژدا حكومەت لە عیراق پێكنەهێنرا دەداتەوە، داواش دەكات پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەت.
تارق حەرب پسپۆڕی یاسایی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 8ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو”ماوەی پێكهێنانی كابینەی وەزاری دووەم لە هەمان خولی هەڵبژاردن ڕێگە بۆ داڕوخان خۆش دەكات، واتا گەر لەماوەی 30 ڕۆژدا نەتوانرا حكومەت پێكبهێنرێت، ناكرێت ماوەكە درێژبكرێتەوە و جارێكی تر محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێردرێت”.
بە وتەی حەرب”بەپێی دەستور دەبێت سەرۆك كۆمار، كاندیدێكی نوێ‌ لە بری ڕاسپێردراوی پێشوو ڕابسپێرێت كە لەماوەی سی ڕۆدا شكستخواردووبوو لە پێكهێنانی حكومەت”.
پێشتر ئەمجەد عەقابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندبوو، فراكسیۆنە سونییەكان داوای شایستە دەستورییەكانیان دەكەن لە وەزارەتەكاندا، بەڵام عەللاوی دەیەوێت بۆخۆی حكومەتەكەی هەڵببژێرێت.
محەمەد توفیق عەللاوی لە 1ی شوباتی 2020 لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق راسپێردرا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی 2019، لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا.
عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئەركێكی قورسی دەكەوێتە ئەستۆ، بە تایبەت لە سایەی بەردەوامی تەوژمەكانی ناڕەزایی كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019وە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقیان گرتووەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*