سەرەکی » وتار » ئەمەل جەلال » 1325 لە نێوان بڕیارو پراكتیكداپەڕە 2

ژن پۆلەتیک

1325 لە نێوان بڕیارو پراكتیكدا

(3)

بنەمای دووەم خۆپارێزی (الوقایە)

لە وتارەكانی پێشوومدا باسم لە گرنگی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد تایبەت بە بڕیاری (1325) (ژن، ئاشتی، ئاسایش)، لەم بەشەدا باس لە بنەمای دووەم دەكەم كە بڕیارەكە وەك بنەمایەكی سەرەكی جەخت لە جێبەجێكردنی دەكاتەوەو دەیەوێت بەر لە روودانی هەر كارەساتێكی مرۆیی و سەربازی، یاخود ململانێی سیاسی، پێویستە كاری پێشوەخت بكات بۆ بەرگرتن لە روونەدانی زیان و بەركەوتەكانی ئەو رووداوانە، بۆیە داوا دەكات دەوڵەت و دامودەزگاكانی تایبەتمەند و پەیوەندیدار رێوشوێن و رێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان… رووداوەكان و ئەزموونەكانی دونیا ئەوەیان وێنا كردووە، هەر كاتێك رووداوێك یاخود جەنگێك رووبدات، یەكەمین توێژی كۆمەڵگە زیانی بەردەكەوێت و رووبەڕووی پێشێلكاری دەبێتەوە، ژن و منداڵ و توێژە لاواز و پەراوێزخراوەكانن، بۆیە پێویستە وردبینی و بەدواداچوونی پێویست بكرێت بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكان لەسەر بنەمای لێكدانەوەو هەڵسەنگاندنی دروست، زەمینەسازی خێرا و ئیمێرجنسی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ئەو توێژانەو رێنمایی و هۆشیاری پەیوەندیدار بڵاوبكرێتەوە بۆ بەئاگاهێنانی تاكەكانی كۆمەڵ بە گشتی و ژنان و منداڵان بە تایبەتی. لە هەمانكاتدا پێویستە لەلایەن دامەزراوەكانی دەوڵەت و رێكخراوو دەزگا تایبەتمەندەكانەوە رێكاری پێویست بگیرێتە بەر. لێرەدا هەندێك لەو هەنگاوانە دەخەمەڕوو.
-1بڵاوكردنەوەو گشتاندنی مەفهوهی جۆری كۆمەڵایەتی لە گشت سیاسەت و بوارەكان بۆ زامنكردنی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری پێشكەشكارانی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ژنانەی كاریگەر بوون بە ململانێ و جەنگەكان.
-2تێكەڵكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و بەهاكانی یەكسانی و دادپەروەری و تێگەیشتنی جۆری كۆمەڵایەتی لە سیاسەت و پرۆگرام و پڕۆژەكان بۆ كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان.
-3 راهێنانی قوتابیان و خوێندكارانی هەردوو ڕەگەز بۆ هێنانەكایەی تێگەیشتنی جۆری كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی رەفتارە ئەرێنیەكان و زیادكردنی هۆشیاری ژنان بە مافەكانیان و رۆڵ و پێگەیان لەناو كۆمەڵگەدا.
-4راهێنانی ژنان و پەرەپێدانی تواناكانیان و بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییان.
-5پیاچونەوەی هەموو دەقە یاساییەكان، كە پێچەوانەی مافەكانی ژنانەو كاركردن و گوشاركردن بۆ هەمواری یاساكان و دەركردنی یاسای تایبەتمەند كە رێز لە مافەكانی ژنان دەگرێت.
-6تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكارو بەرنامەو پرۆژانە بە ئامانجی ئامادەكردن و رەخساندنی زەمینەی خۆپارێزی بۆ هەر ئەگەرو روداوێكی نەخوازراو بۆیە بڕیاری 1325 دەیەوێت بەچەسپاندنی بنەمای خۆپارێزی، بەر بەو مەترسیانە بگرێت كە ئەگەری روودانیان پێشبینی دەكرێت، بەمەش خەڵكی مەدەنی بە گشتی و كچان و ژنان بەتایبەتی دەپارێزێت و حكومەتەكانی ناوچە ناكۆكەكان بەرپرسیاردەكات لە ئامادەكاری و ئیلتیزامبونی دەوڵەت بە ناوەرۆكی بڕیارەكە، كە لەئێستادا دوای تێپەڕبونی (19) ساڵ بەسەر دەركردنی بڕیارەكە، كەمترین هۆشیاری هەیە بە ناوەرۆك و گرنگی بڕیارەكە لەسەر گشت ئاستە فەرمی و نافەرمیەكان، بۆیە گرنگە لەڕوی میدیاییەوە بەرنامەو ریكلامی زیاتری بۆ بكرێت و تاك و كۆمەڵ لە گرنگی بنەماكانی ئەو بڕیارە هۆشیاربكرێتەوەو كچان و ژنان ئامادە بكرێن بۆ هەموو ئەگەرێكی نەخوازراو، بەداخەوە هەروەك ئەوەی رویدا لە شەڕی روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان، كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان و كچان‌و ژنان بەتایبەتی بونە قوربانی، بەداخەوە تائێستاش ئاسەوارەكانی، كاریگەری هەیە بەسەرمانەوە، چونكە راستە لەڕووی سەربازییەوە تێكشكێنران، بەڵام باوەڕو ئاكارەكانی، وەك پاشماوەیەكی ترسناك رەگێكی قوڵی هەیە، دەبێت بە گۆڕانكاری و هەنگاوەكانی، كە ئاماژەم پێداوە، رێگری لێبكرێت و تاكەكانی كۆمەڵگە بە گشتی و كچان و ژنان بەتایبەتی، ئامادەبكەیت و توانای خۆپارێزییان تیادا دروست بكەیت، تا ببنە بەشێك لەوەڵامدانەوەی پێویستیەكان لە بارودۆخ و پێشهاتە لەناكاوەكاندا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*