سەرەکی » راپۆرت » کوردستانی ئازاد

کوردستانی ئازاد

پێشەکی

کوردستانی ئازاد یەکێكە لەو بەڵگەنامە مێژوویانەی کە بۆ یەکەمجار لە ئەرشیفی سۆڤیەتدا دەخرێنە بەردەست و دەستی لێکۆڵەرانی پێگەیشتوە، ئەم بەڵگەنامە مێژوویە سەرباری ئەوەی کە نازاندرێت نوسەرەکەی کێ یە و لە چی بەروارێکدا ڕەوانەی مۆسکۆ کراوە، بەڵام بێشك یەکێكە لەو بەڵگە گرنگانەی کە سەلمێنەری ئەوەن لەو دەمەدا کوردان بە گشتی لەگەڵ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بوون، زۆر بە ئاشکرا دان بەوەدا نراوە کە دانیشتوانی ناوچە کورد نشینەکانی ئێران و تورکیا بە زۆرینە لەگەڵ دامەزراندی کوردستانێکی سەربەخۆدان بێگومان دواتر بەهۆی سەرکەوتنی کەمالیەکان لە تورکیادا رووسیا بڕیاریدا هاوکاری ئەوان بکات بۆ دژایەتی کردنی هێزە بیانیەکانی ناوچەکە، هەربۆیە هەموو ئەو پرۆژانەی پەیوەستبوون بە کوردەوە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە پشتگوێخران.
خوێنەری بەڕێز: ئەم بەڵگەنامانە لە ئەرشیفی پڕۆسە سیاسیەکانی رووسیادا لە ناو ڕێکخراوی دیپلۆماتکار و تورکناس (کۆمینتێرن) دا پارێزراوە و لە کاتێکدا سەرقاڵی گەڕان بووین بە دوای بەڵگەنامەی دیکەدا بەردەستمان کەوت. تا هەنوکە نازاندرێت بە چ شێوەیەك لە ناو بەڵگەنامەکانی ئەم دیپلۆماتکارە تورکناسەدا، گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ، بەڵام پێدەچێت لەسەرەتای ساڵانی 1920-1921 دابن (کە تا ئەو کاتە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئێران وەك ناوچەی ژێر دەسەڵاتی رووسیا تەماشا دەکران، بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ). بەهۆی جیاوازی ئەلفوبێی زمانی رووسیەوە پێدەچێت ناوی هەندێك ناوچە بە هەڵە وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی کوردی، سوپاسی هەر بەڕێزێك دەکەین شارەزایی دەربارەی ناوی ئەو ناوچانە و کەسایەتیەکان هەیە هاوکاریمان بکات بۆ ڕاستکردنەوەیان لە ڕێگەی ئەم ئیمێلەوە»» Shakle @inbox.ru
ئەم بەڵگەنامەیە ساغکردنەوە و تایپکردنەوەی بۆ سەر زمانی رووسی سەردەم لەلایەن : د. پابێدانۆتسۆڤسکایا ئەنژێلیکا ئۆلێگۆڤنا (مامۆستای بەشی مێژووی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات لە زانکۆی سانکت- پێتێربورگی حکومی). ساغکردنەوە و وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردیش لەلایەن بەندەوە کراوە.
دەبێت ئەوەش بڵێم کە زمانی نووسینی بەڵگەنامەکە، لەسەر زاری دیپلۆماتکارێکی رووسیەوە نووسراوە، ئەویش تێڕوانینی جیاوازی بۆ سمکۆ و خەبات و تێکۆشانی هەبووە، بەڵام ئێمە لەبەر گرنگی مێژوویی، بەڵگەنامەکە وەکو خۆی بڵاویدەکەینەوە.
ئەرشیفی پرۆسە سیاسیەکانی رووسیای فیدراڵ (ڕگاسپی) ف 495- ڕێکخراوی کۆمینتێرن، ڕیزی 154، دۆکۆمێنتی 199 لاپەڕە 9

د. پابێدانۆتسۆڤسکایا ئەنژێلیکا ئۆلێگۆڤنا

و: لە زمانی رووسیەوە د. سوارە شاکەلی

کوردستانی ئازاد
سوپاکەی سمۆکی شكاك لە ئێستادا پێکهاتووە لە هێزێك کە بە بەردەوامی لە گەڵیدا نین، پێکدێت لە کوردی ناوچەکانی باشقەڵا، تەرگەوەر، ئاخڤێران، ئورمێ، جولەمێرگ کە نزیکەی 3000 چەکدار دەبن لەگەڵ شوێنکەوتوانی سیتۆ کە ئەوانیش نزیکەی2000 چەکدارن، سیتۆ لەلایەن سمکۆوە چەك کراوە و نێردراوە بۆ ناوچەکانی قوڵایی ئورمێ ئەم سزایەش بەبیانووی ئەوە بووە کە سیتۆ هێرشی کردۆتە سەر ناوچەی سەوزایەکانی سەڵماس، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە سمکۆ لە بەرفراوانبوونی کاریگەری سیتۆ ترساوە و لەوەی کە لە کۆتایدا پێگەکەی لەدەست بستێنێت.
زیاتر لە مانگێك دەبێت کە هەرچی سەربازە تورکەکان هەیە، سمکۆیان بەجێهێشتووە لەگەڵ بەشێکی ئەو هێزە کوردیانەی کە بە بەردەوامی لەگەڵ سمکۆدابوون و نێردرابوون بۆ هاوکاریکردنی لەلایەن تورکەکانەوە، کە ژمارەیان نزیکەی 2000 کەس دەبێت. ئەمەش دەکرێت بە بیانووی ئەوەبێت کە توركەکان لە بەرامبەر یۆنیانیەکاندا شکستیان هێناوە بۆیە هێزەکانیان لە ناوچەکەدا کشاندۆتەوە. ئەوانەی کە ماونەتەوە ژمارەیان نزیکەی 400 سەربازی تورکە کە لە سەرەتای (1917 – 1918) ەوە لای سمکۆ ماونەتەوە و لەگەڵیدا هەڵیانکردووە، پینج بۆ شەش ئەفسەریان لە ناودایە کە وەك پسپۆری لە (ڕەشاش و تۆپ هاوێژ بەکارهێنانن) و لە بەرامبەر کارەکانیاندا خەڵاتی باش وەردەگرن.
سوپاکەی سمکۆی شکاك پڕ چەککراون بەچەکی تورکی و فەرەنسی و رووسی، هەر سەربازێکی کورد نزیکەی 200 فیشەکی پێی یە کە بەهەمیشەیی لەگەڵ خۆیاندا هەڵی دەگرن. سمکۆ خاوەنی دە (ڕەشاش و سێ تۆپ هاوێژی سێ کونی دوکەڵدار و دوو تۆپ هاوێژی چوار تاییەی ڕاکێشراوە، کە سیستەمەکەیان کۆنە و ڕەنگی سورەو دوو تاتەی گەورەی پێوەیە، کە هی سوپای نیزامی فارسەو دەستیان بەسەردا گیراوە).
پێگەی سەرەکی سمکۆ دەکەوێتە قەڵای (چهرین یان جارا)- وە لە ناوچەی دیلمان. سمکۆ خۆی فەرمانداری سەرەکی سوپاکەیەتی، بەڵام چەند لەبەرەی (خۆی و شەرەفخانی) سەرپەرشتی سوپاکەی دەکرێت لە لایەن ئەمیر خانێ، کەسێکی لاوە تەمەنی 28 ساڵە چاونەترس و وریایە، پارتیزانێکی بە ئەزموونە. هەموو کاروبارە چەکداریەکانی ئەم ناوچانە سمکۆ، بە ئەمیر خۆی دەسپێرێت. بەڵام ئەم زۆر دڵسۆزی سمکۆ نییە و تەنانەت دەتوانرێت بگوترێت جێگای متمانە نیە، سمکۆی خۆشناوێت و ڕقی لێی دەبێتەوە. ئامادەیە واز لە سمکۆ بهێنێت و ڕابکات بەڵام هیچ شوێنێك نییە تا داڵدەی بدات، فارسەکان دەیکوژن و تورکیش بەهەمانشێوە. بەڵام لە بەر ئەوەی دایکی بەڕەگەز ئەرمەنە ئەوا بێگومان ئەگەر بانگێشت بکرێت لە لایەن ئەرمەن و رووسەوە تابێتە ژێر دەسەڵاتیانەوە، ئەوا بێ هیچ گومانێك ئەو ڕازی دەبێت.
کاتێك لە تەبرێز بووە چاوەڕوان دەکرا کە هاوکاری هێزە چەکدارەکانی زەنگە زوور گەیشتوونەتە ووڵاتی فارس تا بجەنگن دژ بە سمکۆ ئەوا ئەمیرخۆی بەبێ جەنگ لەگەڵ ئەرمەنیەکاندا بەرەکانی خومباپێت- سومبات جەنگی بەجێهێشت بەبی جەنگ کشایەوە بۆ ناوچەکانی چەهریق قەڵا، بەڵام کاتێك بۆی دەرکەوت هەموو ئەو هەواڵانەی کە هەن دوورن لە ڕاستیەوە ئەوا زۆر بە خێرا ئەمیر خۆی گەڕایەوە سەر هێڵە کۆنەکەی پێشوی. هەروەها فەرمانداری شاری دیلمان کە 400 سەربازی کوردی لە ژێر دەسەڵاتدایە، جێنتۆ کەسێکی دڵسۆز و جێگای متمانەی سمکۆیە. بەرپرسی یەکێك لە خاڵە ستراتیژیەکان (کیرۆ خەنجەرە) کە دەکەوێتە دووری 60 فرسەخ بەلای ڕۆژ ئاوای دیلماندا، جافەر ئاغا بەهەمانشێوە کەسێکی لێهاتووە و جێگای متمانەی سمکۆیە هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی 400 کەس دەبێت.
کیۆ نەجار بەرگری لەو ڕێگایانە دەکات کە دەچنەوە سەر دیلمان و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ڕێگای دیلمان خۆی دا هەیە. جێنتۆ و جافەر ئا‌غا هەردووکیان خزمی سمکۆن. بەرپرسی قەڵای جەهریق میرخۆ (خاڵۆی) سمکۆیە، پیاوکوژێکی بە ئەزموونە چووەتە ناو ساڵەوە، زیاتر سەرقاڵی ڕێکخستنی کەرەستە و پێداویستیەکانی سوپایە.
دانراوە لەلایەن سمکۆوە پارێزگاری ئورمێ کە پێری تەیمور ئاغایە، کە پێشتر پارێزگاری سەڵماس بووە لەلایەن فارسەکانەوە دانرا بوو. تەیمور ئاغا لە مێژە لەگەڵ سمکۆدا دۆستایەتی هەیە و هاوکاری زۆری سمکۆی کردوە و لە ئێستادا دیارە چووەتە بەرەی سمکۆوە. زیاتر بەوە ناسراوە کە توندو تیژ و دڵ ڕەقە بەرامبەر بە کرستیانەکانی ناوچەکە.
لە ئێستادا سمکۆ لەبەری خۆی دا سەنگەری لەم ناوچانەدا گرتووە ( تاسڤیچ – موگانچیك)، سێلیڤ، ئەو هێزە سەرەکیانەی فارس کە دانرابوون بەرامبەر سمکۆ هەموویان تێکشکاون و هەڵاتوون، زۆرێکیان خۆیان لە گوندەکاندا حەشارداوە، ئەمانە زۆر توڕەن و دڵگرانن بە رامبەر ئەو بڕە پارەیەی کە وەك مووچە پێیان دەدرێت. بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن لە بەر خاتری نۆ تومان لە مانگێکدا ئامادە نین خۆیان بەکوشت بدەن.

لە ئێستادا لە ناو بەرەکانی جەنگدا هیچ پێکدادانێك بەڕێوە ناچێت
ئێستا سمکۆ سەر قاڵی کۆکردنەوەی نانە بۆ سوپاکەی، دەسەڵاتی تەبرێز چاوەڕوانی هاوکاری تارانە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای پۆستە بێت هاوکاری لە تارانەوە دەرچووە و بە ڕێگاوەیە کە پێکدێت لە پەنجا فارگۆن چەك و ئازوقە و سەرباز، ئەمە سەرباری ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت سوپایەك کە پێکدێت لە بەختیاریەکان و ژمارەیان پێنج هەزار کەسە بگەنە تەبرێز.
پەیوەندیەکانی سمکۆ لەگەڵ سەرداری ماکین دا زۆر باشە، بەڵام سەردار خۆی وا پیشان دەدات کە هیچ پەیوەندیەکی بە سمکۆوە نی یە و کاری بە سمکۆوە نی یە، بەڵام بە نهێنی هاوکاری سمکۆ دەکات لە فرۆشتنی مەڕوماڵاتدا هەروەها زانیاریە نهێنیەکانی سوپای ئێران بە سمکۆ دەگەیەنێت.
کوردانی ناوچەی (سەوج بوڵاق- سابڵاغ) نایانەوێت بچنە ژێر دەسەڵاتی سمکۆوە، ئەو داوای هاوکاری لێکردوون بەڵام کوردانی ساوج بوڵاق ڕەتیانکردەوە و دەیانەوێت بەدڵسۆزیەوە خزمەتی شا بکەن. تەنها نزیکەی 200 کەسێك ڕۆشتنە بەرەی سمکۆوە و لە ڕیزی سوپاکەیدا دەجەنگن. ئەم سەربازانە زۆر توندوتیژی بەکار دەهێنن بەرامبەر بازرگان و سەیدەکانی ناوچەی سەڵماس و ورمێ، لە زیندانیان دەنێن و ئەشکەنجەیان دەدەن بە توندترین شێوە. بۆ نمونە (بە ئاسنی گەرم خوارەوەی سنگیان داخ دەکەن و دەسوتێنن، ئەندامی نێرینەیان دەبڕنەوە، ئاسن دەکەن بە گۆشتی سەروی ئەژنۆ یان دا، لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 150 کەسیان ڕایانکرد بۆ تەبرێز و لەوێ کەوتنە پاڕانەوە تاوەکو ڕزگار بکرێن لە زەبرو زەنگی سمکۆ)، ئەمە بۆچوونی نووسەری بەڵگەنامەکەیە کە دیارە دژ بەو سەرکردە کوردە نووسیوییەتی (کوردستانی نوێ).
لە ناو بازاڕی تەبڕێزدا خەڵکی کۆبوونەتەوە باسیان لە هاوکاری ئەم سەیدانە کردووە، لە ژێر دەسەڵاتی سمکۆدا تەنها کوردەکان دەتوانن بە ئاسایی ژیان بگوزەرێنن هیچ ڕەحمێکی نییە بەرامبەر ئەرمەن و ئاشوری و رووس، لەهەمانکاتدا بەرامبەر بە موسوڵمانان هیچ کارێکی خراپ ناکات بەڵام بەرامەر رووس و ئەرمەنیەکان زۆر بەزەبرو زەنگە و منداڵان و ژن و بەساڵا چوانی ناچارکردووە واز لە باوەری ئاینی خۆیان بهێنن و ببنە موسڵمان. پیاوەکانی ناچارکردووە کە هەریەکەو چەند ژنێك بهێنن. هەرچی کچی جوانیش هەیە ئەوا دەیانبات بۆ حەرەمی خۆی.
پێنج شەش مانگێك لەمەوبەر هەواڵی ناردووە بۆ ئەو ئەرمەنیانەی کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە لە سەلماس تا بگەڕێنەوە سەر زەوی و زار و ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە بەمەرجێك لە بەرهەمی کشتوکاڵی دا پێنج یەکی بۆ سمکۆبێت و پانزە قران بۆ هەر دەبەشێکی پوخت. ئەرمەنەکان ئەمەیان ڕەتکردەوە و دەڵێن ناگەڕێنەوە سەر کاروباری خۆیان تا ئەو کاتەی ئاڵای سور لەم ناوچانەدا هەڵدەکرێت.

لاپەڕەی نۆ بەشی پشتەوەی
ئەرمەنەکان لە ئێستادا تەنانەت ئامادەنین لە ژێر سەرپەرشتی دەشناکەکاندا بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانە. ئینگلیزەکان بە ئازادی لە ورمێ دەسوڕێنەوە بە ئۆتۆمبیل، سمکۆ چاکەتی سەربازی ئینگلیزی بەسەر سوپاکەیدا بەخشیوەتەوە.
ئینگلیزەکان ژمارەیان 9/10 کەسێك دەبێت لای سمکۆ. ئەو ئەمریکیانەی کە لە تەبرێزەوە هاتبوون بۆ ئەوەی هاوکاری جلوبەرگو یارمەتی دارایی بەسەر دانیشتوانی کەم دەرامەتی ناوچەکەدا ببەخشنەوە، لە لایەن سمکۆوە تاڵانکراون خەریکبووە بیانکوژن و بە ڕوتوقوتی گەڕاونەتەوە بۆ تەبرێز. بەشی زۆرینەی کوردان لەگەڵ کوردستانی ئازادان کە وابڕیارە دروستبکرێت لەو پارێزگایانەی کە دانیشتوانەکانی کوردن لە تورکیا و ئێران دا.

ناوچەی قەرەداغ
جەنگی ئەمیر ئەرشەد لەگەڵ خانەکانی (کالیبارسکی – کالیبار) بە سەرکەوتنی ئەمیر کۆتایهات، تەقی خان و سوجا مەلیك لەگەڵ خێزانەکانیاندا بەزەحمەت فریاکەتوون هەڵبێن بۆ سەر چیاکان و خۆیان حەشار بدەن.
ئەم سەرکەوتنە یەكلایکەرەوانەی ئەمیر ئەرشاد بەڵگەی زۆری هاوکاری دەشناکە کە لەڕیزی سوپاکەی ئەمیردا ژمارەیان پێنج سەد کەسە کە بیست ڕەشاشیان پێ یە بەهەموو پێداویستیەکانیانەوە، لەگەڵ سێ مەترلیۆزی شاخاوی، ئەمیر ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر تەبرێز کە بانگێشت دەکرێت لایەنگرانی دیموکراتی خوازانەوە، ئەگەر سەربکەوێت و تەبرێز بگرێت ئەوا شتێکی هاوشێوەی شای ئەزرباینجان دادەمەزرێنێت لە ناوچەکەدا.

ناوچەی ماراندی (مەرەندی)
حەبیبوڵا خان لە ماراندی سەربازە تورکەکان لەخۆی کۆ دەکاتەوە لە ئێستادا ژمارەی سەربازەکانی نزیکەی دووسەد کەس دەبێت جگە لە مانە توانای هەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دا نزیکەی هەزار کەسێك چەکداربکات. بەڵام زۆر پێویستی بە پارەیە، بۆیە داوای هاوکاری رووسیا دەکات تاوەکو ڕێگای قوسڵی رووس (باڵاندین) هاوکاری بکرێت بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمی گەنم و جۆی لە تەبرێز و بەو پارەیەی کە لەپای فرۆشتنی گەنموجۆکەیدا دەستی دەکەوێت بتوانێت سوپاکەی پێ بەهێزبکات. تەنانەت هیچ ڕەشاشێکی نییە و سوپاکەی پێویستی بە مەشق پێکەری سەربازی شارەزا هەیە. بۆیە داوا لە رووسیا دەکات دوو شارەزای رووسی یان ئەرمەنی بۆ بنێرن تا هاوکاری بکەن. حەبیبوڵا خان دەترسێت لە ئەمیر ئەرشاد، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ رووسیادا لە پەیوەندیدایە، ناسراوە وەك شۆڕشگێڕێکی بە ئەزموون لە ناو هەموو خانەکانی ئازربایجاندا.
لە تەبرێز دژایەتی و چاودێریکردنی پۆلیس زۆر زیاتر بووە لەسەر بەلشەفیك و لایەنگرانی بەلشەفیك دوانزە ڕۆژێك لەمەوبەر حەوت کەس لە لایەنگرانی سۆسیال دیموکراتەکان دەستگیرکراون لەلایەن پۆلیسەوە ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەی (زەنگ)ی ئەرمەنی داخراوە کە زیاتر لایەنگری بەلشەفیکە. هەروەها دەسەڵات داوای لە هەڵهاتووانی ناوچەی زەنگەزۆر کردووە لە ماوەی پانزە ڕۆژدا ووڵاتی فارس بەجێبهێڵن کە بەهۆی هەبوونی ئەوانەوە نرخی نان زۆر بەرز بووەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*