سەرەکی » دۆسێ » (قوتـابـخانە فەلسەفی – عیرفانییەکانی هیندستان)

دارشاناکان

(قوتـابـخانە فەلسەفی – عیرفانییەکانی هیندستان)

مەحمود شێرزاد

فەیلەسوفی بە ناوبانگی هیندی سروپالی رادا کریشنان لە کتێبی «مێژووی فەلسەفەی خۆرهەڵات»دا دەڵێ: فەیلەسوف و بیرمەندەکان تا ئەم دوایانە پێیان وابوو فەلسەفە بۆ یەکەمجار لە یۆنان سەری هەڵداوە. لەبەر ئەوە مێژووی فەلسەفەیان دەگەڕاندەوە بۆ یۆنان و تەنیا مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوایان دەنووسێوە، بەڵام ئێستا دەزانن 600ساڵ پێش زایین کاتێ گەرای فەلسەفەی خۆرئاوا لە یۆنان و لەسەردەستی «تالس» داندرا، فەلسەفە و بە گشتی مەعریفە لە هیندستان لە لوتکەدا بوو، واتە کامڵ ببوو.
ئەم قسەیەی رادا کریشنان بە تەواوی راستە و خوێندەنەوەی مێژووی قوتابخانە فەلسەفییەکانی هیند ئەو راستییە بە باشی روون دەکاتەوە. هەندێ لە قوتابخانە فەلسەفی و مەعریفییەکانی هیند بۆ زیاتر لە 6 تا 10هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێنەوە. لەهەمان کاتدا لە رووی درک و تێگەیشتن و تێڕاونین و ناسینەوە زۆر کامڵن و رۆژ دوای رۆژ کامڵبووونیان زیاتر دەردەکەوێ. هۆکاری ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شێوازی کاری حەکیمەکانی هیند کە «ریشی»، «گووروو» و «سادگووروو»یان پێدەگوترێ، جیاوازە. ئەوان بە پێچەوانەی خەڵکانیتر لە ئاگایی و وزەی بنەڕەتی دیاردە و دەرکەوتەکانی بوون ورد بوونەتەوە. واتە خۆیان بە رواڵەتی بوونەوە سەرقاڵ نەکردووە، هەوڵیان داوە گەوهەری بوون بناسن. وەک لە نەریتی فەلسەفی خۆرئاوادا باوە، فەلسەفە بوارێکی عەقڵانییە، ئەقڵ کەرەستەی کارپێکردنی فەلسەفەیە، فەیلەسوف لە فەلسەفەی خۆرئاوادا بیر دەکاتەوە. بەڵام فەلسەفە لە هیندستان ناسین و درک و جێبەجێکردنی (دهارما)یە، واتە ئەم یاسا و رێسا و زانستە دەگرێتەوە کە ئەم بوونەی لێوە هاتووە و رایگرتووە درێژەی پێدەدا. ئەقڵ بۆ درک کردن و ناسینی گەوهەری بوون «دهارما»، وەک سوهرەوەردی دەڵێ پێویستە، بەڵام تەواو نیە. پێویستمان بە «دیناوی – شهود»یش هەیە. هەر بۆیەش ریشییەکانی هیندستان جگە لە ئەقڵی پاژەکی و دەرەکی، زیاتر کاریان بە ئەقڵی کامڵ و ناخەکیی کردووە. ریشی بیرکردنەوەی راگرتووە. بە ئەزموونی ریشی بیرکردنەوەکان هەست و زەین پیس و ڵێڵ دەکەن. هەست و زەینی پیس هەرگیز ناتوانن هەقیقەتی پەتی بە کامڵی نیشان بدەن. هەست و زەین دەبێ ئارام و خاوێن و خامۆش بن، لەم حاڵەتەدا گەوهەری دیاردە و دەرکەوتەکان و بە گشتی گەوهەری بوونیان بۆ ئاشکرا دەبێ. بەمشێوەیە ریشی توانیوێتی جگە لە ئەقڵی پاژەکی لە ئەقڵی کامڵیش بە باشی کەڵک وەربگرێ. دکتۆر داریوشی شایگان لە کتێبی دینەکان و قوتابخانە فەلسەفییەکانی هینددا دەڵێ: (فەلسەفەی یۆنان و خۆرئاوا هەوڵدەدەن ئەوە بناسن کە خۆی، خۆی ناساندووە. بەڵام فەلسەفەی هیندستان هەوڵدەدا ئەوە بناسێ کە شاراوە و نەناسراوە). ئەم رستەیەی شایگان ئاراستە و چۆنییەتی و جیاوازی تێڕاونینی فەلسەفی بیرمەندانی خۆرئاوا و ریشییەکانی هیند بە تەواوی روون دەکاتەوە. دەریدەخا ئاراستەی بیر و درک لە خۆرئاوا جەستەییە و بەرەو دەرەوەیە، لە هندستان رۆحییە و بەرەو ناوەوەیە.

دارشاناکان ( Darshanas)
رەوتی فکری و فەلسەفی لە هیندسیان لەسەر بنەمای قبوڵ یان رەتکردنەوەی ڤیداییەکان دامەزراوە. لە هندستان 9 قوتابخانەی فەلسەفی هەیە. شەش قوتابخانەیان ڤیداییەکانیان قبوڵ کردووە و سێ دانەیان ڤیداییەکانیان قبوڵ نەکردووە. لەسەر ئەم بنەمایە قوتابخانە فەلسەفییەکان و حیکمەت و عیرفانەکانی هیندستان بەسەر دوو بنەمادا دابەش دەبن، بنەمای یەکەم پێی دەگوترێ ئاستیکا «astika»، واتە قوتابخانە خواباوەڕەکان. ئەم بنەمایە ئەو شەش قوتابخانەیە دەگرێتەوە کە ڤیداییەکانیان قبوڵە، واتە هەموویان باوەڕیان بە وزەی دایک یان رۆح هەیە. بنەمای دووەمی فەلسەفەی هیندی پێی دەگوترێ ناستیکا «nastika»، یانی خوا ناباوەڕەکان، واتە ئەو قوتابخانانەی ڤیداییەکانیان قبوڵ نیە، واتە باوەڕیان بە بوونی رۆح یان وزەی دایک و بنەڕەت نیە. ناستیکاکان سێ دانەن، یەکەم: جاینیزم، دووەم: بودیسم و سێیەم: چارڤاکا. لەم وتارەدا تەنیا ئاستیکاکان کە شەش دانەن و لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان باس دەکەین.
ئەم دوو بنەمایە لەگەڵ ئەوەشدا روانگەیان جیاوازە، بەڵام هەر 9 قوتابخانەکە لەبارەی ئەم سێ خاڵەوە کە بریتین لە «کارما»، «تەناسوخ یان دۆنادۆن» و «ئازار» کۆکن، هەموویان ئەم سێ چەمکەیان قبوڵە و گرنگیان پێداون.
وشەی دارشانا یانی قوتابخانە، یانی درک و تێگەیشتنی راستەوخۆ، دنیابینی و زانستی رۆحی و ناوەکیی، یانی ئیشراق و وەحی و ئیلهام، دارشانا روانگەیەکی کامڵ و کامڵبینە و پاژەکی و پاژبین نیە. لە ئەقڵی گشتییەوە هەڵدەستێ نەک لە ئەقڵی پاژەکییەوە. ئەم شەش دارشانایە هەر یەکەوە لە رەهەندێکەوە بە بێ ئەوەی دژایەتی دارشاناکانیتر بکەن بنەڕەت و رواڵەت دەناسن و دەناسێنن. هاوکات تێدەکۆشن لەرێگەی رێنمایی و ئامۆژگارییە گەردوونی و ئەخلاقییەکانەوە یارمەتی مرۆڤ بدەن تا لە نەزانی دەربازی بێ و رووناک بێتەوە. هەر یەک لەم دارشانایانە مامۆستایەکی رۆحی گەورەیان لە پشتە. لە زمانی سانسکریتیدا بەو مامۆستایانە دەڵێن ریشی.
شەش دارشاناکە، واتا شەش روانگە عیرفانییەکە بریتین لە یەکەم: سانکهیا یان سامکهیا کە ریشییەک بە ناوی کاپیلا پەی پێ بردووە. دووەم: روانگەی دووەم یۆگایە، یۆگا زۆر کۆنە و مێژووەکەی بۆ 6 تا 10 هەزار ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە، بەڵام حەکیمێک بە ناوی پاتانجالی دوو سەدە پێش یان پاش زایین بۆ یەکەمجار لە کتێبێکدا بە ناوی «یۆگا سوتراکان» چوارچێوەیەکی زانستی بۆ داناوە. سێیەم: پوورڤا میمانسا، ئەم دارشانایە ریشییەک بە ناوی «جای مینی» بنەماکانی داڕشتووە. چوارەم: ڤێدانتا، روانگەی ڤێدانتا حەکیمێک بە ناوی ڤیاسا پەی پێ بردووە. پێنجەم: ڤایشیشیکا، ریشییەک بە ناوی «کاناندا» بۆ یەکەمجار ئاشنای بۆتەوە. شەشەم: نیایا، حەکیمیێک بە ناوی گائوتاما بۆ یەکەمجار پەی پێ بردووە.

سامکهیا ((Samkhya
وشەی سامکهیا یان سانکهیا لە دوو وشەی «سات»بە مانای هەقیقەت و «کهیا» بە مانای زانین پێکدێ. ئەم فەلسەفەیە دەڵێ بۆ تێگەیشتن لە «بوون» دەبێ دڵ و مێشکمان بکەینەوە و خاوێنیان بکەینەوە و بە کراوەیی بیانهێڵینەوە. ئەم قوتابخانەیە ریئالیستییە و باوەڕی بە دوانەی رۆح و ماددە هەیە. حەکیم کاپیلا کاتێ پەی بە حیکمەتی سامکهیا برد، ئاماژەی بە دوو راستی بە ناوەکانی پوورووشا (رۆح) و پراکریتی (ماددە) کرد.
پوورووشا یان رۆح لە دەرەوەی ناو و نیشانە . تەنانەت هیچ رۆڵێکی ئاشکرای لە درووستکردنی ئەم بوونەدا نیە. یانی پوورووشا هەمان بۆشاییە. ئەم بۆشاییەی کە ئەم خیلقەتەی لە ئامێز گرتووە و هاوکات رۆحی هەموو زەڕڕەیەکیش پێکدێنێ و ناوکی هەموو زەڕڕەیەک بۆشە. ئەم بۆشاییە لە هەمان کاتدا سەرچاوەی بوونە، بەڵام دیار و ئاشکرا ئەم کارە ناکا یان ئێمە ناتوانین بەئاسانی ئەم ئاگاییە ببینین کە لەم بۆشاییەوە دێ و، دواتر رەگەزەکان دروست دەکا و لەرێگەی تەتۆمی رەگەزەکانەوە شکڵ و شێوە جیاجیاکان دەخوڵقێنێ. پراکریتی، واتە ماددە یان خیلقەتی بەرجەستە و ئاشکرا لە بۆشاییەوە سەرچاوەی گرتووە و لەناو بۆشاییدا، واتا لە پوورووشا دایە.
پراکریتی بە پێچەوانەی پوورووشا کۆمەڵێک شکڵ و رەنگ و تایبەتمەندی دیاریکراو و بێ ئەژماری هەن. کاپیلا گوتی پراکریتی لە رێگەی ئەم کۆمەڵە بنەمایەوە دەردەکەوێ، ئەمانە بنەماکانی بوونی ماددین، یانی پراکریتی یان خیلقەت بەم رەوتەدا دێ و ئاوا بەرجەستە دەبێتەوە. خیلقەت سەرەتا ماهاد «ئەقڵ – ئاگایی»ە.
دواتر دەبێ بە ئاهامکار «نەفس – ئیگۆ». ئاهامکار یان نەفس بەسەر سێ جۆر بە ناوەکانی ساتڤا، راجاس، تاماسدا دابەش دەبێ کە ئەم سێ جۆرە لە هەموو ئەتۆم و لە هەموو شتێکدا هەن. ساتڤا بریتییە لە گیانی سووکەڵەی نادیار، راجاس بریتییە لە وزەی وەجوڵەخستنی ژیان، تاماس بریتییە لە هیزی جوڵەنەکردن و جێگیرکردن و قورسیی ماددە. ساتڤا بەسەر ٥ ئەندامی هەستەکی گوێ و پێست و چاوەکان و زمان و لوتدا دابەش دەبێ. راجاس بەسەر ٥ ئەندامی کرداریی دەم و دەست و قاچ و کۆئەندامی زاوزێ و کۆئەندامی دەرداندا دابەش دەبێ. تاماس بەسەر ٥ رەگەزی ئەتەر و هەوا و ئاگر و ئاو و خاکدا دابەش دەبێ. ئەم بنەمایانە بنەمای خیلقەتن و هەموو بەشەکانی بوون بەم پرۆسەیەدا تێدەپەڕن و دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە، واتە بۆ پوورووشاوە.
لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە دەڵێن ئافرێنراو یان پراکریتی لە پوورووشاوە سەرچاوە دەگرێ و لەناوچوونی دنیاش بریتییە لە گەڕانەوەی ئافرێنراو بۆ حاڵەتی بێ حاڵەتی سەرەتایی، واتە بۆ پوورووشا. هاوکات دەڵێن مرۆڤ بە ئیشراق ناگا تا لە کۆنترۆڵی ئاهامکار و سێ جۆری ساتڤا و راجاس و تاماس دابێ. مرۆڤ تا لە کۆنتڕۆڵی ئەم سێ جۆرە دابێ ناهاوسەنگ دەبێ. لێڕەوە بە داوی نەخۆشی و ناخۆشی و نەزانییەکانەوە دەبێ. سامکهیا دەڵێ مرۆڤ دەبێ هەنگاو بە هەنگاو بەم بنەمایانەدا بچێتەوە تا دەیانناسێ و لێیان ئازاد دەبێ، ئینجا وەک ئاگایی وەسڵ دەبێتەوە بە پوورووشاوە، واتە ئیشراق دەکا.

یۆگا Yoga
بە گوێرەی ئەم بەڵگانەی لەبەردەستن قوتابخانەی یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ 6 تا 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام دوو سەد ساڵ پێش یان پاش «زایینی مەسیح» حەکیمێک بە ناوی پاتانجالی یۆگای کۆکردۆتەوە و بەسەر هەشت قۆناغدا دابەشی کردووە کە پێی دەڵێن ئاشتانگا یۆگا. ئاشتانگا یۆگا بریتییە لە: «یاما»، «نیاما»، «ئاسانا»، «پرانایاما»، «پراتیاهارا»، «دهارنا»، «دهایانا»، «سامادی». بەداخەوە لێرەدا مەجال نیە ئەم قۆناغانە شی بکەینەوە، بۆیە هەر ئازیزێک حەزدەکا بیانزانێ یان سەردانی یوتوبی نووسەری ئەم وتارە بکەن یان لە شوێنیتر بۆی بگەڕێن، دەیاندۆزنەوە. ئاشتانگا یۆگا بەسەر دوو بەشی «هاتا یۆگا» و «راجا یۆگا»دا دابەش دەبن. هاتا یۆگا لایەنی جەستەیی و رواڵەتی یۆگایە کە چوار قۆناغی ئاسانا و پرانایاما و پراتیاهارا و دهارنا دەگرێتەوە. راجا یۆگا لایەنی زەینی و رۆحی یۆگایە کە لە چوار قۆناغی یاما و نیاما و دهیانا و سامادی پێک دێ. هەموو تەریقەتەکانی یۆگا لەم هەشت قۆناغە پێکدێن، بەڵام هەر تەریقەتەی بە گوێرەی تایبەتمەندییەکانی خۆی قۆناغەکان پاش و پێش دەکا.
وشەی یۆگا بە مانای یەکێتی و یەکگرتن و هەروەها بە مانای چاوەدێری کردنیش دێ. یانی یەکگرتنەوی رۆحی تاک لەگەڵ رۆحی گەردوون و هەروەها چاوەدێریکردنی جموجوڵەکانی مێشک. یۆگا پێی وایە رۆح دەتوانی لە ماددە رزگاری بێ. یۆگا دەڵێ لە بەرنجامی یەکگرتنی رۆح و ماددەدا نەزانی و ئازار و ناخۆشی لەدایکبوون و مرۆڤ لە یۆگی و بهۆگییەوە بۆتە رۆگی، واتە بۆتە دەردەدار. یانی ئەگەر ئێمە پێمان وابێ جەستەمان هەقیقەتە نەک رۆحمان، ببینە کۆیلەی حەزەکانی جەستەمان ئەوە بە داوی کارما و ئازار و بازنەی لەبڕان نەهاتووی دۆنادۆنەوە دەبین. یۆگا پەی بەوە بردووە کە رۆح گەشە دەکا و بە گوێرەی ئاستی گەشەکردنی جەستە هەڵدەبژێرێ، وەک مەولاناش ئاماژەی پێداوە لە خۆڵەوە تا گیاوگوڵ و دار و ئاژەڵ و مرۆڤ و سەروو مرۆڤ دەڕوا هەتا تێکەڵ بە پوورووشا دەبێتەوە. یۆگا دەڵێ رۆحی تاکەکەسی بەشێکە لە رۆحی گەردوونی، مرۆڤ ئەو کاتە بەختەوەر دەبێ و لە نەزانی و ئازار بە تەواوی رزگاری دەبێ کە رۆحی تاکەکەسییەکەی لەگەڵ رۆحی گەردوونیی تێكەڵ بێتەوە، بەمەش دەڵێن نیرڤانا، واتە رووناکبوونەوە.
یۆگا دەڵێ کاتێ مرۆڤ لە یەکێتی بوون دێتە دەرەوە ناهاوسەنگ دەبێ. ئەم ناهاوسەنگییە هەم تاکەکەسییە و هەم گشتییە. مرۆڤ لە چوار رەهەندی جەستە، زەین، سۆز و عاتیفە و وزە پێکهاتووە. ئەگەر ئێمە هاوسەنگ نەبین بەو مانایەیە ئەم چوار رەهەندەمان پێکەوە هاوئاهەنگ نین و ئاگایان لە یەکتری نیە و ناگایانە دژی یەکتری دەجوڵێنەوە و کەسەکە تووشی ناخۆشی و نەخۆشی و نەزانییە جۆراوجۆرەکان دەبێ.
سیستەمی زانستی _ گەردوونی یۆگا بە جۆرێکە ئاگایی مرۆڤ لە رواڵەتەوە وەگەڕێنێ بۆ ناوەوە، لە دەرەوەڕا بگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە. واتە وا بکا ئاگایی کەسەکە هەنگاو بە هەنگاو لە رواڵەتی «بمر»ەوە بگەڕێتەوە بەرەو ناوەندی خودی «نەمر»ی خۆی و لەوێدا ئۆقرە بگرێ. حەکیم پاتانجالی لە کتێبی یۆگا سوتراکاندا دەڵێ: (یۆگا ئۆقرەگرتنی ئاگاییە لە ناوەندی خۆیدا). یۆگا دەڵێ زەینی مرۆڤ هەمیشە لەم ٥ حاڵەتەدایە، یەکەم: درکی دروست، دووەم: درکی نادروست، سێیەم: وەهم، چوارەم: غەفڵەت، پێنجەم: لە بیرەوەرییەکاندایە. یۆگا دەڵێ تاقی بکەرەوە، خۆت بخە ژێر چاوەدێری خۆتەوە، بزانە وایە یان نا! تا مرۆڤ زەینی لەم پێنج حاڵەتە رزگار نەکا، ئاگاییەکەی، یان زەین و هۆش و تەرکیزی هەمیشە ئاڵۆز و ناهاوسەنگ و لاواز دەبێ. ئەم جۆرە ئاگاییە، ئەم کەسە هەرگیز ژیانی راستەقینە ناژی و قەت هەقیقەت درک ناکا. پاتانجالی دەڵێ خۆشی و ناخۆشی، باش و خراپ و…هتد، هەر دووکیان لە نێوان ئاگایی تاکەکەسی و ئاگایی گەردوونیدا دیوار دروست دەکەن و ناهێڵێن کەسەکە پەی بە هەقیقەتی خۆی و لە رێگەی هەقیقەتی خۆیەوە پەی بە هەقیقەتی بوون بەرێ. مرۆڤ دەبێ خۆی لەهەر چەشنە دوانێتییەک رزگار بکا. ئامانجی یۆگا سامادییە، واتە رووناکبوونەوەیە. سدارشانای یۆگا و دارشانای سامکهیا زۆر لێک نزیکن و بۆ پەیڕەوانی هەر دوو لایان باشترە ئاگاداریی هەر دووکیان بن.

پوورڤا میمانسا ( (purva mimansa
وشەی میمانسا بە مانای «یەکەمین پرسیار»، «لێکۆڵینەوە» و «تێگەیشنە». ئەم قوتابخانەیەش رۆح لە جەستە بە جیا و بەسەربەخۆ دەزانی و دەڵێ رۆح نەمرە. میمانسا پێی وایە مرۆڤ دەبێ بنەماکانی ژیانی گەردوونی و خوایی کە پێیان دەگوترێ «دهارما» یان «دارما» ڕەچاو بکا، بە ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایانە مرۆڤ دەچێتە بەهەشت و رزگاری دەبێ. دهارماکان بنەماکانی ئایینی ڤیدایی پێکدێنن. دهارماکان بریتیین لە قانوونە گەردوونی و ئەخلاقییەکان، کەسێک ئەم بنەمایانە رەچاو بکا لەگەڵ بوون هاوئاهەنگ و هاوسەنگ دەژی، بەمشێوەیە بەهەشت و ژیانی نەمری ئەزموون دەکا. ئامانجی سەرەکی قوتابخانەی میمانسا پشتیوانیکردنە لە ئایینی ڤیدایی، بە تایبەتی هەوڵدەدا بنەماکانی ئایینی ڤیدایی بڵاو بکاتەوە و بیسەلمێنێ کە راستن، بۆیە هەوڵدەدا ئەم بنەمایانە قبوڵ بکەین و رۆژانە شەریعەتی ڤیدایی جێبەجێ بکەین.
قوتابخانەی میمانسا دەڵێ ڤیداییەکان هەڵقوڵاوی زەینی مرۆڤ نین، ئاگایی و مەعریفەی گەردوونی – خوایین کە ریشییەکان پەیان پێ بردوون. کەواتە ناتەواو و دژبەیەک نین، کامڵ و لەگەوهەردا یەک و یەکدەستن. میمانسا دەڵێ مەعریفە و ئایینی راست بە دەق و لەدەقدا یەکدەستە و هیچ روانگە و ئامۆژگارییەکی دژبەیەکی تێدا نیە. چونکە مەعریفە و ئایینی راست ئەگەر لە گەوهەری خواوە سەرچاوەی گرتبێ دەبێ یەکدەست و کامڵ بێ، لەبەر ئەوەی گەوهەری بوون یان خوا وەحدەتە، یەکە و کامڵە. دارشانای میمانسا لەبارەی مەعریفەی ڤیداییەوە کۆمەڵێک باسی مەعریفی ورد و قوڵی هەیە، دەڵێ بۆ سەلماندنی راستی و دروستی هەر مەعریفە و ئایینێک دەبێ بگەڕێنەوە بۆ بنەما و گەوهەری مەعریفە و ئایینەکە و لە ریگەی خودی خۆی راستی و ناراستییەکەیمان بۆ دەرکەوێ، نەک لە رێگەی ئایین و مەعریفەیەکی ترەوە.
دارشانای میمانسا دارشانایەکی ریئالیستییە و پێی وایە مرۆڤ دەتوانێ لە رێگەی هەستی خاوێن و درکی ئازادەوە راستی و ناڕاستی مەعریفە و ئایینەکان و هەر وەها «بوون» بناسێ، یان رۆح لە قۆناغەکانی درکی ناتەواو رزگار بکا تا ئەوەی بتوانێ هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدی درک بکا. ئەوان دەڵێن کاتێ دەرکەوتە و دیاردەیەکی سروشتی یان مەعریفەیەک بکەوێتە بەردەم درک و هەستی خاوێن و ئازادەوە، هەقیقەتەکەی راستەخۆ بۆ کەسەکە ئاشکرا دەبێ. کەواتە ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە لە لایەک درکمان لە پێش گریمانە و باوەڕ و روانگە جیاجیاکان دەرباز بکەین، لەلایەکیتریشەوە رەمەک و هەستەکانمان لە هەواهەوسە جیاجیاکان لەرێگەی رەچاوکردنی بنەما ڤیداییەکانەوە خاوێن بکەینەوە تا توانایی ئەوەمان هەبێ «بوون» یان «مەعریفە و روانگە»کان بە دروستی درک بکەین و راستەخۆ بزانین چی دروستە و چی نادروستە.

ڤێدانتا vedanta
قوتابخانەی ڤێدانتا لەسەر بنەمای ئۆپانیشادەکان دامەزراوە. ئۆپانیشادەکان لوتکە و ئامانجی مەعریفەی ڤیدایین. لە دوای ئەوەی «شانکارا» دارشانای ڤێدانتەی راڤە کرد، ڤێدانتە زۆرترین پانتایی مەعریفی و ئایینی و فەلسەفی هیندی تا ئێستاش داگیر کردووە. لە دوای ئەم رووداوەوە شارستانییەتی هیندی بە شارستانییەتی «ڤیدای»یش ناو دەبرێ. قوتابخانەی ڤێدانتا باوەڕی بە یەکێتی بوون هەیە، دەڵێ پوورووشا هەموو شتێکە، ئەوەی هەیە پوورووشایە، واتە خودایە. هەر شتێک دەرکەوتووە بۆیە دەرکەوتووە و هەیە چونکە بەشێکە لە رۆحی تاک و تەنیای خوا. بەراهما لە هەموو شتێکدا هەیە، هەر شتێک کە هەیە لە ئەزەلەوە هەبووە و تا ئەبەدیش دەبێ. دەڵێ ئێمە ئەوین، واتە خوداین و ئاتمانی ئێمە بەشێکە لە براهما.
دارشانای ڤێدانتا دەڵێ هەر شتێک هەیە ئەم سێ تایبەتمەندییەی هەیە، یەکەم: سات (sat)، واتە هەقیقەتە. هەقیقەتیش یانی ئەوەی هەیە وەک ئەوەی کە هەیە، نەک وەک ئەوەی هەرکەسەو لە روانگەی خۆیەوە پێی وایە و باسی دەکا. دووەم: چیت( chit ) ، چیت یانی زانست و مەعریفە و ئاگایی کامڵ. سێیەم: ئاناندا (ananda)، شادی و سروری هەمیشەیی و نەگۆڕ. هەر سێ بنەماکە بە یەکەوە یانی هەر شتێک کە هەیە نەمرە، سەر بە ئاگایی کامڵە و هەمیشە شاد و مەسروورە.
قوتابخانەی ڤێدانتا دەڵێ براهما رۆحی گەردوونییە و ئاتمان روحی تاکەکەسییە. ئەم دارشانایە دەڵێ رۆحی تاکەکەسی بە پێنج پەردە یان دیوار دەور دراوە، یەکەم: دیواری رەگەزە ماددییەکان، دووەم: دیواری هەناسە و تاقەی ژیان، سێیەم: دیواری من یان ئیگۆ، چوارەم: دیواری زەین و ئەقڵ، پێنجەم: دیواری خۆشی و شادییە دنیاییەکان. ڤێدانتا دەڵێ ئەم دیوارانە چ باش چ خراپ دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە بنەڕەت و ئەسڵی راستەقینەی خۆی داببڕێ، بۆیە مرۆڤ دەبێ هەوڵ بدا خۆی لەم پێنج دیوارە دەرباز بکا. ئاتمان یان رۆحی تاکەکەسی تا رزگاری بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێ، ئەم چوار قۆناغە بریتین لە قۆناغی بەخەوەری «جاگرووتی»، قۆناغی خەو و خەیاڵ «ساپنا»، قۆناغی خەوی قووڵ ‹نیدرا»، قۆناغی ئاگایی کامڵ «توریا»، کاتێ رۆح یان ئاتمانی تاکەکەسی دەگاتە قۆناغی چوارەم «زاتی رەها» دەبینێ و تێکەڵی دەبێتەوە، واتە براهما و ئاتمان دەبنەوە بە یەک و بەم شێوەیە دارشانای ڤێدانتا روودەدا.

ڤایشیشیکا Vaisheshika
وشەی ڤایشیشیکا یانی «تایبەت» و «دیاریکراو»، ئەم قوتابخانەیە گرنگی بە تایبەتمەندی جیاوازیی شتەکان بە یەکەوە دەدا. بە پێچەوانەی ڤێدانتا باوەڕی بە «فرەیی بوون» هەیە و هەوڵدەدا هەر یەک لە بەروارد لەگەڵ ئەوانیتردا بناسێ، بەڵام رۆحی ئەم فرەییە یەکە. دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیە ناوی «کاناندا»یە و هەندێ جار بە «ئولوکا»ش ناوی دێ. بەڵام ئەم قوتابخانەیەش وەک هەموو قوتابخانە و دارشاناکانیتر ئامانجی ئەوەیە مرۆڤ بە ئازادی و ئاگایی باڵا بگەیەنێ. ڤایشیشیکا دەڵێ 6 بنەما هەن بۆ ئەوەی رزگار بین دەبێ بیانناسین. یەکەم: «جۆر»ە کە بە سانسکریتی پێی دەڵێن «گونا»، واتە کاکڵی دەرکەوتە و دیاردەکە. دووەم: کردار «کارما»، واتە کردارەکان یان ئەزموونە کەڵەکە بووەکانی ژیانەکانی رابردوومان تا ئێستا. سێیەم: تایبەتمەندی گشتی «سامانیا». چوارەم: تایبەتمەندی بێ هاوتایی و تاکێتی «ڤیشاسا». پێنجەم: وەسڵ و پەیوەندی بنەڕەتی و شاراوەی شتەکان بە یەکەوە «ساماڤایا». شەشەم: نەبوون «ئەبهاڤا».
ئەم قوتابخانەیە پێی وایە ئەو رەگەزانەی شتەکانی جیهان پێکدێنن بریتین لە: خاک، ئاو، ئاگر، هەوا، ئەتەر، کات، شوێن، رۆح و زەین. لەسەر بنەمای ئەم قوتابخانەیە خوا ئەم بوونەی لە رێگەی ئەم رەگەزانەوە دروست کردووە و رایگرتووە و هەر ئەویش دەتوانێ لە ناوی بەرێ. ڤایشیشیکا دەڵێ ئەتۆم بجووکترین یەکەی پێکهێنەری بوونە و بەسەر یەکەی لە خۆی بچووکتردا دابەش نابێ. لە هەمان کاتدا نەمرە و خوا لە رێگەی ئەتۆمەوە شتەکان دروست دەکا و دەریاندەخا. ئەم دارشانایە پێی وایە دەتوانین بەشە جیاجیاکانی بوون لە رێگەی پێکەوە بەراورد کردنەوە، لە رێگەی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و خاڵی جیاوازیان بناسین و بەمشێوەیە بە مەعریفەی شتەکان بگەین.

نیایا nyaya
ئەم قوتابخانەیە ریشییەک بە ناوی گائوتاما دایهێناوە. دارشانای نیایا، دارشانایەکی لۆژیکییە. نیایا یانی شێواز یان مێتۆد. شێوازی ناسینی بوون لەم قوتابخانەیەدا لەسەر بنەمای بەڵگەی لۆژیکی و بەراوردی ئەقڵی دامەزراوە. لێرەدا چوار بنەما باس دەکا کە دەبنە هۆی ناسینی بوون و رزگاری مرۆڤ لە نەزانیی، یەکەم: درکی هەستەکی یان بینین «pratyaksa»، لێکدانەوە «anumana»، بەراورد یان لەبەر یەک رانان»upamana»، شایەت ‌هێنانەوە « sabda».
قوتابخانەی نیایا پێی وایە رۆح یان خوا درک ناکرێ مەگەر لە رێگەی شایەت هێنانەوەی کتێبە ئاسمانییەکان یان لێکدانەوە مەعریفییەکانی کەسانی جێگەی متمانەوە نەبێ.
ئەم شەش دارشانایەی لەسەرەوە باس کران شەش قوتابخانەی فەلسەفی خواباوەڕی هندستانن. خوێنەری ئازیز! ئەم وتارە بۆ رۆژنامە نووسراوە و بابەتەکان بە چڕی باسکراون، پێویستە خۆت زیاتر لەم بوارەدا بخوێنیتەوە.

سەرچاوەکان:
1. سروپالی رادا کریشنان، تاریخ فلسفە شرق و غرب، کتاب، مترجم جواد یوسفیان، تهران، شرکت انتشارات علمی و فرهنگی، چاپ نخست 1367
2. داریوش شایگان، ادیان و مکتبهای فلسفی هند، کتاب، تهران، موسسە انتشارات امیر کبیر، سال 1389
3. واسانت لاد، ایورودا: علم خود درمانی، کتاب، مترجم: مسعود عامری، انتشارات قلم، سال 1368
4. ساتیش چاندرا چاترچی، درینداراموهان داتا، معرفی مکتبهای فلسفی هند، کتاب، مترجم: فرناز ناظرزادە کرمانی، مرکز مطالعات و تحقیقات ادیان و مذاهب، سال 1384

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*