سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا؛ كۆنگرەی ئەمن و ئاسایش بەسترا

وڵاتان پشتیوانی خۆیـان بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە

ئەڵمانیا؛ كۆنگرەی ئەمن و ئاسایش بەسترا

لە دوو سێ رۆژی رابردوودا 56 ەمین كۆنگرەی ساڵانەی میونشن بۆ ئەمن و ئاسایش Siko لە ئەڵمانیا بە بەشداریی 500 سەرۆك و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی ئەمنی ژمارەیەكی زۆری وڵاتان بەستراو لە دەیان دیبەیت و پانێڵدا لەلایەن شارەزا و دەسەڵاتدارانی بواری ئەمنییەوە، باس لە كێشە جیهانییەكان كرا و تیایدا رەوشی وڵاتە نائارامەكان، هەمان كات گۆڕانی كەش و هەوا و نەخشەسازی بۆ ئایندە و رەواندنەوەی مەترسییەكان بەهەند وەرگیران، لەپاڵ ئەو پانێڵ و وتارانەی كە لە كۆنگرەكەدا پێشكەشكران، دەیان دیداری سیاسی لە نێوان بەشدارانی كۆنگرەكەدا بەڕێوەچوو، كە زۆربەیان بە ئاراستەی هێوركردنەوەی رەوشی سیاسی وڵاتان بوون. سەۆكی ئەو وڵاتانە رەخنەی توندیان ئاراستەی یەكتری كرد.

باسی چییان كرد؟
تەوەرە سەرەكییەكانی كۆنگرەی ئەمساڵ بریتیبوون لە گفتوگۆ لەسەر شەڕ و شۆڕەكان و زیادبوونی گروپە چەكدارەكان و مەترسییەكانیان لەسەر وڵاتان، هەروەها ئاسایشی ئەلیكترۆنی و تەكنۆلۆژی خۆی لە تاوتوێكردنی مەترسییەكانی بەكارهێنانی ئینتەرنێت بۆ سیخوڕیكردن و تێكدانی ژێرخانی وڵاتان دەبینێتەوە، كە لەم ساڵانەی دواییدا بەخەستی بەكارهاتووە. لە هەمووشیان گرنگتر ئاسایشی مرۆڤایەتیی ‌و مەترسییەكانی گۆڕانی كەش و هەوا بوون، نەخۆشییە گواستراوەكان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ بە هەند وەرگیران و ئەو مەترسییانەش تاوتوێكران كە لە ئەنجامی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و چەك و مادەی هۆشبەر ‌و بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی دێنەئاراوە.

شەڕە ماڵوێرانكەرەكان
سوریا و لیبیا زۆرترین باسیان بەدوای خۆیاندا هێنا و سەرۆكی كۆنگرە لۆمەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە لە كۆتاییهێنان بە ئاژاوەكانی ئەو دوو وڵاتە شكستیهێناوە. ئەو شەڕانە لە پێكدادانێكەوە بوونەتە كارەساتێكی مرۆیی و كەس نایەوێت هێوربێتەوە. سەبارەت بە شەڕ و كوشتاری سوریا، ڤۆلڤگەنگ ئەشینگەر سەرۆكی كۆنگرە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بیرۆكەیە راگەیاند كە داوای دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام دەكات لە باكووری سوریا ‌و لەو بارەیەوە وتی: ئەو پێشنیارە ئاراستەیەكی راست و دڵخۆشكەرە و پشتیوانی پێشنیارەكەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دەكەم. رەخنەی لە ئەڵمانیاش گرت كە هێندەی قورسایی خۆی لە ناو ئەوروپادا ئامادەیی سەربازی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشە و شەڕ و شۆڕەكان.

رەخنە لە ئەمریكا گیرا
فرەنك ڤالتەر شتاینمایەر سەرۆكی ئەڵمانیا لە وتارێكیدا بۆ كۆنگرە، رەخنەی توندی لە ئەمریكا و روسیا و چین گرت كە سیاسەتێكی ماڵوێرانكەری خەڵكی وڵاتان پیادە دەكەن. ئەو پێیوابوو كە ئەمریكا بە دژە ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار دەكا و لەوەش خراپتر، دۆناڵد ترەمپ تاكڕەوانە بڕیار لەسەر كەیسە جیهانییەكان دەدات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانەكانی، بۆیە هۆشداریدایە وڵاتان لە سیاسەتی كاولكاری و وێرانكاری و داوایلێكردن بگەڕێنەوە بۆ هێوركردنەوە و ئارام بەخشین بە مرۆڤایەتی. جەختیشیكردەوە كە ئەڵمانیا دەبێ سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت بە ئاراستەیەك كە وەك ئەو وڵاتانە نەبێت، بەڵكو گرنگە ئەوروپا بكاتە سەنتەرێكی بەهێز بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو دۆخەی لە جیهاندا روودەدات و خەڵكێكی زۆری پێوە گرفتار بووە. داواشیكرد كە هەوڵبدەن ناتۆ بەهێز بكەن، بۆیە داوای لە حكومەتی ئەڵمانیا كرد تاكو هاوكارییەكانی بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە زیاد بكات.

پۆمپیۆ وەڵامی دایەوە
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە وتاری تایبەتی خۆیدا لە كۆنگرە، وەڵامی تۆمەتەكانی سەرۆكی ئەڵمانیا و بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپی دایەوە، كە گوایە ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی و بێ گەڕانەوە بۆ وڵاتان كار دەكات. ئەو پێیوابوو كە ئەگەر ئەوروپییەكان سەربكەون، ئەوا ئەمریكاش سەردەكەوێ و بەرژەوەندیی هاوبەشیان بە یەكەوە هەیە. جەختی لەوەشكردەوە كە ئەمریكا دەستی ئەوروپییەكان دەگرێ و نموونەی ئەوەشی هێنایەوە كە تەنها بۆ پڕۆژەی كەرتی وزە لە وڵاتانی رۆژهەڵات و ناوەڕستی كیشوەرەكەدا، چەندین ملیار دۆلاری تەرخانكردوە تا ئەوروپیەكان دەست لە غازی روسیا بەربدەن، بۆیە ئەو بەرپرسە ئەمریكییە قسەكانی سەرۆكی ئەڵمانیای رەتكردەوە.

ئەی ماكرۆن؟
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە وتاری خۆیدا سەبارەت بە سوریا وتی، وڵاتەكەم هاوڕایە لەگەڵ روسیا ‌و لەبارەی ئەوەی لە ئیدلب دەگوزەرێت مایەی قبوڵكردن نییە. هەروەها وتی، ئەوروپییەكان دژایەتیی روسیا دەكەن، ئەوەش كارێكی خراپە كە لاوازێك بەربەرەكانێی وڵاتێكی گەورە بكات. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لە جیاتی ململانێ و دژایەتیكردن، رێگەی گفتوگۆ و دانوستان هەیە، ئێمە ئێستا گفتوگۆكانمان لەگەڵ ڕوسیا زۆر كەمە، بۆیە دەرفەتی چارەسەری كەمە و پێویستە دەستی پێ بكەین. سەرۆكی فەرەنسا بە نیگەرانییەوە لە دۆخی یەكێتیی ئەوروپای رووانی ‌و وتی، ئەوروپا بۆتە كیشوەرێك كە باوەڕی بە داهاتووی خۆی نییە.

كوردستان لەوێ ئامادەیە
وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەندامێتی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكومەت لە ئەڵمانیا، بەشدارییان كرد و لە پەراوێزی نوێنەرایەتییەكەشیاندا ژمارەیەك دیداریان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتان ئەنجامدا، لەگەڵ هەریەك لە كرەمپ كارینباوەر وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دان برولێتی وەزیری وزەی ئەمریكا، مارك ئێسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، بۆیكۆ بۆریسۆڤ سەرۆك وەزیرانی بولگاریا، شێخ سەباح حەمەد ئەلسەباح سەرۆك وەزیرانی كوێت، وەفدێكی پەرلەمانی ئەڵمانیا ‌و وەفدێكی گەورەی كۆنگرێسی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لیندسی گراهام، كۆبوونەوە.

فاكتەری ئەمن و ئاسایش
لە هەموو كۆبوونەوەكاندا باسیان لە مەترسییەكانی تیرۆری نێودەوڵەتی و گەشەكردنەوەی داعش و دۆخی ناوخۆی عیراق و پێویستی هاوكارییەكانی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان و روبەڕوبونەوەی تیرۆركرا، بەرپرسانی وڵاتان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە ئەو هەرێمە هاوپەیمانێكی گرنگیانە و بایەخی پێدەدەن. سەرۆكی حكومەت و وەفدە یاوەرەكەشی سوپاسی پشتیوانیی نوێنەرانی وڵاتانیان كرد ‌و بەڵینیان پێدان بەردەوام دەبن لەوەی ئەو هەرێمە فاكتەرێكی گرنگی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە بێت.

سەرچاوە:
كەناڵەكانی میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*