سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » لە ناوماڵ ناكۆك، لە دەرەوە كۆك؟ هاوكێشەیەكی لاسەنگ

لە ناوماڵ ناكۆك، لە دەرەوە كۆك؟ هاوكێشەیەكی لاسەنگ

لە ئەحمەدی خانی-یەوە، بە دڵنیایی؛ دەیان ساڵ پێش ئەویش كورد لەسەر تەبایی و یەكێتی و هاودەنگی و یەكدەنگی پێداگرییان كردووە و زۆریان وتووە و لەسەری رۆیشتوون، بەڵام تاكو ئێستا، بەداخەوە ناكۆكی و ناتەبایی و یەكنەبوون لە ستراتیژییەكی نەتەوەییدا، دەردێكی كوشندەیە و هۆكارێكی هەرە سەرەكییە كە كورد تاكو ئێستا بە پەرتەوازەیی و بێ بوون و دەوڵەت ماوەتەوە.
كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 11/2/2020ی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێشهاتەكان و بارودۆخی سیاسی عیراق و كوردستان و لە هەمووشی گرنگتر پێكهێنانی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا، بە مەبەستی یەكوتاریی كورد و یەكهەڵوێستی لە بەرامبەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە كورد و كوردستانەوە تاكو مافەكانی گەلی كوردستان پارێزراو بێ و پێداگری لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووری ‌و سیاسی هەرێم و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی، بە دڵنیاییەوە كارێكی باش و جێی پێزانینە، بەڵام ئایا بەمە یەكدەنگی و تەبایی و یەكهەڵوێستی دروست دەبێت، لەكاتێكدا لە نێوماڵدا ناكۆكین؟ باشە، چۆن دەكرێت خێزانێك كەسیان لەگەڵ كەسیاندا رێك نەبن و شیر و تیر لە یەك بسوون و هەوڵی ملشكاندنی یەكتری بدەن، دەتوانن لە بەرامبەر مەترسییەكانی دەرەوەی خێزانەكەیاندا خۆڕاگر بن و سەركەوتووبن؟.
لە هەرێم، پارتی و یەكێتی دەیان ناكۆكی و گرفتیان هەیە، پارتی رێگری لە سەركردەكانی یەكێتی دەكات بچنە پایتەختی وڵاتەكەیان، لەسەر مەسەلەی گاز شتێكی مابوو خەڵكی سلێمانی وتەنی بقڵیشێتەوە، لە سایت و رۆژنامە سێبەرەكاندا قسەی ناشرین نەماوە بە یەكتری نەڵێن، لەسەر هیچ شتێك رێك و كۆك نین. یەكێتی و گۆڕان بە هەمان شێوە، لەیەك شاردان و مەرحەبای یەكتر ناكەن، هەردوو لایان، زۆربەی هەرە زۆریان هاوڕێی خەبات و تێكۆشانی دەیان ساڵن، كەچی هیچ شتێك كۆیان ناكاتەوە.
گۆڕان و پارتی گەرچی رێكەوتنیان هەیە و پێكەوە لە حكومەتدان و گۆڕان زۆریشی بە شان و باڵی ئەم حكومەتەی ئێستادا هەڵدا، كەچی ماوەیەكە گۆڕان بۆ چاوەزاریش بێ، كەوتۆتە گلەیی لە پارتی و رەخنەی زۆری لێ دەگرێ. لەو ناوەشدا حزبەكانی تر ماونەتەوە.
تەبایی و یەك دەنگی لە بەغدا چۆن دەبێ، هەندێ لایەن، بە دزییەوە، یان بە ئاشكرا، جیا لە لایەنەكانی تر لەسەر پۆست و دەستكەوتی حزبی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ‌و لایەنە عەرەبەكانی بەغدا كۆدەبنەوە.
چۆن دەكرێ بەو شێوەیە لێرە هەریەكە و لە ئاوازێك دەخوێنێ بەدەر لەوەی كێ هەقە و كێ ناهەق، كەچی بمانەوێ لە بەغدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، لە كاتێكیشدا، نەیار و دوژمنەكانمان زۆر باش و بە وردی ئاگاداری ناكۆكییەكانمانن و لەسەریان كاردەكەن. ئەگەرچی ئەمە خواست و هیوایەكە زەحمەت بەدیهاتووە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین لە بەغدا داكۆكی بەهێز لە مافە رەواكانی گەلەكەمان بكەین و داوا رەواكانمان بەدیبهێنین، دەبێ لە نێوماڵی خۆماندا كۆك و تەبابین، بە جیاوازی بەرنامە و بیروبۆچوونیشمانەوە، دەنا زەحمەتە سەردەمی زێڕینی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا بەرجەستە بكەینەوە.

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*