سەرەکی » دۆسێ » سەرۆكی توركیا: دیمەشق دەبێت باجێكی قورس بدات

پەیوەندی بە هێرشەكانی ئیدلیبەوە هەیە

سەرۆكی توركیا: دیمەشق دەبێت باجێكی قورس بدات

سەرۆكی توركیا هەڕەشە لە حكومەتی سوریا دەكات بەهۆی هێرشی بۆ سەر سەربازانی تورك لە وڵاتەكەدا و دەڵێت، “دەبیت باجێكی قورس بدات”.
ئاژانسی (ئەنادۆڵ) لە 11ی شوباتی 2020 لە زاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاوە بڵاویكردەوە، “حكومەتی سوریا دەبێت باجێكی قورس بدات، بەو هۆیەی لە ئیدلیب لە باكووری خۆرئاوای سوریا هێرشی كردۆتە سەر سەربازانی تورك”.
لەبارەی هێرشەكردنە سەر سەربازانی تورك، ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، “تا دوا ئەندازە وەڵامی لایەنی سوریامان دایەوە، لە ئیدلیب بە هەمان شێوە وەڵاممان هەبوو، هەر بەمەشەوە وازناهێنین و بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوە”.
بە وتەی سەرۆكی توركیا، “لە داهاتوویەكی نزیكدا گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند سەبارەت بە ئیدلیب ڕادەگەیەنن”.

سوریا داوای هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەكات
لەگەڵ وەڵامدانەوەی توركیا بۆ هێرشەكانی سوپای سوریا لە ئیدلیب، وەزارەتی دەرەوەی سوریا داوای جموجۆڵی نێودەوڵەتی كردبوو بەهۆی “بڵاوەپێكردنی زیاتری هێزەكانی توركیا لە پارێزگەی ئیدلیب” كە بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی وڵاتەكەی لەقەڵەمی دابوو.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی سوریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەكی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بڵاویكردبۆوە، “توركیا بەردەوامە لەسەر بڵاوەپێكردنی هێزەكانی لە ئیدلیب و ڕیفی پارێزگەكە و ڕیفی حەڵەب، ئەو ناوچانەش دەكاتە ئامانج، كە دانیشتووانیان تێدایە لەگەڵ هەندێك خاڵی سەربازی لە ناوچەكە”.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، داوای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كردبوو، “هەڵوێستی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لە هەڵسوكەوتە دوژمنكارانەكانی ڕژێمی توركیا”.
هەر بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، “سوریا دووپاتیدەكاتەوە، كە بە هەموو شێوەیەكی بوونی هێزەكانی توركیای ناوێت لەسەر خاكی سوریا، كە پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكانە بۆ سەروەری خاكی سوریا و لەگەڵ بەیاننامەكانی ئەستانا و لێكگەیشتنەكانی سوچیدا ناگونجێت سەبارەت بەو ناوچانەی ڕێككەوتنی هێوركردنەوەیان لەسەر كراوە، ئەمەش سوربوونی ڕژێمەكەی ئەردۆغان دەردەخات لەسەر ڕێزنەگرتن لە بەڵێننامەكان و بەردەوامبوون لەسەر هەڵسوكەوتەكانی وەك ڕژێمێكی دەرچوو لە یاسا”.

باخچەلی و هێرشكردنە سەر دیمەشق
لەگەڵ توندوبوونەوەی تەنگژەكان لە ئیدلیب و دوای كوژرانی ژمارەیەك سەربازی تورك لەلایەن هێزەكانی سوپای سوریا، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا(مەهەپە) پیشنیاری كردبوو، گەلی توركیا خۆی بۆ هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا ئامادەبكات.
باخچەلی رایگەیاندبوو»پێویستە گەلی توركیا پلان دابنێت بۆ چونە ناو خاكی دیمەشق و بەرهەڵستاكارەكانی توركیا لەناو ببات».
بەوتەی باخچەلیپێویستە «سوریا بسوتێنن، ئیدلیب خاپور بكەن و بەشار ئەسەد بە نەفرەت بكەن» باخچەلی لەبەرانبەر كوژرانی سەربازە توركەكان ئەم قسانەی كردبوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتی «سامانی مرۆڤی زیندوو» لە وتارێكیدا رایگەیاندبوو»دەبێت رژێمی ئەسەد لەسەر هێرشكردنە سەر خاڵە سەربازییەكانی چاودێری توركیا لە ئیدلیب، باجی قورس بدات».
لە 25ی كانوونی دووەمی 2020، تا ئێستا هێزەكانی حكومەتی ئەسەد كە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هێرشە زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر پارێزگای ئیدلیب لە باكوروی خۆرئاوای سوریا دەستپێكردووە، توركیاش 12 خاڵی چاودێری لەو پارێزگایەدا هەیە، بەهۆی بۆردومانەكانلا سوپای سوریاش لەو ناوچەیە، هەزاران هاوڵاتی لە ئیدلیب ناچاربوون ناوچەكە چۆڵبكەن و بەرەو سنورەكانی توركیا هەڵبێن.

«51 سەربازی سوریا كوژران»
وەك وەڵامێك بەرانبەر بە كوژرانی سەربازە توركەكان لە ئیلیب، وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاندبوو،» لە پارێزگای ئیدلیب 51 سەربازی سوپای سوریایان كوشتووە».
وەزارەتی بەرگری توركیا، سەرلەئێوارەی 11ی شوباتی 2020 لە تویتێكی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبوی»لە هێرشەكانیان لە ناوچەی ئیدلیب، هێزەكانیان توانیویانە 51 سەربازی سوپای سوریا بكوژن».
وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت»»هەر لەو هێرشانەدا توانیویانە 2 تانك و موشەكێكی دژە فرۆكە تێكبشكێنن».
كوشتنی سەربازانی توركیا لە پارێزگای ئیدلیب لە سوریا كاردانەوەی ناوخۆی توركیای لێكەوتەوە و لە یەكەمین لێدوانیدا لەو بارەیەوە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەژادپەرستی توركیا(مەهەپە) پیشنیاز دەكات گەلی توركیا خۆی بۆ هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا ئامادەبكات و وتیشی،»سوریا بسوتێنن، ئیدلیب خاپور بكەن و بەشار ئەسەد بە نەفرەت بكەن».

سوپای سوریا: وەڵاممان دەبێت
لەبەرانبەر هێرشەكانی سوپای توركیادا، سوپای سوریا لە 11ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، «وەڵامی توندی هێرشەكانی توركیا دەدەنەوە».
ئاژانسی (رۆیتەرز) بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەكی سوپای سوریا بڵاویكردبوە كە «سوپای سوریا وەڵامی توندی بۆ توركیا دەبێت».
پێشتر سوپای توركیا رایگەیاندبوو، بۆ بەرپەچدانەوە و رێگرتن لە پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا لەباكوروی حۆرئاوای سوریا هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە، ئەمەش دوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان لەو ناوچەیە و كوژرانی 13 سەربازی توركیا لەئەنجامی هێرشەكانی سوپای سوریا.
بەپێی بەیاننامەكەی سوپای سوریا كە ئەنقەرەی بە هۆكاری پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان تۆمەتباركردبوو»توركیا سەروەری خاكی سوریای پێشێلكردووە و هێزێكی زۆری هێناوەتە ناوچەكانی ئیدلیب و حەلەب».
توركیا 12 خاڵی چاودێری لە پارێزگەی ئیدلیب هەیە لەباكوروی خۆرئاوای سوریا و لەئاكامی دوو هێرشی سوپای سوریاشدا بۆ سەر ناوچەكە، 13 سەربازی تورك كوژران.
سوپای سوریا هەوڵدەدات پارێزگەی ئیدلیب كۆنترۆڵبكاتەوە ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی روسیا هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە چڕكردۆتەووە، لەبەارنبەردا توركیا پشتیوانی لە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكات لە ئیدلیب و لەگەڵ ئەوەشدا بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكە، چەند ناوچەیەكی لە رۆژئاوای كوردستان داگیركردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*