سەرەکی » دۆسێ » کورد و دانوستانی ئاشتیی لۆزان، 1922 – 1923پەڕە 2

کورد و دانوستانی ئاشتیی لۆزان، 1922 – 1923

و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق

عوسمان عەلی

لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، کوردیش وەک نەتەوەکانی تری ناو ئیمپراتۆرێتی عوسمانی هەل و دەرفەتی بۆ هاتەپێشەوە کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دامەزرێنن. پارچە پارچە کردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بوو بە هۆی دروستبوونی پشێوی و بۆشایی سیاسی لەو ناوچانەی کورد تێیدا نیشتەجێن لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ و باکووری عێراق. نەتەوەییەکانی کورد وەک نەتەوەییەکانی تری ناو ئیمپراتۆرییەت کەوتنە هەوڵ و کۆشش بۆ سوودوەرگرتن لەو دۆخە و درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی. بەڵام ستراتیجی بەریتانیا لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە بە پلەی یەکەم ئاڕاستەکراوی ئابڵووقەدانی هەڕەشەی بەلشەڤیک بوو، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کارەکە وای پێویست دەکرد کە یەکگرتوویی هەرێمیی عێراق و ئێران و تورکیا بپارێزرێت و بەهێز بکرێت. لەبەر ئەم هۆکارە بەریتانیا، کە لە سەرەتاوە هانی ناسیۆنالیزمی دەدا وەک نەیارێکی پان ئیسلامیزم لە تورکیادا، بەرهەڵستیی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردیی کرد وەک هەوڵێک بۆ رازیکردنی تورکیای کەمالی لە ماوەی دانوستانی ئاشتیی لۆزاندا. پەیماننامەی لۆزان، کە لە 24ی تەمووزی 1923دا ئیمزاکرا، مۆرکی رەسمیی دا بە دابەشکردنی دیفاکتۆی ئەو ناوچانەی کوردیان تێدا نیشتەجێ بوون لە نێوان تورکیا و عێراق و سووریادا.
ئەم باسە هۆکاری ئەوە رووندەکاتەوە کە بۆچی لە کاتی دانوستانی لۆزاندا کورد کراونەتە داشی دامە و چۆن بەزۆرەملێ خاکەکەیان بە عێراق و تورکیاوە لکێنراوە و دواجاریش چۆنێتی کارکردنی دانوستانی لۆزان لەسەر سیاسەتی بەریتانیا لە بەرانبەر کوردەکان لە باکووری عێراقدا. بەم پێیە، هەندێ رۆشنایی دەخەینە سەر رەگوڕیشەی کێشەی کورد لە ئێستای باکووری عێراقدا.
کۆنفرانسی ئاشتیی لۆزان لە 20ی نۆڤەمبەری 1922دا دەستیپێکرد و تێیدا لۆرد کەرزۆن وەک نوێنەری بەریتانیا و عیسمەت پاشای ئینونو وەک نوێنەری تورکیا ئامادەبوون. هەڵبەت رژێمی کەمالی خۆی پابەند نەکردبوو بە بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەرەوە (کە لە ئابی 1920دا ئیمزا کرابوو)، کە داوای تەواوی ویلایەتی مووسڵی دەکرد تا دەگاتە جەبەل حەمرین لە باکووری عێراق، لەکاتێکدا کە بەریتانیا داوای سنوورێکی دەکرد کە بگونجێت لەگەڵ هێڵە سنوورییەکانی باکووری ویلایەتی مووسڵدا1. توركیا لە داواکردنیدا بۆ ویلایەتی مووسڵ پشت بە چەند هۆکارێک دەبەستێت و لەوانە: 1) رەگەز یان نەژاد؛ بە ئارگیۆمێنتی ئەوەی کە عەرەب کەمینەیەکی بچووکن لەوێ و کورد و تورک لەڕووی نەژادەوە جیانەبوون؛ 2) ئابووری؛ کە توركیا ئیدیعای ئەوەی دەکرد گوایە زۆربەی بازرگانیی ئەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە لەگەڵ ئەنەدۆڵدا بووە؛ 3) داگیرکردنی نایاسایی ویلایەتەکە لەلایەن بەریتانییەکانەوە لەدوای ئاگربەسی مودرۆس لە نێوان هاوپەیمانان و ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا؛ 4) مافی چارەی خۆنووسین، کە ئیدیعای ئەوەی دەکرد گوایە دانیشتووان ویستوویانە بچنە سەر تورکیا2.
لە 14ی دیسەمبەری 1922دا، کەرزۆن یەکبەیەکی ئەو هۆکارانەی رەتکردەوە کە تورکیا لە داواکارییەکانیدا پشتی پێدەبەستن: 1) لەڕووی رەگەز و نەژادەوە، بنەچەی کورد هیندۆ – ئەوروپییە و لە بنەڕەتدا لە تورکی ئۆراڵ – ئەڵتایک جیاوازن ؛ 2) زۆربەی بازرگانیی ویلایەتی مووسڵ لەگەڵ عێراقدا بووە نەک لەگەڵ ئەنەدۆڵدا وەک ئەوەی تورکیا ئیدیعای دەکات؛ 3) لەڕووی یاساییەوە، کۆمەڵەی گەلان حکوومەتی بەریتانیای راسپاردووە بۆ ماندێتی عێراق؛ 4) بەردەوام یاخیبوون و راپەڕینی کورد بەدرێژایی سەدەی نۆزدە و ئەو ماوەیەی کەوتبووە پێش جەنگی جیهانیی یەکەم و راستەوخۆ پاش ئەو جەنگەش ئەوە دەردەخات کەوا کورد ئارەزوویان لێنەبووە ببنە بەشێک لە تورکیا3.
لە ماوەی گفتوگۆ و دانوستانەکاندا، هەر یەک لە ئینونو و کەرزۆن ئەوەیان سەلماند کە وەکیەک سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان. ئینونو پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە حکوومەتی تورکیا «بۆ تاقە ساتێکیش» ناتوانێت بیر لە دەسبەردابوون بکات لە مافی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو خاکەی کە کێشەی لەسەرە4. لای خۆیەوە کەرزۆنیش ئاماژەی بەوە دەدا کە حکوومەتەکەی ناتوانێت «بیر» لەوە بکاتەوە کە ویلایەتی مووسڵ رادەستی تورکیا بکات5. بەمەش رێگەی دانوستان داخراو بوو بەهۆی ئاستەنگ و تەگەرە لەبەردەم گفتوگۆی ئاشتی لەبارەی کێشەکانی ترەوە. لەبەرئەوە، توركیا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە 4ی شوباتی 1923دا رێککەوتن لەسەر دەرکردنی کێشەی مووسڵ بە شێوەیەکی کاتی لە خشتەی کاری کۆنفرانسەکە6.
هەڵوێستی بەریتانی لە لۆزان تاڕادەیەک هۆکاری دۆخی سیاسیی ناوخۆی لەپشتەوە بوو، چونکە سەرکەوتنی کەمالییەکان بەسەر گریکەکاندا ساڵی 1922 فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ رووخانی حکوومەتە هاوپەیمانییەکەی لوید جۆرج لە ئۆکتۆبەری 1922دا. لە 15ی نۆڤەمبەری 1922دا، سەرۆک وەزیرانی موحافزەکار، بۆنار لۆ، هەڵبژاردنی بردەوە، کە بەرنامەکەی کەمترین پابەندیی هەبوو بە دەرەوە7. پێدەچێت بۆنار لۆ بڕیاری چۆڵکردنی ویلایەتی مووسڵی دابێت، بۆیە لە 8ی کانوونی دووەمی 1923دا بۆ كەرزۆنی نووسیوە:
«دوو شت لای من بە کارێکی گرنگ دەژمێردرێت، کە یەکەمیان ئەوەیە ئێمە نابێت لەپێناوی مووسڵدا بچینە جەنگەوە، دووەمیش ئەگەر فەرەنسییەکان نەیەنە پاڵ ئیمە، وەک دەزانین کە نایەن و پاڵپشتیمان ناکەن، ئەوە دەبێت خۆمان بەتەنها شەڕی تورک بکەین بۆ سەپاندنی ئەوەی مابێتەوە لە پەیماننامەی سیڤەر….8».
ئەم ئارەزووە توندە بۆ دوورکەوتنەوەی دەسبەجێ لە عێراق بەگشتی و ویلایەتی مووسڵ بەتایبەتی بوو بە داخوازییەکی میللی لە بەریتانیادا، کە لە رۆژنامەکان و ئەنجومەنی نوێنەراندا رەنگیدایەوە. لە 20ی شوباتی 1923دا، ئەسکویسی Mr. Asquith سەرۆک وەزیرانی پێشتر و ئەندامی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، رایگەیاند کە حکوومەتی بەریتانیا نابێت لە عێراقدا بمێنیتەوە، چونکە ئەو بەرژەوەندییە بایەخدارە لە مەسەلەکەدا نیە شیاوی ئەوە بێت قوربانیی لەپێناودا بدرێت. ئەو هانی بۆنار لۆی دا کە یەکسەر پاشەکشە بکات و «بەتەواوی» بەریتانیا دابڕێت لە هەر پابەندییەک لە عێراقدا10. لە 1ی مارتی 1923دا، کاتێ کە خەمڵی خەرج و تێچوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درا بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆ کردن لەسەری، ناڕەزاییەکی گشتی دروستبوو بۆ راگرتنی قورسایی سەرشانی باجدەرە بەریتانییەکان. مستەر هارینسوێرس E. Harinsworth، کە ئەندامێکی تری ئۆپۆزسیۆن بوو، دەڵێت: «پێموایە کە هەستی گشتی لە ئەنجومەنی نوینەراندا ئەوەیە کە حکوومەت بەنیازە عێراق چۆڵ بکات». بەڵام مستەر ئۆرمسبایگۆری OrmsbyGore بریکاری وەزارەتی کۆڵۆنییەکان لەو کاتەدا، وەڵامیداوەتەوە کە لەکاتێکدا پاشەکشەی خێرا کارێکی بەجێ نیە، بەڵام حکوومەتەکەی بەتوندی پابەند دەبێت بە کەمکردنەوەی خەرج و پابەدییەکانی لە عێراقدا11.
لە مارتی 1923دا، بۆنار لۆ فەرمانی کرد بە پێکهێنانی کۆمیتەیەکی وەزاری بۆ هەڵسەنگاندنی سیسەتی بەریتانیا لە عێراقدا. کۆمیتەکە لە راپۆرتێکی خۆیدا باس لەوە دەکات کە گرووپێکی بەهێزی راوبۆچوون هەیە لە پەرلەمان و وڵاتدا کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەبەر رەچاوکردنی دارایی وای پێباشترە بەزوویی لە عێراق بکشێتەوە. بەڵام لە حاڵەتی کشانەوەدا، مەملەکەتی عەرەبی لە بەغدا هەرەسدێنێت و تورکیا تەواوی وڵاتی میسۆپۆتامیا هەڵدەلووشێت. ئەمەش مەترسییەکی گەورە دروست دەکات لەسەر بوونی بەریتانیا لە کەنداوی فارسدا. بێگومان سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی تورکیایەکی بەهێز دیسانەوە دەبێتە هۆی ورووژاندنی رەعییەتە موسڵمانەکانی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا و سەردەکێشێتەوە بۆ راپەڕینیک دژ بە بەریتانیا12. وادیارە ئەنجامەکانی لیژنەکە بۆچوونەکەی چەرچڵی وەزیری کۆڵۆنییەکانی سەلماند، کە پێشتر لە کانوونی دووەمدا، بە پەرلەمانی راگەیاندووە کەوا پێشوەخت لە عێراق ئەو بەڵێنەی حکوومەتی بەریتانیا دەکەوێتە درۆوە، یەکەم، کە دابووی بە عەرەبەکان کەوا پشتیان بەرنەدات بکەونەوە ژێردەستی حوکمی تورکی؛ دووەم، بۆ مەلیک فەیسەڵ، کە لە تەواوی وڵاتدا، بە ویلایەتی مووسڵیشەوە، هەڵیانبژاردبوو و بەریتانیاش لەگەڵیدا پەیماننامەی ساڵی 1922ی مۆرکردبوو، کە حکوومەتی بەریتانیای پابەند کردبوو بە پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق؛ سێهەمیش، بۆ کۆمەڵەی گەلان کە بەریتانیا بێ رەزامەندیی ئەو نەیدەتوانی دەستبەرداری ماندێتی ببیت بەسەر ناوچەیەکی پانوپۆڕی ماندێتکراودا13.
بەڵام بەردەوامیدان بە کۆنترۆڵی بەریتانیا بۆ عێراق و ویلایەتی مووسڵ دەبو بخرێتە ژێر رکێفی بەرژەوەندییە بەربڵاوەکانی داگیرکاریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رکابەریی ئەنگلۆ – رووسیدا. کۆنفرانسی لۆزان هەلی بۆ بەریتانیا رەخساند بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا. سیاسەتی پشتگیری کردنی گریک لەلایەن حکوومەتەکەی لوید جۆرجەوە لە ساڵانی 1921 – 1922دا بوو بەهۆی لەدەستدانی متمانە لەنێوان مستەفا کەمال و بەریتانیادا. بێگومان دەبوو ئەمە راستبکرێتەوە پێش ئەوەی رووسیای بەلشەڤیک کاریگەریی خۆی بەکاربێنێت بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی لە تورکیادا. بەڵام پرسی مووسڵ بەربەستێکی پێکدەهێنا لە بەردەم دامەزراندنی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا. لەگەڵ ئەوەشدا، چەرچڵ جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئاشتی لەگەل تورکیادا «ئەوپەڕی بایەخی» هەبوو بۆ ئەو کەمکردنەوەی کە مەبەست بوو لە خەرج و تێچوونی بەڕێوەبەرێتیی بەریتانیا لە عێراق و هەوڵ و کۆششی بەریتانیا بۆ تەنگ پێهەڵچنین و ئابڵووقەدانی پێشڕەویی رووسیا بەرەو باشوور و رووەو کەنداوی فارس14.
لەبەرئەوە رازیکردنی تورکیا پێویست بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیمپراتۆرێتی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و مەسەلەی کوردستان کە سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورە بوو بۆ مستەفا کەمال هۆکارێکی بۆ ئەوە دەڕەخساند. لە دیسەمبەری 1922دا، كەرزۆن بەتەواوی قەناعەتی هێنابوو کە ئەو دەوڵەتە کوردییەی لە پەیماننامەی سیڤەری ساڵی 1920وە جێگەی چاوەڕوانی بوو چیتر نەدەکرا بەدیبێت و لە هەوڵدانێکیدا بۆ هێورکردنەوەی مەترسییەکانی تورکیا لە کورد، پێشنیازی ئایدیایەکی بۆ حکوومەتی بەریتانیا کرد کە ویلایەتی مووسڵ بە جۆرێک دابەش بکرێت کەوا تورکیا ناوچە شاخاوییەکانی کوردی بەربکەوێت، کە شارەکانی کۆیە و رەواندز و سلێمانی بگرێتەوە و عێراقیش ئامێدی و هەولێر و کەرکووک و مووسڵ و تەواوی ئەو دەشتاییانەی بەر بکەوێت کە عەرەب و تورکمانیان تێدا نیشتەجێیە. وەزیری دەرەوە ئارگومێنتی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەم چارەسەرە باشەیەکی تریشی هەیە کە خۆی لە رزگار کردنی هەردوو حکوومەتی بەریتانیا و عێراقدا دەبینێتەوە لە «گەلێکی لاسار، کە لە سەختترین ناوچەکاندا دەژی و تا ئێستا نەمانتوانیوە بیانهێنینە ژێر باری ملکەچبوون بۆ یاسا و حوکمکردنێکی باش»15. بەهەرحاڵ، حکوومەتی بەریتانیا پێشنیازەکەی کەرزۆنی رەتکردەوە لەبەر چەندین هۆکار، گرنگترینیان نیگەرانیی ئەوە بوو کە رادەستکردنی ناوچە شاخاوییەکەی کورد دەبووە هۆی ئەوەی کە نەتوانرێت بەرگری لە عێراق بکرێت لە بەرانبەر هەر دەستدرێژکارییەکی تورکیا لە داهاتوودا، دووەمیش بەبێ شاخەکانی ناوچەی کورد زەحمەت بوو رێگەی گرنگی بازرگانیی بەریتانیا لە نێوان عێراق و وڵاتی فارسدا بپارێزرێت کە لە رێگەی خانەقینەوە رایی دەکرا. سێهەمیش، تورکیا لە دۆخێکدا نەبوو کە بتوانێت کارگێڕییەکی کارا دامەزرێنێت لەم ناوچە شاخاوییەدا کە پێشنیاز کراوە بیدرێتێ و بەو پێیە ناوچەکە هەر لە حاڵەتی پشێوی و بێسەروبەریدا دەمایەوە و ئەنجام ئەم ناسەقامگیرییە دەبووە مایەی هەڕەشە بۆ سنووری عێراق لە باکوورەوە16.
بەڵام كەرزۆن لە لۆزان دەسەڵاتی پێدرا بە تورکەکان رابگەیەنێت کەوا حکوومەتی بەریتانیا ئامادەیە بەندەکانی 62 بۆ 65 لە پەیماننامەی سیڤەر لاببات کە داوای کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات. بەم پێیە کەرزۆن فشاری نەکرد بۆ سەربەخۆیی کورد. هەڵبەت بەتەمابوون کە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی قەناعەت بە مستەفا کەمال پەیدا بکات کە بەریتانیا بەنیاز نیە تورکیا لەتوپەت بکات لە رێگەی دامەزراندنی دەوڵەتیکی کوردییەوە لە ئەنەدۆڵ و باکووری عێراقدا. لە بەرانبەر ئەم دەستبەردار بوونەدا داوا لە تورکیا کرا بچێتە ناو کۆمەڵەی گەلانەوە بۆ تەواوکردنی دابڕین و تەریککردنی رووسیای بەلشەڤیک. لەبەر ئەم هۆکارانە چارەنووسی کورد لە لۆزاندا بەندبوو بە هەوڵ و تەقەلای ئەنگلۆ – رووسییەوە بۆ کاریگەری و دەسەڵاتیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا17.
دانوستانەکانی لۆزان کاریگەریی راستەوخۆی هەبوو لەسەر رووداوەکانی باشووری کوردستان (باکووری عێراق). هەردوک تورکیا و بەریتانیا هەوڵیاندەدا یاری بە کورد بکەن لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی دانوستانیان لە کۆنفرانسدا. لە 22ی دیسەمبەری 1922دا، وەزیری کۆڵۆنییەکان نامەیەک بۆ كۆكس دەنووسێت و دەڵێت کەوا دانوستان لە لۆزاندا فاکتەری یەکلاکەرەوە دەبێت لە دیاریکردنی رەوتی ئەو کردەوەیەی بەریتانیا رەچاوی دەکات لە کوردستاندا18. لە سەرەتای کانوونی دووەمی 1923دا و لەکاتێکدا کە دانوستانی لۆزان دەچووە پێشەوە، روونبووەوە کەوا تورکەکان لە جەزیرەی ئیبن عومەر، کە تەنها چەند میلێک لە زاخۆوە دووربوو، هێز کۆدەکەنەوە. واتەواتێکی زۆر لەم جموجووڵە پڕ هەڕەشە و مەترسییە کەوتەوە لە ناو دانیشتووانی ویلایەتی مووسڵدا و خەڵکەکە باوەڕیان بەوە هێنابوو کەوا کۆنگرەی لۆزان شکستیهێناوە و هاکا هێرشیان کردە سەر کوردستان. بێگومان تا 4ی شوبات رێگە لە بەردەمی دانوستاندا داخرابوو، چونکە تورکیا و هاوپەیمانان رێککەوتبوون کە بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەی ساڵێک مووسڵ لە بەرنامەی کاری کۆنفرانسەکە وەدەرنێن19. ئەو هێزانەی کە سەر سنوور مۆڵیانخواردبوو هاوزەمان لەگەڵ پرۆپاگەندەی دژ بە بەریتانیا و تەشەنە پێکردنی واتەوات لەلایەن لیژنە نهێنییەکانی سەر بە تورکیا لە کەرکووک و هەولێر کاریگەرییەکی هێجگار ترسناکیان بەجێهێشتبوو لە سەر دانیشتووان. وەک لێکەوتەیەکی ئەو بارودۆخە، ئەدمۆنز دەنووسێت کە بەرپرسەکانی ناوخۆ و کەسایەتییە ناودارەکانی سەر بە بەریتانیا لە کوردستان تووشی دڵەڕاوکە و «هەستکردن بە تێرۆر بووبوون»20. بێجگە لەوەش لە مانگی مارتدا، شێخ مەحموودی سەرکردەی نەتەوەیی کورد، کە بەرپرس بوو لە ناوچەی سلێمانی، بەڵام خولیای حوکمکردنی هەموو کوردستانی هەبوو، هەوڵ و کۆششی خۆی خستەکار لە ئامادەکردنی کوردەکاندا بۆ بەرپاکردنی راپەڕینیکی گشتی دژ بە بەریتانیا. لە 3ی مارتی 1923دا، بۆردمان کردنی سلێمانی لەلایەن بەریتانییەکانەوە شێخی ناچار کرد هەڵبێت بۆ شاخەکانی دەوروپشتی شار، بەڵام شارەکە لە ژێر کۆنترۆڵی شوێنکەوتەکانیدا مایەوە و بە کردەیی هەر خۆی حوکمی دەکرد. شێخ مەحموود پەیوەندیی نامە و نامەکاریی لەگەڵ ئۆزدەمیردا هەبوو، کە جەنەراڵێکی تورک و سەرکردایەتیی هێزێکی بچووکی تورکیای دەکرد و لە ساری رەواندز جێگیر بووبوو و کوردی هاندەدا لە دژی بەریتانییەکان، لەم بارەگا نوێیەی چیاکانی سەر سنووری نێوان عێراق و تورکیاوە و هەوڵی بەرپاکردنی راپەڕینێکی خێڵەکی دەدا کە هاوکات بێت لەگەڵ هێرشێکدا گوایە شوێنکەوتووانیان بەتەمابوون ئەنجامی بدەن بۆ سەر کەرکووک و هەولێر21.
لەم کاتەدا، گۆڤاری (رۆژی کوردستان)ی ناسیۆنالیستیی کورد زنجیرەیەک بابەتی بڵاوکردەوە کەوا گومانی خستبووە سەر مافی عێراق لە داواکاریی ویلایەتی مووسڵدا. هەروەها گۆڤارەکە ناڕەزاییشی دەربڕیبوو لەسەر نەبوونی نوێنەرێکی کورد لە کۆنفرانسی لۆزاندا22. لە هەمان کاتدا، شێخ مەحموود رەزامەندیی دەربڕی لەسەر داواکارییەکی تورکیا بە ناردنی سێ نوێنەری کورد لە ویلایەتی مووسڵەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەندام لە ئەنجومونی گشتیی تورکیا لە ئەنگۆرا (ئەنقەرە)دا. مەبەست لەمەش بەهێزکردنی داواکاریی تورکیایە بۆ ویلایەتی مووسڵ لە کۆنگرەی لۆزاندا23.
لەبەر ئەم هۆکارانە، لە مارتی 1923دا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە عێراق هەستیان بە پێویستیی دەستپێکردنی سیاسەتی بۆ پێشەوە کرد لە کوردستاندا. ئەوان رایان وابوو کە ئەو کردەوە توندەی هێزی ئاسمانیی مەلەکیی بەریتانیا و هێزەکانی بەریتانی و لیڤی ئەنجامیاندا پێویست بوو بۆ دامرکاندنەوەی راپەڕینێکی دژ بە بەریتانیا لە شوێنی خۆیدا، کەوا لە قۆناخی ئامادەکاریدا بوو لە لیوای سلێمانیدا24. کردەوەیەکی هاوشێوە لە شارۆچکەی رەواندزدا، کەوا لەژێر دەستی کوردەکانی هەواخوای تورکیادا بوو، هەمان گرنگیی هەبوو بۆ رێگرتن لە پیلانی دوژمنکارانەی تورکیا لە کۆنفرانسی دووەمی لۆزاندا کە بڕیاربوو بکرێت. بێجگە لەوەش، لە رێگەی لەباربردنی پیلانەکانی ئۆزدەمیر و شێخ مەحموودەوە لە کوردستاندا، حکوومەتی بەریتانی دەیتوانی ماوەی دانوستانەکانی لۆزان درێژ بکاتەوە25.
بەم رەنگە، هێرشێکی ئاسمانیی توند دژ بەو عەشیرەتانە ئەنجامدرا کە پشتگیریی شێخ مەحموودیان کردبوو لە سلێمانی و هاوکاتیش شوێنکەوتەکانی ئۆزدەمیر لە هەردوو ناوچەی رەواندز و هەولێر بە فڕۆکە بۆردمان کران و ئەمەش کاریگەریی هەبوو لەسەر رووخانی ورەی عەشیرەتەکان. لە 18ی نیسانی 1923دا، دوو رەتڵی هێزەکانی زەمینی بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی مەلەکیی بەریتانی ‌هێرشێکی کوتوپڕیان بۆ سەر رەواندز ئەنجامدا. لێرە ئۆزدەمیر هێزێکی وای نەبوو کە بتوانێت بەرگریی بکات، لەبەر ئەوە خۆی و هێزە تورکییە ناڕێکخراوەکەی لە رەواندز پاشەکشەیان کرد و لە سنوور پەڕینەوە بەرەو وڵاتی فارس و هێزە بەریتانییەکەش داگیری کرد. شێخ مەحموود لای خۆیەوە هەوڵی کۆکردنەوەی لەشکرێکی خێڵەکی دا لە پیاوانی عەشیرەتەکانی پشدەر بۆ بەرگری کردن لە سلێمانی، بەڵام کاتێ کە لە ناوچەی رەواندز دۆخەکەیان ئارام کردەوە، هێزەکانی بەریتانیا بە پیادەڕۆییەکی خێرا بەرەو سلێمانی پێشڕەوییان کرد بە هەردوو ئاڕاستەی باشوور و باکووری رۆژئاوا. لە 8ی مایسدا، جاڕنامە لە ئاسمانەوە بەسەر سلێمانیدا بەردرایەوە بۆ ئەوەی بە خەڵکی شار رابگەیەنن کە هێزەکانی بەریتانیا نیازیانە بەئاشتی سلێمانی بگرن و بۆ رۆژی ئایندەش گرتیان26. شکستهێنانی شێخ مەحموود لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی هێزێکی عەشایەر بۆ ئەوەی نەهێڵێت هێزەکانی بەریتانیا سلێمانی داگیر بکەن دەگەڕێتەوە بۆ هەرەسهێنانی کوتوپڕی ئۆزدەمیر و ئەو خەسڵەتی خێرایی و یەکلاکردنەوەی جموجووڵی ئەمدواییەی هێزە بەریتانییەکە و بەکارهێنانی کارای هێزی ئاسمانیی مەلەکیی بەریتانی27.


وا ئێستا بەریتانییەکان هەوڵی دانانی پلانێک دەدەن کە ناویان لێناوە پشتێنەی ئابڵووقەدان cordon sanitaire و بەو پێیە نەیانهێشت شێخ مەحموود دەستێوەردان بکات لە کاروباری ناوچەکانی دەراوسێدا. لە پاش دەرکردنی ئۆزدەمیر و گرتنی سلێمانی، کۆمیسیاری باڵای بەریتانی لە بەغدا لەگەڵ مەلیک فەیسەڵدا ناڕێک بوو لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کوردستان. حکوومەتی عێراق شێوەیەک بەڕێوەبردنی دەویست کە بەتەواوی لیواکانی باکوور ببەستێت بەودوای ناوچەکانی عێراقەوە لە رێگەی دامەزراندنی بەرپرسەکانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە بەغداوە. لەلایەکی ترەوە، هەرچەندە حکوومەتی بەریتانی قەناعەتی هێنابوو کە ئەگەری دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ یان تەنانەت ئۆتۆنۆمی چیتر پێسنیازیک نیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام دەیوێست کەوا ناوچە کوردییەکان بخرێنە پلەیەکی جیاوازی ملکەچبوونی شلوشاو بۆ حکوومەتی عێراقی و دەبوو ئەوەش بە شێوەیەک جێبەجێ بکرایە کە تێیدا رێز لە هەستەوەریی نەتەوەیی کورد بگیرایە28. بێجگە لەوەش، لەکاتێکدا کەوا کۆنفرانسی لۆزان هێشتا هەر بەردەوام بوو، حکوومەتی بەریتانی نەیدەویست ئەو هەستە لای نەتەوەپەروەرە کوردەکان جێبێڵێت کەوا خولیا و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان پشتگوێخراوە29. سەرەڕای ئەوەش، حکوومەتی عێراقی هێندە بەهێز نەبوو کە دەسەڵاتی خۆی لە کوردستاندا بچەسپێنێت و حکوومەتی بەریتانیش لە دۆخێکدا نەبوو کە بتوانێت حوکمێکی راستەوخۆ دامەزرێنێت یان بچێتە ژێر باری هێزی زیاتر بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان لە ناوچەکەدا، چونکە حکوومەت بەرەوڕووی رەخنەی ئۆپۆزسیۆن بووبووەوە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە کوردستان، چونکە والێکدەدرایەوە کە پابەندیی نوێی دەکەوێتە ئەستۆ لە عێراقدا30.
لەبەر ئەم هۆکارانە و لە تەمووزی 1923دا، لەکاتێکدا کە شێخ مەحموود هێشتا هەر لە شاخەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سلێمانی بوو، حکوومەتی بەریتانی داوای لە ئەندامە میانڕەوەکانی ئەنجومەنی سلێمانی کرد، کەسەر بە بەریتانیا بوون، کەوا وەک هەر لیوایەکی تری عێراق حوکمی سلێمانی بکەن لە ژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی کۆمیسیاری باڵادا. کوردەکانی سەر بە بەریتانیا ئامادەی هاوکاری بوون بەو مەرجەی هێزە داگیرکەرەکەی بەریتانیا لە شارەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام حکوومەتی بەریتانیا ئامادە نەبوو، چونکە ئەوە پابەندیی زیادەی دەخستە ئەستۆ و لەو سۆنگەیەوە هێزەکانی بەریتانیا لە شارەکە کشانەوە. لە 14ی تەمووزی 1923دا، ئەنجومەن سلێمانی دەستی لەکار کێشایەوە و شێخ مەحموود شوێنکەوتووانی خۆی نارد بۆ بەڕێوەبردنی شار. لە 11ی تەمووزدا، شێخ گەڕایەوە بۆ سلێمانی و دەستیکردەوە بە حوکمکردنی خۆی31.
سێر هێنری دۆبسی کۆمیسیاری باڵای بەریتانی لە بەغدا، وایدەبینی کە تا ئەوکاتەی مەحموود دەکوژرێت یان بە دیل دەگیرێت، هیچ چارەسەرێکی تر لەبەردەم دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە عێراقدا نیە ئەوە نەبێت کە بە شێوەیەکی کاتی مامەڵەی لەگەلدا بکرێت. ئەدمۆنزیش ئەمەی پێ پەسەند بوو، چونکە دەیزانی شیخ مەحموود زوو دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و بیری لە داهێنانی کارێک کردەوە بە ئامانجی سنووردار کردنی تواناکانی شێخ مەحموود بۆ هەڕەشە کردن لە کەرکووک و هەولێر. کارەکەش بریتیبوو لە جیاکردنەوەی چەند قەزا و ناحیەیەک لە سلێمانی و لێبگەڕێن دەسەڵاتی شێخ مەحموود بەتەنها لە شارەکەدا بمێنێتەوە. لە ئابی 1923دا، ئەدمۆنز بۆ شیخ مەحموود دەنووسێت:
«خاوەن پایە کۆمیسیاری باڵا زانیوێتی کەوا تۆ گەڕاویتەوە بۆ سلێمانی و فەرمانی پێداوم پێتڕابگەیەنم کەوا کاروباری پێویست وەرگیراوە بۆ بەڕێوەبردنی قەزاکانی رانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و … ناحیەی ماوەت، کە بە هیچ شێوەیەک تۆ دەستێوەردان نەکەیت لەو ناوچانەدا کە سەرەوە باسکراون … بەڵام ئەگەر (خوا نەکات) تۆ بەپێچەوانەی ئەم راسپاردانەوە رەفتار بکەیت … ئەوە توندترین کردەوەت لەدژ دەکرێت. لە حاڵی حازردا، ئەگەر تۆ دەستوەردان نەکەیت لەو ناوچانەدا کە ناویان هاتووە و ئەگەر هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە نەکەیت، ئەوە خاوەن پایە بەنیاز نیە هیچ کارێکت لەدژ بکات»32.
لە رەواندزیش، بەڕێوەبەرایەتییەکی شلوشۆڵی هاوشێوەیان دامەزراند. لە 23ی نیساندا، بە فەرمی رەواندز کرا بە قەزایەکی سەر بە هەولێر و سەید تەهاش کرا بە قایمقامی، کە سەرۆکی خێڵەکانی سەر سنووری عێراق و تورکیا بوو، بە هەندێک ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچەکە. فەوجێکیشی لە لێڤییە ئاشوورییەکان بۆ نێردرا بۆ هاوکاری کردنی لە چەسپاندنی یاساوڕێسا لە ناوچەکەدا. بەهۆی سیاسەتی کەمکردنەوەی هێزەکانی بەریتانیا و خەرج و تێچوونلە عێراقدا، حکوومەتی بەریتانیا هۆشداری دا بە سەید تەها کە چاوەڕێی لەو ئاستە زیاتری هاوکاریی بەریتانیا یان هێز نەکات بۆ بەڕیوەبردنی ئەم شارۆچکە سنوورییە33. دامەزراندنی سەید تەها لە رەواندز بایەخی خۆی هەبوو چون شارەکە لە چەقی چوارڕێیانی رێگاوبانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتدا بوو. مەبەست لەم کارە تەنها بەهێزکردنی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی نەبوو بەسەر ئەم شارۆچکە ستراتیجییەدا، بەڵکو دەشبووە هۆی سەپاندنی چاودێرییەکی کارا بەسەر پرۆپاگەندەی تورکیا و سەرلەنوێ گەڕانەوەی هێزە ناڕێکخراوەکانی تورک بۆ ناوچەکە34.
رێکخستن و سەروبەرگرتنی کاتی لەگەڵ شێخ مەحمووددا، کە ئەدمۆنز ناوی نابوو پشتێنەی ئابڵووقە، تا ناوەڕاستی تەمووزی ساڵی 1924 بەردەوام بوو. وادیارە شێخ مەحموود وەک هەمیشە هێستا هەر خولیای حوکمکردنی تەواوی کوردستانی لا مابێت. وا باس بوو کە لە 16ی ئابی 1923دا، شێخ هێزێکی خێڵەکی ناردووە بۆ سەرلەنوێ گرتنەوەی هەڵەبجە، کە لە وەختێکی پێشتری ساڵدا عادیلە خانم کرابووە حاکمی. شێخ نێردە و هێزێکی تری هاوشێوەی نارد بۆ گێڕانەوە و دامەزراندنەوەی دەسەلاتەکەی لە چەمچەماڵ. سەرەرای ئەوەش، شێخ مەحموود نێردە و نوێنەرانی خۆی نارد بۆ لای سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکانی کورد و داوای بەیعەتی لێکردن35. بەهەرحاڵ، بۆردمانی خەستی هێزی ئاسمانیی مەلەکی رێگەی لە خەڵک و لایەنە دوودڵەکان گرت کە بچنە پاڵ حکوومەتەکەی سلێمانی و بوێریی رەخساند بۆ رکابەرەکانی شێخ مەحموود کە بەرگریی بکەن36.
لە نۆڤەمبەری 1923دا، شێخ مەحموود کردەوە دوژمنکارییەکانی دژ بە دەسەڵاتی بەریتانی لە کوردستاندا چڕکردەوە. ئەمەش تاڕادەیەک بەهۆی کۆکردنەوەی بڕێک روپێ بوو کە لە باجی تووتن دەستیکەوتبوو لەگەڵ باجی کۆدە کە خێڵەکانی لیوای سلێمانی دەیاندا، هەروەها تاڕادەیەکیش بەهۆی هاندانی بەرپرس و کاربەدەستە تورکەکانی سەر سنوورەوە37. زۆرێک لە خێڵەکانی لیوای سلێمانی کەوتنە ئەوەی مل بە حکوومەت نەدەن و باج نەدەنە کاربەدەستانی حکوومەت. کاردانەوەی دەسەڵایدارانی بەریتانیش ئەوەبوو کە بەردەوام بۆردمانی خێڵە یاخییەکان بکەن و چەند جارێکیش شاری سلێمانییان بۆمباران کرد و بەمە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانیان ناچار کرد شار چۆڵ بکەن و رووبکەنە شوێنە نزیکەکانی دەوروبەری38.
لە مایسی 1924دا، پێکدادانێکی توندی لاوەکی لە نێوان لێڤییە ئاشوورییەکان و خەلکی کەرکووکدا بوو بە هۆی بەهێزبوونی دەسەڵاتی شێخ مەحموود لە کوردستاندا. ئەمە وایکرد کە شێخ مەحموود نوێنەری خۆی بنێریت بۆ لای سەرۆک عەشیرەتەکانی سەرتاپا کوردستان و داوای یەکخستنی هەوڵ و کۆششیان لێبکات بۆ یارمەتیدانی دانشتووانی کەرکووک دژ بە ئاشوورییەکان کە بەریتانیا پاڵپشتی دەکردن و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە ستەم و کاری ناڕەوایان دژ بە موسڵمانانی شارەکە بەرپاکردووە. وەک لێکەوتەیەکی ئەم رووداوە، ژمارەیەکی زۆر لە خێلە کوردەکانی هەردوو لیوای کەرکووک و هەولێر روویان بەرە سلێمانی وەرچەرخان بۆ رابەرایەتی کردن39. هەروەها لە مانگی حوزێرانیشدا زۆرێک لە هەڵچوون و پشێوی لە بەغدا سەریهەڵدا لەلایەن ناسیۆنالیستە عێراقییەکانەوە کە بەرهەڵستیی رەزامەندی دەربڕینی ئەنجومەنی دامەزراندنی عێراقییان دەکرد لەسەر پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقیی ساڵی 1922. وادیارە شێخ مەحموود تێگەیشتنێکی شێواوی هەبووە لەسەر هێزی ناسیۆنالیستە بەغداییەکان و لاوازیی بەریتانییەکان40. لەڕاستیدا، شێخ مەحموود وایبۆدەچوو کەوا بەریتانییەکان هێند بە قووڵی لە بەرەنگاربوونەوەی ناسیۆنالیستە عێراقییەکاندا تێوەگلاوە کە توانایان نیە رووبەڕووی هێزەکانی ئەم بوەستنەوە لە کوردستاندا. لەبەر ئەوە، جارێکیتر کەڵکەلەی داگیرکردنی کەرکووکی کەوتەوە خەیاڵ. بەم پێیە، داوای لە خێڵە کوردەکانی وڵاتی فارس کرد (مەبەست ئێرانە کە تا ساڵی 1934 بە رەسمی ناوی وڵاتی فارس Persia بوو – وەرگێڕ) کە هاوکاری بکەن بەڕێوەبەرایەتیی سەر بە بەریتانیای هەڵەبجە ناچاری دەرچوون بکەن لەو شارە و پێکهێنانی لەشکرێکی کورد بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر کەرکووک41.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە عێراق بێزار بوون لە چالاکیی دوژمنکارانەی شێخ مەحموود، بەڵام دوودڵ بوون لە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی سەربازی بۆ ئەوەی ناچاری بکەن لە سلێمانی دەربچێت لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان بەریتانییەکان دەیانویست شێخ مەحموود لە سلێمانی و ئەگەری جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق بەکاربێنن وەک ئامرازێک بۆ ئەوەی نەتەوەپەرستە عێراقییەکان ناچاری پەسەندکردنی پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقی ببن. کاربەدەستانی بەریتانی بۆ عێراقییەکانیان روونکردەوە کە رەفتار و کردەوەکانی شێخ مەحموود بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژ بە حکوومەتی عێراقە و بێزاریی کورد لە بەریتانییەکان بە هۆی هەوڵی ئەمانەوە بووە کە بەزۆر بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە42. لەم رووەوە هەورامی ئەم سەرنجە دەخاتەڕوو:
«هەڵوێستی ناحەزانەی کورد لەبەرانبەر حکوومەتی عێراقی نوێدا لەڕاستیدا بەتەواوی مایەی ناخۆشی و ناڕەحەتی نەبوو، بەڵکو بیرهێنانەوەیەکی بەردەوام بوو بۆ فەیسەڵ و دۆستەکانی کەوا … رەنگە بەریتانیا رەزامەندی دەرببڕێت بۆ سەربەخۆیی کورد، لەحاڵەتێکدا ئەگەر بارودۆخەکە لە عێراقدا بە ئاقارێکدا پەرەپسێنێت کە بە راوێژ و رەزامەندیی حکوومەتی خاوەن شکۆ نەبێت»43.
دووەم، لەکاتێکدا کە کۆنفرانسی دووەمی لۆزان هێشتا هەر بەردەوام بوو، بۆیە هەر کردەوەیەکی سەربازی لە کوردستاندا و لەلایەن حکوومەتی بەریتانییەوە لای تورکەکان وا لێکدەدرایەوە کە پێشێلکردنی بارودۆخی تایبەتی ویلایەتی مووسڵە کەوا بەریتانیا بەفەرمی بەڵێنی داوە کە پابەند بێت پێیەوە توەکو لە لۆزان چارەسەری مەسەلەکە دەکرێت. بێجگە لەوەش، هەر کردەوەیەکی دژ بە شێخ مەحموود هیچ ئاکامێکی نەدەبوو لەوە بترازێت کە پێگەی تورکیای لە کوردستان بەهێز دەکرد لە کاتێکی ناسکدا لە کاتێکدا کەوا هەردوو لایەنی ناکۆک و رکابەر لە مووسڵدا لە هەوڵی بەدەستهێنانی سۆزی کورددا بوون44.
بێگومان هاوزەمانیی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی بنەڕەتیی عێراقی لەسەر پەسەندکردنی پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقی لەگەڵ کۆنفرانسی لۆزاندا وای لە حکوومەتی بەریتانیا کردبوو کە ئاماژەیەکی هەڕەشەئامیزی لەدەستدانی ویلایەتی مووسڵ بەکاربێنێت بۆ ئەوەی نەتەوەپەرستەکانی عێراق ناچاری رازیبوون بکات بە پەیماننامەکە. لە حوزێرانی ساڵی 1924دا، دۆبس گەرەکی بوو مۆڵەت لە جەی. ئێج. تۆماسی وەزیری کۆڵۆنییەکان وەربگرێت بۆ ئەوەی هەڕەشە لە شا فەیسەڵ و ناسیۆنالیستە عێراقییەکان بکات کە ئەگەر رێکنەکەون لەسەر پەسەندکردنی پەیماننامەکە، ئەوە ویلایەتی مووسڵ لەدەستدەچێت. تۆماس سەری رەزامەندی بۆ مەسەلەکە لەقاند و فەیسەڵ ئاگادار کرایەوە کەوا دەنگنەدان بە پەسەندکردنی پەیماننامەکە لە ئەنجومەنی بنەڕەتیدا بەریتانیا ناچار دەکات داوا لە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان بکات کەوا کێشەی ویلایەتی مووسڵ بخاتە ئەجێندای کارەکانی خۆیەوە بۆ 10ی حوزێران. بەم پێیە، رۆژنامە بەغداد تایمزی زمانحاڵی فەرمیی کۆمیسیۆن لە بەغدا، نووسیبووی کەوا ئەگەر تا 10ی حوزێران پەیماننامەکە پەسەند نەکرێت، «ئەوە مووسڵ لەدەستدەچێت»46.
کاربەدەستە بەریتانییەکان، لە بەرەوڕووبوونەوەیان لەگەڵ ناسیۆنالیستە عێراقییەکاندا، یارییان بە ئەقڵی نوێنەرە کوردەکان دەکرد لە ئەنجومەنی بنەڕەتیدا. هەردوک کۆمیسیاری باڵا و گێرتروود بێڵ لە لایەن نەتەوەپەرستەکانی ئەنجومونەوە تووشی نائومێدی بوون. لە 7ی حوزێراندا، دۆبس هەواڵی دا بە تۆماس کە دەرفەتی پەسەندکردنی پەیماننامەکە لەلایەن ئەنجومەنەوە ئەوپەڕی تەڵخە و «باشترین رێگەی کارکردن» ئەوەیە کە شا فەیسەڵ ئەنجومەنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، وەزیری کۆڵۆنییەکانیش رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەم راوبۆچوونە47. بەمجۆرە، دۆبس داوای لە بێڵ کرد دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لەگەل نوێنەرە کوردەکاندا لە ئەنجومەن بەکاربێنێت بۆ پشتگیریی پێشنیازێک کە بەریتانیای لەپشتەوەبوو کە داوای دواخستنی پەسەندکردنی پەیماننامەکە بکەن بۆ ماوەی پاش چارەسەری کێشەی مووسڵ لە لۆزاندا. دۆبس پێیوابوو کە لە حاڵەتی دواخستنی پەسەندکردندا، بەهانەیەکی باشی دەبێت بۆ ئەوەی داوا لە حکوومەتەکەی بکات شا فەیسەڵ ناچار بکات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەن. بەم رەنگە، نوێنەرە کوردەکان دەنگیان بە پێشنیازەکە دا سەبارەت بە دواخستنی پەسەندکردنی پەیماننامەکە48.
هەرچۆنێک بێت، لە 10ی حوزێراندا و لە ئەنجامی رێککەوتنێکی نێوان یاسین هاشمیی سەرۆکی ناسیۆنالیستە عێراقییەکان و حکوومەتی بەریتانیادا، کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی بۆ مسۆگەر کردبوو، بانگهێشتی ئەنجومەن کرا بۆ بەستنی کۆبوونەوەیەکی پەلە بە مەبەستی پەسەندکردنی پەیماننامەکە. ژمارەیەکی زۆری نوێنەران بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد یان دەنگیان نەدا یان بەرهەڵستیی پەسەندکرنی پەیماننامەکەیان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیماننامەکە پەسەندکرا و نوێنەرە کوردەکان کە ژمارەیان 18 کەس بوو بە تێکرا دەنگیان دا بە پەسەندکردنەکە49.
لە ناوەڕاستی تەمووزی 1924دا، پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقی پەسەندکرا و دانوستانی لۆزان گەیشتە دوا ئەنجامی. لێرە بەدواوە حکوومەتی بەریتانی چیتر پێویستی بەوە نەما کە بوار بداتە شێخ مەحموود درێژە بە هەڕەشەکردن بدات لە ئیدارەی بەریتانی لە کوردستان. بەم پێیە، کۆمیسیاری باڵا ئەڵتەرناتیڤێکی تری نەبوو بێجگە لەوەی کە سەرلەنوێ و دەسبەجێ سلیمانی بگیرێتەوە. لە 21ی تەمووزدا، هێزێکی پێکهاتوو لە رەتڵێکی سوپای عێراق و فەوجێکی پۆلیس و کەتیبەیەکی ئاشوورییەکان بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی پاسایەتیی بەریتانی بەبێ گرفت و بەئاسانی پێشرەویی کرد بۆ شارەکە کە پێشتر بۆردمان کرابوو. ئەنجام جارێکیتر شێخ مەحموود بەرەو چیاکان هەڵات و جەی. چاپمان بە یاریدەدەری موتەسەڕیف دامەزرا بۆ بەڕێوەبردنی لیواکە و راستەوخۆ بەرپرس بوو لەبەردەم کۆمیسیاری باڵادا50.
لە بنکە و بارەگا قایمکار و سەختەکانیەوە لە شارباژێڕ و پێنجوێندا لە باشووری رۆژهەڵات و باکووری سلێمانیدا، شێخ مەحموود سەرپەرشتیی «غەزا»ی دەکرد دژ بە کارگێڕیی بەریتانیا لە ناوچە دوورەدەستەکانی کەرکووک و سلێمانی. ئەوجا بە سوود وەرگرتن لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆی میرەکانی جاف لە هەڵەبجە، لە مانگی ئابدا شێخ مەحموود توانی دەسەڵاتی خۆی لە هەلەبجە و ناوچەکانی دەوروپشتیدا بچەسپێنێت51. بەمجۆرە، شێخ مەحموود توانی حکوومەتێکی کوردیی هاوتەریب لە لیوای سلێمانیدا دامەزرێنێت و باجی لە زۆربەی خێڵەکانی لیواکە بەدەستدەهێنا یان دەیسەپاند بەسەریاندا.
لە ئابی 1924دا، یاسین هاشمیی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە پاش هەوڵ و کۆششێکی زۆر مۆڵەتی لە حکوومەتی بەریتانی وەرگرت بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکەی شێخ مەحموود. لە مانگی ئابەوە بۆ دیسەمبەری 1924، چەندین هێرش ئەنجامدرا بۆ دەرپەڕاندنی شێخ مەحموود و شوێنکەوتووانی لە بنکە و سەنگەرەکانیان لە چیاکاندا. بێگومان سەرەڕای ئەو زیانە توند و سەختانەی بەر ناوچەکە کەوت لە لایەن هێزی ئاسمانیی پاشایەتیی بەریتانیاوە کە سووتانی دەیان گوندی گرتەوە، توانای شێخ مەحموودی کەمنەکردەوە لە جێبەجێ کردنی «دزی و جەردەیی». هەڵبەت هێزەکەی شێخ مەحموود بەردەوام لە جووڵەدا بوو و شارەزا و ئاشنای ناوچە شاخاوییەکان بوو، بەڵام سوپای عێراق کە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەم هێرشانەدا، زانیاریی تەواوی نەبوو لەسەر جوگرافیای ناوچەکە. لە مانگی دیسەمبەردا، هاشمی ناچار کرا کە دەست لەکار بکێشێتەوە بەو هۆیەوە کە نەیتوانی یاخیبوونەکەی شێخ مەحموود تێکبشکێنێت و توندی و دڵڕەقی لە هێرش و پەلامارەکانیدا بۆ سەر کورد53.
بەهەرحاڵ، لە ناوەراستی مانگی دیسەمبەری 1924دا، حکوومەتی بەریتانی ناچار بوو هێزی زیاد کۆبکاتەوە و بۆردمانەکانی هێزی ئاسمانیی پاشایەتیی کارا بکات لەپێناوی ئارامکردنەوەی لیوای سلێمانیدا لەپێش گەیشتنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەر بە کۆمەڵەی گەلان بۆ کوردستان. بەوپێیە، توانای شێخ مەحموود بەتەواوی کەمبووەوە و تا ئاستێکی باش نەیتوانی ببێتە مایەی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکەدا و خۆی و شوێنکەوتەکانی بوون بە ئاوارەی هەڵاتوو و لەسەر سنووری ئێران راو دەکران54.


لەبەر ئەم هۆکارانە، سیاسەتی بەریتانیا لە بەرانبەر کورددا لە عێراق لە ماوەی نۆڤەمبەری 1922 تا تەمووزی 1924، تا رادەیەکی زۆر، کاریگەر بوو بە دانوستانی لۆزان لەگەڵ تورکیادا لەبارەی ویلایەتی مووسڵەوە. بێجگە لەوەش، لەم ماوەیەدا بەریتانیا پشتگیریی خۆی کشاندەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ کە لە ئابی 1920دا پەیمانی سیڤەر لەئەستۆی گرتبوو. هەڵوێستی فەرمیی نوێی بەریتانیا سەبارەت بە سەربەخۆیی کورد بە پلەی یەکەم هۆکارەکەی رازیکردنی تورکیایە، کە هاوکاریی ئەو پێویست بوو لە ستراتیجییەتی گەورەی بەریتانیادا بۆ تەریککردن و دابڕینی رووسیای بەلشەڤیک. سەرباری ئەوەش، لەم ماوەیەدا کورد وەکو داشی دامە لە لایەن هەردوو لاوە بەکارهێنراون لە ماسەلەی ویلایەتی مووسڵدا.

سەرچاوەکان:
گۆڤاری توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەرگی 33 ژمارە 3، تەمووزی 1997، لاپەرە 521 – 534
ناوی بابەت: کورد و دانوستانی ئاشتیی لۆزان، 1922 – 1923
لێکۆڵینەوەی: عوسمان عەلی
Middle Eastern Studies, Vol. 33, No. 3, July 1997, pp. 521 – 534
The Kurds and the Lausanne Peace Negotiations, 1922 – 1923
Othman Ali

پەراوێز:

-1 دەقی بەندەکانی 62 تا 65 پەیمانی سیڤەر Sevres، کە لە 10ی ئابی 1920دا لە نێوان ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و هێزەکانی هاوپەیماناندا مۆرکرا، جەخت لەسەر پێکهێنانی ئیدارەیەکی کوردیی سەربەخۆ دەکات لە ویلایەتە کوردییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی توکیادا. کوردەکانی باکووری عێراق ئازاد بوون کە بچنە سەر ئەم ناوچە ئۆتۆنۆمیدارە ئەگەر ئەوەیان بویستایە. بۆ وردەکاریی پەیمانی سیڤەر و کۆنفرانسی لۆزان، بڕوانە ولیەم سپێنسەر «مەسەلەی مووسڵ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا»، بڵاونەکراوەتەوە، نامەی دکتۆرا، 1965؛ بەریتانیای مەزن: پەیپەرەکانی فەرماندەیی (پەرلەمان، وەزارەتی دەرەوە)، «کۆنفرانسی لۆزان لەبارەی مەسەلەکانی رۆژهەڵاتی نزیکەوە 1922 – 1923: تۆماری مەسەلە باسکراوەکان و پرۆژەی هەلومەرجەکانی ئاشتی» (Cnd. 1814) ، لەندەن: HMSO ، 1923.
-2 کۆنفرانسی لۆزان، ل. 262 – 264.
-3 هەمان سەرچاوە، ل. 366 و 367 و 369 – .370
-4 هەمان سەرچاوە، ل. 363 ، 372.
-5 هەمان سەرچاوە ، ل. 363.
-6 نۆیڵ واڵتەر سپێنسەر، «مێژووی دیبلۆماسیی عێراق 1920 – 1932»، بڵاونەکراوەتەوە. نامەی دکتۆرا، زانکۆی یوتا، 1979، ل. 131.
-7 كۆڵن دەیڤیز، «سیاسەتی نەوتیی بەریتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا 1912 – 1932»، بڵاونەکراوەتەوە. نامەی دکتۆرا، زانکۆی ئەدینبەرە، 1973 ، ل. 199.
-8 هارۆڵد نیكۆڵسن، «كەرزۆن – قۆناخی کۆتایی 1919 – 1925: لێکۆڵینەوەیەک لە دیبلۆماسییەتی دوای جەنگ» (نیویۆرك: هاسكۆنت كۆمپانی، 1939)، ل. 488.
-9 سپێنسەر، «مێژووی دیبلۆماسیی عێراق»، ل. 128.
-10 گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نوێنەران، 159، ل. 2134.
-11 هەمان سەرچاوە، ل. 232 و 25.
-12 FO 371 / 10097 ، راپۆرتی هەواڵگری، ژمارە 3 ، 7ی شوباتی 1923.
-13 ئەنجومەنی نوێنەران، گفتوگۆکانی 159، ل. 2134.
-14 FO 371 / 10870 ، «توركیا»، راپۆرتی ساڵانە، ژمارە 421، 1ی کانوونی دووەم 1925.
-15 FO 371/ 6967 ، تەلگرامی ژمارە ٨٠ ، ٦ دیسمبر ١٩٢٢ ، لە كەرزونەوە بۆ سێر ئی. کرۆ؛ بەڵگەنامەکان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا، 1st Ser. 18، Doc، No. 257 p.271؛ جەعفەر پاشا پێشنیازەکەی کەرزۆنی پێ پەسەند بوو. نۆیڵ سپێنسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئارەزووی کەرزۆن بە پێدانی ناوچە کوردییە شاخاوییەکان بە تورکیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوکیان «لە مەسەلەی جوگرافی و ستراتیجیدا ناحاڵی بوون، چونکە … نزیکەی 200 میل لە [خاکی عێراق] هاوسنوور دەبێت لەگەڵ وڵاتێکی شاخاویی نائارام و ئاڵۆزدا … «.
-16 FO 371 / 7667، لیژنەی وەزاری لەبارەی عێراقەوە، تەلگرامی ژمارە 160، 8ی دیسەمبەری 1922 ؛ کابینە 23 / 32 ، پەیپەری كابینە، ژمارە 62 ، «ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی کابینەی وەزارەت»، 7ی دیسەمبەری 1922.
-17 و. ن. هۆویڵ، «یەکێتیی سۆڤیێت و کورد: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کێشەی کەمینە نەتەوەییەکان لە سیاسەتی سۆڤێتیدا» (نامەیەکی دكتۆرای بڵاونەکراوە، زانکۆی ڤەرجینیا، 1965)، ل. 328 ؛ نیكۆڵسن، ل. 311.
-18 FO 371 / 7782 ، تەلەگرامی ژمارە ٧٢٥ ، ٢٢ دیسەمبەری ١٩٢٢، لە چەرچڵەوە بۆ كۆكس.
-19 ئیلیزابێپ بۆرگۆین، «گێرتروود بێڵ: لە نامە شەخسییەکانیەوە»، لەندەن: ئێرنست بێن، 1961، ل. 30810 ؛ سپێنسەر، «مێژووی دیبلۆماسیی عێراق»، ل. 131.
-20 ئێدمۆنز، «کورد و تورک و عەرەب»، (لەندەن: 1957)، ل. 313 ؛ 371 / 7782 ، تەلگرامی ژمارە883 ، 16ی دیسەمبەری 1922.
-21 کۆمیسیۆنی باڵای بەریتانی 13 – 14 «رووداوەکانی کوردستان»، بەرگی 5 ، یاداشتی 2، 19ی مارتی 1923، بارەگای هێزی ئاسمانی، عیراق، بۆ سەرۆکی ئەرکان؛ یاداشتی ژمارە 535/2 لە مارشاڵی هێزی ئاسمانییەوە سێر جۆن م. سالمۆند بۆ سکرتێری وەزارەتی هێزی ئاسمانی، 26ی حوزێرانی 1923، «ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانی لە كوردستان» ؛ FO 371 / 10098، راپۆرتی هەواڵگری، عیراق، 14ی مایسی 1924.
-22 بڕوانە: ژمارە 6 ، 27 ی نۆڤەمبەری 1922 ؛ ژمارە 5 ، دیسەمبەری 1922.
-23 ئەحمەد تەقی، «خەباتی گەلی کورد»، (بەغدا: چاپخانەی العربیه‌، 1970)، ل. 74.
-24 BHCF 13 / 14 ، «رووداوەکانی کوردستان»، بەرگی 3، یاداشتی ژمارە 512 / 1 ، «بارودۆخ لە سلێمانیدا»، 14ی مارتی 1922.
-25 BHCF 13 / 14 ، «رووداوەکانی کوردستان»، بەرگی3 ، تەلگرامی ژمارە 5495،20 ی مارتی 1922، BFHQ، عێراق، بۆ وەزارەتی هێزی ئاسمانی ؛ FO 371 / 9004، یاداشتی ژمارە E3117 ، كەرزۆن، 23 ی مارتی 1922.
-26 BHCF 13 / 14 ، «رووداوەکانی کوردستان»، بەرگی 5، یاداشت. هێزی ئاسمانی 535 / 2، مارشاڵی هێزی ئاسمانی سێر جۆن سالمۆند بۆ سکرتێری وەزارەتی هێزی ئاسمانی، 26ی حوزیرانی 1923. «ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانی لە كوردستان» ؛ ئێدمۆنز، ل. 32.
-27 بۆ وردەکاریی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، بڕوانە ئێدمۆنز، ل. 328.
-28 BHCF 13 / 14 ، «رووداوەکانی کوردستان» ، بەرگی5 ، تەلەگرامی ژمارە 275 ، 11ی مایسی 1923، کۆمیسیاری باڵا بۆ کۆڵۆنێڵ س. تەلەگرامی ژمارە 184، مارتی 1923، دۆبس بۆ نۆیڵ.
-29 BHCF 13 /14 ، «رووداوەکانی کوردستان»، بەرگی5 ، تەلگرامی ژمارە 184، مارتی 1923، دۆبس بۆ نۆیڵ ؛ راگەیاندنی 24 دیسەمبەری 1922 راگەیاندنێکی هاوبەش بوو لەلایەن حکوومەتی عێراق و بەریتانیاوە، کە ئەمیان داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی کوردیی سەربەخۆی دەکرد لە باشووری کوردستاندا.
30- بەریتانیای مەزن، ئۆفیسی کۆڵۆنییەکان، «راپۆرتی حکوومەتی خاوەن شکۆ لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیای مەزن و ئێرلەندای باکوور بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لەبارەی ئەو پێشکەوتنەی لە عێراق بەدەستهاتووە لە ماوەی ساڵانی 1920-1931دا»، (کۆڵۆنیی ژمارە 58) (لەندەن: HMSO، 1930)، ل. 256 – 255 ؛ BHCF 13 / 14، «رووداوەکانی کوردستان» ، بەرگی 5. نامەی کۆمیسیاری باڵا HC بۆ ئۆفیسی کۆڵۆنییەکان CO ، 12ی نیسانی 1924.
31- «راپۆرت لەسەر ماوەی نێوان 1920 – 1931»، ل. 257 ؛ وەدیع جوەیده، «بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: رەگوڕیشە و پەرەسەندنی»، دوو بەرگ، بڵاونەکراوەتەوە. نامەی دکتۆرا، زانکۆی سیراكیوز، 1960، II، لاپەڕە 58 – 59 .
32- ئێدمۆنز، ل. 346.
33- BHCF 13 / 14 ، «رووداوەکانی کوردستان»، بەرگی5 ، تەلگرامی ژمارە 275 ، 11ی مایسی 1923، MC بۆ S.S. Col؛ دامەزراندنی سەید تەها بە قایمقام، بە فشاری دۆبس، بەرەوڕووی بەرهەڵستییەکی توند بووەتەوە لە لایەن شافەیسەڵەوە کە دەیەوێت کەسێکی لاواز لەم پۆستەدا دابنێت. کۆمیسیاری باڵا سوورە لەسەر دانانی سەید تەها وەک «قایمقامێکی گولەبەند». بەکارهێنانی ئەم تێرمی گولەبەندە لەلایەن کاربەدەستە بەریتانییەکانەوە ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی تاڕادەیەک پارێزراو بوون لە کوشتن و تیرۆرکردن بەهۆی پەیوەندییە خێڵەکییەکانیانەوە. هۆکاری پێداگریی دۆبسیش ئەو باوەڕەی بوو کە سەید تەها رەنگە تاقە کەس بووبێت کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دەهۆ و پیلانی تورکەکاندا بکات. (بڕوانە ئەدمۆنز، ل. 326 ؛ جوەیده، ل. 542).
)گولەبەند زاراوەیەکی ئاینییە و لە کوردستاندا بەزۆری لە تەریقەتەکانی دەروێشیدا بەکاردەهات و بەتایبەت تەریقەتی قادری و گوایە بە نووشتە و دۆعای شێخێک بۆ کەسێک، یان شێخەکە خۆی وەک نواندنی کەراماتێکی غەیبی، ئیتر گوللەی تفەنگ نایبڕێت و ئەم قەناعەتە زۆر باوبوو لەناو خەڵکدا لەو سەردەمەدا، هەرچەندە هیچ بناغەیەکیشی نەبوو. دیارە ئینگلیزیش، کە هاتوونەتە ئەم وڵاتەوە و شارەزای فەرهەنگ و کولتووری خەڵکەکەی بوون، ئەم زاراوەیان لە ناو خۆیاندا وەک جۆرێک لە تەنز یان بۆ کەسانی خاوەن پێگە و دەسەڵاتی ئاینی و کۆمەڵایەتی بەکارهێناوە – وەرگێڕ).
34 – بەریتانیای مەزن، ئۆفیسی کۆڵۆنییەکان، «راپۆرتی حکوومەتی خاوەن شکۆ لەبارەی ئیدارەدانی عێراقەوە بۆ ماوەی نیسانی 1923 تا دیسەمبەری 1924» (لەندەن: HMSO ، 1925)، لاپەڕە 32 – 33.
35 – FO 371 / 10098 ئۆفیسی دەرەوە، راپۆرتی هەواڵگری ژمارە 5، عێراق، 30 نیسانی 1924، لیس، ل. 272.
36 – بەریتانیای مەزن، ئۆفیسی کۆڵۆنییەکان، «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924» (لەندەن: HMSO ، 1925)، ل. 32 – 33.
37 – FO 371 / 10098 ، ئۆفیسی دەرەوە، راپۆرتی هەواڵگریی عێراق، 14ی مایسی 1924 ؛ «راپۆرت لەسەر ئەو پێشکەوتنانەی لە عێراق بەدەستهاتووە 1920-1931»، ل. 58 ؛ «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924»، ل. 31.
38 – تا ناوەڕاستی تەمووزی 1924، کاتێ کە سەرلەنوێ سلێمانی داگیکرایەوە ژمارەی دانیشتوانی لە بیست هەزارەوە کەمبووەتەوە بۆ تەنها حەوتسەد کەس. بەڵام لەدوای دوو مانگ لە داگیرکردنی بەریتانیا، جارێکیتر ژمارەی دانیشتوانەکەی بەرزبووەوە بۆ دوانزە هەزار. (بڕوانە «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924»، ل. 31 ؛ ئەدمۆنز، ل. 377 ؛ جوەیده، ل. 595).
39 – FO 371 / 10114، ئۆفیسی دەرەوە، «یاداشتێک لە دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانی لەبارەی داگیرکردنی سلێمانییەوە»، ژمارە 459 / 24، 27ی سێپتەمبەری 1924 ؛ 10100 ، تەلگرامی ژمارە 66304، 30 مایسی 1924، ئۆفیسی سەرکردایەتیی هێزی ئاسمانی، عێراق بۆ وەزارەتی هێزی ئاسمانی ؛ لە مایسی 1924دا، کوشتارێک لە کەرکووک بەرپابوو لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەک لەنێوان هەندێک لێڤیی ئاشووری و چەند دوکاندارێکی کەرکووکدا. ئەو ئاشوورییانەی کە دەستدرێژییان کرابووە سەر چووبوونەوە بۆ فەوجەکانی خۆیان و هاوەڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو بۆ بازاڕ و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کەوتبوونە دەسڕێژ کردنی گوللە بە ناو کۆمەڵێک خەڵکدا کە لە چایخانەیەکدا دانیشتبوون. رووداوەکە لە رەمەزاندا بووە کە مانگی رۆژووگرتنی ئیسلامییە و ئاژاوەکە سەریکێشایەوە بۆ شەڕی نێوان موسڵمان و مەسیحی. لەئەنجامدا سی موسڵمان کوژران و شەستیش بریندار بوون، زیانی ئاشوورییەکانیش شەش کوژراو و پێنج بریدار بوو. کۆمیسیاری باڵا فەرمانی دا لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لە کێشەکە بکرێت، بەڵام کەسی تێدا تۆمەتبار نەکرا. ئەمەش کوردەکانی تووڕەکرد و سەدان پیاوی خێڵەکانی دەوروپشتی کەرکووک لە ناو شاردا رێڕەوێکیان ئەنجامدا بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی کوژراوەکانیان، بەڵام هەرچۆنێک بێت سەرۆکەکانی عەشیرەتی تاڵەبانی بڵاوەیان پێکردبوون. (بروانە FO 371 / 10098 ئۆفیسی دەرەوە، راپۆرتی هەواڵگریی ژمارە 2 ، عێراق، 28ی مایسی 1924 ؛ راپۆرتی هەواڵگری، 12ی حوزێرانی 1924).
40 – «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924 «، ل. 32. لە 27ی مارتی 1924دا، ئەنجومەنی دامەزراندن یان بنەڕەتی (واتە نوێنەران و پیران) بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن شا فەیسەڵەوە کرایەوە و لە وتاردانەکەیدا وتی ئەرکەکانی ئەنجومەن ئەمانەن:
1 – دەستووری عێراق زەمانەتی مافەکانی تاک و جێگیرکردنی سیاسەتی ناوخۆ مسۆگەر دەکات. 2 – دەرکردنی یاسایەکی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی بنەڕەتی و جەختکردن لەسەر سەرپەرشتی کردنی سیاسەت و کارەکانی حکوومەت.
3 – پەسەندکردنی پەیماننامەی ئەنگلۆ – عێراقیی ساڵی 1922، کە پێویستە پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیادا رێکبخات.
ناسیۆنالیستەکانی عێراق بەرهەڵستی ئەو پەسەندکردنە بوون بە پێی ئەو بنەمایەی کە پەیماننامەکە چنگی بەریتانیا زیاتر گیردەکات لەسەر عێراق و کۆت و بەند دەخاتە سەر مافی سەربەخۆیی عێراق و پابەندیی دارایی قورسی دەبێت. لە 2ی نیساندا، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی یاسین هاشمی راپۆرتێکی دارایی بەرزکردەوە و داواکاریی دەسکاری و هەموارکردنێکی زۆریان پێشکەس کرد. هەڵبەت بەریتانییەکان ئامادە نەبوون وەڵامی ئەرێنیی ئەم داواکارییانە بدەنەوە. پاشان ناسیۆنالیستە عێراقییەکان خۆپێشاندانی گەورەیان رێکخست و لە 29ی مایسی 1924دا حکوومەت پەنای بردە بەر سوپا بۆ بڵاوەپێکردنی هەزاران خۆپێشاندەر و کارەکە سەریکێشایەوە بۆ پێکدادانێکی خوێناوی. (بڕوانە «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924»، لاپەرە 20 – 12).
41 – FO 371 / 10098، ئۆفیسی دەرەوە، راپۆرتی هەواڵگری، عێراق، 28ی ئۆکتۆبەری 1924. دەسەڵاتدارانی ئێرانی فەرمانیان دابوو بە کاربەدەستە حکوومییەکانی سنوور کەوا هۆشداری بدەنە سەرۆکە کوردەکانی وڵاتی فارس کە نەچنە پاڵ چالاکییەکانی شێخ مەحموود دژ بە بەریتانیا. (بروانە 371 / 10098، راپۆرتی هەواڵگری، ژمارە 10. بەغدا، 28 ئۆكتۆبەری 1924.)
42 – گێرتروود بێڵ، نامەکان (لەندەن: چاپخانەی ئۆكسفۆرد، 1982)، ل. 549.
43 – هەورامی، «شێخ مەحموود و مەسەلەی کورد، 1917- 1920»، ل. 2، گۆڤاری کورد، ژمارە 3 (1969)، ل. 10.
44 – FO 371 / 9010، ئۆفیسی دەرەوە، راپۆرتی هەواڵگری، عێراق، ژمارە 23، 1ی دیسەمبەری 1923.
45 – «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924»»، ل. 22 ؛ FO 371/13034 ، 9 ی مایسی 1924، دۆبس بۆ ئەمەری، 11259 ، تەلەگرامی ژمارە 12، 16ی حوزێرانی 1994 ؛ مانچستەر گاردیان، 13ی حوزێرانی 1924. لە بەرەوڕووبوونەوەی ناسیۆنالیستە عێراقییەکاندا، بەریتانیا هەڕەشەی کشانەوەی لە عێراق کرد و لێدەگەڕێت بکەونە بەر بەزەیی مستەفا کەمال. بێگومان ئەمە چاووڕاوێک بوو بۆ ترساندنی شا فەیسەڵ و نەتەوەپەرستەکان، چونکە بەریتانییەکان بەکردەوە ئامادە نەبوون دەسەڵات و کاریگەری و کۆنترۆڵ کردنی یەدەکی نەوت لە عێراقدا لەدەست بدەن. بڕوانە عبدالرحمن الحسنی، «تاریخ العراق السیاسی الحدیث»، الجزء الثانی، (صیدا: مطبعه‌ عرفان، 1957)، ص 92.
46 – رۆژنامەی بەغداد تایمز Baghdad Times، 10ی حوزێرانی 1924.
47- CO 730 / 60 / 2655 ، ئۆفیسی کۆڵۆنیالی، تەلگرامی ژمارە 28 ، 2ی حوزێرانی 1924، دۆبس بۆ تۆماس ؛ «مەحزەری» 4ی حوزێرانی 1924،لە خادم نیاما «پەیوەندییە ئەنگلۆ – عێراقییەکان لە سەردەمی ماندێتدا» وەرگیراوە، بڵاونەکراوەتەوە. تێزی دكتۆرا، وێڵز، ئەبیریستویپ، 1974، ل. .162
48 – بورگۆین، «گیرتروود بێڵ: لە پەیپەرە شەخسییەکانییەوە»، II ، ل. 344 ؛ بەعادەت نوێنەرە کوردەکان لە ئەنجومەنی بنەڕەتیدا زۆر بە وردی دەستنیشان دەکران لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانییەوە لە عێراق. زۆربەی ئەوانە ئەڵقەلەگوێی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوون (بروانە هاوار، الپقافه‌ الكردیه‌ ، المجلد 1 ، العدد 1، ص 93 – 94).
49- «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924»، ل. 25 ؛ ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵی CO 730 / 6132 / 85. چەمبەرلەین بۆ لیندسای، 6ی حوزێرانی 1924 ؛ Edmonds ئەدمۆنز، ل. 383،384 ؛ نیاما Niama، ل. 165.
50 – FO 371 / 10114 ئۆفیسی دەرەوە، یاداشتێک لە دەستەی ئەرکانی هێزی ئاسمانییەوە لەسەر داگیرکردنی سلێمانی. 44459 / 24 ، 27ی سێپتەمبەری 1924 ؛ ئەدمۆنز، ل. ٣٨٧.
51- BHCF 13 / 14 «رووداوەکان لە کوردستاندا»، بەرگی 5 ، «شێخ مەحموود: یاداشت»، ب. بۆردیلۆن، 3ی نۆڤەمبەری 1926 ؛ بەریتانیای مەزن، ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵی، «راپۆرتێک لە حکوومەتی خاوەن شکۆوە بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لەبارەی ئیدارەدانی عێراقەوە بۆ ساڵی 1925» (گۆڤاری کۆڵۆنیاڵ، ژمارە 21) (لەندەن: HMSO ، 1926)، ل. 32.
52 – «راپۆرتی کارگێڕیی عێراق، نیسانی 1923 – دیسەمبەری 1924»، ل. 31 – 32.
53 – «راپۆرتێک لەسەر ئەو پێشکەوتنەی لە عێراق بەدەستهاتووە لە ساڵی 1925دا» ، ل. 58 ؛ س. القیسی، «یاسین الهاشمی ودوره فی السیاسه‌ العراقیه‌ 1922- 1936» (بەغدا، 1975)، ل. 279.
54 – بورگۆین، «گیرتروود بێڵ: لە پەیپەرە شەخسییەکانیەوە»، II ، ل. 369 – 370.

print

 249 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*