سەرەکی » مانشێت » بافڵ تاڵەبانی: نابێت مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بە كێشە سیاسییەكانەوە

بافڵ تاڵەبانی: نابێت مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بە كێشە سیاسییەكانەوە

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختیكردەوە «نابێت مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم ببەسترێتەوە بە كێشە سیاسییەكانەوە».
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، چاوی بە ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، كەوت. لە دیدارێكدا تەئكیدی لە گفتوگۆی جددی و بنیادنەرانە لەنێوان هەرێم و عیراق كردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندیی كۆمەڵانی خەڵك. راشیگەیاند: یەكێتی، پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكە، كە رەنگدانەوەی خواستی هەموولایەك بێت.

״پاراستنی سەرجەم مافە دەستوورییەكانی هەرێم״
هەر دوێنێ لە هەولێر بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكایەتیی وەفدی یەكێتی كرد لە كۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەركردایەتیی لایەنە سیاسییەكان و وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە «كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دەرئەنجامەكانی سەردانی وەفدی لایەنە كوردستانییەكان بۆ بەغدا و گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و محەمەد عەللاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو».
لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو «كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێك دەكەین كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای عیراقی هەبێت و كاری جددی بۆ گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ عیراق و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات، ئەو هەنگاوانەی تائێستا لەلایەن بەڕێز عەللاوی-یەوە نراون بۆ زۆرێك لە لایەن و پێكهاتەكانی گەلی عیراق جێگەی دڵنیایی و متمانە نین، بۆیە داوا دەكەین كە پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی كار و بەرنامەكەیدا بكرێتەوە بە جۆرێك كە حكومەتی ئایندە داخوازیی هەموو پێكهاتەكانی عیراق، بهێنێتە دی».
لە خاڵێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە «داكۆكی و پێداگریی لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی سەرجەم مافە دەستوورییەكانی هەرێم و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكەینەوە‌، پێكهاتەكانی كوردستان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها لایەنی شەرعیی بڕیاردەرن لە دەستنیشانكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدرالی لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینەی نیشتمانی و هاوسەنگی و سازان». ئەوەشخراوەتەڕوو «وەفدی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عیراق، لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە بەردەوام دەبێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*