سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״رێگای چارەسەری تەواوی كێشەكان كورتتر و خێراتر دەكات״

رێكەوتنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و بەرگریی عیراق

״رێگای چارەسەری تەواوی كێشەكان كورتتر و خێراتر دەكات״

هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم‌و بەرگریی عیراق، لەسەر دوو خاڵی گرنگ رێكەوتوون، «یەكەمیان پەیوەندیی بەخەرجكردنی شایستە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە. دووەمیش چالاككردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وەزارەتە لەو ناوچانەی جموجوڵی داعش هەیەو دەكەوێتە نێوان سوپا‌و پێشمەرگە بەتایبەتی لەكەركوك، نەینەواو دیالە».

ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە
رۆژی 24/2 وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆكایەتیی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، سەردانی بەغدایان كردو لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نەجاح شەمەری وەزیری بەرگریی عیراق، چەند پرسێكی تایبەتیان تاوتوێكردو لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن كرا. لەبارەی كۆبوونەوەكەشەوە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەزیری پێشمەرگەو وەزیری بەرگریی عیراق، تیشكیان خستەسەر رێكەوتنەكەو گرنگیی جێبەجێكردنی خاڵەكانی. سەرەتا وەزیری پێشمەرگە، رایگەیاند: گفتوگۆی جددیمان كرد لەسەر شایستە داراییەكانی پێشمەرگە‌و بڕیاردرا مستەحەقاتی پێشمەرگە بۆ ساڵانی 2019و 2020 خەرجبكرێت‌و بۆ ساڵەكانی دواتریش بەردەوام بێت. هەروەك بڕیاردرا هەرچی زووە لیژنە هاوبەشەكانی نێوانمان كۆبوونەوەكانیان دەستپێبكەنەوە، تا رێوشوێن‌و میكانیزمی گونجاو دابنێن.
لای خۆیشییەوە، وەزیری بەرگریی عیراق، رایگەیاند: ئەو بابەتانەی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، تاوتوێكرا بریتیبوو لەمیكانیزمی چۆنێتی پێدان‌و خەرجكردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگە، ئەوەش لەو چوارچێوەیەدا كە هێزەكانی پێشمەرگە بەشێكن لەهێزە چەكدارەكانی عیراق، بۆیە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ساڵەكانی 2019 و 2020و ساڵانی داهاتووش خەرجدەكرێت. لەبارەی چالاككردنەوەی لیژنە هاوبەشەكانیشەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی‌و بنەبڕكردنی پاشماوەكانی داعش لەو ناوچانەی دەكەوێتە نێوان سوپای عیراق‌و هێزەكانی پێشمەرگە، وەزیری بەرگریی عیراق، وتی: ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەژێر سەرپەرشتی‌و چاودێریی بەڕێوەبەرو پلاندانانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەبێت.

رێكەوتنەكە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە
لەبارەی گرنگیی رێكەوتنەكەوە، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەو ئەندامی وەفدی وەزارەت بۆ بەغدا، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: لەسەر ئاستی كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عیراق، بڕیاردراوە گفتوگۆ لەبارەی پرسی پێشمەرگەو هەماهەنگییەكانی نێوان پێشمەرگەو سوپای عیراقەوە بكرێت، سەردانی وەفدی وەزارەتی پێشمەرگەش بۆ بەغدا لەبەر رۆشنایی ئەو كۆبوونەوانەوە، هات‌و بەردەوامیش دەبێت، وتیشی: ئەو دوو بڕگەیەی لەكۆبوونەوەكەی نێوان وەزارەتی بەرگریی‌و وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكەوتنی لەسەر كرا، یەكەمیان پەیوەندیی بەموستەحەقاتی پێشمەرگەوە هەیە، كە ماددەیەكی یاساییە لەیاسای بودجەی 2019ی عیراقدا، كە مانگانە 68 ملیار دینارە، بۆ ئەوەش وەزیری بەرگریی، وتی: «بەڵێ منیش لەگەڵ ئەوەم جێبەجێبكرێ‌و دەكرێتە خاڵێك بۆ ئەوەی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بكرێت تا فەرمان بەوەزارەتی دارایی بكات بۆ خەرجكردنی». لەبارەی بڕگەی دووەمیش، لەكۆبوونەوەكەدا، باسی ئەوەمان كرد لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسنووری پارێزگاكانی دیالەو كەركوك‌و نەینەوا بۆشایی ئەمنیی هەیەو چالاكیی تیرۆریستان زیادیكردووە، بۆ ئەوەش بەوەزیری بەرگریی عیراقمان، راگەیاند: «ئێمە پێمانباشە ئەو فەرمانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق جێبەجێبكرێ كە لەسەرەتای ئەمساڵ دەریكردووەو باس لەپێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی بەرگریی دەكات»، وەزیری بەرگرییش لەگەڵ ئەوەدابوو ئەم بابەتە كارابكرێت‌و كردیە خاڵی دووەمی رێكەوتنەكەمان‌و رێكەوتنەكەش وەك دوو خاڵی فەرمی كرا بەنووسراوو بەئیمزای هەردوو وەزیر ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرا.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، وتیشی: «ئەگەر ئەو رێكەوتنە جێبەجێبكرێ گرنگییەكی گەورەی هەیەو ئومێددەكەین سەرۆك وەزیرانی نوێ، رێكەوتنەكە جێبەجێبكات».
لەسەر هەمان پرس، ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی بەرگریی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: رێكەوتنی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگریی عیراق، گرنگی‌و بایەخی خۆی هەیە، ئەویش لەڕووی دابینكردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگەو مەشق‌و راهێنانەكان، هەروەها بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكانیش گرنگە هەماهەنگی نێوان عیراق‌و هەرێمی كوردستان هەبێت. وتیشی: لەبەرئەوەی لەئێستادا تیرۆریستانی داعش جموجوڵەكانیان زیادیكردووە‌و حكومەتی عیراقیش بەتەنیا ناتوانێ ناوچە كێشەلەسەرەكان بپارێزێ، بۆیە پێویستی بەهەرێمی كوردستان‌و پێشمەرگە هەیە، كە هیوادارین حكومەتی داهاتووی عیراق ئەوە لەبەرچاوبگرێت لەپێناوی گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە.

بڵاوكراوە رۆژنامەوانییەكەی وەزارەتی پێشمەرگە
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لەبڵاوكراوەیەكدا، ئاماژەی بەڕێكەوتنەكەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق، داوە، كە»گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی نێوانیان‌و لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عیراقیشەوە، بڕیاردراوە شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ ساڵەكانی 2019و 2020و ساڵانی دواتریش بنێردرێت».
لەبڵاوكراوەكەدا هاتووە: ئەم هەنگاوەی هەردوو وەزارەت سەرەتایەكی باشی پتەوكردنەوەی زیاتری پەیوەندییەكان‌و گەڕانەوەی متمانەی نێوان هەردوولایە‌و ئامادەسازیی باشتریشە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرو تیرۆریستان. كە وەك وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەستپێشخەریی كردووە لەهێوركردنەوەی دۆخەكە، ئەوەش دەرئەنجامی سەقامگیری‌و ئارامیی ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە‌و ئەو لێكتێگەیشتنەی ئێستاش لەئارادایە بەئاراستەیەكی دروست هەنگاودەنێت.
لەكۆتایی بڵاوكراوەكەشدا، هاتووە: كۆبوونەوەكەی نێوان وەزیرانی پێشمەرگەی هەرێم‌و بەرگریی عیراق، سەركەوتوو و قبوڵكراو بوو، كە وێڕای بڕیاری ناردنی شایستە داراییەكان، بڕیاری كاراكردنەوەی لیژنە هەمیشەییەكانی نێوان هەردوولا رێگای چارەسەری تەواوی كێشەو گرفتە هەڵواسراوەكان كورتترو خێراتر دەكاتەوە‌و وەك وەزارەتی پێشمەرگەش، پێشوازیی لەهاتنی وەفدی باڵای وەزارەتی بەرگریی عیراق دەكات، كە بڕیارە بەم نزیكانە سەردانی هەولێر بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*