سەرەکی » دۆسێ » دانیشتووانی ناوچە رزگاركراوەكان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان

هۆكارەكانی ئاشكرادەكرێن

دانیشتووانی ناوچە رزگاركراوەكان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان

رەوتەكان-

بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكانیان ئاشكرا دەكات لەپاش تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و ڕزگاركردن و گەڕانەوەی ژیان بۆ زۆرێك لەو ناوچانە.
عەلی عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”ئەو خێزانانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، تری گەڕانەوەیان هەیە بۆ ناوچەیەكانیان لەبەر هۆكاریی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، و ئەمنی”.
بە وتەی عەلی عەباس”هۆكارە سیاسییەكان، پەیوەندییان بە ناوچەكانی پەیوەست بە ماددەی 140وە هەیە كە خۆی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا دەبینێتەوە، چونكە زۆربەی ئەو ئاوارانە لەو ناوچانەن كە دەكەونە سەر هێڵی جیاكەرەوە لەنێوان سنورەكانی هەرێمی كوردستان و سنورەكانی حكومەتی فیدراڵی، لەوانەش حەسەن شەمۆ و خازر و شنگال و ڕەبیعە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی كۆچ و كۆچبەران”هۆكارە ئەمنییەكان پەیوەندییان بە دەستگرتنی چەند لایەنێكەوە هەیە بەسەر بڕیاری ئەمنی و ئیداری لەو ناوچانە، بە تایبەتیش لە قەزای شنگال كە بۆتە مایەی ڕێگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان”.
بە بۆچوونی عەلی عەباس”هۆكارە ئابورییەكانیش كاریگەریی خۆیان هەیە، و بونەتە مایەی نەگەڕانەوەی زۆرێك لە خێزانەكان بۆ ناوچەكانیان، دوای ئەوەی سەرچاوەی بژێوییان دووچاری داڕمان هات بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەو ناوچانەدا كە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان تێدا ئەنجامدرا و پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون”.
سەبارەت بە هۆكاریی كۆمەڵایەتی، وەك عەلی عەباس باسی دەكات”خۆی لە پەیوەندی زۆرێك لە كەسوكاریی ئەو خێزانانەدا دەبینێتەوە بە ڕیزەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش، ئەمەش كێشەی كۆمەڵایەتی زۆری بۆ دروستكردوون بۆتە ڕێگر لەبەردەم بڕیارلای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان”.
عەباس لە 20ی شوباتی 2020، ئاماژەی بە بوونی جیاوازیی كردبوو لە ئاماری ئاوارەكان لە پارێزگەكانی باكووری ووڵات بۆ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەرایەتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە هەرێم.
عەلی عەباس ڕایگەیاندبوو”ژمارەی ئەو كەمپانەی تائێستا لە كوردستان بونیان هەیە و بەسەر شەش كەمپ لە هەولێر و چوار كەمپ لە سلێمانی و 19 كەمپ لە دهۆكدا دابەشبوون”.
بە وتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق”كەمپەكانی هەولێر 8839 خێزان لەخۆدەگرن، واتا 32.839 كەس، لە دهۆك 30.872 خێزان هەن كە 164.364 كەسن، لە سلێمانیش 2923 خێزان هەن و لە 14.046 كەس پێكدێن”.
بە وتەی ئەو بەرپرسە”ئامارە تۆماركراوەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەگەڵ ئامارە تۆماركراوەكانی هەرێمی كوردستاندا جیاوازیان هەیە، لەبەر چەند هۆكارێك كە بریتین لە، نەبوونی دیسپلین و پشتنەبەستنی هەرێم بەو ئارامانە لە هەندێك كاتندا، گرنگترین هۆكاریش جیانەكردنەوەی ئاوارەكانی ساڵی 2006 و ئاوارەكانی 2014 لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، لەكاتێكدا ئێمە كاركردنمان بە دۆسێی ئاوارەكانی 2006 ڕاگرتووە”.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دەڵێت”ئەو هاوسەرگرییانەی لە كەمپەكانی ئاوارەكاندا دەكرێن و تۆماردەكرێن، لە هەرێمی كوردستان پشتیان پێدەبەسترێت، بەپێچەوانەی بەغداوە، چونكە ئەو هاوسەرگیرییانەی لە دوای ئاوارەبوون كراون، تۆمارنەكراون، چونكە لە سادەترین هاوكێشەدا، گەر لە هەرێم ملیۆنێك ئاوارە هەبێت، دوای پێنج ساڵ ئەو ژمارەیە دەبێتە پێنج ملیۆن ئاوارە”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*