سەرەکی » هاوپۆل نەکراو » حكومەتی نوێ‌ لە سایەی كۆرۆنا

حكومەتی نوێ‌ لە سایەی كۆرۆنا

كابینە وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ قۆناغی راگوزەریی و هێوركردنەوەی شەقامی عیراقی و بەدەنگەوەچوونی داواكاریی خۆپیشاندەران، بەرلەوەی لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرۆكی دەگرێت و كەرتی تەندروستی لە وڵاتدا دەخاتە بەردەم دەیان پرسیاری جۆراوجۆرەوە.
حكومەتەكانی پێشوو دەستەوستان بوون لە فەراهەمكردنی خزمەتگوزاریی وزەی پێویست و ئاوی شیاوی خواردەوە بۆ پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشوور، وێڕای دەستنەبردنیان بۆ نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی كاولبووی وڵات كە دەگوترێت لە ساڵی 2003وە وێڕای داهاتی بێ‌ شماری نەوت، گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و وەزارەت و دامودەزگاكانی دەوڵەت لە هەمان باڵەخانە و تەلاری سەردەمی بەعسدا كارەكانیان رایی دەكەن.
عیراق لە دوای رووخانی پەیكەرەكەی گۆڕەپانی فیردەوەسەوە، حكومەتەكانی عەللاوی یەكەم و (جەعفەری و مالیكی و عەبادی) حزبی دەعوەی تێپەڕاند، عەبدولمەهدی یەك ساڵ بڕی كرد و ئێستاش عەللاوی دووەم بە پاڵپشتی زۆرێك لە هێزە سەرەكییەكانی شیعە (رەوتی سەدر، رێكخراوی بەدر، حزبی دەعوە) دەیەوێت ئەو كارە بكات كە پێشینەكانی نەیانتوانیوە بیكەن.
حكومەتە چاوەڕوانكراوەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی ئەگەر متمانەی پەرلەمانیش وەربگرێت، لەسایەی ئەم رەوشەی عیراقدا، پێناچێت حكومەتی راگوەزر بێت، بەڵكو پێدەچێت ماوەی تەواوەتی خۆی تەواو بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتووش نزیك ببێتەوە.
عەللاوی دووەم، جگە لە هەڵچوونی شەقام و تەوژمەكانی ناڕەزایی، ئەركی گەورەتری دەكەوێتە ئەستۆ، لەگەڵ كاركردن بۆ چاكسازیی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و دزۆینەوەی هەلی كار بۆ لاوان، ئەركی نۆژەنكردنەوەی كەرتی تەندروستیشی دەكەوێتە ئەستۆ، بەجۆرێك دەبێت لەگەڵ هاتنەكایەی تەنگژەیەكی تەندروستی لەناكاوی وەك ڤایرۆسی كۆرۆنادا، بتوانێت بەشێوەیەكی پیشەییانە مامەڵە بكات و هاووڵاتیان لە بەتوانایی كەرتەكە دڵنیابكاتەوە.
بەشێكی زۆری عیراقییەكان لە ئێستاوە پێیانوایە، پێناچێت ئەو كابینەیە هیچی پێبكرێت لەو دروشمانەی بەرزی كردوونەتەوە و لەیەكەم وتاری دوای راسپاردنیدا عەلللاوی ئاماژەی بۆكرد، چونكە زیندووترین نموونە ئەوەیە كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەتی دەستلەكاركێشاوە وەك توخمێكی ناو هاوكێشەی تەوافوقیی شیعەكان خرایەڕوو و یەكێكیش بوو لەو سیاسییانەی عیراق كە لە 16-17 ساڵی رابردوودا وەك كەسایەتییەكی نەزیهی هێڵی مام ناوەندیی دەسەڵات ناسرابوو، بەڵام سەرەڕای پشتیوانیی هەردوو بەرەی ماڵی شیعە و رەزامەندیی هەردوو پێكهاتەی كورد ‌و سوننەش بە ستافێكی وزاریی حزبە براوەكانی هەڵبژاردنیشەوە نەیتوانی هیچ گۆڕانكارییەك بێنێتە ئاراوە كە جیای بكاتەوە لە كابینەكانی پێش خۆی، بۆیە گومانێكی زۆر هەیە لەوەی سەرۆكی حكومەتێك كە سێبەری بەرەیەكی ماڵی شیعەبێت، بە چەند وەزیرێكی تەكنۆكراتی بێ پێشینەی سیاسییەوە، بتوانێت سەركەوتوو بێت لە ئەركەكەیدا بەتایبەتیش لەم رەوشەدا كە كۆرۆناشی هاتەسەر.

 373 جار بینراوە