سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » عیلاجی ئەم فۆبیا عیراقییە بكەین

عیلاجی ئەم فۆبیا عیراقییە بكەین

لەناو راڕەوەكانی سیاسەتی عیراقیدا، لەناو شەقامی عیراقیدا، مەیلێكی بنمیچ بەرزی شۆڤێتی دژی كوردستان ‌و سیاسەت ‌و داخوازییەكانی هەن كە دەبێت بزووتنەوەی سیاسیی، كوردستان ‌و بەتایبەتیش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كار لەسەر چارەسەركردنی بكەن.
مەسەلەكە خەریكە شێوەی فۆبیایەك وەردەگرێت ‌و ئەگەر زۆر بخایەنێت، بیركردنەوەی ساغ و سەلامەت لە سیاسەتی عیراقیدا ناهێڵێت ‌و ئێ سەرەنجام وەك پەرچەكردارێكیش بێت سیاسەتی كوردستانی ئالودە دەكات.
هیچ شتێك لە سیاسەتدا ئەستەم نییە ‌و هونەری ئەستەمی سیاسەت لە بەرزیی ئامانجەكان ‌و هونەری مومكینی سیاسەتیش لە هەڵسوكەوتدا تاقیدەكرێتەوە.
گەرەكە سیاسەتی كوردستانی ئەستەمەكان تەخت بكات ‌و رێگە بۆ سەرخستنی پڕۆژەكانی خۆی بكاتەوە.
هۆكاری ئەو فۆبیا عیراقییە رەسمی ‌و میللییە، هی رارەوەكانی ئەیوانی سیاسیی بەغدا و هی شەقام ‌و كۆڵانەكانی باشووری وڵات، زۆر و زەوەندن .
جا چەند دانە بن، یاخود لیستێكی دوور و درێژ، وەك عەرەب ئێژن (تعددت الاسباب والموت واحد)، مردن یەك مردنە، با ڕەنگ ‌و بۆنی جیاوازی هەبێت.
ئێستا لێی ئاسانتر نییە گێڕانەوەیەكی مێژوویی یان گێڕانەوەیەكی هەنووكەیی بۆ دەرگیربوونی كوردستان ‌و بەغدا تۆماربكەین و وەک ماکی ئەم مەیلە شۆڤێنییە بیناسێنین.
هەندێكیان بخەینە سەر خۆمان و زۆرەكەی بخەینە سەر بەغدا، ئەسڵی كێشەكە لەوێ نییە، ئەسڵی كێشەكە لە دەرەنجامەكەدایە كە هەردوولا زیان دەكەین. مادام بەغدا ئینكاریی دەكات ‌و ئێمەش خاوەنی پرسێكین كە پرسی میللەتەكەمانە، كە وابێ لەسەر ئێمەیە خەمی زیاتری لێ بخۆین، چونكە هەمیشە لە پشكی زەرەردا هی ئێمە زۆرترە ‌و تاقیكردنەوەی هەردوولامان بەبەرییەوە نەماوە ئەزموونی هەڵەو ڕاستكردنەوە دووبارە بكەینەوە.
تەماشایەکی سەنگین و ھەڵسەنگاندنی شێنەیی پێمان دەڵێت: شکستی پرۆسەی سیاسیی عیراق وەکو زەرەرە بۆ ئێمە تانە لێدانیش لەو زەرەرە دیسانەوە قینی رەوتی شۆڤێنی بەرامبەر کوردستان ئەستورتر دەکات ، ئەوکات پێمان دەڵێن پێیان خۆشە لێمان قەوماوە.
بۆ چارەسەری ئەمە پێش ھەر شتێک ھەڵمەتێکی ئاسایکردنەوەمان پێویستە کە سیاسەتی کوردستانی بکاتەوە بە دەستپێشخەر و سەنگی لەناو ھەردوو کایەی راڕەو و شەقامدا بەرز بکاتەوە.
ئێستا گرنگتر لە ئەرێ و نەخێری پێکھاتنی وەزارەتی عەللاوی و پشک و قسەی کورد تیایدا کوردستان پێویستی بە ستراتیژێکی نوێخواز و گۆڕاوی پەیوەندییە سیاسییەکانە کە لەسەر بنچینەی ھاوپەیمانێتی و دۆستایەتی کوردستانیی و ئینجا عیراقی بەرپاکرابێت.
ھەڵبەت کوردستان لەم شاندانەبەر ئەرکی تازەیەدا نە تەنیایە و نە دواکەوتووە و نە بێ سەرمایە و خەزینە، ئەزموونەکەی بەشی زۆری پێوەیە، بەڵام سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کارتەکان و ئاوەدانکردنەوەی مێزی گەمە سیاسییەکە، ئەولەویەتە بۆ ھەر دەستپێشخەرییەک و ئینجا لە کۆڕی کاریشدا سیاسەتێکی ھەمەلایەنەی دیپلۆماسی و راگەیاندن و تەنانەت میانەی کۆمەڵایەتیش پێدراوی تر سەردەخەن.
ئەم بورغوە سەختەی فۆبیای دژە کوردستان لە عیراق کە ھەندێ جاریش ژینگەی ئیقلیمیی دنەی دەدەن، پێویستی بە شلکردنەوە و پارچە پارچەکردنی وەستایانە ھەیە نەک ھەڕەشە و گوڕەشە.

print

 133 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*