سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » كۆرۆنا لە ناوچەكەدا

كۆرۆنا لە ناوچەكەدا

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ یان COVID-19، لە ئێستادا بۆتە ئەو دۆێوەزمەیەی كە تێكڕای پرسەكانی لەبیربردۆتەوە و بۆتە ویردی سەر زوبانی هەموان، كۆرۆنا دروستكراوبێت یان پەتایەكی وەرزی، كێشە و تەنگژەیەكی گەورەی بۆ هەموان دروستكردووە.
ئێران و ئیمارات و بەحرێن و عوممان و كوێت و عیراق و لوبنان، ئەو وڵاتانەن كە لە دوای چینەوە بە كۆرۆناوە گیرۆدە بوون، ئەم وڵاتانە كە هێز و توانایەكی سنوردارییان هەیە، كۆرۆنا بەلایانەوە مەترسییەكی تۆقێنەرەوە و پێیانوایە رەنگە وەك تاعونەكەی سەرەتای سەدەی رابردوو قاتوقڕییان تێبخات.
جگە لە ئێران، لە وڵاتەكانی تری ناوچەكە ژمارەی توشبوان پەنجەكانی دەست تێناپەڕێنن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ترسێكی سەیر باڵی بەسەر كۆمەڵگەكاندا كێشاوە كە لە ترسی هاتنەبەری جەنگێكی گەورە دەچێت.
بە چەندان شێوە لێكدانەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكرێت، هەندێك بە شەڕی بایۆلۆجی و هەندێكی تر بە پەتای وەرزی و هەندێكی تر وەك (سارس)كەی جاران بەڵام بەشێوەیەكی گشتگیر، باسی دەكەن.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ناوچەكەدا كۆرۆنایان تێدا بڵاوبۆتەوە، خەریكە ژیانی ئاسایی تێیاندا رادەوەستێت و زۆربەی دامەزراوە و دامودەزگاكانیان دادەخەن، ئەمەی روودەدات كتومت لەو فیلمانە دەچێت كە ساڵانی رابردوو لەلایەن هۆلیودەوە بەرهەم دەهێنران.
كۆرۆنا نرخی نەوتی بەشێوەیەكی بێ‌ پێشینە دابەزاندووە، كەرتی پیشەسازی و وزەی توشی شڵەژان كردووە، وێڕای داخستنی مەرزە سنورییەكان و هەندێك لە فڕۆكەخانەكان و ئیفلیجكردنی كەرتی گەشتیاری، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بازاڕی دەمامك و ئامێرەكانی پكشنینی تەندروستی لەو وڵاتانەدا گەرم كردووە.
كۆرۆنای نوێ‌ یان COVID-19، بۆتە ئەو دۆێوەزمەیەی كە تێكڕای پرسەكانی لەبیربردۆتەوە و بۆتە ویردی سەر زوبانی هەموان، كۆرۆنا دروستكراوبێت یان پەتایەكی وەرزی، كێشە و تەنگژەیەكی گەورەی بۆ هەموان دروستكردووە و مانشێكی سەرەكی هەموو میدیاكانە.
دەگوترێت لەگەڵ هاتنی بەهار و گەرمبوونی كەشوهەوا تەمەنی نەگریسی دەپوكێتەوە و لەناودەچێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو تەمژو نادیارییەی لەبارەیەوە هەیە، دوورنییە گوژمێك بخواتەوە و خۆی لەگەڵ ژینگە گەرمەكەشدا بگونجێنێت.
كۆرۆنا پەتایەكی وەرزی بێت یان ئامرازێكی كوشندەی شەڕی بایۆلۆجی، تارمایی و ترسێكی گەورەی لە ناوچەكەدا دروستكردووە و زۆرێك لەو كێشە و تەنگژانەی پەلاوێزخستووە كە دەبوو پرسی سەرەكی و جێگەی مشتومڕی گەرمی شەقامەكان بن.

 465 جار بینراوە