سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی چل و شەش

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

فیلمی تایتانیك و بەرنامەیەکی تایبەتی سینەما
تازە فیلمی تایتانیك بووبووە مانشێت و تایتڵی رۆژنامە و رادیۆ بەرنامەی تیڤیەکانی جیهان، خاك یەکەمین تیڤی بوو بۆ یەکەمینجار فیلمی تایتانیکی بڵاوکردەوە» کەناڵە لۆکاڵەکان سزاکانی پێشێلی خاوەندارێتی مافی بڵاوکردنەوە و کۆپی رایت نەیدەگرتنەوە»، ئەو شەوەی فیلمەکە بڵاوکرایەوە چەند کاتژمێرێکی کەم بەر لە پەخشکردنی، پێیان ڕاگەیاندم کە دەبێ من پێشکەشی بکەم و چەند خولەکێك باسی فیلمەکە بکە. داوایەکی جوان و شیرین بوو، راستە پێشکەشکاری هەواڵ و کاری هەواڵسازی و پەیامنێریشم دەکرد، بەڵام ئەوە باشترین داواکاری بوو دوو دڵ نەبووم لە قبوڵکردنی و یەکسەر خۆم ئامادەکرد و دیاربوو خاك تیڤیش پێشتر بە چەند رۆژێك بەر لە بڵاوکردنەوەی فیلمەکە ئاگاداری بینەرانی کردبوویەوە کە لە فلانە شەودا بۆ یەکەمجار فیلمی تایتانیك پەخش دەکرێت کە هاوزەمان بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی لە ساڵۆنی سینەماکانی ئەمریکادا.
ئەگەر هەڵە نەبووبم دوای ئەمریکا ، هەرێمی کوردستان دووەم وڵات یا شوێن بوو کە جەماوەرەکەی لە تەلەفزیۆن، نەك لەسەر شاشەی گەورەی سینەما ئەو فیلمەیان بینی.
فیلمی تایتانیك بڵاوکرایەوەو بەندە زۆر بەکەیف و خۆشحاڵیەوە سڵاوم لە بینەران کردو هێندە بە سەلیقەوە قسەم لەسەر ئەو فیلمە کرد و کاتی زیاترم برد لەوەی بۆم دانرابوو، کارێکم کرد ئەو شەوە شەوێکی تەواو رۆمانسی بێت بۆ عاشقانی کوردستان؟!.

دەیڤید وێڵش و کۆنگرەی رۆژنامەوانیی
شەڕ تەواوبوو پرۆسەی ئاشتی نێوان لایەنە ناکۆکەکان دەستی پێکردبوو، هێشتا زۆری مابوو بگەنە «مریشکە رەشە»، رۆژانە شاندی ئەوروپی و ئەمریکی و ئێرانی و تورکی و هیتریش دەهاتنە کوردستان، رۆژێك دەیڤید وێڵش یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی کرد بە سلێمانی و کۆبوونەوە دەستی پێکرد و رۆژی دوایی بەر لە رۆشتنەوەی وێڵش، کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەڕێوەچوو. بڕیاربوو من بۆ ئەو کۆنگرەیە بچم بەڵام ئاگادار نەکرامەوە، منیش بۆ ئەو شەوە لای هاوڕێیانی زەحمەتکێشان مامەوە و بەیانی بەزەحمەت وەئاگا هاتم، بەکاوەخۆ بەرەو تەلەفزیۆن رۆیشتم ئیتر ئاگادار کرامەوە کە یەکەم و کۆتا سزای پەیوەست نەبوونت بەکار دەرچوو؟!.
ئاسۆ لەسەر کاخەزێك بۆی نووسیبووم کە بەیانی سەعات ١١ لە دوکان کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەیەو بچم، بەڵام کەس ئاگاداری نەکردمەوەو ئەسڵەن هەرچیەکیشیان بکردایە هەر نەیان ئەتوانی ئاگادارم بکەنەوە چوون هیچ ناونیشانێكم نە بە شوێن و نە بە تەلەفۆنی نۆرماڵ نەبوو، کاتی بەستنی کۆنگرەش تەواو بووبوو، بڕیارەکەش دەرچوو ئیتر دوای ماوەی کەمتر لە ساڵێک ئەزمون کردن لە خاك تیڤی پەیوەندیم بەو تەلەفزیۆنە پچڕا.

یڵماز گونەی و بەختیار سەعید
لە ژمارە(8)ی گۆڤاری خاك کە لە 10ی شوباتی 1998 دەرچوو، بابەتێکم لەسەر مێژووی سینەمای جیهانی بڵاوکردەوەو بەلامەوە گرنگ بوو وێنەی «یڵماز گونەی لەگەڵ گۆستا گاڤرێس» کە لەسالی ١٩٨٢ بەیەکەوە خەڵاتی چڵەدارخورمای کان- یان بردەوە، لەو ژمارەیە و لەگەڵ ئەو بابەتەدا بڵاوی بکەمەوە، ئەوەبوو سێ لاپەڕە دەرچوو، وێنەی یڵماز گونەی و گاڤرێس لە بەرگی یەکەم بە رەنگاورەنگ دانرا، ئەوکات گۆڤاری خاك پڕ فرۆشترین گۆڤار بوو. دوای ئەوەی پەیوەندیم بەو دەزگایەوە نەما، دوای ماوەیەکی زۆر نووسەر و رۆژنامەنووسی هاورێم بەختیار سەعید-م بینی و پێمڕاگەیاند کە ئەو وێنەیەم بۆ بنێرێتەوە کە پێشتر گرتبوومە چوارچێوەیەك و پێشکەشی ئەوم کردبوو کە لەو گۆڤارەدا کاری دەکرد، ئیتر خوا هەڵناگرێت بۆی گەڕاندمەوەو دوای ئەوە بیست ساڵ زیاترە لەژوور سەرم هەڵمواسیوە؟!.

بۆرسەی سینەما و پەیکەرتاشی و قادر کابان
سینەماکانی شاری سلێمانی جمەیان دەهات لە فیلم و بینەری کوردی و خۆکردیی، بە باشی بیرمە کاستی فیلم چاوەڕێی تەواوبوونی فیلمی پێشتری دەکرد ماوەی تەواو بێت و نۆرەی ئەوان بێت لەسەر پەردەی شاشە گەورەکە فیلمەکەیان بڵاوبکرێتەوە، نیگار کێشەکان جوانترین پڕۆمۆ و پۆستەری فیلمیان دروست دەکردو وێنە و دیمەنی سەر دەرگاکانی سینەما و زەنگی دوا ماوەی چوونە ژوورەوە «ئێستاش لەگوێچکەمدا دەزرنگێتەوە»تام و چێژێکی زۆر تایبەتی هەبوو، ناو راڕەوەکانی سینەما بەردەوام بەهۆی ئامادەبوونی ئەکتەر و ئەستێرەکانی ئەو فیلمە خۆماڵیانە هێندە قەرەباڵخ بوون زۆرجار بەزەحمەت دەمتوانی بگەمە لای پاڵەوانەکان و دیدار و هەواڵیان لەسەر بنووسم و بڵاوبکەمەوە، یان زۆرجار هەر بۆ زانینی بۆرسەو بۆکس ئۆفیسی فیلمەکان داتای دڵخۆشکەرم بەدەست دەکەوت کە مخابن چەند کەموکورتییەك وایکرد ئەو سەرکەوتنە مەزنە ماوەکەی زۆر کورت بێت و پاشەکشەیەکی گەورەو مەترسیداری بەدوای خۆیدا هێنا کە هەرجارەی یەکێك لەو کارەکتەرانەی گۆڕەپانی گەرم و گوڕی بەرهەمهێنانی ئەوسای فیلم دەبینم، دەڵێم: هەمووی خەتای خۆتان بوو نەتانهێشت یان نەتانزانی دەست بەو سەرکەوتنەوە بگرن و ئەگەر ئێوە بەو ریتمە بەردەوام بوونایە ئێستا دۆخی وەبەرهێنان لە کەرتی سینەماو درامادا جۆرێکی تر دەبوو»ئەو باسە چەند جارێك لە نووسینەکانمدا ئاماژەمپێداوە».
هەرچۆنێك بێت دوای ئەوەی پەیوەندیم بەخاك پچڕا، جارجار دەچوومەوە سەر ئەو فۆڕمانەی بۆ فیلم و دەرهێنەران دروستم کردبوو، بەڵام ماوەیەکیشم ویست تاوەکو بەباشی کەوتمەوە سەر کاری رۆژنامەڤانی و ئەمجارە لە تیڤیەوە بۆ میدیای کاخەزی و دامەزراوەی کوردستانی نوێ، کە ئاشنایەتیم لەگەڵیدا زووتربوو، واتە دوو ساڵ دوای ئەوەی کوردستانی نوێ لە ساڵی ١٩٩٢ چاپ و بڵاوکرایەوە، بەندەش یەکەم وتاری خۆمم لەسەر سینەما لەوێدا بڵاوکردەوەو پاشان پەیوەندیم لەگەڵ ئەو رۆژنامەیەدا بەردەوام بوو، چ لە هەولێر کە شوێنی دەرچوونی یەکەم ژمارەی بوو، چ لە سلێمانیش کە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەکانی شەڕی ناوخۆوە شوێنی پێشووتری لەدەستداو سلێمانی بووە مەسکەنی هەمیشەیی و بەندە زۆریشم پێ خۆش بوو کە لەو رۆژنامەیەدا بەفەرمی کار بکەم.
ساڵی ١٩٩٨ بەر لەوەی دەست بکەم بەکار، بۆ ماوەی سێ مانگ لەگەڵ پەیکەرتاش زاهیر سدیق کارم کرد، ئەگەرچی کاری من هەر لەبنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە پەیکەرتاشیەوە نەبوو، بەڵام بەو پێیەی لە خاك تیڤی ئەو هونەرمەندەم ناسی، ئیتر لە پڕۆژەی پەیکەرسازی کوردستان بەسەر کارێکدا کەوتم کە دروستکردنی پەیکەری هونەرمەندی رەوانشاد قادر کابان بوو، زۆرم کەیف بەو کارەش هات لەبەر خاتری ئەوەی دەستم لە دروست کردنی ئەو پەیکەرەدا هەبوو کە کاری من لەو ماوەیەدا قوڕکاری بوو، یان دەستیاری ئەو پەیکەرتاشەبووم کە رۆژی کردنەوەی ئەو پەیکەرە لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی بۆنەیەکی تەواو جیاواز بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*