سەرەکی » ئابووری » ئەگەر چین بپژمێ

ئەگەر چین بپژمێ

فەیسەل عەلی*

مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژووی و سەردەمەكانی بەدەست نەخۆشی و پەتای زۆرەوە ناڵاندوویەتی و بەدوایدا زیانێكی گەورەی گیانی و چالاكییە ئابوورییەكانی هێناوە. هەر چەند ساڵێك یان دەیەیەك، تەحەدیاتی تەندروستی و پەتای نوێ چ لەسەر ئاستی دەوڵەتان یاخود لەسەر ئاستی جیهان بەدیار دەكەوێت. ناسینی ئەو نەخۆشی و پەتایە نوێیانە و پەرەسەندنی ئامراز و تەكنیكی رووبەڕووبوونەوەیان هەندێك كاتی پێویست دەبێت.
پەرەسەندنی تەكنەلۆجی و مەعریفی خێرای سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیە، چاودێریی تەندروستی و بڵاوبوونی خزمەتگوزارییەكانی لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان بەشێوەیەكی بەرچاو باشتر كرد. دەرئەنجامی ئەو پێشكەوتنە، توانای ناسینی نەخۆشی و بەرەنگاربوونی پەتا قورسەكان كە هەزاران ساڵە زیانی گەورە بە مرۆڤ دەگەیەنێت، زیادی كردووە، تا ئەو رادەی كۆنترۆڵ كران و سنورێكیش بۆ بڵاوەكردنی دانرا. ئێستا چین بەدەست جۆرێكی نوێی نەخۆشی كۆرۆناوە دەناڵێنێت كە زیانێكی مرۆیی گەورەی پێگەیاندووە كە لە سارز قورستر بوو، بەهۆیەوە چەند ناوچەیەكی دابڕان و ترس و دڵەڕاوكێی لە هەموو ناوچەكانی چین و تەنانەت جیهانیش دروست كرد.

نیمچە پەككەوتنی ئابووری
سەرباری زیانە مرۆییەكان كە ئەستەمە بنرخێندرێن، بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە تێكڕای گەشەی ئابووریی جیهانی داشكاند و پێدەچێ بەرەو نەگەتیڤیشی ببات. غەریزەی خۆشەویستیی ژیان و ترس لەو پەتایە وایكرد زۆربەی خەڵكی لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە، یاخود چالاكییە دەرەكییەكانیان وەك كاركردن و خوێندن و بازاڕكردن و سەفەركردن تا ئەوپەڕی كەمبكەنەوە، ئەمەش پاشەكشێی خواست لەسەر بەرهەمی چەند كەرتێكی دیاری ئابووری و كەمكردنی گەیشتنی چەندین جۆری كاڵا و خزمەتگوزاریی بەدوای خۆیدا بهێنێت، دەشێ ئەمە ببێتە هۆكاری نیمچە پەككەوتنی ئابووری و لەگەڵ بەرز و نزمی مەترسیی پەتاكە هەڵبەز و دابەز بكات.
پسپۆڕان و شارەزایانی ئابووری رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لەوەی كە بتوانن كاریگەریی نەخۆشی و پەتا گوازراوەكان لەسەر ئابووریی نیشتمانی و ئابووریی جیهان مەزندە بكەن، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو پەتاكە نوێ بێت و زانیاریی راست و دروستی لەبارەوە كەم بێت، وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە ووهان و هەندێك ناوچەی دەوروبەری لە چین بڵاوبووەوە. ئێستا چین بەدەست پاشەكشێیەكی بەهێزی چالاكی ئەو هەرێم و ناوچانەی لە ژێر كاریگەریی ئەم پەتایەدان، دەناڵێنێت، هەندێكی ئەو هەرێمانە بەهۆی دابڕانی تەندروستیی و سیاسەتە تایبەت و گشتییە پەیڕەوكراوەكان، كە كارگە و قوتابخانە و زانكۆ و شوێنی كار و چێشتخانە و ئوتێل و مۆتێل و هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی داخراون، ژیانی ئابووریی تێیاندا بەشێوەیەكی دیار راوەستاوە. پێشبینی دەكرێت كە گەشەی ئابووریی چین لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ و بە ئاستێكی كەمتر باقی ئەمساڵ پاشەكشێ بكات، قەبارەی زیانی ئایندەی ئابووریی چین لە هەردوو مەودای درێژ و مامناوەند بەندە بە خێرایی و توانای حكومەتی ئەو دەوڵەتە لە كۆنترۆڵ كردنی ئەو نەخۆشییە.

گەورەترین دەوڵەتی هاوردە و هەناردەی گەشتیاریی
چین نزیكەی (16 %)ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان پێكدێنێت، هەروەها گەورەترین سەرچاوەو دووەم هاوردەكاری كاڵایە لە جیهان، وێڕای ئەوەی زۆرێكی كۆمپانیا فرە ناسنامەكان و جیهانییەكان زۆرێكی بەرهەمەكانیان لە چین بەرهەم دەهێنن. چین رۆڵێكی گەورە لە زنجیرەی بەرهەمی كاڵا و بەرهەمەكانی جیهان دەگێڕێت، دیاریترینیان، ئۆتۆمبێل و مۆبایلی زیرەك و ئامێری كارەبایی و ئەلكترۆنی. بەرهەمی ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل لە چین لە كاركردن وەستان، بەتایبەتی لەو هەرێمانەی زیاتر دووچاری ئەو نەخۆشییە بوونە، هەروەها بەرهەمی ژمارەیەكی كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی دەرەوەی چین بەهۆی كەمی پارچەكانییەوە كە چین بەرهەمهیان دەهێنیت پاشەكشێیان كردووە.
چین بە گەورەترین دەوڵەتی هاوردە و هەناردەی گەشتیاریی لە جیهان دادەنرێت، وێڕای ئەوەی گەشتیارە چینییەكان زۆرترین خەرجییان هەیە. لە ساڵی 2019، نزیكەی 166 ملیۆن چینی گەشتیان بۆ دەرەوەی چین كردووەو نزیكەی 270 ملیۆن دۆلاریان خەرج كردووە، لەكاتێكدا 143 ملیۆن كەس گەشتیان بۆ چین كردووە و نزیكەی 130 ملیۆن دۆلاریان خەرج كردووە. بەڵام ئێستا گەشتەكان نیمچە وەستاون، ئەمەش زیانێكی گەورە بە چین و هۆنگ كۆنگ و ژمارەیەك دەوڵەتی گەشتیار لەسەر ئاستی جیهان دەگەیەنێت. زۆربەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی جیهان سەفەرەكانیان بۆ چین راگرتووە، بەشێوەیەكی گشتی، ئەمساڵ لەسەر ئاستی جیهان چالاكییەكانی كەرتی گەشتیاری و گواستنەوەی ئاسمانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پاشەكشێ دەكەن.

(20 %) پاشەكشێی كردووە
چین بە گەورەترین دەوڵەتی پیشەسازیی جیهان دادەنرێت، لەبەر ئەوە بایەخێكی ئێجگار گەورەی بۆ بازاڕ و بەرهەمهێنەرانی كەرەستەی خاو هەیە، بە نەوت و غازی سروشتی و ئاسنیشەوە. چین گەورەترین هاوردی نەوتە لە جیهان، بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوردە دەكرد. بەهۆی ترس لە پاشەكشێی خواستی چین لەسەر نەوت، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە رێژەی (20 %) پاشەكشێی كردووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر داهاتی دەوڵەتانی هەناردەی نەوت دەبێت. بە گشتی چین رۆڵێكی گرنگ لە ئابووریی جیهان دەگێڕێت و ئەو بایەخ و گرنگییەی بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و نزیكی زیاتر و كاریگەرترە، وەك كۆریای باشوور، ژاپۆن، ڤێتنام، تایوان و ئوسترالیا، لەبەر ئەوە دەكرێ بوترێ ئەگەر چین پژمی ئەوا دەوڵەتانی تر هەست بە سەرما دەكەن.
دڵەڕاوكێی و ترسی دەوڵەتانی جیهان بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە روو لە زیادبوون دەكات، كاتێك زیانە مرۆیی و ئابوورییەكانی چین و كاریگەرییەكانی پاشەكشێی چین و مەترسییەكانی لەسەر دەوڵەتانی تر، روو لە زیادبوون دەكات. هێشتا رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم نەخۆشییەی وەك پەتا نەناساندووە، ئەمەش كارێكی باشە، ئەگەر وەك پەتایەكی جیهانی بناسێنردێت، ئەوا مەترسییەكانی روودانی داچوونی ئابووریی جیهان زیاتر دەبێت، بە گشتی چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ ئابووریی جیهان پاشەكشێ بكات، ئەستەمە بتوانرێ قەبارەی زیانەكان دیاری بكرێت، بەڵام ئەوەش بەندە بە خێرایی كۆنتڕۆڵكردن و سنورداركردنی ئەو نەخۆشییەوە.
بەو هیوایە بە زووترین كات ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە و بخرێتە بازاڕ و لەماوەیەكی كورت مەودادا كۆنترۆل بكرێت و خەڵكیش لە دڵەڕاوكێی و ترس رزگاری بێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*