سەرەکی » وەرزش » بۆچی ریتمی یاریی لە تایمی دووەمدا شێوا؟

بۆچی ریتمی یاریی لە تایمی دووەمدا شێوا؟

ئەوەی بەدیقەت سەیری یاریی كلاسیكۆی شەوی یەكشەممەی رابردوو 1/3/2020 -ی نێوان ریاڵ مەدرید و بارسیلۆنای كردبێت دەگاتە ئەو دەرەنجامەی كە ریتمی یارییەكە لە هەردوو تایمەكەدا زۆر جیاواز بوو، بارسا لەتایمی یەكەمدا باشتر بینرا و چەند هەلێكی گۆڵكردنی ئاسانی لەدەستدا، بەڵام تایمی دووەم جڵەوی یاریی لەدەست دەرچوو، ریاڵ باشتر بینرا، سەرنجامیش دوو گۆڵی كردو یاریی كلاسیكۆی گەڕانەوەی ئەمساڵیان لەبارسا 2-0 بردەوە.
ئەگەر بەچاوی هەڵسەنگاندێكی بێ لایەنانە بگەڕێینەوە بۆ یارییەكەو گوزەرێك بە رووداو و ئەدای هەردوو تیپ و ئاستی یاریزانان و گۆڕانكارییەكانی هەردوو راهێنەر و چەند ووردە تەفاسیلێكی تری تایمی دووەمدا بكەین دەگەینە ئەم ئەنجامانەی لای خوارەوە.
تیپی بارسیلۆنا تایمی یەكەم هەموو ووزەو توانای خۆیان خەرج كردو تامی دووەم وزەیان لەبەر بڕابوو، بەتایبەتیش هەر سێ یاریزان بۆسكێتس و ئارسۆر و فیدال كە لە تایمی یەكەمدا زۆر باش یارییان كرد، بەڵام تایمی دووەم لەیارییەكە چووبونە دەرەوە و ئەمانە جڵەوی بردنەوەی یارییەكەیان دایە دەست ریاڵ مەدرید.
زیدانی راهێنەری ریاڵ مەدریدیش ئەو كەم و كورتییەی بارسای باش قۆستەوەو گوشاری توندی خستە سەر بارسیلۆنا، بەتایبەتیش لەڕێگەی هەردوو یاریزانی بەرگریی لایەكان مارسیلۆ و كارڤاخالەوە لەڕست و چەپی یاریگاوەو ڤالڤێردی و كاسمیرۆش لەتەنیشتیانەوە پاڵپشت بوون بۆیان.
كیكی سیتینی راهێنەری بارسا هەر زوو هەستی بەو پلانەی زیدان كرد، زوو برایسواتی خستە ناوەوە و فیدالی بۆ دانیشان، پلانی 4-4-2 ی گۆڕی بۆ 4-3-3 تا گوشار بۆسەر مارسیلۆ زیاد بكات، تا ڕادەیەكیش ئەم گۆڕینە باش بوو، بەڵام لەبەرامبەردا كۆنترۆڵی ناوەندی یاریگای لەدەست دەرچوو.
پاش ئەوەی سیتین ئەو گۆڕانكارییەی كرد، زیدانیش ئیسكۆ دادەنیشینێت و مۆدریج دەخاتە جێگەی، ئەمەش تاوانای هێزی هێرشبردنی لە قوڵایی ناوەندی یاریگاوە زیاتر كرد، لەبەرامبەریشدا بۆسكێتس تادەهات توانای جەستەیی و توانای بەرگریی كردنی كەم دەبۆوە، بۆیە ریاڵ كۆنترۆڵی ناوەندی یاریگاو بەتایبەتیش قوڵایی ناوەندی زۆر زیاتر بوو، تەنانەت زۆر بەكەمی تۆپی لەم شوێنانە لەدەست دەدا، لەقۆڵایی هێڵی ناوەندەوە تۆپی دەگەیاندە هەردوو لای راست و چەپی یاریگای بارسیلۆنا.
ئەگەر سەیری تۆماركردنی گۆڵی یەكەمی ریاڵ بكەین بەم تەكتیكە كرا، گۆڵكە لەلای چەپەوە كرا، بنزیمە سیمیدۆی بۆلای خۆی راكێشا، چونكە بنزیمە هاتبووە لای چەپی یاریگا بۆ سەرقاڵ كردنی سیمیدۆ، ڤینیسیۆسیش خۆی لەسیمیدۆ دزییەوەو برایسواتی بەئاسانی بڕی و كەسی لەبەر دەمدا نەما و تا نزیكی شتیگن رۆی بێ ئەوەی سیمیدۆ ئاگای لێبێت، چونكە سیمیدۆ بە بنزیمەوە خەریك بوو، ڤینیسیۆس بەئاسانی گەیشتە گۆڵی بارسیلۆناو رووبەڕووی شتیگن بۆوە، هەرچەندە پیكییە بە پەلە گەیشتە سەری، بەڵام هاتنەكەی سودی نەبوو، تەنانەت تۆپەكەی ڤینیسیۆس بەرقاچی پیكیە دەكەوێت و پیكیە سەریشی لە شتیگن شێواند و نەیتوانی بەئاڕاستەی تۆپەكە بجوڵێت.
لەبەر ئەوە ریاڵ لە تایمی دووەمدا بە چەكی توانای جەستەیی لەبارسای بردەوە، بەتایبەتیش یاریزانانی ریاڵ وزەو توانای خۆیان بۆ تایمی دووەم هەڵگرت، تایمی یەكەم زۆر خۆیان ماندوو نەكرد، بەپێچەوانەوە بارسا تایمی یەكەم خۆی زۆر ماندوو كرد بۆ تۆمار ركدنی گۆڵێك یان دوو گۆڵ، هەلی گۆڵكردنیشیان بۆ هەڵكەوت، بەڵام نەیانتوانی گۆڵ بكەن.
لەگەڵ ئەمانەشدا كەباسكران، هەردوو یاریزانی لایەكانی هێڵی بەرگری ریاڵ مەدرید مارسیلۆ و كارڤاخال زۆر چاپوكتر و باشتر بوون لە سیمیدۆ و ئەلبا، بەو هۆكارانە تیپی میرینگی لەتایمی دووەمدا بەو هۆكارانەی باسكران باڵا دەستی خۆیان نواندو بردنەوە شایستەكەی خۆیان پێ بەدەستهێنا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*