سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كۆچەران وەك كارتی فشار بەكاردەهێنرێن

كۆچەران وەك كارتی فشار بەكاردەهێنرێن

توركیا و یەكێتیی ئەوروپا رێكەوتنیان هەیە لەسەر دۆسێی كۆچەر و پەنابەران. بەپێی ئەوە، توركیا لە بری وەرگرتنی هاوكارییەكی دارایی شەش ملیار یۆرۆیی، رێ لەو كۆچەر و پەنابەرانە دەگرێت كە لەناو خاكی توركیاوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا. ئەو یارمەتییانەی توركیا بە چەند قۆناغێك پێشكەشكراوە و بۆ بەخێوكردن و داڵدەدانی ئەو كۆچەرە لێقەوماوانەی لە ئەنجامی شەڕ و شۆڕەكانەوە وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، بەڵام ئێستا توركیا ئەو دۆسێیەی بەستۆتەوە بە كێشەی سوریا و وەك كارتێكی فشار دژی وڵاتانی رۆژئاوا بەكاریدەهێنێت. رۆژانی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڕیاری كردنەوەی دەرگای بە رووی 3.6 ملیۆن پەنابەردا واڵا كرد و بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە 100 هەزار پەنابەر گەیشتوونەتە سنوورەكانی یۆنان. بڕیارەكەی ئەردۆغان بۆ كردنەوەی سنوورەكانی بە رووی پەنابەران و رێگەدان بە پەڕینەوەیان بۆ سنوورەكانی ئەوروپا، مەترسی دروستبوونەوەی هەمان قەیرانی ساڵانی پێشووی لێدەكرێت، كە بەهۆی جەنگی ناوخۆی سوریاوە ملیۆنان پەنابەر روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كرد و قەیرانێك دروست بوو كە ئێستا سیاسەتمەدار و سەركردەی وڵاتانی ئەوروپا باجەكەی دەدەن بەوەی رەواجیان لە ناو كۆمەڵگەكانیاندا نەماوە و كەیسی پەنابەران لەلایەن پارتە نازیپەرست و راستڕەوەكانەوە بووە بە دروشم و لە دژیاندا دەوەستنەوە.

ئەردۆغان هەڕەشە دەكات
سەرۆكی توركیا رەخنەی توند لە ئەوروپییەكان دەگرێت بەوەی راستگۆ نەبوون لە پەیمان و بەڵێنەكانیان لە رادەستكردنی ئەو بڕە پارەیەی لەگەڵیاندا لەسەری رێكەوتووە. لە وتەیەكدا كە ئاراستەی كردوون، سەرۆكی توركیا دەڵێت: پێویستە یەكێتیی ئەوروپا بەرپرسیارێتی ملیۆنان پەنابەر بگرێتە ئەستۆ كە لە داهاتوودا روو لە وڵاتەكانیان دەكەن، ئێمە لە رێگریكردن لە هاتنی پەنابەران خۆمان ناكەینە فیدا و بە تەنها ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵناگرین، با ئەوروپاش هەندێك خەمی ئەو خەڵكە لە كۆڵ بگرێ و بزانێت كە حەواندنەوە و داڵدەدانیان چەند زەحمەتە.

مێركل قبوڵی ناكات
ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی ئەردۆغان كرد و وتی: ناكرێت كارتی كۆچەران بكرێتە فشار لەسەر مەسەلە سیاسییەكان و چارەنووسیان بخرێتە مەترسییەوە، لە پێناوی ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا بهێنێتە سەر ئەو بارەی كە خۆیان دەیانەوێت، یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان پەیوەندیی بە كۆچەرانەوە نییە ‌و نابێت تێكەڵ بكرێن.
مێركل وتیشی: ئێمە لە نیگەرانییەكانی توركیا تێدەگەین و ئاگادارین كە هاوكارییەكانی توركیا بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام جێی قبوڵكردن نییە كە ئەم دۆخە بخرێتە سەرشانی یەكێتیی ئەوروپا لەسەر حسابی پەنابەران، لەگەڵ ئەو دیمەنە تراژیدیایانەی ئێستا دەیانبینین كە ئەو كۆچەر و پەنابەرانە لە چ دۆخێكی ناهەمواردا دەژین و دەرگاكانیان بەسەردا داخراوە. راوێژكاری ئەڵمانیا پێشنیاری چارەسەری ئەو كێشەیەی كرد و رایگەیاند: تەنیا دانوستان‌ لەگەڵ توركیا دەمانگەیەنێتە تێگەیشتنی هاوبەش و ئەگەر كەموكوڕیش هەبێت، خۆ دەبێت توركیا رێز لەو هاوكارییانە بگرێت كە پێشكەشی كراون. هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ یارمەتی زیاتر لە كاتی پێویست بۆ چارەكردنی ئەو كێشە و قەیرانانە.

یۆنان بەرگەی ناگرێت
لابردنی كۆت و بەندەكانی سەر كۆچەران و كردنەوەی سنووری زەمینی و دەریایی توركیا لەگەڵ یۆنان، دەیان هەزار كەس لەو كۆچەرانە خۆیان گەیاندۆتە سەر سنوور و یۆنانیش بە پشتیوانی یەكێتیی ئەوروپا و لە ژێر راسپاردەی بڕیارەكانیاندا، رێگە نادات بپەڕنەوە وڵاتەكەی لەبەر دوو هۆكار، یەكەم، ئەو وڵاتە یەكێكە لە وڵاتە هەژارەكانی ناو یەكێتییەكە ‌و ناتوانێت ئەو حەشاماتە خەڵكە بەخێو بكا و كاروبارەكانیان رایی بكات، ئەگەر كاتیش بێت. دووەم، لە یەكێتییەكەوە یارمەتییەكی زۆری پێ دەدرێت بۆ رێگرتن لە پەڕینەوەی كۆچەران تا نەگەنە ئەو وڵاتانەی ئەوروپا ‌و هەمان قەیرانی 2015 دووبارە نەبێتەوە.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*