سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » كۆرۆنا مەترسیی جدییە نەك كاڵای ململانێی سیاسی

كۆرۆنا مەترسیی جدییە نەك كاڵای ململانێی سیاسی

بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا خەریكە پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە، بەتایبەتی دوای دەركەوتنی سێ‌ حالەتی جیاواز لە زاخۆو دەوروبەری هەولێر و سەنگەسەر و چەمچەماڵ و لە دەربەندیخان، ئەوە مانای ئەوەیە كە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە بەهەموو ناوچەیەكدا بڵاوبوونەتەوە و رۆژانە شوێنی نوێ‌ و ژمارەی دیكە تووش دەبن.
دوو گرفتی سەرەكیی لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەدا هەیە، یەكەمیان پەیوەندیی بەهەموو خەڵكەوە هەیە كە دەكرێت بڵێین وەك پێویست پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی خۆپارێزییەوە لەو ڤایرۆسە، ئەوی دیكەشیان ئەو هاتن و چوونەی دەرەوە بۆ ناوەوەی كوردستانە بەتایبەتی لە سنوورەكان و فڕۆكەخانەكان.
بەپێی زانیارییەكانی فڕۆكەخانەكان، بەتایبەتی لە هەولێر، ژمارەیەكی زۆر لێپرسراو و خێزانەكانیان و یان ئەوانەی نزیكن لە حزب و دەسەڵاتدارانەوە هاتوونەتەوە یاخود دێنەوە، كەچی بەبێ‌ جیاكردنەوە و دوورخستنەوەیان بۆ ماوەیەك (كوارەنتین) دەچنەوە ماڵەكانیان. نەخاسمە ژمارەیەكی زۆریان لەوانە لەو وڵاتانەوە هاتوونەتەوە یان دێنەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆرنا بەشێوەیەكی بەرفراوان تێیدا بڵاوبۆتەوە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا یان هەر وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا! بێگومان بەڵگە زۆرە و ناوەكان لە لیستی هاتووانی فڕۆكەخانەكاندا هەیە و دیارە كێ كوارەنتین نەكراوە و ئازادانە وا دەسووڕێنەوە، بەڵام دیارترینیان بەڕێوبەری ئاسایشی ئیبراهیم خەلیل بوو كە دیارە بەبێ‌ كەرەنتین فڕۆكەخانەی بەجێهێشتووە و دواتر جگە لەوەی خۆی تووش بووە، بەدووریش نازانرێت وەك ئەو حاڵەتەی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، ئەویش كەسوكار و هاوڕێ و دۆستانی تووش كردبێت.
تائێستا چانسی كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لەدەست حكومەت و خەڵكدا ماوە، تاكە رێگەش خۆپارێزیی و رێكارەكانی پەكخستنی جموجۆڵە لە شارو دێهاتەكان، لەوە بترازێت، دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت. سیستمی تەندروستی و توانای چارەسەری نەخۆشخانەكانی حكومەت و ئەهلی لە كوردستان لەئاست دۆخێكی لەم جۆرەدا زۆر هەژارە، بۆیە پێویستە مەترسییەكە زۆر بەجددی وەربگرین.
كەوابێت دوو ئەركی سەركیی لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەت و خەڵكدایە، ئەوەی پەیوەندیی بەخەڵكەوە هەیە ئەوەیە کە پابەند بن بە رێنماییەكانی خۆپارێزیی لەو ڤایرۆسە و حكومەتیش رێكارەكانی پەكخستنی جموجۆڵ توندتر بكات و هەوڵی هۆشیاركردنەوەی زیاتری خەڵك بدات لە مەترسییەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە.
هەروەك پێویستە دامودەزگاكانی راگەیاندنیش بكەونەخۆ بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و ئاگاداركردنەوەیان لە بارودۆخەكە بەشێوەیەكی پیشەیی و بابەتیانە، نەك ئەو باسە تێكەڵ بە ململانێی حزبی و ناوچەگەرێتی بكەن! هەروەك لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان بەشێك لە میدیاكان ناڕاستەوخۆ پرسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست پرۆپاگەندە كردە كاڵایەكی خراپ لە خزمەت ململانێی حزبیی و سیاسییدا بەكاریان هێنا! هەروەك چاوپۆشیان لە سەرپێچی پابەندبوون بە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی كرد كە لەلایەن پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كە لەسەر قەڵای هەولێر بە قەرەباڵغییەكی زۆرەوە ئاگری نەورۆزیان كردەوە.
بەكورتی پێویستە لەم قۆناغەدا چاوپۆشی لە هەموو بارودۆخێك بكرێت، خەمی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی خەڵك كاری لەپێشینە و خەمی هەمووان بێت، نابێت پرسێكی هەستیاری وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی مەترسیدار بكرێتە كاڵایەك بۆ ململانێی سیاسی و مادەیەك بۆ پرۆپاگەندە و شارچێتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*