سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ” ناكۆكییەكانی پێكهاتەی شیعە و ڤایرۆسی كۆرۆنا دوو هۆكاری سەرەكین”

بەربەستەکانی بەردەم گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق

” ناكۆكییەكانی پێكهاتەی شیعە و ڤایرۆسی كۆرۆنا دوو هۆكاری سەرەكین”

لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدا بۆ کوردستانی نوێ:

جەخت لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكەینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا

ناكۆكییەكانی نێوان پێكهاتەی شیعە و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە دوو هۆكاری سەرەكی بەردەم گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق، دادەنرێت. لێدوانی پەرلەمانتاران شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تائێستا عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێكی نەناوە و هیچ كۆبوونەوەیەكیشی لەگەڵ لایەنەكاندا نەکردووە بۆ ئەو مەبەستە. هەروەها ناسر هەركی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەبارەت بە عەدنان زورفی‌ و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقی فیدراڵ كێشەیەكی سیاسی هەیە و ئێمە چاوەڕوانی رێكەوتنی لایەنە شیعەكان خۆیان دەكەین، چونكە ئەگەر زۆرینەی ئەو پێكهاتەیە لەگەڵی نەبێت، ئەركەكەی زورفی قورس دەبێت، وتیشی: هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ كەسەكاندا نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە پێویستە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیران مامەڵەیەكی دەستووریی و یاسایی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات، هاوكات پێویستە هەموو پێكهاتەكانی عیراق كۆك بن لەسەر بەرنامەی حكومەت، بەپێچەوانەوە زەحمەتە سەركەوتوو بێت.

مەرجی لایەنە كوردستانییەكان هەر لەوبارەیەوە رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیڕاگەیاندین: پێموایە هۆكاری دواكەوتنی هەنگاوەكانی عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقی فیدراڵ بۆ ناكۆكی نێو ماڵی شیعە خۆیان و كێشەكانی تەندروستی و ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەگەڕێتەوە.

وتیشی: بەگوێرەی زانیارییەكانمان هەندێک لە لایەنە شیعەكان رەزامەندنین لەسەر راسپاردنی زورفی، بەوپێیەی ئەوان پێیانوایە زورفی زیاتر لایەنگری ئەمریكایە، پێشیانوایە ناوبراو لەوتارەكەی ئاماژەی بەوە نەكردووە كە دەبێ هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بچێتە دەرەوە. راشیگەیاند: بەو پێیەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتوچۆ لە هەموو شارەكانی عیراقدا قەدەغەیە، بۆیە لایەنەکانیش ناتوانن کۆببنەوە.

لەبارەی مەرجی لایەنە كوردستانییەكانەوە، لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدا وتی: هەڵوێستی كورد و هەرێمی كوردستان بەگشتی دیارە، لەگەڵ پێكهێنانی هەر كابینەیەكی حكومەتدا جەخت لە جێبەجێكردنی دەستوور و یاساكان دەكەینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ناوچە دابڕاوەكان و پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق و پێشمەرگە و پرسی داهاتەكانەوە هەیە.

print

 73 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*