سەرەکی » وتار » ئەمەل جەلال » بنەمای سییەم (پاراستن)پەڕە 3

1325 لە نیوان بڕیار و پراكتیكدا

بنەمای سییەم (پاراستن)

(4)

لە بەشەكانی پیشوودا باسمان لە بنەماكانی بەشداریكردن و خۆپاریزیی كرد لە بڕیاری 1325 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی كە تایبەتە بە ( ژن ئاشتی ئاسایش ) پەیوەندیدار بەو ناوچانەی ململانیی چەكداریی و ناكۆكیی سیاسییان تێدایە.
لەم بەشەدا باس لە بنەمای سێیەم دەكەم ئەویش بنەمای (پاراستن )ە. واقیعێكی بەرجەستەكراو هەیە لەسەر ئاستی دونیا لەهەر شوێنێك جەنگ و ململانێی چەكداری و ناكۆكیی سیاسی هەبێت، ژنان و منداڵان دەبنە سووتەمەنیی و قوربانیی یەكەم. بەداخەوە زۆرجار وەك ئامڕاز و تەكتیكی جەنگ بۆ ترساندن و هەڕەشە بەكاردەهێنرێن، هەروەك چۆن تیرۆریستانی داعش لە پەلاماردان و هێرشكردنە سەر ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستاندا زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و لەناویاندا (3548) كچ و ژنیان لە كوردانی ئێزدی رفاند و بەشێوەیەكی دڕندانەش توندوتیژییان بەرامبەر ژمارەیەكی زۆری لە كچان و ژنانی توركمان و ئاشوری و شیعە كرد و وەك ئامڕازو تەكتیك بەكارهێنران و بازرگانییان پێوەكرا و رووبەڕووی قێزەونترین رەفتاری نامرۆڤانە بوونەوە.
بۆیە ئەنجومەنی ئاسایشیی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان لە ڕیگەی بڕیاری 1325ی تایبەت بە ( ژن ئاشتی ئاسایش ) دەوڵەتە پەیوەندیدارەكان پەیوەست دەكات بە:

•گرتنەبەری رێكارو رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی كچان و ژنان لە هەموو شێوازەكانی توندوتیژیی بە تایبەتی پاراستنی ئاوارە و پەنابەرەكان و سنووردانان بۆ ئەو توندوتیژییانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و سزادانی تاوانباران و ئەنجامدەرانی توندوتیژیی لە رێگەی تێكەڵكردنی مافەكانی ژنان بە نیزامی دادوەریی و ئاسایش .
• گەڕاندنەوەی ژنان و كچانی رفێندراوو بێسەروشوین لە كاتی پرۆسەی سەربازیی و ململانێی و ناكۆكیی سیاسی و سەربازی و نا سەربازی و زامنكردنی ژیانێكی شایستە بە دەستەبەری كۆمەڵایەتیی و یاسایی و ئابووریی .
• چاوخشاندنەوە بەو سكاڵایانەی كە لەلایەن كچان و ژنانی ئاوارەوە تۆمار دەكریت و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ لێكۆڵینەوەی خێرا و كاریگەر كە زامنی مافەكانی ژنان بكات و دەربازنەبوونی تاوانباران لە سزادان .
• زامنكردنی جێبەجێكردنی یاساكان بۆ پاراستنی ئەو كچ و ژنانەی كە رووبەڕووی رفاندن و توندوتیژیی سێكسی بوونەتەوە .
• گونجاندنی یاسا نیشتمانییەكان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لەناویاندا بڕیاری 1325 كە زامنی مافەكانی ژنان بكات و تاوانباران بە سزا بگەیەنێت .
• رەخساندنی دەرفەتی هاوبەش بۆ گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی ئابووریی لە نیوان ژنان و پیاواندا.
• دانانی بەرنامەو پلان بۆ چاودێریكردن و هەڵسەنگاندنی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەو بەرنامە و پلانانەی دانراون بۆ ئەو بابەتانە.
بۆ ئەو مەبەستە كۆمەڵیك ئەنجامی پیشبینیكراو دادەنریت لە كاتی جێبەجێكردنیاندا بەم شێوەیە:
*تێكەڵكردنی كچان و ژنانی رزگاربوو بە كۆمەڵگە لەگەڵ پارێزگاری كردن لە ماف و شكۆو مافە كەسیەكانییان.
*دانانی داتابەیسیك بۆ ئامادەكردن و كۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر رزگاربووان و رفێندراوان و بێسەر و شوێنان زامنی گەیشتنی هاوكاریكردنیان بكات و هەروەها لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ژنانی ئاوارە و پەنابەر.
*دابینكردنی خزمەتگوزاریی یاسایی و دادوەریی بۆ سكاڵاكاران .
*پاراستن و چاودێریكردنی ئەو كچ و ژنانەی رووبەڕووی توندوتیژیی و (ئیغتیصاب) بوونەتەوە لە كاتی پرۆسە سەربازییەكان و ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكاندا.
چۆن دەتوانیین ئاماژەكان بخوێنینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامە و پلانانە بكەین و ئاستی بەدیهاتنی پێشبینییەكانمان دەستنیشان بكەین ئەوكاتەی كە ئاماژەكان بە روونی بەرجەستە بووبێت لەڕووی كردارییەوە لەلایەن تەواوی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەم شێوەیە:
*راهێنانەوە و بەتواناكردنی رزگاربووان لە بوارە جیاوازەكانی ژیانی گشتی و جێگیربوونیان لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی.
*بڵاوكردنەوەی زانیاریی راست و دروست لەسەر ژمارەی رفێندراوان و رزگاربووان و بێسەر و شوێنان بۆ كاری لێكۆڵینەوە و گەڕان بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووسیان.
*دابینكردنی پێداویستییەكانی كچان و ژنانی رزگاربوو و ئاوارە.
*زیادبوونی ژمارەی كچان و ژنان لە كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش لە كەمپەكانی نیشتەجیبوونیان.
*تۆماركردنی پێشێلكارییەكان لەناو كەمپەكاندا.
*كەمبوونەوەی رێژەی پێشێلكارییەكان و رێكارە ناپەسەندەكان بەرامبەر بە ژنان.
*زیادبوونی رێژەی كچان و ژنان لە خولەكانی راهێنان و بەتواناكردنەوەیان و وەرگرتنی زانیاریی و پەرەپێدانی توانا پیشەییەكان بۆ كچان و ژنانێك كە رووبەڕووی توندوتیژیی سەربازیی بوونەتەوە.
*باشبوونی بارودۆخی ئابووریی بۆ ژنانی ئاوارە و رزگاربوو.
*رەخساندنی ژینگەیەكی تەندروست كە زامنی ژیانێكی ئارام و ئاسایش دەستەبەر بكات بۆیان.
*بوونی یاسا و تەشریعات كە زامنی پاراستنیان بكات و بەهرەمەندبن لە مافەكانیان و دەستەبەركردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ قوربانیانی جەنگ و بازرگانیكردن.
*كارابوونی پرۆسەی چاودێریی و هەڵسەنگاندن و بەدامەزراوەكردنی ئەو پڕۆسەیە بەشێوەیەكی هاوبەشیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دامەزراوەكانی حكومەت و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و دامەزراوە میدیاییەكان.
*ئاسانكاریی بۆ گەیشتن بە راستییەكان لە رێگەی راپۆرتی دامەزراوە حكومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی .
*بوونی سیاسەتی نیشتمانی و بەرزبوونەوەی ئاستی توانایی پرۆسەی چاودێریی بۆ قوربانییەكان.
*بەرزبوزنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵگەیی لەسەر پرسەكانی ژنان و بەتایبەتی لە رووی رۆڵی ژنان لە پرۆسەی ئاشتی و ئاسایش. ئەوكات دەتوانیین بڵیین ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش جەختی لەسەر دەكاتەوە بەهەنگاوە كردارییەكان وەڵامی بەرپرسیارێتییەكە دراوەتەوە و رەنگیداوەتەوە لەناو یاساو سیاسەتی نیشتمانی و نیزامی دادوەری و ئاسایش و پلانی وەزارەت و دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان. لە راستیدا ئەوەی دەیبینین لە سەر ئەرزی واقیعدا، دامەزراوەكانی هەرێم هەنگاوی كرداریی وگرنگیان ناوە لە زۆر لایەنەوە و كاری لەسەر چارەسەرەكان كردووە و لە رێگەی دامەزراندنی دامەزراوە و دەزگای تایبەتمەندەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و رەخنەگرتنە، نابەرپرسیارێتی و خەمساردیی و بەدەنگەوە نەهاتنی دەوڵەتی عیراقە لە ئاستی دەیان و سەدان و بگرە هەزاران رزگاربوو و رفێندراو و بێسەروشوێن كە بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی عیراق وەك حكومەت ‌و وەك دەوڵەتیش.

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*