سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » په‌تای كۆرۆنا و زه‌نگی مه‌ترسیی سبه‌ی

په‌تای كۆرۆنا و زه‌نگی مه‌ترسیی سبه‌ی

سه‌رهه‌ڵدانی كتوپڕی په‌تای كۆرونا و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ پانتاییه‌كی فراوانی دنیادا، تاوێكی توندی تۆقین و ترس و دڵه‌ڕاوكێی خسته‌ دڵ و ده‌روونی خه‌ڵك و چڕیی و هه‌مه‌جۆریی زانیارییه‌كانیش كه‌ به‌دوای سه‌رهه‌ڵدانیدا هات، ئه‌وه‌نده‌ی دی ترس و دڵه‌ڕاوكێی به‌ناو خه‌ڵكدا كرده‌ راستییه‌ك كه‌ ده‌بێت بۆ پاشه‌ڕۆژ به‌وردیی و جددی له‌به‌رده‌م كاریگه‌ریی و شوێنه‌واره‌كانیدا هه‌ڵوێسته‌ بكه‌ین.

وه‌ك رۆژنامه‌ی (سایكاتریك تایمز – بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به‌ ته‌ندروستیی ده‌روونی) پێشبینی كردووه‌، ده‌بێت ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ ئارامیی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌ده‌ن، ئاماده‌كاریی بۆ به‌ره‌نگاریی ئه‌و گرفتانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ئه‌نجامی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م (په‌تا به‌ڵا)یه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، كه‌ سه‌رهه‌ڵدانیان حه‌تمی ده‌بێت و ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ریبگرن، وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی گۆشه‌گیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده‌ی سڵكردنه‌وه‌ و هه‌ستیاریی به‌رامبه‌ر تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ غه‌ریبان به‌ كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ (بێگانه‌)!

له‌م وه‌ختی ترس و دڵه‌راوكێیه‌ی خه‌ڵكدا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ته‌شه‌نه‌ی په‌تاكه‌دا و فه‌رزبوونی په‌نابردنی رۆژانه‌ی خه‌ڵك بۆ رووپۆشی ده‌م و لووت و ده‌ستكێش و داوده‌رمانی به‌په‌له‌ و پێویستیی هه‌میشه‌ به‌رده‌ست، ئه‌مانه‌ له‌خۆیاندا ده‌بنه‌ مایه‌ی رێكردنه‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و دیارده‌ی دڵه‌ڕاوكێ و سه‌ڵه‌مینه‌وه‌یه‌ تا بگاته‌ راده‌ی درێژه‌كێشانی كه‌وتنه‌ بازنه‌ی گومان له‌وه‌ی كۆتایی بێت، یان ئه‌گه‌ر مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه‌ی كه‌مبۆوه‌، ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مایه‌ی درێژبوونه‌وه‌ی ئاڵۆزیی ده‌روونی ده‌بێت كه‌ به‌رئه‌نجامی ئه‌مانه‌ش هه‌مووی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ بۆ نموونه‌ دیارده‌ی خه‌وزڕاندن و وه‌سواس له‌ ده‌رووندا بڵاوده‌كاته‌وه‌ .

له‌مه‌ترسییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی دی، بۆنموونه‌ كه‌سانی تووشبوو به‌ نه‌خۆشییه‌ موزمینه‌كان وه‌ك شه‌كره‌ و پاڵه‌په‌ستۆی خۆین و سیل و ئایدز كه‌ دڵه‌ڕاوكێش هه‌میشه‌ هاوشانی ژیانی رۆژانه‌یانه‌، ئه‌مانه‌ زیاتر له‌ خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسیی خه‌مۆكی، چونكه‌ شیكردنه‌وه‌ زانستییه‌كان له‌ده‌مێكه‌وه‌ ساغیان كردۆته‌وه‌ كه‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر په‌تایه‌كی فراوان دیارده‌ی خه‌مۆكیش له‌و مه‌ترسییانه‌یه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت.
شاره‌زایان له‌ ئه‌نجامی كتوپڕ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م په‌تایه‌دا و له‌ سه‌ره‌تادا ده‌ركه‌وتنی ده‌سه‌پاچه‌یی پزیشك و داموده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان به‌و شاره‌زایانه‌شه‌وه‌ كه‌ جێی متمانه‌یانن، نه‌ك له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یدا، به‌ڵكو هه‌تا له‌رووی وه‌سفی حه‌قیقه‌ت و كاریگه‌رییه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ روونی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م كاره‌ساته‌ و ئه‌وه‌ی لێوه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌خه‌ڵك بگه‌ن، ئه‌مه‌ بووه‌ مایه‌ی له‌قبوونی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌وانه‌و به‌تایبه‌تی كاتێك له‌ هه‌ندێك داموده‌زگای كاریگه‌ره‌وه‌، گومانی گرێی (پیلان) به‌ئه‌نقه‌ست بڵاوه‌پێكردنی، له‌ سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌وه‌ پێچرا!

ئه‌م دیارده‌ی گرێی پیلانگێڕییه‌ ده‌رگای گومانی خه‌ڵكی به‌ڕووی رۆڵی مرۆڤانه‌ی به‌رپرسیارانی ته‌ندروستیدا كرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیی ئه‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی دروست ده‌كات كاتێك گومانی ئه‌وه‌یان لێ بكرێت، خۆیان بده‌ن به‌ده‌ست قازانجی ململانێی سیاسییه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌رئه‌نجامی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه‌ش رێكخراوه‌ پزیشكییه‌كانیش بخاته‌ خانه‌ی ئه‌و گومانه‌وه‌ و به‌مجۆره‌ ترسی گرێداربوونی هیوا به‌ سه‌لامه‌تی ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵایه‌تی جددی، ده‌رگای چه‌سپاندنی بۆ بكرێته‌وه‌ .

ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ جێ باوه‌ڕه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هوشیاریی ده‌ده‌ن كه‌ سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرونا له‌لایه‌نی كۆمه‌ڵ و لای تاكی خه‌ڵكیش له‌وانه‌یه‌ ترس و بێزاریی و دڵه‌ڕاوكێی درێژخایه‌ن بگه‌یه‌نێته‌ رادده‌یه‌كی فراوان و مه‌ترسیی كاریگه‌ری بۆسه‌ر میشكی مرۆڤ لێبكرێت كه‌ تووشی خه‌وزڕان و وڕێنه‌كردن و بێهیزبوونی ئاره‌زو و ترس و گومان و …هتد
بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن، له‌ئێستاوه‌ لایه‌نه‌ شاره‌زاكانی مه‌یدانی زانستیی ده‌روون بكه‌ونه‌خۆ بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی كۆكی زانستی جێ باوه‌ڕ ده‌روازه‌ بێت بۆ رێكردن به‌ره‌و به‌دوورگرتنی مرۆڤایه‌تی له‌و مه‌ترسییه‌ ده‌رونیانه‌ی كه‌ په‌تای كۆرونا دوای بڕانه‌وه‌یشی، بكاته‌ مۆته‌كه‌ی سه‌رده‌می دوای سه‌رهه‌ڵدانی.

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*